چەند پرسیارێك بۆ كۆمەڵ و یەكگرتوو


لەوەتەی گرووپی تیرۆریستی داعش بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، زیاتر لە هەزار شەهید و پێنج هەزار بریندار لە رۆڵەكانی كورد بوونەتە قوربانیی ئەو جەنگە ناڕەوایە. ئەمە سەرباری زیانگەیاندنێكی زۆر بە ژێرخانی ئابووری و سەربازیی كوردستان.

هەڵوێستی لایەنە ئیسلامیەكانی كوردستان (یەكگرتوو و كۆمەڵ) تا ئاستێكی باش نیشتمانی و نەتەوەیی بووە بەرامبەر ئەو گرووپە تیرۆریستە و سەركردایەتی و سەركردەكانیان لە كۆبوونەوە تایبەتیەكانیشیاندا زۆر بەتوندی دژایەتی و نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر رەفتارەكانی ئەو گرووپە نیشانداوە. بەڵام ئەمە كۆتایی بە چاوەڕوانیی خەڵك لە هەڵوێستی ئەو دوو لایەنە ئیسلامیە ناهێنێ و رای گشتی ئێستا چاوەڕوانی هەڵوێستی توندی نەتەوەیی و مەردانەتریان لێدەكات.

ئەگەر چاوبخشێنینەوە بە مێژوودا و سەیری بەسەرهاتەكانی دنیا و میللەتان بكەین، ئایا دەبینن باوەڕدارانی هیچ ئاین و مەزهەبێك لەهەموو دنیادا بڕوایان وابێت كە ئەوان بە كوشتنی هەزاران پیاو و ژن و دەستدرێژیكردنە سەر كچانی منداڵی بێتاوان، دەگەنە بەختەوەری و بەهەشت، جگە لەم گرووپە بێ‌ مۆراڵە؟

ئایا لەدنیادا، هیچ تایەفەیەكی تر هەیە جگە لەم گرووپە، بڕوای وابێت كە رێبازی كوشتنی بە كۆمەڵی كەسانی هەژاری كاسبكار و ئافرەتان و منداڵان، رەفتاری شیاون‌ بۆ نزیكبوونەوە لەخودا و ئارەزووی گەیشتن بە بەهەشت؟

داعش ئێستا رەهەندێكی‌ ئیلاهی بە رەفتارەكانی خۆی بەخشیوە بۆ جیهادكردن لەدژی نەتەوەی كورد و كوشتن و سەربڕینی پێشمەرگە و جیهادی نیكاح بەرامبەر كچ و ژنانمان، كە پێیوایە ئەم جۆرە توندوتیژی و دڵڕەقیە‌ عیبادەتە ‌و دەبێتە مایەی‌ رەزامەندیی‌ خودا.

پرسیارەكان لە سەركردایەتی كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی ئەوەیە:

1- لەسەر ئاستی دیبلۆماسی بەنیازن چی بكەن لەگەڵ  یەكێتی جیهانی زانایانی ئیسلامی یان رابەرە گەورەكانی‌ سوننە بۆ دەركردنی فەتوایەك لەدژی رەفتارەكانی داعش؟

2- ئێوەی بەڕێز بەسەدان پیاوی ئاینیتان هەیە كە پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەكانی كوردستانن، ئایا رایاندەسپێرن كە هەڵمەتێك دەستپێبكەن بۆ ریسواكردنی رەفتارە قێزەون و دژە ئینسانیەكانی داعش؟

3-بەپێی فەرموودەكانی خوداو حەدیسەكانی پێغەمبەر (د.خ)، بەرگریكردن لەخاك و دین و شەرەف و كەرامەت واجبە. ئایا بەنیازنین لەڕێگەی مەكتەبی زانایان و دەزگای قەزاواتی شەرعیتانەوە، روونتر هەڵوێستی خۆتان رۆشن بكەنەوە و بەڕەسمی بەرگریكردن لە هەرێمی كوردستان بە واجب و جیهاد بزانن لەدژی ئەو گرووپە تیرۆریستیە؟

4- هەندێك لە سەركردە و پیاوە ئاینییە دیارەكانتان لە هەڵوێست بەرامبەر داعش رایان زۆر سلبیە. وەختێك پرسیار رووبەڕوویان دەبێتەوە بەرامبەر داعش، بەبێ‌ ئەوەی ئیدانەی ئەو رەفتارانە بكەن، زۆر بەلاوازی دەڵێن "ئەوانە نوێنەرایەتی ئیسلامی راستەقینە ناكەن"، شتێكی روونە ئەمە زۆر سادەترە لە ئیدانە و رسواكردن!

5- ئایا لە دەزگا میدیاییەكانتانەوە بەنیاز نین گوتاری راگەیاندنتان توندتر بكەن بەرامبەر ئەو گرووپە دڵڕەق و بێ‌ ویژدانە؟

6- لەڕووی فیكرییەوە، بەنیاز نین لە بواری پەروەردەی بانگەوازتان و بەعەلەنیش لەكۆڕ و پانێڵەكانتاندا هیچ گۆڕانێك بەسەر تێڕوانینتان بۆ داعش وەك گرووپێكی ئیسلامی جیهادیی رادیكاڵ بهێنن؟

7- وەرگرتنی هەڵوێستی توندی ئێوە بەرامبەر داعش. رەهەندی نێودەوڵەتی دەبێ‌ و كاریگەری زۆر ئیجابی دەبێت لەسەر هاتنە سەرخەتی زیاتری وڵاتانی موسڵمان (بەتایبەت توركیا و سعودیە) و ناوەندە ئاینییەكانی دنیا بەرامبەر داعش. ئایا بیرتان لەم رەهەندە كردووەتەوە؟

لەدنیادا كۆمەڵگە هەن كە شانازی دەكەن بە بەرهەمهێنانی زانستەوە. هونەر پێشكەش دەكەن و ‌دیالۆگی شارستانی پێشكەش دەكەن، بەڵام ئیسلامی توندڕەوی داعش، بە دەنگی بەرز ئاشكرای كردووە كە هیچیان نییە پێشكەشی بكەن بۆ مرۆڤایەتی و بۆ دنیا و بۆ هەموو تایەفەكانی دیكە جگە لەسەربڕین و كوشتن و خولقاندنی رووباری خوێن.

داعش راستە تا ئاستێك گرووپێكی زۆڵە و ناسنامەیان بە تەواوەتی روون نییە كێن و كێ‌ پشتیان دەگرێ‌، بەڵام ئەمە بیانوویەكی لاوازە بۆ دەربڕینی هەڵوێستی روونتری هێزە ئیسلامیەكانی كوردستان. من گەشبینم لەداهاتوویەكی نزیكدا هەردوو سەركردایەتی بەڕێزی یەكگرتوو و كۆمەڵ هەڵوێستی روونتر و مەردانەتر بەرامبەر داعش بنوێنن.