بارانێك پڕ لەرۆح ، سەوزاییەك لە وەنەوشە
رووداو - شیعر
1
له‌باڵای به‌رزت ده‌ڕوانم
تا دێ لام به‌رزتر ده‌بێت
له نیگای چاوت ده‌ڕوانم
تا دێ لام گه‌شتر ده‌بێت
له سیمای سپیت ده‌ڕوانم
تا دێ لام جوانتر ده‌بێت
گیانه كاتێ جه‌سته‌ی ماندووم
تێكه‌ڵاوی جه‌سته‌ت ده‌بێت
بارانی سۆز داده‌بارێ و
تیشكی خۆریش زه‌ردتر ده‌بێت
٢
گه‌ر ڕێم بده‌ی
به درێژای ته‌مه‌نم دێمه ده‌ریای ئه‌وینته‌وه
گه‌ر ڕێم بده‌ی تا دوا ساته‌كانی ژینم
دێمه ساباتی قژته‌وه
گه‌ر ڕێم بده‌ی، تا تروسكایی له چاومایه
دێمه ڕووباری چاوته‌وه
به‌ڵام ئازیز قه‌ت رێ نه‌ده‌ی
بۆ ساتێكیش بێ ماچ سه‌ر بنێمه‌وه
٣
زۆر حه‌زده‌كه‌م ببی به دار چنارێك
له‌ژێر سێبه‌ری باڵاتدا پشوو بده‌م
زۆر حه‌ز ده‌كه‌م بتكه‌مه كۆترێك و
له چوارده‌وری ماڵه‌كه‌مدا به‌ندت بكه‌م
زۆر حه‌زده‌كه‌م بتكه‌م به په‌یكه‌رێك و
له‌ژوور سه‌رمدا هه‌ڵتواسم
به‌ڵام چی بكه‌م ئازیزه‌كه‌م
له‌م وڵاته به‌س ده‌توانم له دووره‌وه
بۆنت بكه‌م
٤
ئه‌م جاره‌یان نامه‌كه‌ی تۆ
لوتكه‌ی لێكردم به چیا
پێنووسمی كرد به شمشاڵ و
ئاوی چاوی پێ ئه‌ژه‌نی و
به‌رد لێی ئه‌دا
سنه‌وبه‌ر سه‌رچۆپی گرت و
پێكه‌نین چه‌پڵه‌ی لێ ئه‌دا
ئه‌ستێره ئه‌وینی سپی ڕشت و
دڵی منیش له‌ده‌وری باڵات ئه‌گه‌ڕا
٥
روخسارت له گوڵێكی په‌مه‌یی ده‌ریا ده‌چێت
ناوه ناوه ئه‌وینی خۆی سپی‌پۆش كردووه
هه‌ندێ جار له‌گه‌ڵ شه‌ونمی به‌یاندا
خۆی ده‌رده‌خاو
تاو ناتاوێك روخساری گه‌ڵاڕێزانی خۆی
به‌سه‌ر دیده‌ی پڕ له شه‌به‌نگی مندا په‌خش ده‌كات
٦
خه‌ونم به دڵی دار گه‌ڵایه‌كی
پڕ له‌سێبه‌ری چاوه‌ڕوانییه‌وه بینی
دار توویه‌ك بوو له‌وشه‌ی شیعر
به‌باڵی فڕین‌دا ، په‌نجه‌ره‌ی دڵی
له‌گه‌وهه‌ری شه‌پۆلی ده‌ریا ئه‌چوو
هێدی هێدی ئه‌وینی خۆی
له‌ناو نۆته‌ی ده‌نگمدا ناسییه‌وه
سبه‌ینێ بووه
بووكه‌شووشه‌یه‌كی ئێسكسووك
ڕه‌نگه‌كانی پڕكردم له تۆی غوربه‌ت و
بوومه كیژۆڵه‌یه‌كی جوانكیله‌ی تازه بووك
