بونیادنانی ژێرخانی کوردستان لەڕێگەی گازی سرووشتییەوە

 
پوختەیەک
 
هەرێمی کوردستان خاوەنی نزیکەی (10) کێڵگەی گازییە، هەندێکیان گازی هاوەڵ بەرهەم دەهێنن، بە هەموویانەوە نزیکەی 30 تریلیۆن یەدەگ گازی سرووشتییان تێدایە، بەڵام تاکە کێڵگەیەک کە بەرهەمی هەیە و گەورەترینیانە، کێڵگەی کۆرمۆرە؛ ئەم کێڵگەیە لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای چەمچەماڵە، بەم دواییە لە کێڵگەی چەمچەماڵیش دەست بە وەبەرهێنانی گاز کراوە. دەرفەتێکی گەورە هاتووەتە پێش هەرێمی کوردستان دەست بکات بە بونیادنانی پیشەسازیی گازیی سرووشتی لەڕێگەی فرۆشتنی بڕێکی کەم لەم گازە و گۆڕینی بۆ پەینی کیمیاویی و ماددە کیمیاوییەکانی دیکە، ئەوەش وا دەکات نزیکەی 100 هەزار دەرفەتی کار بڕەخسێنێت و بە بەهای سەروو 120 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێدا بکرێت. لێرەدا چۆنێتی بەرز راگرتنی ئاسایشی وزە، باشترکردنی ژیان و خێراکردنی چالاکییە ئابوورییەکان لەڕێگەی بەپیشەسازییکردنی گازی سرووشتییەوە بۆ هەرێمی کوردستان روون کراوەتەوە.
 
یەکەم: هەوڵەکانی دانەگاز پێویستی بە تەواوکارییە
 
هەریەکە لە دانەگاز، کرێسنت پیترۆلیۆم و پێرڵ پیترۆلیۆم وەکو کیانێک خاوەندارێتییەکەیان بۆ یەک خێزان دەگەڕێتەوە کە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی نیشتەجێن. کێڵگەی کۆرمۆر لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای چەمچەماڵە، ساڵی 1928 گەڕان و پشکنینی بۆ ئەنجامدراوە، هەروەها کێڵگە و بیرەکانی چەمچەماڵ لە ساڵی 1929 گەڕان و پشکنینی بۆ ئەنجامدراوە. کاتێک رژێمی بەعس لە عێراق دەڕووخێت، گوندی کۆرمۆر کە سەر بە ناحیەی قادرکەرەمی کۆنە، لەدەست رەبیە و زیلە عەسکەرییەکانی حکومەتی عێراقی رزگاری دەبێت و، دەبێتە بەشێک لە ئیدارەی هەرێمی کوردستان. ساڵی 2005 کۆمپانیای دانەگاز دادەمەزرێت، یەکەم کاری ئەوەیە دوای گفتوگۆ و ئاسانکارییەکان، گرێبەستێک بۆ بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ دەکات و ساڵی 2008 دەست بە بەرهەمهێنان دەکەن.
 
لە ساڵی 2025دا، دامەزراوەکانی پرۆژەی کۆرمۆر رۆژانە 525 ملیۆن پێ سێجا گاز بۆ چوار وێستگەی کارەبا دابین دەکەن، ئەمەش بەشدارە لە بەرهەمهێنانی نزیکەی 2800 مێگاوات کارەبا، کە 75%ی کۆی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت. ئێستا ئیدی بەرەو ئەوە دەچێت لە سێ بیری چەمچەماڵدا دەست بە دەرهێنانی گازی سرووشتی بکرێت.
 
