کەرنەڤاڵی سیاسیی بەغداتان بینی؟

 
ئەوەی دوێنێ تەماشای بەغدای کردبێت واهاتووەتە بەرچاوی کە کۆنفرانسی نیشتمانی لایەنە عێراقییەکان لە بەغدا هەیە. هەمووان پێکەوە قسەیان دەکرد، هەمووان باسی ئایندەیان دەکرد نەک رابردوو. ئەوەی ئەو دیمەنەی لە بەغدا دروستکرد، کەسێکە کە لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هاتووە، ئەویش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. 
 
یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی سەر شانی هەر سیاسییەک، چ عێراقی بێت یان عەرەبی یان رۆژئاوایی، بیرکردنەوەیە لە داهاتوو و کارکردنە بۆ بنیادنانی ئەو داهاتووە. نێچیرڤان بارزانی، سیاسییەکی کوردستانیی عێراقی و، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە دیارترین ئەو سەرکردانەی وەک گرەوێک بۆ پەڕینەوە بەرەو کەنارەکەی دیکە و هەنگاونان بەرەو سبەینێ و تێپەڕاندنی قەیرانەکان، بیر لە داهاتوو دەکاتەوە. ئەم داهاتووەش بریتییە لە عێراقێکی ئاوەدان و خاڵی لە گرووپ و بازنەکانی دەرەوەی ئیرادە و ئیدارەی حکومەت؛ چونکە ئەمە پشێوی بۆ عێراق و ناوچەکە دروست دەکات و زەوینە بۆ دەرکەوتنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان خۆش دەکات. عێراقی فیدراڵ، عێراقێکە کە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی و ئایینزاییەکان لەخۆدەگرێت و بایەخیان پێدەدات، کە بەشێوەیەکی کاریگەر بەشدارن لە بەڕێوەبردنی عێراق دا. ئەمەش هەر ئەو راستییەیە کە سەرکەوتنی سیاسەتی نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا سەلماندوویەتی، هەروەها کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی ئێستای لە بەغدا، کە لە دوێنێوە دەستیان پێکردووە و لەو کۆبووانەدا لەگەڵ سەرکردە و نوێنەرانی هەموو پێکهاتە شیعە، سوننە و مەسیحییەکان دا، جەختی لەسەر ئەوە کردووتەوە فرەپێکهاتەیی دەوڵەمەندی و تەواوکارییە نەک کەموکورتی و هەڕەشە. 
 
هێزی عێراق لە پاراستنی ئەم مۆزاییکەی پێکهاتەکاندایە؛ لە نەتەوە، زمان، ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان کە لانیکەم لەسەر ئاستی جەماوەریدا دژبەیەک نەبن. پێویست بوو سیاسییەکان و هەموومان سوود لە ئەزموونی عەرەبیی دەوڵەتی ئیمارات وەربگرین وەک دەوڵەتێکی سەرکەوتوو، هەروەها لە ئەزموونە جیهانییەکانی وەک سویسرا، ئەڵمانیا و بەلجیکا، کە خەڵک لە شەقامەکانیدا بە چەندین زمانی جیاواز قسە دەکەن، بەڵام لەسەر بەرژەوەندیی نیشتمانی کۆکن.
 
سیاسییەکانی عێراق ئەمڕۆ، دوای چەندین دەیە لە ململانێی نەتەوەیی و ئایینی، درکیان بە گرنگیی ئەم پێکەوەژیانە ئاشتییانە و شارستانییە کردووە و، چەندین سەرکردەش دەرکەوتوون کە باوەڕیان بەو پێکەوەژیانەیە. ئەمەش لە کۆبوونەوەکانی سەرکردە سیاسییەکانی عێراق لەگەڵ بارزانی لە بەغدا رەنگیدایەوە، کە عێراقییەکان بە گرنگیان زانی و بە ئەنجامەکانی گەشبین بوون؛ لەوانەش کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، کە وەک دیارترین سەرکردەی ئێستای پێکهاتەی سوننە درکی بەوەکردووە کە کورد تەنیا پێکهاتەیەک نین، بەڵکو هاوبەشی رێگە و چارەنووسن.
 
محەممەد حەلبووسی، ئێستا خاوەن زۆرترین کورسی سوننەیە لە پەرلەمانی عێراق. محەممەد حەلبووسی باشترین پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی هەبووە، هەروەها سەرۆک مەسعود بارزانی باشترین پشتیوانی سوننەکان بووە، لەوانەش محەممەد حەلبووسی. دیداری دوێنێی نێچیرڤان بارزانی لە ماڵی سوننەدا، لەوانەش دانیشتن لەگەڵ بەڕێزان حەلبووسی و خەنجەر و سامەڕایی هەنگاوێکی زۆر گرنگ و پێویست بوو. 
 
نێچیرڤان بارزانی دەستپێشخەری دەکات و جەخت لە باوەڕی خۆی دەکاتەوە کە گفتوگۆ تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی پێکەوە بەرەو کەنارەکەی دیکە هەنگاو بنێن، کە ئەویش کەناری داهاتووە؛ لەپێناو عێراقێکی یەکگرتووی تەواوکار کە عەرەب و کورد و تورکمان بە هەموو ئایین و ئاینزاکانەوە کۆبکاتەوە. ئەو دەیسەلمێنێت کە ئەمە چارەسەرە کاریگەرەکەیە بۆ عێراقێکی بەهێز و پێشکەوتوو. ئەزموونەکان ئەوەیان سەلماندووە کە عێراق بەبێ یەکڕیزیی عەرەب و کورد، نابێتە خاوەن قەوارەیەکی تەواو و ناتوانێت هیچ دەستکەوتێک بۆ کۆمەڵگە جیاوازەکانی گەلەکەی دابین بکات. 
 
*مەعد فەیاز، رۆژنامەڤانێکی نێودارە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی عەرەبی.