ناسنامەی کوردستانی بە پشتگوێخستنی چوارچێوەی مێژوویی لەنێو نەبەن
پرسی ناسنامەی نەتەوەیی و جوگرافیای مێژوویی لە سووریا، یەکێکە لە بابەتە بە کێشەکان کە پێویستی بە مامەڵەیەکی زانستیی وردە؛ بەهۆی تێکەڵبوونی هۆکارە دیمۆگرافی، سیاسی و مێژووییەکان کە رۆڵیان هەبووە لە داڕشتنی کەتوار (واقع)ی ئێستادا. لەم چوارچێوەیەدا، ئەو مشتومڕەی لەسەر ناونانی ناوچەی باکووری سووریا هەیە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی لە دێرکەوە لە رۆژهەڵات تاوەکو عەفرین لە رۆژئاوا درێژ دەبنەوە و بە قامیشلۆ، سەرێکانی، گرێسپی و کۆبانێ دا تێدەپەڕن، ئەمە وەک مشتومڕێک دەردەکەوێت کە لە ناونان تێدەپەڕێت و دەگاتە قووڵایی ململانێ لەسەر ناسنامە و پێوەندارێتی.
جەختکردن لەسەر کوردستانیبوونی ئەم ناوچانە، بە واتای گرتنەبەری تێڕوانینێکی کورتکراوە (ئیختزالی) نییە کە لەسەر بنەمای رەگەزی پاک دروست بکرێت، بەڵکو پشت بە زانیاری و بەڵگە مێژوویی و جوگرافییەکان دەبەستێت کە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جوگرافیایە بۆ ماوەی چەندین سەدە بەشێکبووە لە نیشتمان و شوێنی ژیانی کورد. ئەم ناوچانە بەردەوام کورد تێیاندا نیشتەجێبووە و لە چوارچێوەی میرنشینە کوردییەکاندا بوون لەسەردەمی عوسمانی دا، لەوانەش (میرنشینی مەندی)ی کوردی، کە هەژموون و دەسەڵاتی دەگەیشتە بەشێک لە ئیدلب و حەما. بۆیە، ناوی "کوردستانیبوون" لێرەدا وەک ناونانێکی مێژوویی-جوگرافییە کە رەنگدانەوەی قووڵایی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و شوێنە، بەهیچ شێوەیەک واتای نکۆڵیکردن نییە لە بوونی پێکهاتەی دیکە نییە لەو ناوچەیەدا.
لەم روانگەیەوە، بیانوو هێنانەوە بە تێکەڵی نەتەوەیی بۆ نکوڵیکردن لە هەبوونی کوردستان لە سووریا، لەڕووی شیکارییەوە کەموکورتە. چونکە تێکەڵی و هەمەجۆریی نەتەوەیی لە ناوچەیەک دا دیاردەیەکی سرووشتییە لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا و مەرج نییە ببێتە هۆی سڕینەوەی ناسنامە مێژووییەکان. دەکرێت ئەمە لە رێگەی نموونەیەکی بەراوردکارییەوە روونبکەینەوە: هەبوونی ژمارەیەکی زۆری کورد لە شاری دیمەشق، نابێتە هۆی نکوڵیکردن لە سیما و ناسنامە عەرەبییە مێژووییەکەی، چونکە ناسنامەی شوێنەکە بەپێی چوارچێوە مێژوویی و کولتوورییە درێژخایەنەکەی دیاری دەکرێت، نەک تەنیا بەپێی دابەشبوونی ئێستای دانیشتووانی شوێنەکە. بە هەمان پێوەر، هەبوونی عەرەب یان نەتەوەکانی دیکە لە ناوچە کوردییەکاندا لەڕووی مێژووییەوە، ناسنامەی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە ناشارێتەوە، بەڵکو ئەوە رەنگدانەوەی هەمەجۆری و فرەییە لەو ناوچانەدا لە چوارچێوە مێژووییەکەیاندا.
لەم چوارچێوەیەدا، لێدوانەکانی هەندێک لە کاراکتەرە سیاسییەکان، لەوانەش سیپان حەمۆ لە هەڤپەیڤینێکیدا لەم دواییەدا، جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، چونکە دیدگایەک دەخەنەڕوو کە ناونانی هەر ناوچەیەک لە سووریا بە 'کوردی' رەتدەکاتەوە، بەڵام ئەم تێڕوانینە، کاتێک شیدەکرێتەوە، بەرەو دۆخێکی بە کێشەمان دەبات؛ چونکە رێگە بۆ پەراوێزخستنی رەهەندی مێژوویی ناسنامەی کوردی لەم ناوچانەدا دەکاتەوە و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ زەوینە خۆش دەکات بۆ پێناسەکردنەوەی جوگرافیا بە جۆرێک کە ناکۆک بێت لەگەڵ راستییە مێژووییەکاندا.