ئەوەی لە سەرەوە گوترا، ناڕوونییەکی تێدا نییە، کێشەکەمان ئەوەیە کە:
 
یەک: کەرتە پیشەسازییەکان پێویستیان بە دابینکردنی وزەی بەردەوام و جێگیرە بۆ پاراستنی کارایی بەرهەمهێنان. هەر پچڕانێک لە دابینکردنی وزەدا - بەهۆی کارەساتی سرووشتی، گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان، یان ناجێگیریی بازاڕ - دەتوانێت راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بەرهەمی پیشەسازی هەبێت. کێڵگەکانی وەکو کۆرمۆر و چەمچەماڵ کە نزیکەی 80%ی گازی شلی ماڵان لە هەرێمی کوردستان دابین دەکەن و، سەرچاوەی سێ بەشی کارەبای کوردستانن، هەروەها 15 هەزار بەرمیل کۆندێنسەیتی رۆژانەیان هەیە و، پلان هەیە لە 2027دا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی گازی سرووشتی تێیاندا بگاتە یەک ملیار پێ سێجا، هێشتا ئەم کێڵگانە نەک کەرتی پیشەسازییان بۆ کوردستان فراوانتر نەکردووە، بەڵکو بۆ سنووری لادێکانی دەوروبەری کێڵگەکە و قەزای چەمچەماڵیش نەبوونەتە نیعمەتێکی گەورە!
 
دووەم: ئەگەرچی کرێسنت پیترۆلیۆم لە 1971 دامەزراوە، دانەگاز وەکو باڵێک لەو کۆنسیرتیۆمە 2005 دامەزراوە، پێرڵ پێترۆلیۆم وەکو هەوڵێک بۆ وەبەرهێنانی هاوبەش لەنێوان دانەگاز و کرێسنت پیترۆلیۆم لە 2009 دامەزراوە (مرۆڤ هەست دەکات زۆربەی کۆمپانیا نەوتییەکانی دیکەش ئاوا بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دروستکراون!) یەکەمین ئیشی دانەگاز ئەوە بوو، لەگەڵ هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی گەورە لە کێڵگەیەکی گەورە (کۆرمۆر) لە 2006 واژۆ دەکات؛ بەڵام لە ساڵی 2013 و لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان لە باشترین دۆخی دارایی خۆیدا بوو، دانەگاز سکاڵای لە دادگەی نێودەوڵەتی لەسەر هەرێمی کوردستان لە لەندەن تۆمار کرد، گوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێزی لە گرێبەستەکەی نێوانیان نەگرتووە و، دەستهەقی دارایی پێ نەدراوە! کێ و چی لەپشت ئەمەوە بوو، ئەوە قسەیەکی دیکەیە. لە مانگی تەممووزی 2015، دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی بڕیاری دەرکرد کۆمپانیاکە دەبێت لەجیاتی بەرهەمەکانی، بە بڕی یەک ملیار و 96 ملیۆن دۆلار لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە قەرەبوو بکرێتەوە. ئەمە زیانێکی گەورە بوو لە ئابووریی هەرێمی کوردستان، کە دانەگاز لە ئەنجامی پشوو کورتیی خۆیەوە سکاڵای تۆمار کرد. ئێستا و جارێکی دیکەش رێوییەکان و گورگەکان نەنووستوون، دوور نییە لەم ئان و ساتی فراوانسازییەی کەرتی وزەی هەرێمدا و لەناو داینامیکییەتی رووداوە ناوچەییەکاندا جارێکی دیکە لە سەرە پێچێکدا رووداوێکی هاوشێوە دووبارە ببێتەوە!
 
سێیەم: هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ دانەگاز کردووە، کەچی ئەوان رێز لەو دۆخە ناگرن کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت، دەچن لە دیالە، بەغدا و بەسرە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق دەکەن.
 
چوارەم: دانەگاز و هاوبەشەکانی تری لە کێڵگەی کۆرمۆر، هەموو وەرزێک دەیان ملیۆن (هەندێک جار سەدان ملیۆن) دۆلار قازانجی پەتییان هەیە، بەڵام شکستیان خواردووە لە بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان (CSR) و خزمەتکردنی ناوچەکەدا. تەنانەت لە ماوەی سێ ساڵدا نزیکەی شەش جار لەلایەن میلیشیاکانەوە بە درۆن و کاتیۆشا پەلاماری کێڵگەی کۆرمۆر دراوە، نەیانتوانیوە لەو سێ ساڵەدا سیستمێکی بەرگریی پێشکەوتووی ئاسمانی بۆ کێڵگەکە و دەوروبەری دابین بکەن!
 
