عەجاج و رزگاربووانی ئەنفال رووبەڕووی یەکتر

 
 
بەیانی رۆژی پێنج شەممە 7ی ئایاری 2026ـە لە دادگای رەسافەم لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق . پیاوێکم بینی ، پیاوێکم بینی وەک شێوەی جارانی نەبوو، پیاوە کەڵەگەت و چوارشانە و قژپڕ و مەترسیدارەکە نەبوو، ترسی دادڤانیی و ئەو چیرۆکانەی لە تووڕەییدا کەفدەڵێن ببوون و چاویان بۆ دەگێڕا، هێندەی دیکە سیس و لاوازیان کردبوو. ئەو بە تەنیشت من دا لە رێڕۆ بەرتەسکەکەوە بردیان بۆ ژووری چاوەڕوانیی دەستپێکردنی دادگاییەکە.
 
رۆژی 7ی ئایاری 2026 لە دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە بەغدا بەیەکگەیشتنەوەیەکی مێژوویی تۆمارکرا. قوربانیانی هێرشەکانی پرۆسەی ئەنفال و یەکێک لە جەللادەکانیان. برین و چەقۆ. قامچی و خەتی ئێشەکان، رۆژگار بە جۆرێک یارییەکەی پێچەوانە کردبووەوە کە رزگار شەمزین عەلی، پێیگوتم "خۆزگە دادوەر رێگەی دابووایە لەنێو هۆڵی دادگە کردەوەیەکی عەجاج دووبارە بکەمەوە، ئەژنۆم بخەمە سەر شانی و لێی بپرسم: ئەو کچانەت بۆچی بردە ژوورەکەت و دەستدرێژیت کردە سەریان؟".
 
تێپەڕینی (عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی)، وەک هەڵڕشتنی قاپێک خوێ بوو بەسەر برینەکاندا، هەیەجان و شلوێبوونی لەنێو شاهێدحاڵ و سکاڵاکارانی ئەنفال دا دروستکرد و پارێزەرەکانی کورد هەوڵی هێورکردنەوەی ئەوانیان دەدا "هەمووتان دەیبینن، لە بەردەمتان رادەوەستێ"، ئەمە رێک 40 خولەک پێش دەستپێکردنی دانیشتنی دادگاییەکە بوو کە بە پاساوی بچووکی هۆڵی دانیشتن و زۆریی سکاڵاکاران، پرۆسەکە کاژێر 10 دەستی پێکرد.
 
عەجاج، بە چاوشۆڕی و زیلەتباری سەیرێکی شاهێدحاڵەکانی کرد "خۆی داماو کردووە، کەمێکی دیکە تاڵاوی کردەوە دڕندەکانی دەنۆشێت"، سۆران عەبدوڵڵا وای پێگوتم کە برینەکەی سەری هێنابووە بەغدا تاوەکو پیشانی دادوەری بدات.
 
بینینە کورتخایەن و چەند چرکەییەکەی عەجاج هۆڵەکەی دایە دەست هەرا و هەنگامەیەکی زۆر، هەر یەکەو لای خۆیەوە لەو زەلیلییەی عەجاج سێبووری بۆ چیرۆکەکەی خۆی دەدرووی  "یارییەکە پێچەوانە بووەتەوە، 8 دانە مانگی رێک من لە نووگرەسەلمان خۆم لە عەجاج دەشاردەوە، ئێستا عەجاج خۆی لە من دەشارێتەوە!" ، رزگار شەمزین وایگوت.
 
