هەڵبژاردنی عێراق؛ وەرزێکی نوێی رووماڵکردنی رووداو
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا عێراق خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ئامادە دەکات، تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵێکی فراوانی هەڵبژاردنەکان رادەگەیێنێت و لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا کۆمەڵێک بەرنامەی جیاواز پەخش دەکات.
رێباز عەلی، بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنانی رووداو، لە گوتارێکدا لەبارەی بەرنامەکانەوە رایگەیاند: "ئەمشەو دەستپێکی فەرمیی بەرنامەکانی رووداوە بۆ هەڵبژاردنی 2025، وەرزێکی نوێی رووماڵکردنە کە هەم ئامانج و، هەم شانازی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت."
رووماڵە بەرفراوانەکە ئەنجامی چەند مانگێکە لە کارکردنی بێوچانی رۆژنامەڤانان، بەرهەمهێنەران، دەرهێنەران و پێشکێشکار و پەیامنێرانی رووداو.
لە شەقامە قەرەباڵخەکانی بەغداوە تاوەکو دیمەنە ئارامەکانی هەرێمی کوردستان، تیمەکان خۆیان تەرخان کردووە بۆ هێنانە پێشەوەی دیدگەی جیاواز.
بەرنامەکانی هەڵبژاردنی رووداو بە شێوەیەک داڕێژراون کە لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر قووڵتر، فراوانتر و نزیکتر لە خەڵک بێتەوە و، وەک پەنجەرەیەک بەڕووی راستییەکاندا و پردێک بۆ گفتوگۆ خزمەت بکات. ئەم هەوڵە سەرانسەریی تۆڕەکە، بەرنامەی رۆژانە، گفتوگۆی نێو ستۆدیۆ و بەرنامەی مەیدانی لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنێت.
دەقی گوتاری رێباز عەلی، بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنانی رووداو
میوانە بەڕێزەکان، نوێنەرانی وڵاتان، هاوکاران و بینەران لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان،
ئێوارەتان باش، و بەخێربێن.
ئەمشەو دەستپێکی فەرمیی بەرنامەکانی رووداوە بۆ هەڵبژاردنی 2025، وەرزێکی نوێی رووماڵکردنە کە هەم ئامانج و، هەم شانازی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
ئامانج، چونکە ئەرکی ئێمە ئاگادارکردنەوە و بەهێزکردنی هەموو دەنگدەرێکە.
شانازی، چونکە ئەوەی لە هەفتەکانی داهاتوودا دەیبینن، ئەنجامی چەند مانگێکە لە کارکردنی بێوچانی رۆژنامەوانان، بەرهەمهێنەران، دەرهێنەران و پێشکێشکار و پەیامنێرانی رووداو، لە بەسرەوە تاوەکو هەڵەبجە و، لە هەموو شار و شارۆچکە و کۆمەڵگەیەکی نێوانیاندا.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی نۆڤێمبەری 2025، کەشەکە پڕە لە پرسیار و ئومێد و بەرپرسیارێتی. ئەمە تەنیا هەڵبژاردنێکی دیکە نییە، بەڵکو دەرفەتێکی دیکەیە بۆ ئەوەی خەڵک بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.
رووداو، وەکو هەمیشە، لەگەڵ خەڵکدایە، وەکو پەنجەرەیەک بەڕووی راستییەکاندا و، پردێک خزمەت دەکات. ئەم ساڵ، لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر، رووماڵی هەڵبژاردنەکانی رووداو قووڵتر، فراوانتر و نزیکتر لە خەڵک دەبێتەوە. ئەمە هەوڵێکی سەرانسەریی تۆڕەکەیە، کە بەرنامەی رۆژانە، گفتوگۆی نێو ستۆدیۆ و بەرنامەی مەیدانی لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنێت.
لە نێو دڵی ئەم رووماڵەدا پێنج پرۆگرامی سەرەکی هەن، هەر یەکەیان بە شێوەیەک دیزاین کراون کە دەنگێکی جیاواز لە گەشتی دیموکراسیی عێراقدا بگرێتە خۆی:
رووداوی ئەمڕۆ – هەڵبژاردن، کە لە بەغداوە بە کوردی و عەرەبی پەخش دەکرێت، دەنگی هاووڵاتییانی ئاسایی عێراق راستەوخۆ دەهێنێتە سەر شاشە، ئەوانەی زۆرجار گوێیان لێ ناگیرێت، بەڵام هەڵگری دەنگی راستەقینەی شەقامن.
بێستوون تۆک شوێنەوارە مێژووییەکانی عێراق و زانکۆکان دەکاتە گۆڕەپانی گفتوگۆکردن، کە تێیدا خوێندکاران رووبەڕووی سیاسەتڤانان دەبنەوە، پرسیارەکانی نەوەیەکی نوێ دەخەنەڕوو و، داوای وەڵام بۆ ئەو داهاتووە دەکەن کە دەبنە میراتگری.
کێ بەهێزە؟ کە بە تەواوی لەنێو شەقامەکانی شارەکاندا تۆمار کراوە، وزە و قسەی خۆش و راستگۆیی خەڵکی ئاسایی پێشاندەدات، رەنگدانەوەیەکی راستەقینە پێشکێش دەکات بۆ ئەوەی ببینین دەنگدەران چۆن بیر دەکەنەوە، هەستیان چۆنە و ئاوات بۆ چی دەخوازن.