پێنجەم: داهاتی کوردستان ئەگەر کەمێک بە دامەزراوەیی و نیشتمانییانە ئیدارە بدرێت، هەمووان تێیدا سوودمەند دەبن، لەپێش هەموویانەوە دەسەڵاتداران، ئەو شێوازە بەڕێوەبردنەی پێشوو خزمەتی بە خودی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نەکردووە. بۆئەوەی ئەمە چێ بکرێت و کێشە نێوخۆییەکان و ناوچەییەکان چارەسەر بکرێن، دەبێت بیر لە "پیشەسازی" بکرێتەوە؛ هەرچەندە کاتەکە کەمێک درەنگە:
 
دووەم: کەی پی ئێم (KPM) شۆڕشی پیشەسازیی و دارایی لە هەرێم دروست دەکات
 
کۆرییەکان بەشداریی گەورەی پیشەسازی، ئابووری و کولتوورییان لە عێراق و کوردستان هەبووە و هەیە. بەپێی ئەو پڕۆپۆزەڵەی لە بەردەستی منە، گەورە کۆمپانیایەکی کۆری، کە لە چەندین وڵات کار لە پیشەسازیی وزە و ژێرخاندا دەکات، نزیکەی ساڵێکە ئامادەیی دەربڕیوە ئەگەر کەمێک گازی سرووشتیی ناوچەی چەمچەماڵ و کۆرمۆریان پێ بفرۆشرێت، ئەوا:
 
یەک: گاز بەکاردەهێنن بۆ بەرهەمهێنانی پێوانەی یەکگرتوو (Integrated Fertilizer)، واتە ئەم بەرهەمە وەکو پەیینی کیمیاویی، هەوڵ دەدات ئاسایشی خۆراک و کشتوکاڵی بەهێز بکات. ئەوەش نەک زەویی لەکارکەوتووی کوردستان، بەڵکو عێراق و وڵاتانی دیکەش لەڕووی بەرهەمە خۆراکییەکان و کشتوکاڵییەوە دەبووژێنێتەوە، چونکە پلانەکە وایە کە هەناردەی شارەکانی عێراق و دەرەوەش بکرێت. جگە لەمە دەیان ماددەی کیمیاویی وەکو ئامۆنیا، فۆسفات و یۆریا و.. هتد، بەرهەم بهێنن کە نرخیان لە بازاڕی جیهانی دا جێگیرتر و گرانترە. بەگشتی، توێژینەوە و پەرەپێدان کە بەهۆی پیشەسازییەوە دەجووڵێتەوە، پەرە بە داهێنان دەدات کە دەتوانرێت هەناردە بکرێت یان بەکاربهێندرێت بۆ کەرتەکانی دیکە (بۆ نموونە، هایدرۆجین لە گازی سرووشتییەوە بەرهەم بهێندرێت).
 
دووەم: کەی پی ئێم بە سپۆنسەریی بانکی وەبەرهێنانی ئەمریکیی جەی پی مۆرگان (J.P. Morgan) و پارتنەرەکەی (کۆمپانیای گرۆس)، بە بەهای سەروو 122 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەو سێکتەرە پیشەسازییەدا دەکەن لە سنووری قەزای چەمچەماڵ.
 
سێیەم: بەپێی پرۆپۆزەڵەکە کە لە بەردەستدایە، 5 ناوچەی پیشەسازی دروست دەکرێت کە 105 هەزار دەرفەتی کار بە مووچەی مامناوەند و بەرز دەڕەخسێنێت.
 
چوارەم: کاتەکەی گونجاوە، ئەگەر ئێستا هەرێمی کوردستان بە هاوکاری کرێسنت پێترۆلیۆم و لقەکانی ئەم گرێبەستە واژۆ نەکەن، ئەوا رەنگە سبەینێ عێراق ئەم پلانە واژۆ بکات، یان بارودۆخی ناوچەیی بە جۆرێکی دیکە وەربچەرخێت، تاهەتایە ئەم دەرفەتە لە دەرگای هەرێمی کوردستان ناداتەوە!
 
