هەرێمێکی دیکەی کوردستان
ناکۆکیی ئەمریکا و تورکیا لەسەر پێگەی دەسەڵاتی رۆژئاوای کوردستان، هاوشێوەی ناکۆکیی ئەو دوو وڵاتەیە لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان لەپاش داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە. ئەوکات ئەردۆگانی تازە سەرۆک وەزیران، پێداگریی دەکرد لەسەر "هێڵە سوورەکان"ی کە یەکێکیان دروستبوونی هەرێمێکی فیدراڵ بوو بۆ کورد لە عێراق. ئێستا ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیایە و "باشترین" پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەرێمە فیدراڵە هەیە، کە سەرەڕای هەڕەشەکانی ئەو، لە عێراقدا دروستبوو.
ئێستا هێڵە سوورەکەی ئەردۆگان لەسەر دروستبوونی هەرێمی کوردی، چەند کیلۆمەترێک بەرەو رۆژئاوا جوڵاوە و هەڕەشە لە دروستبوونی هەر جۆرە کیانێکی کوردیی دەکات لە سووریا. لەکاتی هەڕەشەکانی ئەوسا و ئێستای ئەردۆگاندا، کورد تەنیا فاکتەری هاوبەش نییە، بەڵکو پەکەکە فاکتەرێکی تری هاوبەشە، لەپشتی هەڕەشەکانی ئەردۆگانەوە. ئەوسا و ئێستاش، ئەردۆگان بە بیانووی لەناوبردنی پەکەکە، هەڕەشەی لەشکرێشی دەکرد/دەکات، بەڵام لە هەردوو کەیسەکەدا ئامانجەکە رێگرتنە لە دروستبوونی کیانێکی کوردی لەسەر سنوورەکانی تورکیا، بە پاساوی ئەوەی دروستبوونی کیانێکی کوردی، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە لەسەر ئاسایش و یەکپارچەیی تورکیا.
لەپاش داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003، ئەمریکا چەندین جار تورکیای دڵنیاکردەوە لەوەی کە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەپارێزێت، بەڵام هەرێمێکی کوردی دروست بووە و پێویستە تورکیا مامەڵەیەکی سیاسی و یاسایی لەگەڵ ئەم واقیعە تازەیە بکات. وێڕای رێگرییەکانی ئەمریکا، هۆکاری تر زۆر بوون بۆ ساردکردنەوەی سەرگەرمیی ئەردۆگان، بۆ لەشکرکێشی و رێگرتن لە دروستبوونی هەرێمی کوردستان. دواجار ئەردۆگان، هەڵوێستی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک گۆڕا، کە هەندێک کەس هەرێمی کوردستان وەک "باخچەی پشتەوە"ی سوڵتان سەیر دەکەن!
تورکیا ئێستا رووبەڕووە لەگەڵ مەترسیی دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ، بەڵام ئەمجارە رۆڵی کورد دراوە بە ئەکتەرێک کە لەناو تورکیا کاریگەریی گەورەی سەربازی و سیاسیی هەیە. هەرگیز هێزە کوردییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر شەقامی کوردستانی تورکیا نەبووە، بەڵام تورکیا لە سیناریۆی نوێدا، کاریگەرترین هێزی مەیدانەکە کە (پەیەدە)یە، بە درێژکراوەی پەکەکە دەزانێت. ئارگومێنتی تورکیا ئەوەیە کە ئەگەر لە سووریا و لەسەر سنووری تورکیا، کیانێکی کوردی دروست ببێت، بەپێچەوانەی هەرێمی کوردستانەوە، هەڕەشەی راستەوخۆ لەسەر تورکیا دروست دەکات و دەبێتە هۆی بارگاویکردنی کوردانی تورکیا.
ئەمریکا بێباکانە، لەم هەستیارییەی تورکیا بەرامبەر کوردی سووریا دەڕوانێ. یەکێک لە هۆکارەکانی بێباکیی ئەمریکا، متمانەی واشنتنە بە توانای خۆی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و فیدراڵیزەکردنی، هەروەک چۆن هەمان پرۆسە لە عێراق سەرکەوتوو بوو! هۆکارێکی دیکە، بێمتمانەیی ئەمریکایە بە تورکیا لە جەنگی داعشدا، چونکە هەموو کار و هەڵوێستەکانی تورکیا لەسەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە، ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەنقەرە، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، هەلپەرستانە هەوڵی داوە سەرمایەگوزاریی سیاسی و سەربازی بە داعشەوە بکات. ئێستا لە دواساتەکاندا، تورکیا بێهوودە داوا لە ئەمریکا دەکات پشت بکاتە یەپەگە و ئامادەییش نیشان دەدات بۆ بینینی ئەو رۆڵەی ئەمریکا بە یەپەگەی سپاردووە بۆ رزگارکردنی رەقە (لەوانەیە دواتر دێرەزووریش). بەڵام ئەمریکا لە چەندین بۆنەدا رایگەیاندووە کە ئەوان پەیەدە بەجیاواز دەزانن لە پەکەکە، شتێک کە تورکیای زۆر وەڕس کردووە. ئەمریکا هەر بە وەڕسکردنی تورکیاوە نەوەستاوە، بەڵکو داوا لە تورکیا دەکات هەڵوێستی خۆی بەرامبەر پەیەدە بگۆڕێت و وەک هێزێکی گرنگی سووریا مامەڵەی لەگەڵ بکات.
