كابینەی هەشت و هاوئاهەنگی پەرلەمان

كابینەی هەشت وەك لە كارنامەی سەرۆكی حكومەتدا هاتووە، كە بۆ وەرگرتنی متمانە پێشكەشی پەرلەمانی كردووە، بریتییە لە كابینەیەكی هاوبەشی بنكەفراوان، بۆیە لایەنە بەشداربووەكان هاوبەشی خاڵە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەكانی كاری ئەوكابینەیەن. لێرەوە لە هەرهەڵسەنگاندنێكی كابینەكە پێویستە رەچاوی ئەوە بكرێت، كە رەخنەكان ئاڕاستەی حیزبێكی دیاریكراو ناكرێت، بەڵكو هەموو حیزبە بەشداربووەكان هێندەی پشكیان لە بەشداری، پشكیان لە ستایش و رەخنەكانیش دەبێت.

لەم كورتە نووسینە باس لە رادەی پەیوەندی و هاوئاهەنگی كابینەكە و پەرلەمان دەكەین لە بەر رۆشنایی كارنامەكەی حكومەت خۆی، نەك حەز و ویستی ئێمە.

خولی ئەمجارەی پەرلەمان بەوە دەناسرێتەوە، كە پەرلەمانی بێ ئۆپۆزیسیۆنە، هەر لەو روانگەیەشەوە لەكاتی پێكهێنانی كابینەی هەشتدا، سەرۆكی كابینە لەكارنامەكەیدا بە دەق رایگەیاند، "كابینەی هەشت پەیوەندی هاوكاری و هاوئاهەنگی بەردەوام و پتەوی لەگەڵ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا دەبێت".

هەروەك سەرۆكی كابینە لەكارنامەكەدا ئاماژە بەوەدەكات، كە دەقی كارنامەكە دەبێ لەكارنامە و پڕۆژەكانی وەزارەت و دامەزراوە حكومییەكاندا بەڕوونی رەنگبداتەوە، كەواتە هەمووان چاوەڕێی ئەوەبووین، كە وەزارەتەكان و لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان وەك تیمێكی تەبا كاریان بكردایە، بەڵام ئەوەی بینرا لەماوەکانی رابردوودا  سەرەڕای سەردانی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی بۆ پەرلەمان و سازدانی زیاد لەكۆبوونەوەیەك لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەكانی دارایی و سووتەمەنی و وزە، كارەكانی نێوان ئەو دوو دەزگایە بەو ئاڕاستەیەی كە سەرۆكی حكومەت لە کارنامەکەیدا ئاماژەی پێداوە، نەڕۆیشتوە.  ئەوە جگە لەو مشتومڕەی بەدیكرا لەكاتی دیاریكردنی نرخی بەنزین، كە حكومەت رای لیژنەی وزەو سووتەمەنی بەهەند وەرنەگرت ،تەنانەت وەزارەتەكان وەڵامی %44ـی ئەو پرسیارانەشیان نەداوەتەوە، كە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە نووسراون و بەنامەی فەرمی لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە ئاڕاستەیان كراوە.

ئەوەتا سەرۆكی پەرلەمان لە وتارێكدا، كە بەناوی "لەم خولەی پەرلەماندا چیمان كرد ؟" نووسیویەتی، دەڵێ، لەكۆی 259 نامەی پەرلەمانتاران، وەزارەتەكان تەنها وەڵامی 146 نامەیان داوەتەوە.

لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی، كە كابینەی هەشت تاوەکو ئێستا پابەندی ئەو بڕگەیەی كارنامەكەی نەبووە، كە لەسەر هاوكاری و هاوئاهەنگی نێوان خۆی و پەرلەماندا ئاماژەی پێدابوو.

له هه مان كاتیشدا تاوەکو ئێستا پەرلەمان نەیتوانیوە دیدگای خۆی لەو باس و خواسە گەرمانەی هاتوونەتە پێش بە حكومەت بسەلمێنێ، ئەمەش یان بۆ هەژموونی حكومەت یان بۆ لاوازی پەڵپ و سەرنجەكانی پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتە جێ مشتومڕانە دەگەڕێتەوە، كە لەنێوان ئەو دوو دامەزراوەدا هاتوونەتە پێش.