٧
وه‌ك دار زه‌یتوون ناسكیت و
وه‌ك شه‌ونمی به‌ره‌به‌یان
نمه‌ی بارانت لێ ده‌تكێ و
وه‌ك دڵێكی غه‌ریبیت و دێیت و ده‌چیت
نه بروسكه‌ی هه‌واڵ ده‌مگاتێ و
نه‌تۆش له وه‌رزی دڵم وه‌ڕه‌س ده‌بوویت
٨
كه گوێ له مروارییه‌كانی شیعرم ده‌گریت و
ده‌مخه‌یته ناو گلێنه‌ی سووتانی چاوته‌وه
ده‌بمه ڕووبارێكی ئاوی
ده‌بمه باڵنده‌یه‌كی نێو زه‌ریا
مه‌ست ده‌بم به نۆته‌ی ده‌نگت و
دێمه ناو ئه‌ندێشه‌ی شه‌وته‌وه
٩
له گه‌رووی دار ژێیه‌كی كه‌مانی مۆسیقارێكدا
ڕسته‌ی جیهانێكی ئه‌فسووناوی هه‌بوو
له‌ده‌نگیدا وزه‌یه‌كی نائومێدی و
له‌كه‌ناری دڵیشدا ماندوو نه‌بوون
به‌ده‌م ئاوازی شیعره‌كانمه‌وه
سه‌مای بۆ ده‌كردم
وه‌ك سه‌مای شه‌پۆله‌كانی ئاو
خه‌نده‌یه‌كی شیرینی دا له‌قژم
بووم به كانیله‌یه‌كی پڕ له تاڤگه و
هه‌ناسه‌ی دیده‌ی تۆی پڕ له چاو
١٠
قه‌ڵه‌مه‌كه‌ت كردم
به ئه‌سپێكی كه‌حێلی سپی
زامه‌كانت له ئاسمانی هه‌ناویدا كوژانده‌وه
له‌گه‌رووی پڕ قه‌تاری ده‌روونیه‌وه
ئاوێكی ڕه‌وانی پێ نۆشیم
ڕژایه ناو به‌هره‌ی شیعر و
په‌نجه‌ره‌ی ڕۆح و هه‌ناومه‌وه
١١
قه‌ڵه‌مه‌كه‌م وشه‌كانی
تامی كچی نیشتیمانیان گرت و
تا وام لێهات چه‌ندین
زنه‌ی گوڵی شیعر
خۆی خزانده بیر و هه‌ستمه‌وه
بووم به دره‌ختێكی ته‌لیسماوی
پرته‌قاڵه نارنجیه‌كانی شیعر و
هه‌رمێ كراس زه‌رده‌كانی
په‌خشان و
هێشووه ترێی دنیای منداڵانی
١٢
خوڕه‌ی چه‌م و قاسپه‌ی قه‌دپاڵ و
ڕه‌نگی ئاسۆ‌و تیشكی خۆر و
بۆنی مێخه‌ك و شه‌ماڵی به‌ربه‌یان
بوون به هاوڕێم
ئیتر ناخم
وه‌كو لاوك گه‌رم بوو
وه‌كو حه‌یران نیان بوو
چاویشم
وه‌ك ئاسكێكی چاو ڕه‌ش سرك بوو
١٣
ئازادیی ژن تریفه‌ی مانگ داده‌گیرسێنێ و
ڕووناكیی خۆریش
زكری عه‌شقێكی نه‌پساوه بۆخۆی دێنێ
ئه‌وه ئازادیی ژنه
شیعره‌كانم سه‌وز ده‌كا و
ڕووناكیی ویژدان ده‌نه‌خشێنێ
تاكوو ببێته مۆمێكی داگیرساو
بێت به سروودی نیشتیمان و
له‌په‌رچه‌میا
بێته‌خۆر و ئازادی بۆخۆی بێنێ