ئەم دیدگایە، لەلایەکەوە پەیوەستە بەو چوارچێوە ئایدۆلۆژییەی کە هەندێک لایەن چەندین دەدەیە گرتوویانەتە بەر، بەناوی داڕشتنەوەی ناسنامەی کوردی لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا کە خۆیان پێیدەڵێن لە "دەرەوەی پڕۆژەی نەتەوەیی کلاسیک". ئەم رەوتە لە چەندین کردەوەدا رەنگیداوەتەوە کە دەست بۆ سیمبوولە بنچینەییەکانی ناسنامەی کوردی دەبەن. لەلایەک ئاڵای کوردستان وەک سیمبوولێکی کۆکەرەوەی نەتەوەیی رەتدەکەنەوە، بەڵکو لە زۆر کات دا دژایەتی کراوە و تووندوتیژییان بەرامبەر ئەوانەش بەکارهێناوە کە بەرزی دەکەنەوە، ئەمەش رەنگدانەوەی هەڵوێستێکی نەرێنییە بەرامبەر بە یەکێک لە دیارترین دەرکەوتەکانی ناسنامەی نەتەوەیی.
هەوڵی ئەم رەوتە گەیشتە گۆڕینی ناوی «پێشمەرگە»ش، کە ئەم ناوە خاوەنی شوێنێکی گەورە و قووڵە لە هۆشیاریی کوردی دا و پەیوەستە بە مێژوویەکی درێژی خەبات و قوربانیدان. ناوە جێگرەوەکانیش لە مۆرکی ئایدۆلۆژی دیکەوە دروستکراون؛ وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنەوەیەکی جیاوازی یادەوەری خەبات کە گونجاوبێت لەگەڵ دیدگای ئەم رەوتەدا . ئەمەش چەندین پرسیاری لەبارەی کاریگەریی ئەم گۆڕینە لەسەر تێکدانی بەردەوامبوونی پایەی سیمبوولە مێژووییەکان لە هۆشیاری کۆمەڵگەیی دا ورووژاند.
ئەم رەوتە تەنیا بە گۆڕینی سیمبوولەکان ناوەستێت، بەڵکو ناوی جوگرافیای کوردیش دەگۆڕێت؛ بە شێوەیەک کە ناوی وەک «رۆژئاوا» و «باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا» دەخاتە شوێنی ناوی«کوردستان». دەستەواژەی «رۆژئاوا» وەک دەربڕینێکی جوگرافیی گشتی دەخرێتە شوێنی ناوی وڵاتێک، «رۆژئاوا» بەبێ دیاریکردنی شوێن و زەویەکە هیچ واتایەکی شوێنی و جوگرافی نادات، ئەوەش رێگە دەکاتەوە بۆ ناونان بەبێ ناسنامە نەتەوەیی و جوگرافییەکەی. دوور لە ئاراستە سیاسییەکانی ئەم رەوتە، دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی رەهەندی مێژوویی ناسنامە و ناوی کوردستان و، لاوازکردنی پەیوەندی رەمزیی نێوان گەل و خاکەکەی.
لێرەدا کێشەیەکی مێژوویی دیکەش هەیە، ئەویش هاودژی نێوان سیاسەتی ئەم رەوتە و جۆشدانی لاوانی کوردە لە رابردوودا بە دروشمی نەتەوەیی"رزگارکردن و یەکخستنی کوردستان". ئەو قوربانیانەی لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا دراون، ناکرێت لەو چوارچێوە رەمزییە جیابکرێنەوە کە ئەم رەوتە دروستی کردبوو؛ هەر هەوڵێکیش بۆ پێناسەکردنەوەی ئەم چوارچێوەیە، پێویستی بە گفتوگۆیەکی رەخنەیی یە سەبارەت بە ئاستی هاوئاهەنگی و گونجانی نێوان دروشمەکان و کردارەکانی .
مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسەدا پێویستی بە جیاکردنەوەی نێوان دوو ئاست هەیە: ئاستی دیمۆگرافیی فرە نەتەوەیی و، ئاستی راستی مێژوویی شوێنەکە. چونکە فرە نەتەوەیی دانیشتووان میژووی نەتەوەیی هیچ شوێنێک ناسڕێتەوە، هەروەها پڕۆژە سیاسییە هاوچەرخەکانیش نابێ ببنە هۆی سڕینەوەی یادەوەری مێژوویی نەتەوەیەک. ئەو ناوچانەی لە دێرکەوە تاوەکو عەفرین درێژ دەبنەوە، کوردستانیبوونی خۆیان دەپارێزن وەک بەرهەمی کەڵەکەبوونێکی مێژوویی درێژخایەن؛ لە کاتێکدا پاراستنی سیمبوولە نەتەوەییەکان، لە ئاڵا و ناونانە خەباتگێڕییەکان، وەک توخمێکی بنەڕەتی دەمێننەوە بۆ پاراستنی ناسنامەی گەل و زامنکردنی بەردەوامییەکەی لە بەردەم گۆڕانکارییە سیاسییە خێراکان دا.
لەبەر رۆشنایی ئەوەی باسکرا، رووندەبێتەوە کە کێشەی ناسنامە لە رۆژئاوای کوردستان ناکرێت لە چوارچێوەی تێڕوانینێکی نکۆڵیکار یان پەراوێزخەردا کورت بکرێتەوە، بەڵکو پێویستی بە خوێندنەوەیەکی مێژوویی رەخنەیی هەیە کە هاوسەنگی لە نێوان جێگیریی قوڵاییە مێژووییەکە و فرەیی ئێستادا دروست بکات، دوور لە بەکارهێنانی ئایدۆلۆژی بۆ دروستکردنەوەی جوگرافیا دوور لە چوارچێوە مێژووییەکەی.