پاکێجەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ چاکسازی بوو یا گەیشتن بەدەسەڵات ؟

بوونی ئۆپۆزیسیۆن لە هەموو سیستمێکی دیموکراتدا پێوست و گرنگە، بۆ کێبڕکێی زیاتری هێزە سیاسییەکان لە پێناو بەدەستهێنانی هەرچی زیاتری دەنگی دەنگدەران و چوونە نێو دەسەڵاتە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە بە دەنگدەرانیان داوە و، پراکتیزەکردنی بەرنامە سیاسی و ئابوورییەکانیان، وە لە گشت سێکتەرەکانی دی کە بانگەشەیان بۆ کردبێ، لایەنی کەم بە قەبارەی سەنگی بەشدارییەکەیان لەدەسەڵات.

تائێرە ئەو گریمانەیە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی لای خۆشمان راستبوو، بەڵام ئەوەی بووەتە جێگەی پرسیار فەرامۆشکردنی بەڵێنەکانە لەلایەن لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە لەوکاتەوەی چوونەتە دەسەڵاتەوە و نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو ئەو هەنگاوانەی لایەنەکانی دەسەڵاتیش نایان هەندێکی لە قەناعەت و هەندێکی لەژێر فشاری خودی ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی و کۆمەڵگەی مەدەنی بەرەو چاکسازی و بنیاتنانی حکومەتی هاوڵاتی، ئەوان مرداریانکردنەوە، باشترین نموونەش ئەو هەنگاوانە بوون کە بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ڕاگری کۆلێژ و سەرپەرشتیارە پەروەردەییەکان و بەڕێوەبەری قوتابخانەکان نران کە لەڕێی سی ڤی و تاقیکردنەوە و کێبڕکێوە دابمەزرێن.

گەورەترین رەخنە کە ئۆپۆزیسیۆن لە دەسەڵاتی دەگرت بەحیزبیکردنی کۆمەڵگابوو لەڕێی بە حیزبیکردنی سەرجەم فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە، بەڵام ئەوەی لەم چەند رۆژە روویدا، هەر لە دابەشکردنی ئەندامانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەوە بەسەر حیزبەکان و بەحزبیکردنی ئەو دەزگا هەستیارە و دابەشکردنی سەرجەم پۆستە ئیدارییەکانی سنووری زۆنی سەوزی جاران لە بەڕێوەبەری ناحیەوە تا فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و ئاوەڕۆ و ڤێرتێرنەری و کەشناسی و بەڕێوەبەری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی ... هیتد. بەسەر ئەندامانی سەرجەم حیزبەکان بەناوی حکومەتی خۆجێی فراوانەوە، بە حیزبیکردنی سەرجەم جومگەکانی حوکمداری نەبێت چییە ؟ بێبەشکردنی دەیان هەزار هاوڵاتی شایستەو شارەزانییە لە بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی دامودەزگاکان لەبەرئەوەی ئەندامی هیچ حیزبێک نین ؟ ئایە ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێ پێمان بڵێ ئەم جۆرە رێکكەوتنانە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان تا ئاستی بەڕێوەبەری فەرمانگەیەکی زۆر تایبەتمەند کە تەنها پسپۆڕی و دڵسۆزی گەرەکە جگە لە بەحیزیبکردنی کۆمەڵگە چی دیکەیە ؟ دەتوانن پێمان بڵێن ئەم جۆرە دابەشکردنە لەدەسەڵات لە کام بڕگەی پاکێجەکانی چاکسازی ئۆپۆزیسیۆندا هەیە؟ تۆ بڵێی ئەم هەنگاوانە هەنگاوی بنیاتنانی حکومەتی هاووڵاتی بێت کە بانگەشەی سەرجەمیان بوو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا؟ کار وابڕوا ئەوانەی دەنگیاندا بە ئۆپۆزیسیۆن دا کە زۆربەیان ئەندام نەبوون لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەڵکو خەونی نەمانی تەزکییە و بانگەشەی زۆر بۆ پاکێجەکانی چاکسازی دەنگی پێدان  نەک هەر مافی زیاتری هاووڵاتی ئاسایی وەرناگرن، رەنگە ئیتر یان ناچارببن کە فۆرمی حیزبی لایەنێک پڕبکەنەوە یان پلەی ئێستای کارەکانیشیان بۆ کەسێکی حیزبی کە دەشێ خۆشیان دەنگیان پێدابێ ، لەدەستبدەن.

لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە چەندە رێکكەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات جێگەی دەستخۆشییە و سەرکەوتنی ئیرادەی پێکەوەژیانە بەسەر ئیرادەی تاکڕەویی و خۆسەپاندن و دڵسۆزی هەردوولای بۆ سلێمانی و خەڵکەکەی دەرخست ئەوەندەش خەڵکی لە گۆڕان بێ ئومێدکرد کە لە یەکەم دەرفەت کە دەستی کەوت بۆ هەنگاونان بۆ بنیاتنانی حکومەتی هاوڵاتی، پشتیکردە درووشمەکانی و هەمان رێچکەی یەکێتی و پارتی گرت ئەگەر نەڵێین تۆختر لەوان ، چونکە دەکرا جگە لەپۆستە سیاسییەکان پۆستەکانی دی لەڕێی سی ڤی و کێبڕکێوە بکرایە کە دەیتوانی ئەودەم وەک دەسکەوتێکی گرنگیش بۆخۆی ئەژماری بکات و لە هەڵبژاردنەکانی ئایندە سودی زۆری لێوەرگرن، وە هەموان چاوەڕێی ئەوەیان لە ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەتی گۆڕان دەکرد ،ئەو دەم رێکكەوتنەکەی یەکێتی و پارتی سەرەڕای خاڵە گەشەکانی ئێستای دەبووە هەنگاوی راست ودروست بەرەو بەدیهێنانی حکومەتی هاووڵاتی کە خەونی هەمو تاکێکی نیشتمانپەروەر و مرۆڤ پەروەرە.

دیارە وەک لەکوردەواریدا دەگوترێ هێشتا نەچووە بچێ و دەکرێ هەردوولایەن بڕیاری ئەوە بدەن دابەشکردنەکە هەتا بەڕێوەبەری گشتی بێت ئەوەش تەنها تا خوولی هەڵبژاردنی نوێ ئەودەم دەبێ بەیاسا بەشکردنی بەڕێوەبەرەگشتییەکان لەسەر بنەمای حیزبی و ئیستحقاقی هەڵبژاردن رەتبکرێتەوە، خۆ ئەگەر ئەوە نەکرێ دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە پاکێجەکانی ئۆپۆزیسیۆن نەخشەڕێگەی چاکسازی نەبوو، بەڵکو پەیژەی گەیشتن بوو بە دەسەڵات و بانگەشەی لایەنەکانی دیکەش کە مەبەستم یەکێتی و پارتییە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاووڵاتی ، تەنها بۆ سەرنجڕاکێشانی دەنگدەرانە .