گرنگە هێزە سیاسییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بوێرانە جەخت لەم هەڵوێستەی ئەمریکا بکەنەوە و لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ تورکیا، پابەندبوون بە سیاسەتی دژە-داعشیی ئەمریکاوە رابگەیەنن کە بێگومان کورد لە چەقی ئەم سیاسەتەی ئەمریکادایە و تاکە ئامرازی کاریگەرە لە جەنگی داعشدا.
لەکاتی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ لەشکرکێشی بۆ ناو قووڵایی عێراق و داگیرکردنی هەرێمی کوردستان، تەنها رێگر ئەمریکا نەبوو، بەڵکو یەکێک لە رێگرە راستەقینەکان ئەگەری بەرهەڵستیی خەڵکی کوردستان بوو. تورکیا دەیزانی کە ئەمریکا بە سوپا و تەکنەلۆجیایەکی زۆر پێشکەوتووتر لە سوپاکەی خۆی، لە قوڕاوی عێراقدا تووشی چی بووە، پڕکێشیی ئەوەی نەکرد هەرێمی کوردستان داگیر بکات. هەمان بیرکردنەوە بۆ رۆژئاوای کوردستانیش دروستە، تورکیا دواجار تێدەگات کە زیانەکانی لەشکرکێشی بۆ سەر رۆژئاڤا زۆر زیاترن لە سوودەکانی.
لێرەدایە کە هەرێمی کوردستان لەڕێی پەیڕەوکردنی هێڵی ئەمرکیا بۆ جیاکردنەوەی پەیەدە لە پەکەکە، دەتوانێت رۆڵێکی کارا بگێڕێت لە دروستبوونی هەرێمێک لە رۆژئاوا و دواتر فیدراڵیزەکردنی سووریا، یان لە ئەگەری لەبەریەکهەڵوەشانی سووریا و عێراقدا، دەوڵەتێکی یەکگرتووی کوردستان دروستبێت. سەرکردەکانی پەیەدە و تەڤدەم، لە چەندین بۆنەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە کوردی سووریا پەکەکە نین، بەڵام ئەردۆگان دەیەوێت لەڕێگەی نیشاندانی پەیەدە وەک باڵی سووریای پەکەکە، لە چاوی جیهاندا وەک تیرۆریست نیشانیان بدات. حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا شکستی خواردووە لە دۆزینەوەی هاوسەنگییەک لەنێوان بەرژەوەندییە ئابوورییە کورتمەوداکانی لەگەڵ تورکیا و بەرژەوەندییە نەتەوەییە ستراتیژی و دوورمەوداکانی لەگەڵ کوردی سووریا. جێگەی پرسیارە لەکاتێکدا ئەمریکا، پەیەدە وەک هێزێکی سەربەخۆ و جیاواز لە پەکەکە قبوڵ دەکات، کەچی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان نازانێت چۆن سەرمایەگوزاری بەم هەلە مێژووییەوە بکات!
هەرێمی کوردستان پێویست ناکات بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی لەگەڵ تورکیا بخاتە مەترسییەوە، یان دژایەتی تورکیا بکات وەک هەندێک شرۆڤەکار و ئیدیۆلۆگی ساویلکە پێشنیازی دەکەن، ئەوەی پێویستە، تەنیا نیشاندانی هاوهەڵوێستییە لەگەڵ ئەمریکا. پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان، پێویستی بە "بوێرییەکی هاوسەنگ و عەقڵانی" هەیە کە پەیامێکی دوولایەنە بدات بە تورکیا: یەکەم، هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە چارەسەری سەربازی بۆ کێشەی تورکیا لەگەڵ پەکەکە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەمە کێشەیەکی ناوخۆیی تورکیایە و بە چەک چارەسەر نابێت. دووەم، هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا (و رووسیا) هاوڕایە کە چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی فیدراڵدا، هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق، دەبێتە فاکتەری سەقامگیری، نەک پشێوی.