به نه‌خۆشیكردنى جەلاد؛ 'حه‌جاجى نوگرەسەلمان' به نموونه
لە 1ی ئابی 2025، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی عه‌جاج ئه‌حمه‌د حه‌ردان تکریتی ناسراو بە "حه‌جاجى نوگرە سەلمان" راگەیاند، كه ئه‌فسه‌رێكى ده‌سه‌ڵاتدارى ده‌وڵه‌تى عێراقى بووه له زیندانى نوگره‌سه‌لمان.
لە ئەزموونی کاری چارەسەرکاریی دەروونی و توێژینەوە زانستییەکانم لەگەڵ رزگاربوانی ئەنفال، هەمیشە ناوی حەجاجم وەکو ئەفسەرێکی ترسناک و خوێن‌ڕێژ و لاقەکار بیستووە؛ دڕندەییەکانی ئەم پیاوە زۆربەی کاتەکان دەچنە دەرەوەی خەیاڵ و تێگەیشتنی مرۆڤ تێدەپەڕێنن؛ هەربۆیە هەواڵی دەستگیرکردنەکەی ئارامییەکی دەروونی باشی پێبەخشیم؛ ئەمە سەرەڕای ئەو نادڵنیاییە گشتییەی هه‌یه له‌سه‌ر ناسنامەی ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، كه ئایا ئه‌و كه‌سه به‌ڕاستى حه‌جاجى نوگرەسەلمانه یاخود نا؟ به‌ڵام خودى هه‌واڵى دەستگیرکردنه‌كه ده‌رفه‌تێكه بۆ ئه‌وه‌ى دووباره خەریکی بیرکردنەوە بین لەسەر ئه‌نفال و شێوازى كاركردنمان له‌سه‌ری.
له‌ماوه‌ى چه‌ند رۆژى رابردوودا هه‌موومان بینه‌رى ئه‌وه بووین، كه چۆن میدیا و نووسه‌ران، بەشێکی بەرچاو لە رووماڵ و گفتوگۆكانیان له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنه‌كه‌ى حەجاج، قسه‌كردن بوو له‌سه‌ر كرده‌وه دژه مرۆییه‌كانى حه‌جاج دژ به گیراوانى ناو زیندانى نوگره‌سه‌لمان وه‌كو لاقەکردن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان و كوشتنى منداڵان.
ئه‌م جۆره كاركردنه له‌ناو میدیا و نووسیندا كه حەجاجمان وەکو کەسایەتییەکی دژه-كۆمه‌ڵ و سایكۆپاس بۆ وێنا ده‌كات، خزمەت بە سادەکردنەوەی ئه‌نفال دەکات و لەگەڵیشیدا ئەو بنەما ئایدیۆلۆژییانە تەمومژاوی دەکات، کە ئه‌نفالیان له‌سه‌ر بیناكراوه. له‌م نێوه‌نده‌دا له‌وانه‌یه میدیا بتوانێ ئه‌و راستییه بگه‌یه‌نێ كه حه‌جاج چ ئەهریمەنێک بووه و لێپرسراویه‌تییه‌كانى چی بوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرسیارى سه‌ره‌كى له بیر هه‌موومان ده‌باته‌وه، كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئه‌م سیستمه چییه كه ئەهریمەنێكى وه‌كو حه‌جاج به‌رهه‌م ده‌هێنێت؟
میدیا، هه‌روه‌ها پسپۆڕانى بوارى ده‌روونى له رێگه‌ى خوێندنه‌وه ده‌روونییه‌كانیه‌وه هه‌وڵێكى راسته‌وخۆ ده‌ده‌ن تا حەجاج وه‌كو كه‌سێكى دەروون "نەخۆش" و سادیست و شه‌ڕانگێز وێنا بكه‌ن، كه ئه‌مه‌ش وەهمێکی مەترسیدار دروست دەکات، له‌وه‌ى تاوانه‌كانى نێو ئه‌م زیندانییه دەرئەنجامی ناته‌واوى و شێتییه‌كانى یەک كه‌سه‌وه بوون.