پێنجەم: پرۆژەکەی کەی پی ئێم، بڕی 6 ملیار دۆلاری داناوە بۆ خێرخوازی، ئەمە دەرفەتێکە نەک بۆ چەمچەماڵ و دەوروبەری، بەڵکو بۆ هەرێمی کوردستان بەگشتی، کەسی دیکە ئەوە ناکات. چەمچەماڵ کە بە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوان ناسراوە و گەورەترین قەزایە لە هەرێمی کوردستان؛ ئەوە دوو دەیەیە بەدەست کەمئاوییەوە دەناڵێنێت، کامە کۆمپانیا ئامادەیی دەربڕیوە کە ئەو بچووکترین کێشەیە بۆ ئەو قەزایە چارەسەر بکات، کە چەند ملیۆن دۆلارێکی پێویستە؟!
 
شەشەم: کاتێک دەست دەکەیت بە "پیشەسازیی"، ئەوا هەمیشە وڵاتانی پیشەسازی پشکێکی بەرچاویان لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا هەیە. ئەو وڵات یان هەرێمانە بەشداری دیپلۆماسی وزە دەکەن و بەشداری لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن گەشەپێدانی بەردەوام (Sustainable Development). زیاتر لەوەش، بەهۆی ئەم پرۆژەیەی کە "کەی پی ئێم- KPM" پێشکەشی کردووە؛ خزمەتی بەرچاو بە ئاسایشی وزە و هەمەچەشنەکردنی سەرچاوەکانی دەکات، چونکە ئەمە تەنها پرسێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بووەتە پرسێکی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانییەوە؛ بگرە هەمەچەشنەکردن و دەستەبەرکردنی ئاسایشی وزە بووەتە پرسێکی مانەوە بۆ هەموو وڵاتێک.
 
حەوتەم: ئەمە بەگشتی ئاست و پێکهاتەی وزەی نیشتمانی هەمەچەشن دەکات و خۆڕاگریی لە بەرامبەر شۆکی نرخی جیهانی بەرز دەکاتەوە.
 
سێیەم: هاریکاریی هاوبەش توانا مرۆیی و سرووشتییەکان بوێرتر دەکات
 
وەک چۆن بە پاڵپشتی ئیدارەی سلێمانی یان دانەگاز بەرهەمەکەی دەفرۆشێت بە کۆمپانیایەکی ناوخۆیی وەک قەیوان، پێویستە هەمان شت بە زیادەوە بۆ وەها کۆمپانیایەکی بیانی وەکو (کەی پی ئێم - KPM) بکات، چونکە وەکو لە سەرەوە روونکرایەوە پیشەسازیی ئاستی ژیان باشتر دەکات، چالاکییە ئابوورییەکان خێراتر دەکات، ژێرخان بەهێزتر دەکات، پاڵپشتی جیهانیی مسۆگەرتر دەکات. بەتایبەتی بە پێی ئەو شێوازی گرێبەستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان لە کێڵگەی کۆرمۆر واژۆی کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی تەواوەتی لە دەستوەردان هەیە.
 
هەروەک چۆن لە ئەیلولی 2024دا، کۆمپانیای دانەگاز لەگەڵ کۆمپانیای لیڤیدیانی بەریتانی کە تایبەتمەندە لە چارەسەری تەکنەلۆژیای کەشوهەوا، هاوبەشییەکی کرد بۆ جێبەجێکردنی تەکنەلۆژیای "LOOP"، کە یارمەتیدەر دەبێت لە گۆڕینی گازی میسان (Methane) بۆ هایدرۆجینی پاک و گرافینی (Graphene) کوالیتی بەرز، ئەمە هەوڵێکی گرنگە، پێویستە لە چەندین لای دیکەوە ئەم هەوڵانە فراوانتر و هەمەچەشنتر بکەن.
 