هۆڵەکە بچووکە، دادوەرێک و ژمارەیەک لێکۆڵەری دادی و سێ پارێزەری کورد و پارێزەرێکی ئافرەت کە هیچ خاڵێکی بەهێز شک نابات بۆ بەرگریکردن لە عەجاج، بە جلوبەرگی تایبەتی پارێزەری وەستاون. لە نێوەڕاستی هۆڵەکەدا قەفەزێک بۆ تۆمەتبار دانراوە کە لەنێویدا بەجلی زەرد بە پێوە  راوستاوە. شاهێدحاڵ و سکاڵاکارانی ئەنفالیش کە لە ناوچەکانی خورماتوو (ناوچەیەکی کوردستانیی سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە) ، چەمچەماڵ ( قەزایەکی پارێزگای سلێمانییە و پێشتر سەر بە کەرکووک بوو)، پاریزگای هەڵەبجە، قەرەداخ ( لە پارێزگای سلێمانی)، دەشتی کۆیە و بالیسان ( لە پارێزگای هەولێر)، هاتوون. هەریەکێک لەوان گیرۆدەی ئێشی چیرۆکێکە و پیاوی نێو قەفەزەکەش دیلی دەستی هەموو چیرۆکەکانە، بەو هەزاران چیرۆکەشەوە کە چانسی گەیشتن بە بەغدایان نەبوو.
 
دانیشتنی دادگە بە بانگکردنی فەزیلە محەممەد مەحموود دەستی پێکرد، بەڵام فەزیلە دوای ئەوەی سوێندی راستبێژیی بۆ دادوەر خوارد، رەتیکردەوە قسە بکات و گوتی، جەنابی دادوەر، من دەمەوێ لە دۆخێکی تەواو نهێنیدا قسەی خۆم رووبەڕووی تۆمەتبار بکەم، چونکە دەمەوێ ناوەکانی نێو گێڕانەوەکەم پارێزراوبن.
 
دادوەر، رزگار شەمزین عەلی بانگ کرد. رزگار، ژیانێکی کولەمەرگی لە نووگرەسەلمان قەتاندبوو، بەڵام رووەو عەجاج بە دادوەری گوت، ئێمە رەزالەتی زۆرمان بەدەست ئەم پیاوەوە چێشتووە، بەڵام دەستدرێژییە سێکسییەکانی ئەم کابرایە منیان زۆرتر خەمگین کردووە. دادوەر چەند جارێک دووپاتیکردەوە "تۆ دەستدرێژی ئەوت بە چاوی خۆت بینی؟"، رزگار دیمەنەکەی ئاوا گێڕایەوە: جەنابی دادوەر، چەند کچێک کە وادیاربوو تازە هێنرابوونە نووگرەسەلمان، ئەوان بە بازنەیی دانیشتبوون و زۆر جوان و شەرمن بوون و سەریان داخستبوو، چەند پۆلیسێک کە عەجاج ناردبوونی، هاتن بۆ هەڵبژاردنی جوانەکانیان. پۆلیسەکان رۆیشتن، دواتر لەگەڵ عەجاج هاتنەوە، عەجاج ئەژنۆی خستە سەر شانی یەکێکیان و دواتر دوو لە کچەکانی برد لەگەڵ خۆی.
 
دادوەر: گوتم خۆت بینیت؟
 
رزگار : بەڵێ خۆم بینیم.
 
لەوکاتەدا عەجاج ئاوڕێکی بۆ لای رزگار دایەوە و دواتر سەری بۆ لای چەپی خۆی بادایەوە. 
 
دادوەر: چی دیکەی بەرامبەرتان کرد؟
 
" لەوێ پەیداکردنی ئاوی خواردنەوە ئێجگار زەحمەت بوو، ئەم پیاوە ئاوێکی وەک ژەهر تاڵی پێدەداین و دەیوست بە تینوێتی بمانکوژێت."
 
