شۆڕشی گیزەر و چەند وشەیەکی ناخۆش


باش دەیان ساڵ بۆ یەکەمجار بەهەزاران گەنجی عێراق دەڕژێنە سەرشەقام، تاوەکو بەشێوەیەکی شارستانییانە و کەشخە دەنگیان بگەیەنن. 


بە دلێرییەکی بێوێنەش یازدە پارێزگای عێراق راپەڕینێک دەکەن لەدژی ئەدای خراپی حکومەت و نوشوستیی دەسەڵاتداران و پارتەکان لە بەغدای شاری شارستانییەت. 

هوتافە نیشتمانییەکانیان وانە و پەندی بۆ هەموو ئەوانە تێدایە کە پەیوەندییانکردووە یان هێشتاش پەیوەندی دەکەن بەو لیستە تائیفییانەی ناونیشانی نیشتمانییان لەخۆیانناوە. 

گەلی عێراق بە دەرکەوتنی بۆ سەرشەقام، بەو گەرمایە تاقەتپرووکێنەی مرۆڤ بەرگەی ناگرێت، زللەیەکی بەهێزی لە تائیفەگەراکان دا. 

ئەوان دەستیان خستە ناو دەستی یەکدی بۆئەوەی قسەی خۆیان بکەن. من دڵخۆش و سەربەرزم بە ئازایەتییان. چیرۆکەکە هەر ئەوەندە نییە، بەڵکو ئەوەش تێیدا سەرنجڕاکێشە کە زۆر لە سیاسەتڤانەکان بە بزەوە گوتیان پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان دەکەن. 

وەک عێراقییەکان دەڵێن: های شنوو (واتە: ئەمە چییە)؟ دەڵێی گاڵتە بە عەقڵمان دەکەن. مەسەلەی گاڵتەپێکردنیش هەر بەوەندە ناوەستێت، بەڵکو دەگاتە ئەوەی کە هەندێکیان بێنە سەرشەقام و بەشداریش لە خۆپیشاندانەکاندا بکەن! کاکی سیاسەتڤان، ئایا خۆپیشاندان دەکەیت لەدژی خۆت؟ 

من دەزانم لە سەردەمی ئێمەدا سیاسەت هونەری دژیەکییەکانە، بەڵام هونەری پێکەنین و رابواردن نییە! هەندێک کەسی دیکەش ویستیان داواکاریی خۆپیشاندەران ببەستنەوە بە لایەنێکی سیاسییەوە، ئەویش بەوەی کە گوتیان خۆپیشاندانەکان تەنیا لەدژی وەزارەتەکانی تایبەت بە خزمەتگوزارین. 

هەندێکی دیکەش شتێک پارە و پوولیان دایە هەندێک پێگەی پیسی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆئەوەی وا بڵاویبکەنەوە کە خۆپیشاندانەکان تەنیا لەدژی لێدوانە بەنێوبانگ و سەیر و سەمەرەکانی فەهداوی-ی وەزیری کارەبایە کە باسی گیزەری کرد. 

هەڵبەت ئەوەی روویدا "شۆڕشی گیزەر" نەبوو. بەڵکو خۆپیشاندان بوو لەدژی نەبوونی تەناهی و ئاشتی، شۆڕشێک بوو لەدژی زوڵم و گەندەڵی و برسێتیی و گەرما و ئاوی پیس و نەبوونی مۆڵ و نەبوونی قوتابخانەی خاوێن. شۆڕشێک بوو لەدژی دزینی نەوتی بەسرە. 

شۆڕشێک بوو لەدژی لێدوانی قوتابییانی قوتابخانەکان. شۆڕشێک بوو لەدژی دامەزراندنی وەهمی. دژی کەناڵە ئاسمانییەکان. دژی واسیتە حیزبییە سووک و چرووکەکان. 

هەروەها شۆڕش بوو لەدژی ئەو پڕۆژانەی رادەگەیەندرێن و بە ملیار دۆلاریان بۆ تەرخاندەکرێت و هیچیان لێ دەرناچێت. 

لەخەو هەڵسن سیاسییەکان. ئێوە ناتوانن سواری شەپۆلی تووڕەیی خۆپیشاندەران بن. ئەوەی هەیە خۆپیشاندانی راستەقینەن و گاڵتەیان پێمەکەن. چونکە ئەگەر داواکارییەکان نەیەنەدی، چیدیکە خەڵک ناچنە گۆڕەپانی تەحریر، بەڵکو روو لە زۆنی سەوز دەکەن. ئەوکات خۆشاردنەوە لەژێر عەبای ئایینیش دادتان نادات. 

ئیدی تەواو، گەلی عێراق ئەمڕۆ دەتوانێت ریزەکانی یەکبخات بۆئەوەی بە هەموو پێکهاتەکانییەوە رووبەڕووتان ببێتەوە و بەهێزەوە بەرامبەرتان رابوەستێت. 

گاڵتە بە خەڵکی بەسرە مەکەن کە لەسەر لافیتەکانیان نووسیویانە: "حەموورابیی باپیرم موسڵمان نەبوو، بەڵام لە دانانی یاساکاندا دادپەروەر بوو". گاڵتە بەو پیاوەش مەکەن کە بە دیشداشەیەکی سادەوە دێتە سەرشەقام و لافیتەکەی دەستی لێی نووسراوە: "فەرمانڕەوایەکی کافری دادپەروەر باشترە لە فەرمانڕەوایەکی موسڵمانی گەندەڵ". 

ئەوان تێگەیشتوون کە ئێوە توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەتتان نییە. بۆیە لەئێستاوە وەخۆتان بێنەوە باشترە لەوەی کە ئاپۆرای خەڵک بگاتە بەردەم ماڵەکانتان. 

چونکە ئەوکات میزبەخۆداکردنیش دادتان نادات. بەڵێ، ئەمە یەکەمجارە لە وتارێکمدا دەستەواژەیەک بەکاردەهێنم کە ئێوە پێتانوایە بێشەرمانەیە، بەڵام لێرە بوێرییەکەم لە شاعیری عێراقی (موزەففەر ئەلنواب) بەقەرز وەردەگرم، کە دەڵێت: "لە خەمباری و تووڕەیی و وشە رەقەکانم بمبوورن، هەندێکتان دەڵێن قسەکانم بێشەرمانەن، کێشە نییە.. هەڵوێستێکی لەوە بێئەدەبانەترم پیشانبدەن کە ئێستا ئێمە تێیداین".