پیشەسازیی کۆڵەگە گەورەکەی نیشتمانسازییە
 
پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان ئەبرامۆ فیمۆ کینێس ئۆرگانسکی- A.F.K. Organski لە زانکۆی میشیگان بە فۆرمیولەکردنی تیۆری "گواستنەوەی دەسەڵات- Power Transition Theory" بەناوبانگە. ئۆرگانسکی ئەم تیۆرە گرنگەی لەمیانەی کتێبەکەی "سیاسەتی جیهانی" خستە ناو ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە؛ لێرەدا سێ پرەنسیپی گرنگ دەستنیشان دەکات؛ پیشەسازیی بوون، ژمارەی دانیشتووان و بوونی حکومەتێکی کاریگەر. ئەگەرچی ئەو زیاتر تیشک دەخاتە سەر گرنگی پیشەسازیی، بەڵام ئەوە بە تەنیا گرنگ نییە، بەڵکو لێهاتوویی سیاسیی و ژمارەی دانیشتوان (سەرچاوەی مرۆیی پێویست) دەبێتە هۆی سەرچاوەی هێزێکی ئەوتۆ کە دەشێت وەرچەرخانێکی گەورە لە پۆلێن بەندیی هێزدا دروست بکات:
 
ئۆرگانسکی، وڵاتان بە پێی باڵادەستی و هێز لە سیستەمی جیهانی دا دابەش دەکات بۆ سێ ئاست: زلهێز (Great Power)، هێزە مامناوەندییەکان (Middle-Powers)، وڵاتانی لاواز و داگیرکراو (Weak State/Colonies). بۆ ئەوەی تۆ دەسەڵاتی لاوازی خۆت لە پۆلێن بەندییەکەدا لە لاوازەوە بگوێزیتەوە بۆ ئاستی مامناوەندیی و دواتریش ببیتە هێزێکی گەورە، پیشەسازیی یەکێکە لە فاکتەرە گەورەکان. هیندستان بۆ ماوەی 190 ساڵ لەژێر کۆڵۆنیاڵیزمی بەریتانیادا بوو، بە هەمان شێوە نموونەی چین لە "سەدەی زەلیلبوون-Humiliation Century" دا، کە لە ماوەی نێوان ساڵانی 1839 بۆ 1949 نزیکەی 110 ساڵ چین تووشی شکستی دووبارە و پەیماننامەی نا-یەکسان و داگیرکردنی بەشێک لە خاکەکەی لەلایەن زلهێزە بیانییەکانەوە بوو. ئەمانە بە چی ئاست و توانای خۆیان لە قۆناخێکی وا لاواز و ناهەموارەوە گواستەوە بۆئەوەی ببن بە زلهێزێکی ئامادە لەسەر گۆڕەپانی جیهانی دا؟ بێگومان پیشەسازی.
 
هەر کۆمپانیا یان گرووپێک کۆمپانیا دەبێت لەپێش دا، ئیش لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هێزی هەرێمی کوردستان بکاتەوە؛ لە کوردستاندا دەیان کەرت و بواری دیکە هەیە کە تۆ سەرمایەگوزاریی تیا بکەیت؛ لەپێش هەموویانەوە لەڕووی پیشەسازییەوە، چونکە یەکێک لە توخمە پێکهێنەرەکانی "ناسیۆنالیزم" بریتییە لە "پیشەسازیی بوون"، ئەگەر تۆ هەرێمێک یان وڵاتێکی پیشەسازیی نەبیت، دەبێت پشت بەوانی دیکە ببەستی و، بەوەش هەرگیز ناتوانی کێبڕکێی لەگەڵ وڵاتان یان گەلانی دیکەدا بکەی.
 
هەمیشە پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان هزری سیاسیی و سامانی ئابووریی دا هەیە: یەکێک لە پێشەنگەکانی قوتابخانەی ریالیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا "فریدریچ لیست – Friedrich List" لە ساڵی (1841) لە ئەڵمانیا کتێبی (The National System of Political Economy) نووسی، باس لە سیستەمێکی نیشتمانی دەکات لە ئابووریی سیاسییدا، لەبارەی ئەوەی چۆن نەتەوە - نیشتمانێک دەتوانێت ئاستی سامان و هێزی خۆی بەرزبکاتەوە؟
 
