نرخی زیو لە ساڵی 2026دا چۆن دەبێت؟
لە سەرەتای ئەمساڵ یەک ئۆنسە زیو کەمتر بوو لە 30 دۆلار، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 60 دۆلار. بەرزبوونەوەی جیهانیی نرخی زیو (وەک ئەوەی لە بازاڕی زێڕ روویدا)، شەپۆلێکی کڕینی زیوی لە هەرێمی کوردستان دروستکرد و هەندێ لە بازرگانان و خەڵک روویان لە کڕینی ئەو کانزا گرنگە کرد. وایلێهاتووە خەڵک خانوو و زەوی و ئۆتۆمبێل دەفرۆشێت و دەیکاتە زێڕ و بە ژمارەیەکی کەمتریش دەیکاتە زیو. لە هەرێمی کوردستان رۆژانە مامەڵە بە 500 کیلۆ زیوەوە دەکرێت و خەڵک یەک ئامانجیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە نرخەکەی بەرزتربوو بیفرۆشن و قازانجی لێبکەن. ئەگەرنا لە هەرێمی کوردستان هیچ کارگەیەکی زیو نییە بیکڕێتەوە و بیتاوێنێتەوە و بیکاتە لیرە یان خشل و گەوهەر یان بە مەبەستێکی دیکەی پێشەسازی بەکاریبێنن. لەبەر ئەوە گرنگە بزانین ئاراستەی جیهانیی نرخی زیو و بەرە کوێ دەڕوات و زێڕینگرانی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە چۆن بیر دەکەنەوە.
بازاڕی جیهانیی زیو
لە ساڵی 2025 دا نرخی زیو بەڕیژەی 100٪ بەرزبووەوە و خێراترین بەرزبوونەوەی لە 40 ساڵی رابردوودا بەخۆوە بینی. تایبەتمەندییەکی سەرەکی زیو کە لەگەڵ زێڕ جیای دەکاتەوە، ئەوەیە کە بە پێچەوانەی زێڕ، زیو لە پیشەسازییەکاندا زۆر بەکاردێت و ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی بازاڕی زیو جیاوازبێت لە زێڕ. ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە چەندین کەرتی پیشەسازی، بەتایبەتی هەندێ پیشەسازی نوێ روویانداوە، بازاڕی زیوی لە 2025 دا گۆڕی. لەڕووی بەرهەمهێنان و خستنەڕووشەوە زیو جیاوازە لەگەڵ زێڕ، بەتایبەتی زیو بەزۆری کانی تایبەتی نییەو بەرهەمی دووەم و چەندەمی کانەکانی دیکەیە، بەڵام زیو و زێڕ کانزایەکی گرانبەهان و وەبەرهێنەران دەیکڕن بۆ ئەوەی قازانجی لێبکەن. بازاڕی زیویش وەک زێڕ ستانداردە و بە باشی و لە هەموو رووێکەوە رێکخراوە. نرخی فیزیکی ( نرخی ئان و ساتی ئێستا) و نرخی فیوچەرز ( رادەستکردنی لە چەند مانگی داهاتوودا )ـی هەیە کە لە بازاڕەکاندا مامەڵەیان پێودەکرێت.
بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزی خۆر
پاڵنەری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیو بریتییە لە خواستی پیشەسازی. بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، ساڵی رابردوو خواستی جیهانی لەسەر زیو گەیشتە 1.23 ملیار ئۆنسە، کە یەکێکە لە بەرزترین ئاستە تۆمارکراوەکان.
کەرتی وزەی خۆر بە تەنیا نزیکەی 210 بۆ 230 ملیۆن ئۆنسەی بەکارهێناوە، کە دەکاتە زیادبوونێکی 40%ـی تەنیا لە ماوەی دوو ساڵ دا، ئەمەش بەهۆی فراوانبوونی دروستکردنی باتری و پانێلی وزەی خۆر لە چین، هیندستان، ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو. پێشبینییەکان بۆ ساڵی 2026 ئاماژە بەوە دەکەن کە خواستی کەرتی وزەی خۆر دەگاتە 300 ملیۆن ئۆنسە لە ساڵێک دا، واتە ئەم کەرتە بە تەنیا چارەکێکی زیوی جیهانی بەکارهێناوە. لە مەترێکی دووجادا پانێلی هەتاوی کە لە سەر بانی ماڵان و کارگەکان و شوێنەکانی دیکە دەبەسترێت، نزیکەی 15 گرام زیو بەکارهاتووە.
