هەرێمی كوردستان دوای گەڕانەوەی کاک نەوشیروان
لەسەر و وەختی دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە وەک بزووتنەوەیەکی مەدەنی، لەسەر دەست و بەڕێنوێنی و رابەری نەوشیروان مستەفا، هەمیشە ئەو پرسیارە ئامادەبووە، ئایا کاک نەوشیروان (کە سەرکردەیەکی دیاری بزووتنەوەیەکی چەکداری بووە لە ژینگەیەکدا کە یاسای هێز باڵادەست بووە نەک هێزی یاسا) دەتوانێ بە لۆجیکی یاسا و دوور لە هێز رابەرایەتی وەها بزووتنەوەیەک بکات و گۆڕانکاری ریشەیی لە هەناوی کۆمەڵی کوردەواری بەدیبێنێ بە خەباتی سیاسی مەدەنی؟
بۆ وەڵامی دروستی ئەو پرسیارە واباشە چاوێکی خێرا بەسەر مێژووی ئەو چەند ساڵەی دروستبوونی بزووتنەوەکەدا بخشێنین، دوای بەشداریکردنی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 2009 و بەدەستهێنانی 25 کورسی لە پەرلەمانی کوردستان و بوونی بە ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا و دواتریش بەدەستهێنانی 25کورسی لە هەڵبژاردنی 2013 و بەشداریکردنی لە کابینەی هەشت و سەرۆکایەتیکردنی پەرلەمانی کوردستان.
ئەوەی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و ئەوانی دیكەش روونبووەوە ئەوەبوو، گۆڕان بەهۆی کۆمەڵێک هۆکار کە ئێرە شوێنی باسکردنیان نییە، نەیتوانی لایەنی کەمی ئامانجەکانی لە گۆڕانکاری لە سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بێنێتەدی، نەکاتێک کە ئۆپۆزیسیۆن بوو، نە سەردەمێک کە بەشداری دەسەڵات بوو.
لەبەرامبەریشدا رووداوەکانی دوای دوانزەی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو کە رێگریکردنی پارتی لە سەرۆکی پەرلەمان بۆ چوونە هەولێر و ئیزندانی وەزیرەکانی گۆڕان و ناردنەوەیان بۆ ماڵەوە و هەڵوێستی خودی نەوشیروان مستەفا لەسەر کۆی ئەو رووداوانە و بە هێرشە تووند و نالۆجیکییەکانی راگەیاندنی پارتی بەرامبەر خودی خۆشی کە هەڵوێستی بێدەنگ بوون بووە، نەک پەرچەکرداری تووند وەک زۆرینەی خەڵک و تەنانەت هێزە سیاسییەکانیش چاوەڕێ بوون وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە کە بەڵێ نەوشیروان مستەفا کە لەڕابردوودا، وەک سەرکردەیەک کە باوەڕی بە پەرچەکرداری تووند هەبووە، ئێستا سەرکردەیەکە لە چرکەساتە دژوارەکاندا لە رووداوە کان رادەمێنێ و بەپەلە هەڵوێست دەرنابڕێ، بەڵكو بەهێمنی بەدوای چارەسەردا دەگەڕێ و رابەرایەتی ئەندام و هەوادارانی بزووتنەوەکەی دەکات، نەک دوای حەز و ئارەزوی ئەوان.
لێدوانەکانی ئەو بەڕێزانەی بەم دواییانە کاک نەوشیروانیان بینیوە، ئەو رایەمان دەسەلمێنێ لە روانگەی ئەو شیکارییەوە دەتوانین بڵێین بە گەڕانەوەی بۆ کوردستان دەرفەتی گفتوگۆیەکی هێمن لەنێوان خودی نەوشیروان مستەفا و مەسعود بارزانی و پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان لەئارادایەو، ئەو دەرفەتەش لە هەڵوێستی پۆزەتیڤی نەوشیروان مستەفاوە سەرچاوە دەگرێ کە لەدوای رووداوەکانی دوانزەی ئۆکتۆبەر گرتییەبەر و، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئێستاو ئایندەی هەرێم و خەڵکەکەشی ئەوە لە بارزانی و پارتی دەخوازێ کە بەدەنگ ئەو هەڵوێستە لۆجیکییەی نەوشیروان مستەفاوە بچن، کە وەک باسمانکرد خۆی لە بێدەنگی و ئەنجامنەدانی هیچ پەرچەکردارێک دەبینێتەوە.
لەماوەی رابردوودا و ئەو جۆرە هەڵوێستە لە مێژووی حیزبە سیاسییەکانی کوردستاندا کەموێنەیە و دەبێ هەمووان و بەتایبەتی پارتی ئەو هەڵوێستە بە خاڵی پۆزەتیڤ بۆ نەوشیروان مستەفا تۆمار بکەن، نەک خاڵی لاواز. لەیادمان نەچێ دۆخی کوردستان لە دەڵەمەش ناسکترە و بەرگەی هیچ لێکترازانێک ناگرێ و ئاساییکردنەوەی نێوان گۆڕان و پارتی بنەمای تووندوتۆڵکردنەوەی دۆخی شێواوی هەرێمی كوردستانە.