چارەنووسی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەرەو کوێ؟
گرفتە تەکنیکییەکان، دابیننەکردنی بودجەی هەڵبژاردن و یەکلایینەکردنەوەی تانەکانی دژی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و دژ بە درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە لایەن دادگەی باڵای فیدراڵی لە لایەک و هەبوونی ئیرادەیەکی بەهێز بۆ هێشتنەوەی قەیرانی رەوایینەبوونی دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەکی دیکەوە، پێمان دەڵێن، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرەو چارەنووسێکی نادیار ئاراستە دەکرێت.
لە هەفتەی رابردوو کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوای لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کرد ناتوانێت لە 25ـی شوبات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات و داوای کرد بە هاوئاهەنگی رۆژێکی دیکە دیاری بکرێت بۆ هەڵبژاردن. لە هەمان کاتدا ئەوەی بارودۆخێکی ناجێگیری دروستکردووە لەبارەی ئەو هەڵبژاردنە، بوونی ئەو تانانەن کە دژی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان پێشکەشی دادگەی باڵای فیدراڵی کراون، بەتایبەت لەوەی پەیوەندی بە یەكبازنەیی و فرەبازنەیی و پرسی کۆتای پێکهاتەکانەوە هەیە.
هۆکاری سیاسی یان تەکنیکی
هەڵوێستی وەزارەتی دارایی عێراق ریسەکەی لە کۆمیسیۆن کردەوە بە خوری کە دەستی بە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە کردبوو و خشتەی زەمەنیی کارەکانی دانابوو، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق بودجەی هەڵبژاردنی دابین نەکرد، بۆیە کۆمسیۆن ناتوانێت بڕگەکانی خشتەکە جێبەجێ بکات، بەتاییبەت ئەو بڕگانەی جێبەجێکردنیان پێویستیان بە بودجەیە، وەک: ئەنجامدانی گرێبەست و دابینکردنی کەلوپەلی هەڵبژاردن.
لە ڕووی تەکنیکییەوە ئاسان نییە بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بەبێ بوونی بودجە دەست بکات بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی خشتەکەی، ناکرێت ئامادەکارییەکە لەسەر بودجەیەکی دیکە ئەنجام بدرێت، چونکە هەم لە رووی کارگێڕییەوە هەم لەڕووی ژمێریاری و داراییەوە گرفت دروست دەبێت، ئەوانەی لە ئیدارە کار دەکەن لەوە دەگەن پرۆسەیەکی گەورەی هەڵبژاردن ناتوانێت ئامادەکاری بۆ بکرێت بەبێ بوونی بودجە، هەر هەنگاوێك بۆ ئامادەکارییە لە قۆناخەکانی سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی پێویستی بە دەرخستەی تایبەت دەبێت، ئەم دەرخستانە دەبێت لە چوارچێوەی بودجەی تایبەت بەو هەڵبژاردنە بێت و نابێت لەگەڵ بودجەکی دیکە تێکەڵ بکرێت و لە بودجەیەکی دیکە خەرج بکرێت. بۆ نموونە نزیکەی 600 هەزار دەنگدەر لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک مامەڵەی بایۆمەتریان کردووە بۆ دەرکردنی کارتی دەنگدانی ئەلیکترۆنی، ئەم مامەڵەیە پرۆسەیەکە پێویستی بە وردبینیکردن و رەوانەکردن بۆ دەرەوەی وڵات و دروستکردنی کارتی دەنگدان هەیە، لە هەمانکاتدا دروستکردن و دیزاینکردنی کارتی دەنگدان لە دوای پەسندکردنی پرۆسەی هاوپەیمانێتی دەبێت لە دەرەوە بکرێت بەهۆی بە ئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەکە. بۆ ئەو مەبەستە، لە رووی کاتەوە کۆمیسیۆن پێویستی بە 30 رۆژ زیاترە، لە رووی داراییشەوە پێویستی بە بودجە هەیە، کەواتە دەتوانین بڵێین نەبوونی بودجە رێگر دەبێت لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.
ئێستا پرسیار ئەوەیە بۆچی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بەر لە مانگی ئابی 2023 کە سەرەتای جێبەجێکردنی خشتەی زەمەنیی کارەکانی بوو، داوای دابینکردنی بودجەی نەکرد؟ ئایا کۆمیسیۆن بەفەرمی و بە نووسراو داوای دابینکردنی بودجەی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردووە؟ یاخود ئەم پرۆسەیەی فەرامۆشکردووە بۆ کاتێک کە ئیدی بارودۆخەکان هاوکار نابن لە دابینکردنی بودجە. لە راستیدا ئەم پرسە راماندەکێشێت بۆ قسەکردن لەسەر هۆکارە سیاسییەکە کە بە ناڕاستەوخۆ رێگرە لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.
