عەجاج ببەنە دادگاکەی رەنج سەنگاوی
شەوی پێش دادگاییکردنی عەجاج تکریتی، بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ی تۆڕی میدیایی رووداو، وەک دادگاییکردنێکی پێشوەختە بوو بۆ عەجاج و لەو بەرنامەیەدا قوربانیان زۆر بە وردی باسی چەند تاوانێکی قێزەوەنی جەلادەکەی نوگرە سەلمانیان گێڕایەوە.
بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا، بەرنامەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو گۆڕەپانێک بوو بۆ گێڕانەوەی شایەتییەکی زیندوو لەسەر برینە قووڵەکانی ئەنفال. رەنج سەنگاوی، بەوپەڕی پیشەییبوون و مرۆڤدۆستییەوە بووە مینبەرێک بۆ دەنگی کەم بیستراوی رزگاربووان لە بەغدا ، کەسوکاری قوربانیان و چاودێرانی دۆسییەکە و هەموو گۆشە شاراوەکانی ئەو تاوانە گەورەیەی بۆ ویژدانی گشتی روونکردەوە؛ لە ترسی بێسنوور و ئازاری زیندانەوە تاوەکو دەگاتە چارەنووسی نادیاری بێسەروشوێنکراوان و ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە ساڵی 1988ـەوە لە یادەوەریی کورد دا ماوەتەوە.
یەکێک لە ساتە هەرە کاریگەرەکان، چیرۆکی خاتوو فەزیڵە محەممەد بوو. ئەو ژنە قارەمانە کوردەی کە رێگەی نەدا تاوانبارێک لە سزای دادپەروەری دەربازبێت؛ تاوانبارێک کە ساڵانێکی دوور و درێژ بوو، باسی تاوانەکانی دەکرا و کەس نەیدەزانی لە کوێیە، تەنانەت هەندێک کەس پێیوابوو هەر خەیاڵە و کەسێک نییە بەناوی عەجاجەوە، تەنانەت سەدام حوسێنیش لە دادگادا گوتی نازانێت عەجاج کێ یە. سووربوونی فەزیڵەخان بوو کە سەرەئەنجام بووە هۆی ئەوەی عەجاج ببردرێتە بەردەم دادگا.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخ و خەمێکی قووڵ بوو، ئەوەبوو کە کاریگەریی بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) لە خودی دانیشتنی دادگاکە بەهێزتر دەرکەوت.
رۆژی 7ی ئایاری 2026 لەنێو هۆڵی دادگادا لە بەغدا، هێز و راستگۆییی شایەتەکان لەنێوان وەرگێڕانێکی لاواز و دادوەرێکدا کە نە خۆی و نە تیمەکەی زمانی کوردییان نەدەزانی، بەفیڕۆچوون. ئەو رزگاربووانەی کە لە بەرنامەکەی رووداو دا بە گێڕانەوەکانیان، گەلیان هێنایە گریان، وادەرکەوت دەنگیان لەنێو هۆڵێکدا ونبێ کە دەبووایە ببێتە دادگاییکردنێکی گەورە. نە ئامادەکاریی پێویست بۆ شایەتحاڵەکان کرابوو و بەداخەوە زۆریان نەیانتوانی ئەو تاوانانەی بەرامبەریان کراون بە باشی باس بکەن. هەروەها رێگە نەدرا میدیاکان دانیشتنەکە بگوازنەوە بۆ ئەوەی رووماڵێکی میدیایی هەبێت کە شایستەی قەبارەی تاوانەکە بێت. ئەوەی زۆریش جێگەی داخە ئامادەبوونێکی نیشتیمانی فراوانیش لەنێو هۆڵی دادگادا نەبوو و زۆرینەی حیزبە کوردستانییەکان ئامادەنەبوون.
لە سەرانسەری جیهان دا، دادگاییکردنەکانی جینۆساید هەرگیز بەم شێوەیە بەڕێوە ناچن. لە دۆسیەکانی هۆلۆکۆست، رواندا و بۆسنە دا، شایەتیی قوربانی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پرۆسەی دادپەروەری سەیر دەکرا. بۆ ئەم مەبەستەش، وەرگێڕی پسپۆڕ، ئامادەکاریی دەروونیی تۆکمە و رووماڵی کراوەیان دابین کرد، کە وایکرد هەموو جیهان گوێی لە راستییەکان بێت.
دادپەروەری تەنیا ئەوە نییە تاوانبارێک بهێندرێتە بەردەم دادگە. دادپەروەریی راستەقینە ئەوەیە قوربانی هەست بکات دەنگی، پاش ساڵانێکی زۆر، سەرئەنجام لەلایەن جیهانەوە بیسترا.
ئەوەی روویدا، راستییەکی تاڵ و بە ئازاری بۆ هەمووان ئاشکرا کرد: هەندێک جار، شاشەیەکی پیشەیی تەلەڤیزیۆنێک، دەتوانێت شکۆ و کاریگەرییەکی زیاتر بۆ قوربانیان دابین بکات .