ئۆتۆمبێلی کارەبایی
هاوکات، خواست بۆ بەکارهێنانی زیو لە پیشەسازی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دا بەرزبووەتەوە. هەر ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی ئێستا پێویستی بە 25 بۆ 55 گرام زیوە، کە نزیکەی سێ هێندەی بڕی بەکارهاتووە لە ئۆتۆمبێلە ئاساییەکاندا. پێشبینیکراوە ئەمساڵ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی 17 ملیۆن ئۆتۆمبێل تێپەڕێنێت. کەرتی ئۆتۆمبێل، ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 20 ملیۆن ئۆنسە دەبێت. زیو لەنێو کانزکاندا زۆر تایبەتە بەوپێیەی باشترین کانزایە بۆ گەیاندنی کارەبا. مس و زێڕ لە پلەی دووەم و سێیەمدان. پارچە کارەباییەکانی ئۆتۆمبێل وەک هەستەوەر و فیوزەکان لە سلفی ئۆتۆمبێل، دووگمەی کۆنترۆڵی کورسییەکانی و ... هەموویان زیو تێیاندا بەکاردێت.
ژیری دەستکرد
ژێرخانی ژیریی دەستکرد، بەتایبەتی داتاسەنتەرە گەورەکان، بە خێراییەکی پێوانەیی فراوان دەبن. ئەم داتاسەنتەرانە پێویستیان بە پێکهاتەی ئەلیکترۆنییە کە پشت بە تایبەتمەندی (گەیاندنی کارەبایی) زیو دەبەستن. مەزندە دەکرێت توانای داتاسەنتەرە جیهانییەکان لە سێ ساڵی داهاتوودا 35-40% گەشە بکات، کە ئەمەش خواستی زیو بە بڕی 40 بۆ 60 ملیۆن ئۆنسەی دیکە زیاد دەکات.
خستنەڕوو و کورتهێنان
هەروەک چۆن لە بازاڕی زێڕدا، داتا و ئامارەکانی ئەنجوومەنی جیهانی زێڕ باوەڕپێکراون، سەبارەت بە زیو، (پەیمانگەی زیوی جیهان) هەیە کە داتاکانی پشتی پێدەبەسترێن. بەپێی ئەو پەیمانگەیە، خستنەڕووی زیو نەیتوانیوە هاوشانی خواست گەشە بکات. بەرهەمهێنانی کانەکانی زیو ساڵانە لە نزیکەی 820 بۆ 830 ملیۆن ئۆنسە جێگیرە و مەزندە دەکرێت لە ساڵی داهاتووشدا هاوشێوەی ئەمساڵ بازاڕ رووبەڕووی کورتهێنان بێتەوە بە بڕی 150 بۆ 200 ملیۆن ئۆنسە، کە ئەمە یەکێکە لە گەورەترین بۆشاییەکانی خستنەڕووی زیو لە چەند دەیەی رابردوودا.
ئەوەی بازاڕی زیوی لەڕووی بەرهەمهێنانەوە ئاڵۆزکردووە ئەوەیە کە 70٪ـی زیو وەک بەرهەمی لاوەکی ( بەرهەمی دووەم و سێیەم) لە کانەکانی دیکەی وەک قورقوشم، زینک، مس و زێڕ بەدەست دێت. ئەمەش وادەکات بەرهەمهێنانی زیو بەخێرایی وەڵامی بەرزبوونەوەی نرخەکان و ئەو خواستە زۆرەی لەسەری هەیە، نەداتەوە. وڵاتانی ئەمریکای لاتین، بەتایبەت مەکسیک و پیرۆ کە سەرچاوەی سەرەکین، بەهۆی کەمبوونەوەی کوالێتی کانەکان و کێشەی ژینگەییەوە، بەرهەمیان دابەزیوە.
وەبەرهێنان و ئاراستەی بازاڕ
یەکێک لەو هۆکارانەی کە لە نێو زێڕ و زیودا هاوبەشە، کڕێنی زێڕ و زیوە وەک پەناگەی ئارام. کاتێک لە وڵاتێکدا بازاڕی پشکەکان، خانووبەرە، یان بازاڕی دراو لەبەر هەر هۆکارێک وەک شەڕ و ناسەقامگیری سیاسیی و ناڕوونی لە داهاتووی وڵات، تێکدەچێت و ناجێگر دەبێت، لە بارودۆخێکی بەوشیوەیەدا هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان بۆ پاراستنی سەرمایە و سامانەکانیان روو لە كڕینی زێڕ دەکەن. زیویش لەو رووەوە هەمان تایبەتمەندی هەیە.
پیوەرێکی سادە و سەرنجڕاکێش هەیە بە ناوی ( رێژەی زێڕ بە زیو) کە بریتییە لە نرخی زێڕ دابەش بە نرخی زیو. چەند ساڵ لەمەوبەر ئەو رێژەیە 90٪ بوو، ئێستا ئەگەر نرخی ئەم چەند رۆژە ( زێڕ ، 4200 دۆلار و زیو 60 دۆلار وەرگرین)، رێژەکە دەبێتە 70٪. ئەمە هێمای ئەوەیە کە تاوەکو چەند، خەریکە زیو لەبەرامبەر زێڕدا سەرهەڵدەدات و دەبێتە کانزایەکی گرنگ. لەخۆڕا نییە سندوقەکانی وەبەرهێنان لە نێوەڕاستی 2024ـەوە دەیان ملیۆن ئۆنسە زیویان بە مەبەستی وەبەرهێنان کڕیوە.
