گارا سازکار ئەلبوومێکی نوێی گۆرانی بڵاوکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
گارا سازکار هونەرمەندی گۆرانیبێژ، ئەلبوومێکی نوێی گۆرانیی بەناوی "بیریا تە دکم" بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکردەوە.
ئەلبوومەکە لە 10 تراکی گۆرانی پێکهاتووە و گۆرانییەکان لە ئاوازی سازکار خۆیەتی و بەشێکی زۆری تێکستی گۆرانییەکانیشی نووسیوە.
یەکێک لە تراکەکانی نێو ئەو ئەلبوومە بەناوی "عەشرەت هاوارە"یە کە لە نووسینی پیرەمێرد شاعیری کوردە و بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکراوەتەوە.
سازکار لەبارەی ئەم بەرهەمە بە رووداوی راگەیاند "بەرهەمی عەشرەت هاوارە، گۆرانییەکە بۆ یادکردنەوەی رووداوێکی گرنگە لە مێژووی خەباتی سیاسی کوردستاندا، ئەویش پەڕینەوەی مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی بوو لە رووباری ئاراس لە 18ی حوزیرانی 1947 و بەڕێکەوتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤێتی پێشوو".
ئەو هونەرمەندە جگە لەو گۆرانییە، گۆرانییەکی دیکە بەناوی "جانا منی" بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بۆ هەوادارانی بڵاوکردووەتەوە کە لە تێکستی جگەرخوین و بەشێکی دیکەیش لەلایەن چەلەبی حاجۆ نووسراوە.
سازکار لەبارەی گۆرانی "جانا منی" رایگەیاند، لە 1985 لەسەر کاسێت تۆماریکردووە و لەسەر داخوازی هەوادارانی بە میوزیکێکی نوێ دووبارەی کردووەتەوە. تانجۆ دۆمان کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپی "عەشرەت هاوارە" و "جانا منی" کردووە و لە دانیمارک وێنەگیراون.
گارا سازکار خەڵکی باشووری کوردستانە و لە 1980 بووەتە پێشمەرگە و لە هەمان ساڵدا دەستی بەکاری هونەری کردووە، ساڵی 1981 روویکردووەتە رۆژئاوای کوردستان و هەشت بەرهەمی لەسەر کاسێت بڵاوکردووەتەوە، ساڵی 1985 روویکردووەتە ئەوروپا و ئێستا لە دانیمارک دەژی و خاوەنی چەندین ئەلبووم و گۆرانییە.