خەت و خەفەت
ئەگەر كێشەیەك هەبێ، ئەوە لە جینی ئەم میللەتەدایە. دژی خەتە. بە دەست خۆی نییە. وەرە شەقامی بۆ دروستكە و هیچ خەتی پێدا مەكێشە. بزانە قەت هاتوچۆ دەخنكێ! هەر خەتت لێدا خنكاندت. ئەمە بۆ؟ چونکە لەباری یەكەمدا، هەموو خەم و مەبەستی شۆفێر بریتییە لە تێپەڕین بە شەقامەكەدا و گەیشتن بە شوێنی مەبەست.
بەڵام لە باری دووەمدا، ئەوەی خەمی شۆفێر نەبێ ئەو دووانەیە. ئێستا خەمی گەورەی ئەوەیە چۆن پابەندی ئەو خەتە نەبێت. چۆن لێی بدات، لێ هەستێكی وای بۆ دروستدەبێت، كە ئەگەر خەتی شەقام نەخاتە ناو لینگی، كە پیاو نازانێ چ خۆشییەك لەوەدایە ئەم خەتانە یەك یەك بەناو لینگیدا بچن، دڵ و هیچ شتێكی خۆی داناكەوێت. دنیاش ئاخر بێ، نابێ لەنێوان دوو خەتەكەدا باژوا. شۆفێری پێش و پشت و تەنیشتیشی هەر وا. ئا لێرەدا قەرەباڵغی دروستدەبێت و شەقام دەخنكێت.
جا ئەمە بۆ خەتی سپیی پچڕپچڕی شەقام وا بێ، دەبێ بۆ خەتی سووری بەردەوامی ژیان چۆن بێ؟
فەرمانبەر هەر لە فەرمانگەكەی خۆیدا فەرمانبەرە. لە تەواوی فەرمانگەكانی تر هاووڵاتییەكی ئاساییە. سوێندی دەستەی وەبەرهێنانم لەسەر نییە، دەنا فەرمانبەر ئیشی بە هەموو فەرمانگەكانی تر دەبێت. وەرە لە هەشتەوە بۆ سێ لە فەرمانگەكەی خۆیدا بیچەقێنە. بێ سێ و دوو، ئەگەر ئیشی خۆی لە هەر فەرمانگەیەكی دی هەبێ، فت. پێی ناكرێ. كەی بیكا؟
بەم حاڵە، پێویستە فەرمانبەری حكوومی تەنیا و تەنیا لە خزمەتی فەرماننەبەری حكوومیدا بن. ئەگەر لەو ناوە سوودمەندێك هەبێ، دانەمەزراوەكانن.
جا دانەمەزراو چ پێویستی بە دامودەزگاكانی حكوومەتە؟ كارەبا و ئاو؟ هەر زۆرە پڕۆژەی كەشخە زۆرە كە ئەو دوو گرفتەی نییە! قوتابخانە و زانكۆ؟ هەر زۆرە قوتابخانە و زانكۆی تایبەت زۆرە! خەستەخانە؟ مەگەر كلینیك و خەستەخانەی تایبەتی ناوخۆ و دەرەوە كەمن؟ چی ماوە؟
فەرمانبەر ڕۆڵەی ئەم نەتەوەیەیە. زۆری چەشت. مافی زۆری خوراوە. فەرمانەكەشی هێندە نییە. گرەو لەسەر مێز نا، لەسەر كورسییش دەكەم ئەگەر یەك فەرمانگە بەقەد ژمارەی فەرمانبەرانی كورسیی هەبوو، من دۆڕاوم. ئەمانە هەمووی بە لایەك، خودی ڕقی تاكی كورد و گشت ڕۆژهەڵات و بگرە جیهانیش لە خەت بەلایەك. وەرە خەتێكی بەردەوامی سووری بۆ بكێشیت، كاردانەوەی چی دەبێت؟ جارێ سەرەتایە. بەڵام نیشانەش دەركەوتووە.
فەرمانبەر نییە باڵانسی مۆڵەتی نەبێت. ئێستا كاتیەتی و داوای دەكات. بەپێی ڕێنمایییەكان، مافی خۆیەتی وەریگرێت. بۆیە قەرەباڵغییەكە هەمووی كەوتۆتە سەر بەشی خۆیەتیی فەرمانگەكان. هەر بابایە، داوای بەركەوتەی مۆڵەتی كەڵەكەبووی خۆی دەكات.
پێشتر، بەر لە كێشانی ئەو خەتە، ئەگەر هەموو خەمی فەرمانبەر بردنی فەرمانەكەی خۆی بووبێت، ئێستا هەموو خەمەكەی دەبێتە لێدان لە خەتە كێشراوەكە. ئیتر قەرەباڵغی دروستدەبێت. هەموو دەچەقن. هەموو درەنگتر و بە دەروونێكی گرژەوە دەگەن. ئەمە چجای زیادبوونی ئەگەری پێكدادان.