ئاسۆی داهاتوو
بەپێی رووپێوەکانی پەیمانگەی جیهانی زیو، ئەگەر مۆڵەتی پڕۆژە نوێیەکانی هەڵکۆڵینی کانزاکان لەسەر ئاستی جیهان دا خێراتر پەسەند نەکرێن، کە پڕۆسەیەکە دەکرێت تاوەکو 10 ساڵیش بخایێنێت، ئەوا کورتهێنانی ساڵانە بە بڕی 150-250 ملیۆن ئۆنسە لە بازاڕی زیودا سەرهەڵدەدات. دیارە ئەمەش دەتوانێت نرخی زیو بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر هانبدات. هەموو رووداوەکان ئاماژە بەوە دەدەن لە چەند ساڵی داهاتوودا زیو پێدەنێتە قۆناخێکی نوێیەوە. زیو خەریکە لە کانزایەکی پیشەسازییەوە وەک زێڕ دەگۆڕێت بۆ کاڵایەکی ستراتیژی. ئەگەر ئەم ئاراستەی ئێستا بەردەوام بێت، لەوانەیە ژمارە پێوانەییەکانی ساڵی 2025 تەنیا سەرەتای گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و درێژخایەن بن لە بەهای ئەو کانزایەدا.
بازاڕی زیو لە هەرێمی کوردستان
سالار حاجی عومەر، کە زێڕینگەرێکی دیاری سلێمانییە، دەڵێ لە هەرێمی کوردستان زیاتر قالبی زیو مامەڵەی پێوەدەکرێت و لە مانگی رابردووشەوە داواکاری بۆ زیو کەمیکردووە. حاجی هەژار قادر، بازرگانێکی ناسراوی زیو لە هەولێر دەڵێت " زیو لە هەرێمی کوردستان کانزایەکی نوێیە و خەڵک نازانێت چۆن مامەڵەی پێوە بکات، کڕینی ئاسانترە لە فرۆشتنی".
سالار حاجی عومەر دەڵێت " نرخی ئۆنسەیەک زیو لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان 2 تاوەکو 4 دۆلار جیاوازی هەیە لەگەڵ نرخی جیهانی. ئەو دەڵێت زۆربەی زیوی هەرێمی کوردستان لە دووبەیەوە دێت و هەر هەناردەی ئەو وڵاتەش دەکرێتەوە کاتێک خواستی لە نێوخۆ لەسەر لاواز دەبێت".
حاجی هەژار روونکردنەوەی زیاتری هەیە و دەڵێت " 80٪ـی زیوی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە دووبەی و 20٪یشی لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت و هەر دەگەڕیتەوە بۆ ئەو وڵاتانەش".
ئەو زیوەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە لە رێگەی دوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولیرەوە هاوردە دەکرێت و تێچووی دووبارە هەناردەکردنەوەی بۆ دووبەی 150 دۆلارە.
حاجی هەژار ئاماژە بە خاڵێکی سەرنجڕاکیش دەکات و دەڵێت " حەقدەستی کیلۆیەک گەوهەر و خشلی دروستکراو لە زیو دوو هێندەی خۆیەتی". بەواتایەکی دیکە ئەگەر نرخی پارچە گەوهەرێکی زیو 3 هەزار دۆلار بێت، لە راستی دا بەهای خودی زیوەکە تەنیا یەک هەزار دۆلارەو 2 هەزار دۆلاری حەقدەستە.
پێشبینییەکان بۆ نرخی زیو
بانکی ئەمریکا لە نوێترین راپۆرت دا لەسەر نرخی کانزاکان، پێشبینیکردووە لە کۆتایی ساڵی 2026 ، نرخی ئۆنسەیەک زیو دەگاتە 65 دۆلار. هەندێ لە شارەزایانی ناسراوی بازاڕە داراییەکان پێیانوایە، نرخی زیو تاوەکو کۆتایی 2026 دەگاتە 90 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
سالار حاجی عوسمان دەڵێت، ئەگەر خواستی چین بەتایبەت لەلایەن پیشەسازی ئۆتۆمبێلی کارەبایی ئەو وڵاتەوە لە ساڵی داهاتوودا بەرزببێتەوە، نرخی زیو لە ئاستەکانی ئێستا زیاتر بەرزدەبێتەوە، بەڵام حاجی هەژار بەپێچەوانەی پێشبینییە نێودەوڵەتییەکان پێیوایە نرخی زیو لە ساڵی داهاتوودا ئاراستەی دابەزین دەگرێتەبەر. ئەو پێیوایە ئەو خواستە زۆرەی کە ئەمساڵ لەسەر زیو هەبوو لە ساڵی داهاتوودا کپ دەبێتەوە و دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زیو.