تاوانبار لە مارەبڕینی ژنە 15 ساڵییەكەدا
كوشتنی ژنە 15 ساڵانەكەی كەلەكچی بە هەموو پێوەرێكی شەرعی و یاسایی و ئینسانی كارێكی دڕندانە بوو، ئەوانەشی كە لەپشتیەوەن پێویستە سزای شایستەی خۆیان وەرگرن، هەروەها دووجار بەشوودانی ئەو ئافرەتە لەو تەمەنە كەمەدا پرسیاری زۆر هەڵدەگرێ و پێویستی بە لەسەر وەستان و دۆزینەوەی ئەوانە هەیە كە بەشداربوون لە روودانیدا.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، هەر كات رووداوێكی فرە رەهەندو فرەبكەری لەوجۆرە روودەدات، زوومی قسە و لێدوان و تۆمەتباركردن پێش هەمووان ئاراستەی مامۆستایانی ئایینی دەكرێ، بەتایبەت لە مەسەلەی مارەكردن و تەلاق و باری كەسیدا.
من نامەوێ پاكانە بۆ مامۆستایانی ئایینی بكەم و كەمتەرخەمی و هەڵەكانیان بپۆشم، بەڵكو دەمەوێ تاوانبار و بەشداربوویەكی باسنەكراوی ئەو تاوانە دیاری بكەم، ئەویش پەرلەمانی كوردستانە.
هەموومان دەزانین خەڵكی موسڵمانی كوردستان ئامادە نین كچەكانیان بەشوو بدەن بەبێ مارەبڕینی شەرعی لەلای مامۆستای ئایینی، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆكار:
یەكەم: پابەندیی بەهێزی خەڵكی كوردستان بە ئیسلامەوە.
دووەم: پەیڕەونەكردنی مارەبڕینی شەرعی بەهەموو مەرجەكانیەوە لەلایەن دادوەر و دادگاكانی كوردستان.
لەولاوە خەڵكێكی زۆر لەوانەی خوێندەواری دینییان هەیە – كە زۆربەشیان مەلای تەواو نین– كاری مارەبڕین دەكەن، ئەوەش زۆر جار كێشەی لێ دەكەوێتەوە.
بۆ رێگرتن لەو بێ سەروبەریە و رێكخستنی ئەو بابەتە، یەكێتی زانایان ساڵی 2011 پڕۆژە یاسایەكی لەژێر ناوی رێپێدراوی شەرعی (مەئزونی شەرعی) ئامادەكرد و پێشكەشی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستانی كرد. بەپێی پڕۆژە یاساكە، لەهەر شارو شارۆچكەیەك تەنها چەند مامۆستایەك (نەك هەموو مامۆستایان) بۆیان هەبوو لە چوارچێوەی یاسادا مارە ببڕن، ئەویش دوای بینینی خولی تایبەت و رەچاوی چەندین مەرجی توند لە كارەكەیاندا.
كەچی كاتێك پڕۆژەكە پێشكەشی پەرلەمان كراو خرایە گفتوگۆوە، پەرلەمانتارە بەڕێزەكان (جگە لە ژمارەیەكی كەم كە نەدەگەیشتنە 10 كەس) هەموویان دژی وەستانەوە و تەنانەت بەشێوەیەكی زۆر ناشیرین و گاڵتەئامێزەوە كەوتنە پێكەنین و سووكایەتی بە پرۆژە یاساكە.
ئەو پێكەنین و دژوەستانەوەیە لەلایەن پەرلەمانتاران و ئەوانەی خۆیان بە پارێزەری مافی ئافرەت دەزانی، لەبەر ئەوەبوو كە بیرۆكەی پڕۆژەكەیان بەلاوە دواكەوتووانە و نەگونجاو بوو لەگەڵ سەردەمدا، بەڵام من دڵنیام زۆرێك لەوانە نەیانتوانیوە لە پرۆژە یاسایەكە تێبگەن، ئەوەی كردیان تەنها دژایەتییەكی كوێرا نەبوو (لەگەڵ رێزم) جگە لەوەی سووكایەتی بوو بە خاوەنی بیرۆكەی پرۆژەكە كە یەكێتی زانایانە.
بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر لەوبارەوە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ
وتارێكی ئەوكاتی گوتەبێژی یەكێتی زانایان بەڕێز مامۆستا مەلا جەعفەر گوانی لەم لینكە.
من دڵنیام ئەگەر ئەوكات ئەو پڕۆژە یاسایە پەسەند كرابا، زۆر بە ئاسانی مەسەلەی مارەبڕینی ئافرەت لەلایەن مامۆستایانی ئاینییەوە كۆنترۆڵ دەكراو كەسانی ناشایستەو نەزان نەیاندەتوانی دەست وەربدەنە ئەو كارە، ئەوەش هەم كار ئاسانی دەبوو بۆ هاووڵاتیان و هەم دادگاكانیش دەیانزانی لەگەڵ كێ هەماهەنگی بكەن، لە ئەنجامیشدا رێگری دەكرا لە زۆر لەو رووداوە كۆمەڵایەتیانەی روویانداوە و روودەدەن.
لەسەر ئەو بنچینەیە، بەوپەڕی متمانەوە دەڵێم سەرجەم ئەو فراكسیۆن و پەرلەمانتارانەی خولی پێشووی پەرلەمان كە پرۆژەكەیان رەتكردەوە و كەمتەرخەمییان نواند لە تێگەیشتنی، پشكی سەرەكی ئەو تاوانە و هەر تاوانێكی دیكەی لەو جۆرەیان (لەدنیاو دواڕۆژدا) دەكەوێتە ئەستۆ.
بەوپەڕی راشكاوییەوە بە پەرلەمانی ئێستاش دەڵێم: هیوادارم ئێوە خۆتان ئەمجارە بچن داوای ئەو پڕۆژە یاسایەی یەكێتی زانایان بكەن و لە زووترین كاتدا پەسەندی بكەن، تا ئەوكات نابێت گلەیی لە هیچ مامۆستایەكی ئاینی بكەن كە بۆچی لەدەرەوەی یاسا ژن مارە دەكات، من یەكێكم لەوانەی كاری مارە بڕینم ئەنجامداوەو بەردەوامیشم لەسەری، هەر موسڵمانێك لە سنوورەكەی خۆم پێویستی بە من بێت و مەرجی شەرعی تێدا بێتەدی، ئامادەم ژنی لێ مارە بكەم، چونكە ئەگەر وا نەكەین پرۆسەی هاوسەرگیری دەوەستێ.
هیوادارم بەزووترین كات ئەو یاسایە دەربچێت و مارەبڕینی شەرعی لەچوارچێوەی یاسادا رێكبخرێت بۆ ئەوەی كارەساتی لەو جۆرە نەبینینەوە.