ناونانی كه‌سانى وه‌كو حه‌جاج بە "نەخۆشى ده‌روونى" له پاڵ ئه‌وه‌ى كه لێدانه له شكۆى ئه‌و كه‌سانه‌ى، كه به پێی پۆلێنبه‌ندى پزیشكیی ده‌روونى وه‌كو نه‌خۆشى ده‌روونى هه‌ژمار ده‌كرێن، مامەڵەکردنیشه لەگەڵ تووندوتیژیی ده‌وڵه‌ت وەک كردارێكى کەسی، نەک وەک پڕۆژەیەکی سیاسی.
مه‌ترسیی به‌كارهێنانى میتۆده‌كانى ناو نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان بۆ خوێندنه‌وه‌ى بكه‌ره‌كانى جینۆساید، له‌وه‌دایه كه ته‌مبه‌ڵییه‌كى هزرى رێكخراو له ئاستى كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رهه‌مده‌هێنێ، رێگە بە کۆمەڵگه دەدات كۆى رووداوه ترسناکییەکان لە یەک كه‌سدا كۆ بكاته‌وه و تاوانێکی رێكخراو له ئاستى ده‌وڵه‌تدا بچووک بکاته‌وه بۆ پرسێكى كه‌سى، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆى مەترسی ئەوەى، کە ئەو پێکهاته سیاسی و بیرۆکراتییانه پشتگوێ بخەین، کە جینۆساید به‌رهه‌م ده‌هێنن.
مه‌ترسى هه‌ره گه‌وره‌ى به‌كارهێنانى میتۆده‌كانى ناو نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان بۆ تێگه‌یشتن له بكه‌ره‌كانى جینۆساید مەترسی دووبارەبوونەوەیە؛ چونکە ئەگەر كرده جینۆسایده‌كان وەک کاری كه‌سانى "نەخۆش" بناسرێن، ئەوا پێویست ناکات لێكۆڵینه‌وه لەو سیستم و ئایدۆلۆژییانه بکرێ، کە بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی رق و تووندوتیژی و له مرۆڤخستنى مرۆڤ.
ئەمەش بەو واتایه نییە، کە بە تەواوی باری دەروونی تاوانباران پشتگوێ بخەین؛ بەڵام بۆ تیگه‌یشتن له تاوانێكى رێكخراوى وه‌كو جینۆساید، هه‌رگیز هەڵسەنگاندنە دەروونییەکان نابێ جێگەی هەڵسەنگاندنە ئەخلاقی و فەلسەفییه‌كان بگرنه‌وه. هەرگیز نابێت به نه‌خۆشیكردنى تاوانباران له‌لایه‌ن دەوڵەتەوە ببێتە ئامرازی بیانو و خۆدزینەوە له هه‌ڵگرتنى لێپرسراوییه‌تیى به‌رامبه‌ر رزگاربووان و گەلەکەیان.
له كه‌یسى حه‌جاجدا ئه‌وه‌ى یارمه‌تى ئێمه ده‌دات بە دەستنیشانکردنی ئه‌و نییه به نه‌خۆشییه‌كى دیاریكراوى ده‌روونى، یان وێناكردنى وه‌كو وه‌حشێك، بەڵکو ئه‌وه‌ى هاوكاریی ئێمه ده‌كات ده‌رگیربوونى ئێمه‌یه له‌گه‌ڵ ئەو سیستمەی، کە مۆڵەت به حه‌جاج ده‌دات تا ئه‌م كرده دڕنده‌ییانه ئه‌نجامبدات، تاوەکو ده‌رگیرى ئه‌م پرسه‌ش نه‌بین ئه‌ستەمه قسه له‌سه‌ر دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ى ئه‌نفال بكه‌ین له چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تى عێراقدا.
