بەم کارە دەبیتە بکوژی خۆت!

رووداو - تەندروستی

خانمەکە گوتی: "دکتۆر ئەوە چەندین دکتۆر بکەم باش نابم، دەچمە هەر کوێ دەرمانم بۆ دەنووسن و زەختەکەم کۆنتڕۆڵ نییە"، منیش دوای قسەکردن و تێگەیشتن لێی، گوتم: "دایکی خۆم، یان بە قسەم دەکەی، یان بەم کارەت دەبیتە بکوژی خۆت". 
 
خانمێكی رێك و باڵا بەرز بوو، تەمەنی لەنێوان 45-50 ساڵان بوو، رۆژێك لە عیادە سەردانی کردم و سکاڵای ئەوەی کرد، زەختی کۆنتڕۆڵ نییە، تەنانەت دەیویست بڵێت ماوەیەکی زۆرە بەدوای چارەسەرەوەیە، بەڵام "سەردانی هەرکێ دەکات چاک نابێت و زەختی کۆنتڕۆڵ نییە"، من قسەکانیم بە دڵ نەبوو و پێش ئەوەی باسی کەسی دیکە بکات، قسەکانیم بڕی و گوتم، زیاتر باسی نەخۆشییەکەتم بۆ بکە.
 
خانمەکە دیاربوو زۆر ئاسوودە بوو لەگەڵ ئەوەی کە زەختەکەی هیچ نیشانەی نییە، کە خۆی بەشێوەیەکی ئاسایی بۆ هەموو کەسێك دەبێت ئاوا بێنیشانە بێت، دوای پشکنین بۆم دەرکەوت زەختەکەی بەڕاستی بەرزە، دەرمانەکانیم گۆڕی و خشتەیەکی چاودێری کردنم بۆی دانا. 
 
دوای نزیکەی سێ جار لە هاتن و رۆیشتن لەماوەی جیاجیادا بۆ سەردانکردنەوە، دەرکەوت بۆ چارەسەر ناگەینە یەک، لەبەرئەوەی، هەر جارێك کە دەهاتە لام، دیاربوو زەختەکەی کۆنتڕۆڵ نییە، نەک لەبەر ئەوەی دەرمانەکانی کار ناکەن و کۆنتڕۆڵکردنی زەختەکەی کارێكی زەحمەتە، بەڵکو لەبەرئەوەی هەر جارێك پرسیارم لەبارەی جۆر، بڕ و شێوازی خواردنی دەرمانەکانی دەکردەوە، هەموو شتێكی لە دەرمانەکانی دەگۆڕی. 
 
بەبێ گەڕانەوە بۆ رای من وەکو پزیشک، بڕی دەرمانەکانی دەگۆڕی، لەجیاتی حەبێك نیوەی دەخوارد، لەجیاتی دوو حەبی جیاواز، هەر رۆژە و یەکێكی دەخوارد، کە لێم پرسی بۆچی وادەکەیت، دەیگوت لەگەڵ زەختەکەم ئاسوودەم و هیچ گرفتم نییە!
 
تێگەیشتم،  هۆکاری کۆنتڕۆڵنەبوونی زەختی نەخۆشەکەم ئەوەیە کە خۆی نایەوێت پابەندبێت، گوتم: "دایکی خۆم، ئاوا بکەی خۆت لەناو دەبەی، چونکە دەکرێت بەرزەپەستانی خوێن و کۆنتڕۆڵنەبوونی نەخۆشییەکەت، هۆکاربێت بۆ جەڵتەی دڵ و مێشك، ئەستووربوونی دیواری دڵ و چەندین گرفتی دیکە، بۆیە یان بە قسەم دەکەی، یان بە نەخۆشییەکەت دەبیتە بکوژی خۆت ".