لە ساڵی 2006ەوە دەردەسەرییەکانی ئەم رزگاربووانەی ئەنفال دەنووسمەوە. عەجاجی نێو چیرۆکەکان لە دووری سەتان کیلۆمەترەوە بۆ منیش ببووە کابووس. ئەگەر دادوەر رێگەی یەک پرسیاری بە من دابووایە لێمدەپرسی: هەر بەڕاست چۆن فریا کەوتی ئەو هەموو ستەم و زۆردارییە بکەی؟ 
 
کاژێر 7:30ی سەرلەبەیانی (رەزا حەسەن مارف)ی بەساڵاچوو کە لە گوندی جەلەمۆردەوە هاتبووە بەغدا، لەنێو حەوشەی دادگە پێیگوتم: زۆربەی هاوتەمەنەکانم کە لە نووگرەسەلمان هاتنەوە ئاواتی بینینەوەی عەجاجیان بردە ژێر گڵەوە، بەڵام من وادەڕۆم بیبینم و حەق و حیسابی لەگەڵ بکەم.
 
"ئەم پیاوە چی لە تۆ کردووە؟"، مام رەزا داگژایە سەر پرسیارەکەی دادوەر و یادەوەریی هارووژا "بە پێڵاوەکانی سەری منی دەچەقاندە نێو چڵکاوێک بۆ ئەوەی بیخۆمەوە".
 
دیمەنەکەی روونتر کردەوە و گوتی، تینوومان بوو و ئاو نەبوو، لە ژوورەکەی عەجاجەوە چڵکاوی سابووناو و دەستشۆر و قاپشۆریی دەهاتە دەرەوە، ئەویش بە پێڵاوەکانی سەری ئێمەی دەخستە نێو چڵکاوەکە تاوەکو بیخۆینەوە.
 
دادوەر: بۆچی وای  لێدەکردن؟
 
مام رەزا: لەبەرئەوەی کورد بووین.
 
یەک یەک ناوی منداڵەکانی خۆی بە دادوەر گوت کە لە نووگرەسەلمان بوون، ناوی ئەوانەشی کە مردن. ئینجا دادوەر لێی پرسی، مردووەکانتان چۆن ئەسپاردەی خاک دەکردن؟
 
- لەوێ پاچ و خاکەنازێک هەبوو، کەمێک زەوییەکەمان چاڵ دەکرد و دەمانکردنە ژێر خۆڵەوە و دوای ئێمە سەگەکان دەیانخواردن.
 
تاوەکو دادوەر کەسی زیاتر بانگ بکاتە ژوورەوە، عەجاج تەنگاسیتر و مەلوولتر دەبێ. بە لای چەپی دا سەرزەنشتکارانە ئاوڕ بۆ (شەهد محەممەد)ی پارێزەری خۆی دەداتەوە کە وادەردەکەوێ پڕیشکەی ئاگری چیرۆکەکان کاخەزی بەرگرینامەکانی ئەویشیان سووتاندبێ. شەهد، هیچ بەرگرییەکی لە عەجاج پێناکرێ.
 
شەهد لە دەرەوەی دادگا قسەی بۆ کردم، دوای ئەوەی لێم پرسی چۆن چوویە ژێرباری بەرگریکردن لە پیاوێک کە بەڕێوەبەری بەدناوترین زیندانی عێراق و مێژووەکەیەتی؟ بە نەرمکێشی وەڵامی دامەوە " کەسوکاری عەجاج داوایان لێکردم".
 
-کەسوکاری عەجاج هیوایان بە تۆ هەبوو؟ 
 
+نەخێر، ئەوان پێیانوابوو کە ئەستەمە لەم دۆسێیە رزگار ببێت، بەڵام عەجاج خۆی بە منی گوت لە ژێر ئەشکەنجەدا گوتوویەتی ئەو خەڵکی برسی کردووە و بە راپۆرتی پزیشکی ئەشکەنجەدانەکە سەلمێندراوە.
 
-تکایە شەهد پێمبڵێ، پێش دادگاییکردنەکە عەجاج چیدیکەی پێگوتی؟
 
+گوتی پلەی سەربازی من ملازم بوو نەک رائید و، زێدەڕۆییەکی زۆر بە دەسەڵات و خراپکردنی نێوبانگی منەوە کراوە.
 
