بەدیلی یەكێتی بۆ پارتی هەر یەكێتییە

تا دێت لە رۆژەكانی كۆتایی ولایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نزیك دەبینەوە و كێشمەكێشە سیاسییەكان توندتر و گەرموگوڕیی هاوكێشە سیاسییەكان و خیتابی حیزبەكان زیاتر دەبێت. 

بزووتنەوەی گۆڕان جیا لە هەموو پارتە سیاسییەكانی دیكە و لە پێشهاتێكی نوێدا لەگەڵ ئەوەی كە لە حكومەت شەریكە و قۆناغی ئۆپۆزسیۆنبوونی تێپەڕاند هەروەك لە بانگەشەكانی هەڵبژاردندا دەیگوت بەرەو دەسەڵات دەچین و بەكردار چووە دەسەڵات، بەڵام لە پێشكەشكردنی پرۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی وەكو ئۆپۆزسیۆنێكی سەرسەختی پارتی مامەڵەی كرد و تەوافوقی سیاسیی نێوان خۆی و پارتی شكاند، پێموایە گۆڕان ویستی پارتی لە پێگەیەكی لاوازدا بهێنێتە ناو گفتوگۆكانی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم، چونكە لە ئەلف و بێی كاری سیاسی ئەوەیە كە تا بكرێت دانوستاندن لەگەڵ بەرامبەرەكەت  لەوكاتەدا بێت كە ئەو لاوازە تا ناچار بێت بێتە ناو پرۆژەی تۆ و ئەو بێ پرۆژە بێت، ئەم هەنگاوەی گۆڕان تا ئێرە سیاسیانە بوو، بەڵام گۆڕان هەر زوو لە خۆبایی بوو و دوو هەڵەی كرد: 

یەكەم، بە هێنانی كونسوڵەكانی وڵاتان بۆ نێو هۆڵی پەرلەمان و بەشداریی ئێران سەركێشی بوو كە نەیتوانی باش بەبازاڕكردنی سیاسی بۆ بكات.

دووەم، لەوكاتەی كە یەكگرتوو داوای كۆبوونەوەی پێنج قۆڵیی كرد و سەردانی لایەنەكانی كرد، گۆڕان گوتیان كە ئامادەن بچنە ئەو كۆبوونەوەیە، بەڵام دەبێت پارتی دیموكراتی كوردستان بە پرۆژەوە بێتە كۆبوونەوەكە و بەمەش كۆبوونەوەكە دواخرا و ئێستا پارتی دیموكرات دەستی كردووە بە سەردانەكانی بۆ لای پارتەكان و پارتی جیا لە داواكارییەكەی یەكگرتوو، دەڵێت پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پرسی هەموو خەڵك و پێكهاتەكانە و بەمەش پارتی ئێستا خاوەنی پرۆژەی خۆیەتی و بازنەی یەكلاكردنەوەی كێشەكەش لە پێنج قۆڵی گەورەتر دەكات بۆ چەندین قۆڵی كە لەمەیاندا پارتی براوە دەبێت لەسەر گۆڕان، بەتایبەتی ئێستا گۆڕان خەریكە كۆتاكانی پەرلەمان لەخۆی دووردەخاتەوە. 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوو جار گۆڕانی لەخشتە برد، جارێك كە رێگای لە گۆڕان گرت لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەكاتێكدا براوەی یەكەمیش بوو. جاری دووەم لە پرسی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی كارەكەی بە گۆڕان كرد و گۆڕانی خستە بەردەم رێگایەك كە ئەوسەری دیار نییە و تۆڵەی 30/6/2013 ی لە گۆڕان كردەوە و ئێستاش لە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی پارتی، یەكێتی دەڵێت: ئێمە لەسەر پرسەكان لەگەڵ پارتی لە خاڵە سەرەكییەكاندا كۆكین و دەمانەوێت لە پرسی ئابووری و ئاسایش و سیاسەتی بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان ئاگادار و شەریك بین، بە تێگەیشتنی من ئێستا یەكێتی و پارتی بیر لە حكومەتی زۆرینە و وەدەرنانی گۆڕان دەكەنەوە لە حكومەت و سەرۆكایەتی پەرلەمان. وتەی هەندێك لە بەرپرسەكانی پارتی كە دەڵێن گۆڕان بە 24 كورسی ئەگەر بە سازان نەبووایە نەیدەتوانی سەرۆكی پەرلەمان ببات، روونە. بۆیە یەكێتی نیشتمانی براوەی یەكەم دەبێت لەم بارودۆخە و بە وەدەرنانی گۆڕان لە حكومەت، یەكێتی دەبێتە خاوەن پشكی دووەم  لە كێكی حكومەت و هەردووكیشیان (پارتی و یەكێتی) ماوەی چەندین ساڵە حوكمڕانیی ئەم وڵاتەیان بە شەراكەت كردووە و لە كۆدەكانی یەكتری باشتر شارەزان. پارتیش كە دەیویست بازنەی هاوپەیمانیی ستراتیژی فراوانتر بكات و گۆڕان داخیل بكات، كە بێگومان لەسەر حیسابی بەشی یەكێتی دەبوو، بۆی نەكرا و ئێستا دەركەوت بەدیلی یەكێتی بۆ پارتی هەر یەكێتییە.