بۆیه له جیاتى به كه‌سیكردنى تاوانەکان، گرنگە لەپاڵ گه‌ڕان به دواى گێڕانه‌وه‌كانى ئه‌وه‌ى كه ئه‌م كه‌سه به چ شێوازێك ئه‌م تاوانانه‌ى ده‌رهه‌ق به ئه‌نفالكراوان ئەنجامداوه، دووبارە پرسیارە سەرەکییەکە بکەینەوە لەوەی ئه‌نفال خۆی چییه؛ بۆ روودەدات؟ هه‌روه‌ها گرنگیشه خه‌ریكى لێكۆڵینه‌وه بین له‌و بنەما ئایدۆلۆژییانەی بوونەهۆی سەرهەڵدانی ئەم جینۆسایدە دژ به گه‌لى كورد، كه ئه‌مه‌ش دەروونزانی نەخۆشی کۆمەکی ئێمە ناکات، بەڵکو ئەم بابەتە پرسێکی فەلسەفییه، له‌وه‌ى چۆن و به چ شێوازێك دەبێ ناو له کردەوەکانی دەوڵەت بنێین؟ یان چۆن و به چ شێوازێك ده‌بێ باس بكرێن، بەبێ ئەوەی بچووکیان بکەینەوە بۆ كرده‌وه‌ى كه‌سێك یان باسكردنى وه‌كو رووداوێك له نێو رووداوه‌كان یان تاوانێکی جه‌نگ کە چەند کەسێک لێی بەرپرسن.
له‌پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا دەستگیرکردنی حەجاج نابێ هه‌وڵێك بێ بۆ كۆتاییهاتن به پرسى ئه‌نفال له‌ئاستى ده‌وڵه‌تى عێراقیدا؛ نابێ وا دابندرێ ئه‌وه دوایین جه‌لادى ئه‌م تاوانەیە دادگایی ده‌كرێ و ئیدى ئه‌م كه‌یسه ده‌بێ دابخرێ، به‌ڵكو دەبێت سەرەتای لێکۆڵینەوەیەکی قووڵتر بێت لە هه‌موو ئه‌و ره‌گه‌ز و پێكهاتانه‌ى تائێستاش ره‌وایه‌تى به دووباره به ئه‌نفالكردنى كورد ده‌دات.
بۆ ئەم جۆرە لێکۆڵینەوە قوڵانە، لە جیاتی رووکردنە تیۆرە دەروونییە- نەخۆشییەکان؛ گرنگە تیۆرە هزری و فەلسەفییەکان ببنە سەرچاوەی لێکۆڵینەوە لە حەجاح؛ لەم نێوەندەشدا رەنگە هیچ تیۆرێک هێندەی تیۆرەکەی فەیلەسووفی ئەڵمانی هانا ئارێنت کۆمەکمان نەکات.
ئارێنت لە تیۆرەکەی لەسەر بەناڵیەتی خراپە (کاڵفامی خراپەکاران) ئەوە دەخاتەڕوو، کە کردارە ترسناکەکان دروست نابن لە خراپەکاری دیاریکراو، بەڵکو لە ئەنجامی گوێڕایەڵی کوێرانە و نەبوونی بیرکردنەوەی رەخنەییە. حەجاجی نوگرەسەلمان رەنگە نموونەیەکی تەواو بێت لەم کاڵفامییە.
ئارێنت کە ئەم تیۆرەی لەسەر دادگایی‌کردنی ئادۆڵف ئایشمان دەخاتە سەرڕێ، دەگاتە ئەو ئەنجامەی کەوا ئایشمان کەسێک نەبوو تەنها یەکەم و دوا ئامانجی کوشتن بووبێ؛ بەڵکو ئەفسەرێک بوو کە کارەکەی "بە باشی" دەکا، لەم ناوەندەشدا تاوانبارانی جینۆساید زۆربەیان تەنیا نەخۆش و سایکۆپاس و وەحش نین، بەڵکو کەسانی ئاسایین کە لە چوارچێوەی سیستمێکی بیرۆکراتی کار دەکەن. بەرمەبنای ئەم تێگەیشتنە لە کەیسی حەجاجدا پێویستمان بە میتۆدی لێکۆڵینەوەی ورد هەیە، ئەویش ئەو میتۆدەیە کە لە ئایدیۆلۆژییەکانی پشت جینۆساید دەکۆڵنەوە نەک لە کردە کەسییەکان، بە نموونە لە کەیسی ئەنفالدا، ئایدیۆلۆژیای نەتەوەیی عەرەبی و ئایینی؛ لەناو سیستمێکی فاشی، بوونەتە هۆی ئەم جینۆسایدە. هەربۆیە ئەم تێڕوانینە رێگامان پێدەدات تەرکیز بکەین لەسەر وردەکارییەکانی بیرۆکراتی کە ئەم تاوانانەی لەسەر بونیاتنراوە، نەک باری دەروونی کەسی تاوانکار.