شەهد، هیواگۆیانە قسەیەکی کرد، ئەو گوتی بەشێک لە شاهید حاڵەکان قسەکانیان پووچەڵ دەبێ، چونکە دەڵێن حەجاج لەکاتێکدا ئەو ناوی عەجاجە. عەلی جافی هاوکارم بۆی روونکردەوە کە لە هەندێک ناوچەی کوردستان پیتی (ع) بە (ح) دەردەبڕن.
 
-بەڵام بە درێژایی خولی یەکەمی دادگاییەکە تۆ تەنیا یەک جار قسەت کرد کە هیچی لە دۆخەکە نەدەگۆڕی، پێمبڵێ یەک خاڵی بەهێز لەنێو فایلی عەجاج دا چییە؟ زەنگێک تەلەفۆنەکەی راوەشاند و کەمێک دوورکەوتەوە. پێدەچوو کەسوکاری عەجاج نوێترین زانیاریی لە شەهد بخوازن.
 
من بە وردی سەرنجی عەجاج دەدەم، ئەو پیاوەی سەتان کەسی نێو گۆڕەکانیش چاوەڕێی دەکەن لە دادگایی دنیاکەی دیکە بەرۆکی بگرنەوە. ئەوانەی کۆتایی چیرۆکەکەیان سەگێکە،  کە بەسەر تەرمەکانیانەوە لەو بیابانە کاکی بە کاکییەدا گۆشت دەخوات!
 
سەر و ریشی سپی بوون، نیگا تکاکارەکانی دەگوازێتەوە سەر رووخساری ئەوانەی لە جەستەی هەر یەکێکیاندا ئاسەواری دڵڕەقی و داپڵۆسینی جێهێشتووە. لاوازبووە و چرچ و لۆچەکان وەک پیاوێکی نزیکی 70 ساڵ دەریدەخەن. ئەمە ئەو عەجاجەیە کە ئەمین سەمین بە تاسەی بینینی بوو.
 
با باسی ئەمین سەمین بکەم. لە کۆتاییەکانی هاوینی 2010 لە کەلاوەیەکی نۆژەنکراوەی عەزیز قادر بینیم. کانیۆلایەک دەرمانی دەتکاندە نێو دەماری دەستییەوە. ئەو خراپ گیرۆدەی نەخۆشییەکی درێژخایەن ببوو. نەخۆشیی لەدەستدانی هەموو خێزانەکەی. 
 
ئەمین بەردەوام خۆزگەی بە بینینەوەی عەجاج دەخواست، بەڵام مەرگ گوێی لێنەگرت و سەری نایەوە.
 
عەجاجێک هەبوو بۆ کات بەسەربردن کحولی دەرخواردی منداڵان دەدا. کۆرپەکانی دەکوشت، پیاوە بەساڵاچووەکانی هەڵدەواسی، دەستدرێژی دەکردە سەر کچان و ژنان، بەڵام ئەم جارە رۆڵێکی دیکەی هەیە، بە سەرکزیی نێو قەفەزەکەی دەیەوێ پێمانبڵێ، ئەو قەڵا تۆکمەیەی عێراقی تۆقاندبوو ئێستا لە ئێسک و پرووسکەکان دەترسێ!
 
"سەیرمکە عەجاج... سەیری من بکە عەجاج"، عەتا ئیبراهیم عەبدولقادر مکوڕبوو لەسەر ئەوەی لە رووخساری تۆمەتبارەکەدا دوایین چرکەساتی چاولێکنانی ساهیرەی خوشکی وەبیربێنێتەوە. دادوەر بە عەجاجی گوت: سەیری بکە. ئینجا بارسووکی بۆ عەتا گەڕایەوە "7 کەسم لەدەستدا و ساهیرەی خوشکم لەوێ مرد، ئەمە جەللاد بوو، سەگ تەرمەکانی خوارد" ، عەجاج نەیتوانی لەوە زۆرتر سەیری بکات و ئاوڕی دایەوە "بێزم لە بەعسییەکان دێتەوە و ئەمە بەعسی بوو".
 