هۆکارە سیاسییەکە خۆی لەو ئیرادەیە دەبینێتەوە کە بۆ ماوەیەکی دیکە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دوابخرێت، ئەم دواخستنە راستە لە بەرژەوەندیی چەند پارتێکی سیاسیی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لە بەرژەوەندیی گشتیی کوردستان و دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانی نییە بە تایبەت دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و دەستە سەربەخۆکانی دیکە.
تانەکانی بەردەم دادگەی باڵای فیدراڵی
تانەکانی دژ بە نادەستوریبوونی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بەردەم دادگەی باڵای فیدراڵین، دەبووایە لە 27-12-2023 دادگەکە ئەو کەیسەی یەکلایی بکردبایەوە، بەڵام دوایخست بۆ 21-1-2024، هەرچەندە لە پرسەکانی درێژکردنەوەی ماوەی کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان دادگەکە هەردوو یاساکەی بە نادەستووری دانا و هەڵوێستەکەشی دروست و چاوەڕوانکراو بوو، بەڵام لەم کەیسەی ئێستا بەلای شارەزایانی دەستووری هەڵوێستەکەی نادیارە، چونکە ئەو مادانەی تانەیان لە دژ دراوە پێچەوانەی هیچ دەقێکی دەستووری و بنەمایەکی نێودەوڵەتی نین و بەڵکو پرسێکی هونەرین و لە چوارچێوەی یاسا رێکدەخرێت لە هەر وڵاتێکدا، جگە لەوە ئەم دەقانەی یاسای هەڵبژاردن چەندین خول جێبەجێکراون، هیچ کەس و لایەنێک دژی نەبووە، بۆیە بە بڕوای خاکیی بەندە ئەسڵ ئەوەیە ئەم دەقانە وەك خۆیان بمێننەوە و هەموار نەکرێن، بەڵکو بەجێبهێڵدرێن بۆ یاسادانەری کوردستانی دوای هەڵبژاردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕێ دەکرێت دادگەی ئیتحادی ئەنجامەکەی بە هەر جۆرێک بێت لە 21-1-2024 بڕیار لە بارەی ئەو کەیسەوە دەربکات، خۆ ئەگەر دواخستنەکانی دادبینییەکان لەپێناوی دواخستنی هەڵبژاردن بێت، ئێستا بەفەرمی و بەڕوونی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە کە ناتوانێت لە وادەی دیاریکراودا هەڵبژاردن ئەنجام بدات.
ئاسەواری دواخستنی هەڵبژاردن و مەترسییەکان
ئێستا هەرێمی کوردستان بە قۆناخی قەیرانی دامەزراوەکاندا تێپەڕدەبێت، بەهۆی ئەوەی پەرلەمانێکی کارامان نییە، لە هەمان کاتدا ئەنجوومەنی پارێزگاکان ماوەیان بەسەرچووە و ناتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان وەك دامەزراوەکانی دیکە کارا نییە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو ئەزمەیەی ئێستا بەرۆکی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە لەڕووی رەوایەتیەوە لە تەمەنی کوردستاندا رووبەڕووی نەبووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێدەچێت بەهۆی زیاتر دواخستنی هەڵبژاردنەوە گوشاری زیاتر بخرێتەسەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئێستا کە قسە لەسەر دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر دەکرێت لە هەرێمی کوردستان و ویستێک هەیە لە رێگەی دادگەی فیدراڵییەوە زیاتر هەرێمی کوردستان بخرێتە ژێر گوشار و رێگەی لێ بگیرێت لەوەی نەتوانێت ئەو رۆڵەی ئێستا هەیەتی بیبینێت، بەتایبەت تەمەنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی عێراق لە دوای تەواوبوونی ماوەیان بۆ شەش مانگی دیکە درێژکراوەتەوە، بۆیە دەبێت بە بوونی ئەو ئەنجوومەنە لە هەموو بارێکدا لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2024 هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، هەرچەندە ئێستا تانەیەك پێشکەشکراوە دژی نادەستوریبوونی یاسای درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی عێراق کە لە بەردەم دادگەی فیدراڵییە، ئینجا پرسەکە لەسەر ئاستی عێراقیش لە یەكێك لەم دوو بارانەدا دەگاتە بنبەست:
یەکەمیان: ئەگەر لەماوەی درێژکراوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران واتە تاوەکو پێش 7-7-2024، هەڵبژاردن ئەنجام نەدرا، چونکە ئیدی ماوەی درێژکراوەی ئەو ئەنجوومەنە تەواو دەبێت، ئینجا ئایا ئەنجوومەنێکی دیکە بە گوێرەی رێکارەکانی ئێستای یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دادەنرێت کە دەبێت زۆرینەیان دادوەربن، یاخود یاسایەکە هەمواردەکرێت و کەسانی نادادوەر دادەنرێن، بێگومان ئەنجوومەنەکە دادوەربن یاخود دادوەر نەبن، ماوەیەکی تەواوی دەوێت ئەگەر مەبەست بێت دەکرێت بەکاربهێندرێت بۆ زیاتر دواخستنی هەڵبژاردن.