لیست، بانگەشەی ئابوورییەکی کۆزمۆپۆلیتی دەکات (کۆزمۆپۆلیتیک یانی ئایدۆلۆجیایەکە کە هەموو مرۆڤایەتی بە رابردوو، بە ئاییندەوە، بە هەر نەتەوایەتی و ناسنامەیەکی جیاوازەوە ئینتیمایان بۆ یەک کۆمەڵگە و یەک بازنە هەبێت، بەم مانایەکی تر هەموو ئەخلاقیاتێک لە یەک سەرچاوەوە بێت، بە کورتییەکەی سەرمایەداری بەهای هاوبەشە؛ ئابووری دەبێت لەناوخۆدا گرێ نەدرێت بە باجەوە و قازانجی ئابووری بۆ هەموو کۆمەڵگەی بەشەرییە). لەسەر ئەمە ئەڵمانیا زیندانی کرد و ناچاریان کرد واز لە ناسنامەکەی بهێنێت. فریدریچ لیست، زۆر هێرش دەکاتە سەر لیبراڵیستەکان، ناسیۆنالیزمی ئابووری گرێ دەدا بە مانیفاکتۆر (وەشەی بچووک)ەوە، بەجۆرێک ئەگەر دەوڵەت یان کۆمپانیا ناوخۆییەکان بوون بە خاوەنی کەرەستەی بچووکی خۆیان یان پیشەسازییەکی سەرەتایی، ئیتر دەتوانن خۆیان بەهێز بکەن و کێبڕکێ بکەن لەگەڵ ئەوانی تردا بکەن، بۆ ئەمەش دەکرێت بەریتانیا وەک لانکەی شۆڕشی پیشەسازی وەرشە و پیشەسازی بچووک هەناردەی ئەڵمانیا بکات، ئەڵمانییەکانیش خۆیان بەهێز بکەن و کێبڕکێی ئەوانی تری پێ بکەن!
 
دەرئەنجام
 
هەرێمی کوردستان دەبێت بڕیار لەسەر پلاتفۆڕمێکی دیکە بۆ ئاسایشی وزە بدات، کە لەلایەک پێداچوونەوە بە هەموو ئەو کۆمپانیایانە بکات پێشووتر کاریان لە هەرێم کردووە، لەلایەکی دیکە پیشەسازیی وزە لە شێوەی ئەو پرۆپۆزەڵەی کەی پی ئێم-KPM پێشکەشی کردووە سەر پێ بخات؛ ئەمە ڕێگایەکی سەلامەت و ستراتیژییە بۆ هەستانەوە و گەشەکردن و بازدان لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخێکی دیکە. دوای دووەمین جەنگی جیهانی، وەک ئەوەی فریدریچ لیست سەدەیەک پێشووتر خستبوویەڕوو، بەو ئایدییەی کە "حکومەت پاڵپشتی سێکتەری مانیفاکتۆر و پیشەسازیی" کرد، یابان بوو بە وڵاتێکی پیشەسازی و گەشەسەندوو. لێرەدا، هەرێمێکی بێدەوڵەتی وەک هەرێمی کوردستان، پێگەیەک نییە بۆ پیشەسازی و، هەموو کەرەستە سەرەتاییەکانی لەدەرەوە هاوردە دەکات، هەموو کرێیەکی وەبەرهێنان خۆی دەدات، نەیتوانیوە سێکتەری وزە و پیشەسازی نەوت و گاز لە چوارچێوەی سیستەمێکی نیشتمانی دا بەرجەستە بکات. کۆمەڵێک خەڵک لەدەرەوەی سیاسەتی نیشتمانسازیی و بەرنامەکانی حکومەت لەبری دەست بۆ بە پیشەسازیی کردنی وڵات ببەن، لە پڕێکدا بوون بە ملیۆنێر و بوون بە سەردەستە و بەناوی بە بەرهەمهێنانەوە هاتوون؛ هەڵئاوسان و جیاوازیی چینایەتی دروست کردووە!
 
* بەهرۆز جەعفەر، خاوەنی دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، بەم دواییانە کتێبەکەی "شیکردنەوەی داینامیکی هایدرۆکاربۆنی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست: هەڵدانەوەی گۆڕانکارییە ناوچەییەکان" لەلایەن گرووپی ئیمراڵدەوە لە 140 وڵات بڵاوکراوەتەوە.