یەکەم دەنگ، بەدواداچوون بۆ دەنگدەرانی یەکەم جاری عێراق دەکات، کوڕ و کچانی گەنج کە بۆ یەکەم جار دەنگی خۆیان دەدەن، ئەمەش ئەوەمان بیرمان دەهێنێتەوە کە دیموکراسی خۆی بە بەڵێن نوێ دەکاتەوە، بەڵکو بە بەشداریکردن.
بۆچی دەنگت پێ بدەین؟ دیموکراسی راستەوخۆ دەباتە لای بەربژێران، بە راشکاوی لێیان دەپرسێت، بۆچی خەڵک دەنگ بە ئێوە بدات؟ ئەم پرۆگرامە لێپرسینەوە دەخاتە ناوەندی گفتوگۆکەوە و، وەڵامی روون و راستەوخۆ دەداتە دەنگدەران.
جگە لەم بەرنامە سەرەکییانە، رووماڵی هەڵبژاردنەکانی رووداو نوێترین هەواڵەکانی رۆژانە، شرۆڤە و راپۆرتی مەیدانی راستەوخۆ لە پەیامنێرانی رووداو لە سەرانسەری پارێزگاکان لەخۆدەگرێت. لەرێگەی میوانداریکردنی شارەزایان، بەربژێرەکان و سەرکردە مەدەنییەکانەوە، شاشەکەمان وڵاتەکە لە دیالۆگێکدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دیالۆگێک کە کراوە، فرەڕەنگ و بەرپرسیارە.
هیچ کام لەمانە بەبێ کاری گەورەی تیمەکانمان بەدی نەدەهات.
لە دەرهێنەران و پرۆدیوسەرەکانەوە، تاوەکو مۆنتێرەکان، پێشکێشکاران، تیمەکانی کامێرا، ئەندازیارانی دەنگ، گرافیک دیزاینەرەکان، وەرگێڕەکان و تیمەکانی دیجیتاڵ میدیا، هەمووان لە رووداو، داهێنانکاری و ئازایەتییان خستووەتە گەڕ بۆ سەرخستنی ئەم ئەرکە. ئەوانە ماوەی چەند مانگێکە لە جووڵەدان، لە شەقامە قەرەباڵخەکانی بەغدا، لە ستۆدیۆکانی هەولێر، لەسەر رێگاکانی بەسرە و نەجەف، لە چیاکانی دهۆک و دەشتەکانی کەرکووک، وێنە دەگرن، بەرنامە دروست دەکەن، گوێ دەگرن و ئامادەکاری دەکەن، تاوەکو ئەوەی دەگاتە سەر شاشەکانتان تەنیا هەواڵ نەبێت، بەڵکو کارێک بێت بە دروستی و راستگۆییەوە گوترا بێت.
بۆ هەر رۆژنامەوانێک، پەیامنێرێک، پرۆدیوسەرێک، دەرهێنەرێک و ئەندامێکی تیمەکانمان کە لەم پڕۆژەیەدا کاریان کردووە، ئێوە هێزی پشت ئەم رووماڵەن. ئێوە هۆکارن کە رووداو وەک ناوێکی متمانەپێکراو لە راگەیاندندا بمێنێتەوە.
هەڵبژاردنەکان تەنیا دەربارەی بەربژێرەکان نین. بەڵکو دەربارەی خەڵکن، ئەو خەڵکانەی شایەنی ئەوەن ببینرێن، گوێیان لێ بگیرێت و رێزیان لێ بگیرێت.
ئەوەیە کە رووداو دەجووڵێنێت.
ئەوەیە کە یەکمان دەخات.
لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم قۆناخە نوێیە لە رووماڵکردنی هەڵبژاردنەکان، بانگهێشتی هەر هاووڵاتییەک و هەر دەنگدەرێک دەکەین کە لەگەڵمان بن.
بینەرمان بن. پرسیار بکەن. بەشداربن. رەخنەگرانە بیربکەنەوە.
چونکە دیموکراسی تەنیا ئەو کاتە بەهێزتر دەبێت کە خەڵکەکەی ئاگادار و بەشدار بن.
لە بەسرەوە بۆ هەڵەبجە، لە هەموو کۆمەڵگەیەک و بە هەموو زمانێک، رووداو لەوێ دەبێت، چیرۆکەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، گێڕانەوەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و، دڵنیایی دەدات کە هەموو دەنگێک گرنگە.
بۆ بینەرانمان، هاوبەشەکانمان و میوانە بەڕێزەکانمان، سوپاس بۆ ئەوەی بەشێکن لەم گەشتە.
بۆ هەموو کەسێک لە رووداو کە کارەکانیان ئەم ئەرکە دەکەنە راستی، سوپاس بۆ دڵسۆزی و کاری گەورەتان.
پێکەوە، زانیارییەکان دەکەینە خزمەتێک بۆ خەڵک و، رۆژنامەوانیش دەکەینە هێزێک بۆ دیموکراسی.
زۆر سوپاس.