نووگرەسەلمان دوایین زیندان و نزیکترین قەڵای نزیک لە چاڵەکانی مەرگی بەکۆمەڵ بوو لە بیابانەکانی سەماوە.
 
لەو رێڕۆیەدا کە چاوەڕێی دەستپێکردنی دانیشتنەکەمان دەکرد، سۆران عەبدوڵڵا حاجی پێیگوتم "چاڵ بۆ ئێمەش ئامادەکرابوو، دەبوو بمانبەن و گولڵەباران بکرێین و خۆڵ بکەن بەسەرماندا، بەڵام ئیتر چارەنووسی ئێمە چاڵەکان نەبوو".
 
جەنابی دادوەر من ئەوکات تەمەنم 13 ساڵ بوو، شەو لە هۆڵەکەمان راکشابووم و کاتی خەو بوو. نەمزانی عەجاج لە تەنیشت سەرمە، کاتێک جوڵامەوە بە پۆستاڵەکەی یەک شەقی لەسەرم هەڵدا و سەرم ئالێرە تەقی( دەستی بۆ لای چەپی سەری رادەکێشێ کە شوێنی برینێک دەردەکەوێ)، بەڵێ ئەو کابرایە وای لێکردم".
 
سۆران، 7 مانگ و 8 رۆژی پڕ لە داڕسکان و تاڵنۆشیی لەوێ بەسەر بردووە "با سەیرم بکات جەنابی دادوەر" ، کە عەجاج لە سەر فەرمانی داوەر سەیری کرد "تەنیا ئاوی پیس و سەمونەڕەقەی پێدەداین، زیاتر لە 10 کەسم بیرە کە مردن و لەوێ خراونەتە ژێر خۆڵەوە".
 
دوای کۆتاییهاتنی دانیشتنە نهێنییەکەی دادوەر و فەزیلە و عەجاج کە تانانەت پارێزەرەکانیش کرابوونە دەرەوە، بە فەزیلەم گوت بۆچی رەوشێکی نائاسایی و نهێنیت داواکرد؟ 
 
"هەندێک دەستدرێژی دڕندانەی عەجاج هەبوون دەبووایە ناوی قوربانییەکان بپارێزم. ئینجا بە عەجاجیشم گوت، دەبێ تاوەکو کۆتایی سەیرم بکات".
 
فەزیلە قوربانییەکی جیاوازە، لە بوێری و وردەکاریی و هونەری گێڕانەوەدا زۆرتر لەو قوربانیانە دەچێ لە بارەی کۆمەڵکوژییەکانی بۆسنیا و پۆڵەندا قسەیان بۆ کردبووم. با ئەوە بمێنێ بۆ بەڵگەفیلمەکەمان کە دەردەکەوێ فەزیلە چ ئازایەتییەکی لە ئێشەکەی دڵی بەرهەمهێناوە.
 
ئەو هەڵەبجەییانەی لە دوای کیمیابارانکردنی شارەکەیان ئاوارەبوون لە ئێرانەوە فریوی لێبووردنەکەی سەددام حوسێنیان خوارد و گەڕانەوە، دەستگیرکران و رەوانەی نووگرەسەلمان کران. دادوەر بە دەنگی بەرز بە دەرگاوانەکەی گوت با عەلی عارف بێتە ژوورەوە.
 
"برسێتی و نەخۆشی چاوەقووڵە زۆر کەسی کوشت، ئەم عەجاجە بە یەک کێبڵ مامی منی کوشت کە ناوی ئەڵڵاکەرەم بوو".
 
دادوەر: بوەستە، گوتت ناوی ئەڵڵاکەرەم بوو؟!
 
عەلی: بەڵێ. 
 
مشتومڕی تێگەیاندنی دادوەر درێژەی کێشا. سەری سووڕما بوو چۆن دەکرێ کەسێک بەناوی خوداوە نێو بنرێت. 
 