دووەم: یەکلاییکردنەوەی تانەی بەردەم دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە نادەستووریبوونی یاسای درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی فیدراڵی، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو ئەنجوومەنە سوودی لەو ماوەیە وەرنەگرتووە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق؟ کەواتە چارەنووسی ئەو بڕیارانە چی دەبن کە لە ماوەی درێژکردنەوەی ماوەکەیان دەریان کردووە، بۆ نموونە، وەك بڕیاری پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان؟
لە راستیدا ئەگەر دادگەی فیدراڵی بەشێك بێت لە سیاسەتی دواخستنی هەڵبژاردن کە پێموانییە بەشێك بێت لەو پرۆسەیە، ئەوە ئەنجامی ئەو تانەیە پەسند دەکرێت، بەڵام بڕیاری دادگە لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان وەك خۆی و بە دروستی دەمێنێتەوە و هەڵناوەشێنرێتەوە، بەڵام ئیدی لەو رۆژەی دادگە بڕیارەکەی لەو کەیسە دەردەکات کاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی فیدراڵی تەواو دەبێت.
ئەرکی ئێستا
لەنێو دامەزراوەکان، ئێستا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رەوایەتیی دەستووری و یاسایی ماوە، بۆیە ئەرکەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناخە بە پلەی یەکەم دەکەوێتە سەر دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تایبەت بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەرکی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی لە ئەستۆدایە. بەڵام پیادەکردنی ئەم ئەرکە بە بۆچوونی بەندە دەبێت بۆ دواجار بێت، واتە دەبێت لەو وادەیەی دیاری دەکرێت، هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بۆ بەرچاوڕوونی هێنانەدیی ئەو ئامانجەش، دەبێت بەدواداچوونێکی ورد بکرێت بۆ سەرجەم بوارەکان و سەرجەم ئەگەرەکان شیکردنەوەیان بۆ بکرێت، بۆیە وەك پێشنیاز پێمان باشە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانێك ئەم هەنگاوانە بگرێتەبەر:
- ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی گرنگ و چارەنوسسازی نێوان سەرجەم پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردنێکی روون لەبارەی لەمپەرەکانی بەردەم هەڵبژاردن و کارکردن لەسەر دروستکردنی کۆدەنگی بۆ دیاریکردنی وادەیەکی دیکە وەك رۆژی هەڵبژاردن.
- دڵنیابوونەوە لە دابینکردنی بودجەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لای هەر سەرچاوەیەکەوە بێت، هەروەها دڵنیابوونەوە لەکاتی دابینکردنی بودجەکە.
- بەدواداچوونی ورد سەبارەت بەو تانانەی پێشکەشی دادگەی فیدراڵی کراون دژی یاسای درێژکردنەوەی ماوەی ویلایەتی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق و ئەو تانانەی دژی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و لەبەرچاوگرتنی سەرجەم ئەگەرەکان، بەتایبەت بڕیاردان لەسەر نادەستووریبوونی هەردوو یاساکە لەلایەن دادگەی فیدراڵی.
- هاوئاهەنگیی زیاتر لەگەڵ کۆمیسیۆنی عێراق لە دیاریکردنی رۆژێکی نوێ بۆ هەڵبژاردن و بەردەوامیی ئەو هاوئاهەنگییە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی نێوان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و دامەزراوەکانی دیکەی پەیوەست و هاوکار بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، لەوانە: وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.
- دوای ئەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەستەبەری هەڵوێستی سەرجەم لایەنەکان دەکات بە پارتە سیاسییەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، هەروەها بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردن نامێنن، ئینجا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی عێراق رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات، بە پێچەوانەوە لەوانەیە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن بە دەردی دیاریکردنەکانی پێشوتر بڕوات.