بەغدا وەک دەرفەت یان هەڕەشە

بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو لە سایکۆلۆژیای تاکی کورد و سیاسەتوانانی کوردستاندا بەغدا هەمیشە وەک هەڕەشە لەسەر مان و کیانی کوردی سەیر کراوە، هەڵبەت لایەنی بەرامبەریش هەمان تێگەیشتن یان تێڕوانینی بەرامبەر بە کورد و دۆزی گەلی کوردستان هەبووە. 

ئەم دوو ئاراستە و تێگەیشتنە جیاواز و دژبەیەکە، وایکردووە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا بە تایبەت لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە تاکوو ئەمڕۆ، عێراق و کوردستان ڕووبەڕووی گەلێک کارەساتی گەورە و دڵتەزێن ببنەوە. زاڵبوونی ئەم تێگەیشتنە، جگە لە قووڵترکردنەوەی کارەساتەکان و بەردەوامیی ئازارەکان هیچ ئەنجامێکی تری بەدواوە نەبووە. 

پاش سەدەیەک لە مێژووی نوێی دەوڵەتی عێراق ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە هەردوو لایەنی کێشەکە (کورد-عەرەب) بە قەولی شاعیری فارس سوهراب سپهری چاوەکانیان بشۆن و بە جۆرێکی تر دونیا ببینن؟ ئایا بەردەوامیی سیاسەت و تێڕوانینەکانی ڕابردوو هەمدیس نامانباتەوە سەر هەمان ناونیشانە هەڵەکەی جاران؟

حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو، هەموو شێوازێکی سیاسی- سەربازییان بەکارهێناوە بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی گەلی کورد یان سڕینەوەی شوناسی ڕەسەنی ئەم نەتەوەیە، ئەنجامەکەشی جگە لە جەنگ و ماڵوێرانی بۆ هەموو گەلانی عێراق و بەفیڕۆدانی سامان و سەرمایەی ئەم وڵاتە و لەدەستچوونی پێگەی هەرێمی و نێودەوڵەتی عێراق هیچیتر نەبووە. 

گەلی کوردستانیش پاش ڕیفراندۆمی 25/ ئەیلوولی/2017 ئەو ڕاستییەی بۆ دەرکەوت کە جیهان لە دۆخی ئەمڕۆ نەک هەر پێشوازی لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان ناکات، بەڵکوو ئەم هەنگاوە وایکرد کە تەنانەت هێز و لایەنە ناکۆکەکانیش، کۆک بن لە دژایەتیکردنی گەلی کوردستان و لەباربردنی خەون و ئارەزووەکانی ئەم گەلە.

ئاخۆ ئێستا پاش ئەو هەموو هەوراز و نشێوە و ئەو ئەزموونە تاڵانە، کورد دەبێ چی بکات؟ ئایا دەبێ سیاسەتی بەڕێکردنی ڕۆژ بگرێتەبەر و بەغدا وەک جاران هەر بە هەڕەشە سەیر بکات؟ کێشەکان هەر بە هەڵواسراوی بهێڵێتەوە و لەسەر یەکتر کەڵەکەیان بکات، یاخود بەغدا بکاتە دەرفەتێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان؟ 

بێگومان گرتنەبەری سیاسەتێکی پاسیڤ و ناکارا لە دۆخی ئێستادا بە هیچ جۆرێک لە قازانجی کورد نییە کە چەندین کێشەی هەڵواسراو و چارەسەرنەکراوی سەرەکی هەیە لەگەڵ بەغدا و پێویستە چارەسەریان بکات و بەرەو پێشەوەیان ببات. لە هەمان کاتدا دۆخی ئێستای زاڵ بەسەر بەغدا وەک لاوازیی بەغدا و ناکۆکیی نێوان لایەنە شیعییەکان، ناکۆکی ئێران- ئەمەریکا و بوونی سەرۆکوەزیرانێکی پۆزەتیڤ کە تێگەیشتنێکی باشی بۆ کێشەی کورد هەیە، وا دەکەن کە کورد بتوانێ لەم دۆخەی ئێستادا بەغدا بکاتە دەرفەت و سەکۆیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. 

دامودەزگەی سیاسی و سیاسەتوانانی کوردستان، دەبێ لەم دۆخەی ئێستا هەوڵ بدەن کێشەکان لەگەڵ بەغدا بەرەو هێورکردنەوەی زیاتر ببەن و متمانە بۆ پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی چەندین ساڵی ڕابردوو بگێڕنەوە و ڕێگە نەدەن دەرفەتەکان ببنە هەڕەشە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، دەبێ هەوڵ بدەن هەڕەشەکان بکەنە دەرفەت. بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، بەغدا ئەو شوێنەیە کە نابێ وەک هەڕەشە لەسەر کورد سەیر بکرێت، بەڵکوو دەبێ وەک دەرفەتێک سەیر بکرێت بۆ ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکان و گەشەپێدان و هەستانەوەی کوردستان. بێگومان بۆ کەڵکوەرگرتن لەم هەلە دەبێ کورد عەقڵیەتی زۆرینە و کەمینە و باڵادەست و بندەست تێپەڕێنێ و خۆی لەو دۆخە ڕزگار بکات کە لە ژێر کاریگەریی هێز و لایەنە عەرەبییەکان لە بەغدا وەک میوان سیاسەت بکات، بەڵکوو دەبێ هەوڵ بدات وەک هێزێکی کاریگەر و کارتێکەر و خاوەن ماڵ بێتە مەیدان و سوود لە هەڵە ستراتیجییەکانی ڕابردووی وەربگرێت و لاپەڕەیەکی نوێ لە سیاسەتکردن لە بەغدا هەڵبداتەوە.

بۆ ئەم مەبەستەش، پێویستە کورد سەرەتا لاپەڕەیەکی نوێ لە ناوخۆیدا هەڵبداتەوە و خۆی لەو پەرتەوازەییەی ئێستا دەرباز بکات کە تێیکەوتووە و هەوڵبدات هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق یەکبخات لە چوارچێوەی فراکسیۆنێکدا، هەروا لاپەڕەیەکی نوێ لە هەڵسوکەوت لەگەڵ سەرۆککۆماردا هەڵبداتەوە و ئەم پێگەیە بۆ بەهێزکردنی کورد لە بەغدا بەکاربهێنێ. 

هەروا تیمی وزاری و پەرلەمانیی کوردستان لە بەغدا بە یەک ئاراستە و سیاسەت هەنگاو بنێن و هاوپەیمانی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی ناو پەرلەمانی عێراقدا ببەستن. کورد بە گرتنەبەری سیاسەتێکی ئەکتیڤ و کاریگەر و کارتێکەر، دەبێ خۆی لە گۆشەگیری و نامۆیی لە بەغدای پایتەخت ڕزگار بکات و لەبری هەڕەشە، بەغدا بکاتە دەرفەتی گەشەپێدان و بەهێزکردنی کوردستان.