ئایا پارتی گۆڕانی دەوێ؟
بەشداریکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە و زۆریشی لەسەر گوتراوە و نووسراوە. ئەوەی لێرە دەمانەوێ قسەی لەسەر بکەین ئەوەیە کە پارتی چۆن بەشداری بە گۆڕان کرد لە حکومەت و گۆڕان بۆچی ویستی بچێتە حکومەت. ئایا پارتی بەڕاستی دەیەوێ گۆڕان لە حکومەتدا بمێنێتەوە؟
بزووتنەوەی گۆڕان هەر زوو دروشمی هەڵبژاردنی 21/9 ی کرد بە "بەرەو دەسەڵات" و دوای هەڵبژاردنیش ئیعلانی کرد کە ئامادەیە بەشداری لە حکومەتدا بکات. پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بە گەرمی پێشوازی لەو دروشم و ئامانجەی گۆڕان کرد و دەستیکرد بە گفتوگۆ لەگەڵ گۆڕان بۆ بەشداریکردن لە حکومەت. ئەگەرچی جارجارە دەگوترا کە ئیتیجاهێکی ناو پارتی هەیە (ئەگەر راست بێت ئیتیجاهی جیا لەناو پارتی هەبێت)، نایەوێ گۆڕان بەشداری لە حکومەتدا بکات. بەڵام نێچیرڤان بارزانی و شاندی پارتی هاتنە لای گۆڕان و بە جددی کاریان بۆ ئەوە کرد گۆڕان لە کابینەی هەشتەمدا بەشداری بکات. لە کاتی گفتوگۆکان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتدا بڕیار درا گۆڕان بەشداری کاریگەر لە دامودەزگاکانی حکومەتدا بکات. گۆڕان و پارتی هەریەکە بۆ مەبەستێک ئەو هەوڵەیان دا.
پارتی دەیویست چوار ساڵی ئایندە هەموو هێزە کاریگەرەکانی سەر گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان بەشدار بن لە دەسەڵات و هیچ هێزێکی کاریگەر بە ئۆپۆزیسیۆنی نەمێنێتەوە، نەوەک جادەو خەڵک لە دژی دەسەڵات بجوڵێنێ. سەرکردایەتی پارتی هەمیشە جەختی لەوەش دەکردەوە کە پارتی دەیەوێ بە هاوکاریی لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت چاکسازی لە حکومەت و ئیدارەکردنی ئەم هەرێمەدا بکەن. هەرچی بزوتنەوەی گۆڕان بوو ویستی بەشێک لە بەرنامەکەی و هەندێ لەو بەڵێنانەی بە خەڵکی دابوو لە حکومەتدا جێبەجێیان بکا و لە چوار ساڵی ئارامدا گۆڕانکارییەک لە سیستمی حوکمرانی و چەمکەکەنی ئیدارە لەم هەرێمەدا بکرێ. ئایا پارتی و گۆڕان مەبەست و ئامانجەکانی خۆیان پێکاوەو تا سەر دەتوانن بەیەکەوە بمێننەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو چاکسازییەی کە ئێستا لە هەموو کاتێک پێویستترە بکرێ؟
گۆڕان چوار وەزارەت و سەرۆکایەتی دەستەی وەبەرهێنانی وەرگرتووە و چوار وەزیرەکەی گۆڕان وا زیاتر لە 75 رۆژە دەستبەکار بوون و هەرچی لە توانایاندا بووبێ کردوویانە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان. لە سەرەتاوە گۆڕان دەیگوت ئێمە وەزارەت وەردەگرین نەک پۆستی وەزیر، هەروەها بڕیار بوو کە گۆڕان شەریک بێ لە وەزارەت و دەستەو پۆستە کارگێڕییەکانی تری ئەم حکومەتە، بەڵام تا ئێستا گۆڕان چوار وەزیری (کورد گوتەنی وەک نێرکە کاردو) ناردووەتە حکومەت و ناو بینای وەزارەتەکانیان و بەس. تۆ بڵێی گۆڕان بتوانێ تەنها بە چوار دانە کەس لە چوار وەزارەتی زۆر گرنگ و لەم هەلومەرجە سەختەدا ئەوەندە کار بکات کە ئەو بەرنامە چاکسازییەی پێویستە بکرێ جێبەجێی بکات و دەنگدەرانی خۆی و خەڵکی کوردستان رازی بکات؟ ئەی ئەگەر نەیتوانی چی دەکات و ئاکامەکەی چی دەبێ؟
بزووتنەوەی گۆڕان بە جددی چاودێریی رەوشەکە دەکات و پێیوایە بڕینی بودجەی هەرێم لە بەغداوە و شەڕی داعش و گفتوگۆکان بۆ بەشداریکردنی کورد لە حکومەتی بەغدا هی ئەوەن کەمێک سەبر و تەحەمول بکەن، بەڵام عەقڵ و مەنتق دەڵێ لە کۆتاییدا گۆڕان رازی نابێت بەشداریکردنیان لە حکومەت ببێتە مایەی نەمانی متمانەی خەڵک بە گۆڕان و کەمبوونەوەی ژمارەی دەنگدەرانی. بۆیە ئاسایی و بەدیهیشە کە جوڵانەوەیەکی وەک گۆڕان هەر کاتێک بزانێ مانەوەی لە حکومەت دەبێتە مایەی لاوازبوونی پێگەی سیاسی و جەماوەری، لە حکومەت دەکشێتەوە. دیارە جوڵاندنی شەقام و کارکردن لەسەر کەموکوڕییەکانی دەسەڵات و داواکارییەکانی خەڵک کارێکی نەکردەو نایاسایی نین و کەسیش ئەوەندەی گۆڕان ئەزموونی لەو بوارەدا نییە. ئەگەر ئەمە روویدا، هەلومەرجی کوردستان چی بەسەردێ و پارتی چی دەڵێ؟
حەقە بپرسین ئایا پارتی بەڕاستی دەیەوێ گۆڕان لە حکومەت بەشدار بێ و بەیەکەوە چاکسازی لە ئیدارەو حوکمڕانیی ئەم هەرێمەدا بکەن؟ ئەگەر وایە ئەی پارتی ئەو راستییە نازانێ کە قاعیدەی گۆڕان زۆر لەوە زیاتری چاوەڕێ دەکرد کە تا ئێستا بەدەستی هێناوەو سەرکردایەتی گۆڕان ناتوانێ قاعیدەکەی خۆی بە بوونی چوار تاکە کەس لە حکومەتێکی خاوەن چەندین وەزارەت و دەستە و بەڕێوەبەرایەتی و هێز و دەزگای گرنگ و سەدان پۆستی هەستیاردا رازی بکات؟