پێشنیازێک بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

 
جووڵە و لێدوانە سیاسییەكانی دوایین قۆناخ، بەتایبەت تێڕوانینەكانی جۆن بۆڵتن، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا و تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ سووریا و عیراق، سەبارەت بە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی ناوچەكە و ئەگەری گۆڕانی ریشەیی لە سیستمی حوكمڕانیی عێراق و دەوروبەری دا، زەنگێكی مەترسیدارن، كە پێویست دەكات هەرێمی كوردستان لە چاوەڕوانییەكی پاسیڤانەوە بەرەو كردەی سیاسیی ئاكتیڤ هەنگاو بنێت. 
 
لە كاتێكدا دۆخی رۆژئاوای كوردستان رووبەڕووی هەڕەشەی جیدی بووەتەوە، چیتر سیاسەتی چاودێریكردنی دەرەنجامەكان بژاردەیەكی گونجاو نییە، بەڵكو دەبێت كورد وەک ئەكتەرێكی كاریگەر و خاوەن پڕۆژە، خۆی لەنێو جەرگەی گۆڕانكارییەكاندا جێگیر بكات. لەم نێوەندەدا، ئەو رووداو و جموجۆڵانەی لە پشتی پەردەی سیاسیی ناوچەكەدا گوزەر دەكەن، دەخوازێت كە كورد لە هەموو كات وریاتر و یەكگرتووتر بێت و لە هەموو روویەكی سیاسی، ئابووری و بەرگرییەوە لە ئامادەباشییەكی تەواودا بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی وەرچەرخانە كتوپڕەكان.
 
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە سەرۆک و جێگرەكانیەوە، كە وەک چەتری كۆكەرەوەی بڕیاری سیاسی، ئەركێكی مێژوویی لەسەر شانە تاوەکو لە رێگەی دروستكردنی كۆدەنگییەكی نیشتمانیی نێوان سەرۆكایەتییەكان و لایەنە سیاسییەكان و فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا، گوتارێكی یەكگرتوو و سەنگین بۆ ئەم قۆناخە نوێیە دابڕێژێت. ئەم كۆدەنگییە ناوخۆییە دەبێت ببێتە بنەمایەک بۆ جەولەیەكی دیپلۆماسیی فراوان و چڕ كە وڵاتانی بڕیاربەدەستی عەرەبی بەتایبەت میسر و پایتەختە گرنگەكانی ئەورووپا و ئەمریكا بگرێتەوە، بە ئامانجی گەیاندنی پەیامێكی روون، كە تێیدا جەخت لەوە بكرێتەوە كورد هەر تەنها قوربانیی تیرۆر و مێژوویەكی خوێناوی نییە، بەڵكو هاوبەشێكی ستراتیژی و گرەنتییەكە بۆ سەقامگیریی ئاییندەی ناوچەكە.
 
لەم سۆنگەیەوە، پێویستە جیهان تێبگات، كە هەر جۆرە گۆڕانكارییەک لە سیستمی سیاسیی عێراق و ناوچەكەدا بەبێ رەچاوكردنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی گەلی كورد، ناتوانێت ئاشتییەكی بەردەوام بەدیبهێنێت. كاتی ئەوە هاتووە، كورد لە بری ئەوەی بخرێتە ژێر كاریگەریی ئەنجامی رووداوەكان، خۆی ببێتە ئەندازیاری بەشێك لەو نەخشە سیاسییە نوێیەی، كە بۆ ناوچەكە دەكێشرێت، چونكە بێدەنگی و پەرتەوازەیی لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، دەرفەتە مێژووییەكان دەگۆڕێت بۆ مەترسیی گەورە لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان.