ناسنامەی کلدانی
ئێمە کلدانین، ناسنامەمان کلدانییە، نەتەوەمان کلدانییە و کەنیسەکەمان کلدانی کاسۆلیکییە.
پێویستە رێز لە هەست و نەستمان بگیرێت و دان بە ناسنامەی نەتەوەیی کلدانی دا بندرێت، هەروەها ناسنامە نەتەوەییەکانی دیکەش. نەک هەوڵی سڕینەوە و توانەوەیان بدرێت، لەناو ناو و دەستەواژەی نوێی دەستکرد و نامۆ، کە پەیوەندییان بە مێژوو و قەناعەتی گەلەکانیانەوە نییە.
کەنیسەکان بە ناوی گەلەکانیانەوە ناودەندرێن: وەک کەنیسەی کلدانی، ئاشووری، سریانی، مارۆنی و ئەرمەنی.. ئەگەر گەلێک بەناوی کلدانی نەبوایە، کەنیسەیەکیش بە ناوی کلدانی نەدەبوو! هەر کەسێک نکوڵی لە رەسەنایەتی خۆی بکات، ناڕەسەنە.
کلدان و ئاشووری لە رووی مێژووییەوە سەر بەو گەلانەن، کە پەیڕەویان لە ئاینەکانی بەر لە یەکتاپەرستی(فرەخودایی - بتپەرست)ی کۆن و شارستانییەتی دێرینیان کردووە، وەک شارستانییەتی بابلی و ئاشووری، کە پەیوەندییان بە مەسیحییەتەوە نەبووە. هەندێک وشە هەن لە زمانی (سۆرێث)دا بەکاریان دەهێنین سریانی نین، بۆ نموونە: (para) بەرخ، (bella) دەرگا، (aqla) قاچ، (poqa) لووت...
پێشتر ئێمە یەک کەنیسە بووین بە ناوی "کەنیسەی رۆژهەڵات" بەبێ ناوهێنانی نەتەوەیی. چەندین گەل و نەتەوەی جیاوازی تێدابوو: جوو، کلدانی، ئاشووری، عەرەب، فارس، ئەفغانی، هیندی و چینی. کەنیسەی کاسۆلیکیش هەمان شێوە بوو، لە کەنیسەی کاسۆلیکی کلدانییەکان لە ساڵی ١٥٥٣ـەوە خاوەنی کەنیسە بوون. ئێستاش ئاشووری هەن، کە ناسنامەی نەتەوەی ئاشووری خۆیان پاراستووە، بەڵام سەر بە کەنیسەی کلدانی کاسۆلیکین، بەتایبەتی لە ئەمریکا و ئوسترالیا.
دانپێدانان بە نەتەوەکانی کلدانی، ئاشووری و سریانی مافێکی رەوایە و زامنی بەردەوامیی پتەوکردنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و مێژووییی عێراق دەکات. کلدانییەکان پێش شەپۆلەکانی کۆچی یەک لە دوای یەک، لە ناوەڕاست و باشوور دەژیان، ئاشوورییەکانیش لە باکوور. ئەمڕۆ لە شاری ناسریە لە باشووری عێراق، گرووپێک لە موسڵمانانی شيعه هەن، کە خۆیان بە کلدانی ناودەبەن و کۆمەڵەیەکی رۆشنبیری کلدانی و چالاکیی جۆراوجۆریان هەیە، لە کاتێکدا سەر بە هیچ کەنیسەیەک نین!
پێشتر هەستی نەتەوەیی بەتایبەت لای کاسۆلیکەکان ئەوەندە بەهێز نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەم هەستە خەریکە قووڵتر دەبێتەوە. بەدوور لە دەمارگیری کوێرانە، دەڵێم: ناسنامەمان جیاوازە، بەڵام بەهۆی خاک و زمان و مێژووەوە تەواوکەری یەکترین.
ئەوەی لە هەموومان داواکراوە، بەتایبەت کە ژمارەمان روو لە کەمبوونە و بوونمان لەژێر هەڕەشەدایە، ئەوەیە کە لەسەر پرسە گرنگ و هاوبەشەکان گفتوگۆ بکەین و دەست لەناو دەست بین، بەڕێزەوە روانگە و هەڵوێستەکانمان یەک بخەین بۆ خزمەتی گەلەکەمان . پێویستە خۆشەویستی لە پەیوەندیی برایانەمان رەنگ بداتەوە، بەتایبەت کە هەموومان مەسیحیین و مەسیحییەت یەکمان دەخات و لە یەکتر نزیکمان دەکاتەوە.