بەڵام عەلی لە دەرەوەی دادگا پێیگوتم، ئەگەر بزانی عەجاج چی لە دایک و کوڕێک کردووە بەرگەی ناگری "نەدەکرا لەوێ باسی بکەم، کوڕەکە داوای ئەوانی قبوڵ نەکرد و کوشتیان، بەڵام دایکەکە مایەوە".
 
رووخساری عەجاج ئەو شتەیە کە هەموو شاهێدحاڵەکان پێویستیانە! هەموویان داوای ئاوڕدانەوەی لێدەکەن. لەوانەیە رووخساری لاواز و مردەلۆخی جەللاد هەندێک بارسووکی بە جەستە شەکەتەکەیان بدات کە ساڵانێکە بارێکی گرانی هەڵگرتووە. نیشتیمانیش ئەوەی دەویست، سەیرکردنی عەجاج.
 
"دایکم لە باوەشی دا مەمکی بە برابچووکەکەم دەدا و لەوکاتەدا عەجاج هات، کێبڵەکەی چەقاندە روومەتی براکەم و چاڵی کرد، دواتر کێبڵەکەی چەقاندە مەمکی دایکم و بە تێپەڕینی ساڵان ئێشی مەمکی بووە شێرپەنجە و ئێستا دەرمانی شێرپەنجەی هەیە".نیشتمان عەلی خورشید، وایگوت.
 
ئەو باوەشانەی کە عەجاج کردوونی بە هەواری مەرگی کۆرپەکان دا زۆرن. سەلمە محەممەد رۆبیتان، تەمەن 64 ساڵ، لە دەمی شیرپێدانی کۆرپەکەیدا قامچییەکەی عەجاج کۆستباری کردووە.
 
دادوەر: هەر ئەوکاتە کوڕەکەت مرد؟
 
سەلمە: نەخێر، رۆژی دواتر.
 
ئەو پرسیارانەی دادوەر زۆر دووپاتی دەکردنەوە لە شاهێدحاڵەکان، ئەشکەنجەکانی عەجاج، دەستدرێژی سێکسی، چۆنیەتی شاردنەوە و ئەسپەردەکردنی تەرمەکان بوو. 
 
26 کەس شاهێدییان دا و بە جۆرێک هۆڵەکەیان تژی کردبوو لە بەسەرهاتی خوێناوی و دیمەنی کارەساتبار، کە هەمووان چاوەڕێی هەمان سزای عەلی حەسەن مەجید و سەددام حوسێن بوون، بەڵام دادوەر رایگەیاند "دوابڕیاری دانیشتنەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا".
 
ئەم جۆرە دانیشتنانە لە بارە گشتییەکەی دا پرۆسەی دادوەرین و وادەکەن هەندێک بارسووکی بۆ قوربانییەکان بدۆزنەوە کە وەڵامدەرەوەی چیرۆکە بەگلەییەکانی بێت، بەڵام لەو کەلەپچەیە گرنگتر کە دەوڵەت دەستی عەجاجی پێ کۆتکردووە ئەوەیە، سیستمە سیاسییەکان رێگە نەدەن عەجاجێکی دیکە دروست ببێتەوە.
 
لەکاتی بەجێهێشتنی دادگەی تێهەڵچوونەوەی رەسافە، هەریەکە و جۆرە مردنێکی بۆ عەجاج پێشنیاز دەکرد. یەکێک دەیسووتاند و یەکێکی دیکە دەیبردەوە بۆ نووگرەسەلمان و لەوێ لەسێدارەی دەدا، بەڵام پارێزەر ئەیاد کاکەیی شتێکی دیکەی پێگوتن: " لەسێدارەش نەدرێ ئاساییە، با لە ژوورە تاکەکەسییەکەی هەموو ژیانی بە بیرکردنەوە لە مردن تەواو بکات".