بارزانی لە حیزبەكەی خۆیەوە دەستپێدەكات؟
شتێكی روونە كە لە دوای (23) ساڵ، حكومەتی هەرێمی كوردستان خاوەنی سوپایەكی نیزامی و یاسایی نییە و بەشی زۆری هێزی سەربازی و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان خۆی لە هێزی چەكداری پەروەردەكراوی حیزبیی یەكێتی و پارتیدا دەبینێتەوە.
هێزە چەكدارەكانی كوردستان ئەمڕۆ جگە لەو ئەركە گرنگ و گەورەیەی بۆ پاراستنی خاكی كوردستان دەیگێڕن، ئەركێكی دیكەیان ئەوەیە كە لەلایەن شەخس و گرووپ و ئەم باڵ و ئەوباڵەوە دابەشیان كردوون لە تۆڕی پاسەوانی و بەرگریی تایبەت بۆ پاراستنی ئەو دونیایەی كە لەناوخۆیدا بەشبەش و پارچەپارچەیان كردووە. كێ هەیە نەزانێت لیوا و فەوج و پاسەوانی تایبەت هەیە بۆ پاراستنی ماڵ و ڤێلا و شاری خەون و میوانخانە و مەیخانە و چێشتخانە و سەیرانگە و بازاڕ و مۆڵە تایبەتەكان؟
نامە حەوت خاڵیەكەی بارزانی بۆ وەزیری پێشمەرگە لە 18/12/2014 هەنگاوێكی گرنگ و بایەخدارە بۆ دووبارە چاوخشاندنەوە بە دۆخی سەربازی و فۆرمۆلەكردنەوەی سیستمی بەرگریی هەرێمی كوردستان و بەپێی ئەو خواستەی كە خەڵكی كوردستان و هەلومەرجی سیاسی هەرێمەكەمان دەیخوازێت.
راستییەكی تاڵ هەیە كە ناتوانین بازی بەسەردا بدەین، ئەویش ئەوەیە كە تائێستا سیستمی ئەمنیی كوردستان سیستمێكی ناڕۆشن و ناشارستانییە. تائێستا هێزی چەكدار لەبری ئینتیما بۆ نیشتمان و گەل، ئینتیمایان بۆ حیزب، لەناو حیزبیشدا ئینتیمایان بۆ دەستەو گرووپ و كەسی دەستڕۆیشتوو هەیە.
بوونی هێزی چەكداری حیزب لە كوردستان ئەوەندە دیاردەیەكی مەترسیدارە كە هەموو لەحزەیەك بەهۆی ناكۆكیی سیاسی و بیروڕای جیاواز لەنێوان پارتی و یەكێتی مەترسیی دووبارە هەڵگیرساندنەوەی شەڕی ناوخۆ هەیە. وەك چۆن لە (1/5/1994) بەهۆی كێشەی ریزێك دوكانەوە لە قەڵادزێ، بۆ ماوەی (4) ساڵ شەڕێكی ناوخۆ لە سەرتاسەری كوردستان لەنێوان ئەم دوو حیزبە خاوەن چەكدارەی كوردستاندا هەڵگیرساو چەندین هەزار قوربانیی لێكەوتەوە و تائێستاش ئاسەوارەكانی ئەو شەڕە بەسەر ژیانی هاووڵاتییانەوە دیارە.
بوونی هێزی چەكداری حیزب بە هەر پاساو و بیانوویەك كارێكی ناقانوونییە و لە هەرێمی كوردستاندا بەپێی یاسای پارت و رێكخراوەكان كە لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە، نابێت حیزب هێزی چەكداری هەبێت. دەقی مادەی 15ی یاسای پارت و رێكخراوەكان كە لە ساڵی (1993) دەرچووە، دەڵێت "نابێت حیزب هیچ رێكخستنێكی سەربازیی یان نیمچە سەربازیی هەبێت و قەدەغەیە چەكی هەبێت". لە عێراقیشدا بەپێی مادەی (9)ی دەستوور نابێت لە دەرەوەی حكومەت هیچ حیزبێك هێزی چەكدار و میلیشیای هەبێت و دەقی مادە دەستوورییەكە دەڵێت: "قەدەغەیە میلیشیای سەربازی دروستبكرێت لە دەرەوەی هێزە چەكدارەكانی حكومەت".
یەكێكی دیكە لە سیفەتە خراپەكانی بوونی هێزی چەكداری سەر بە حیزب ئەوەیە كە لەكاتی هەر رووبەڕووبوونەوەیەكی كورددا لەگەڵ دوژمنانی دەرەكی، ئەنجامەكەی بەزیانی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان شكاوەتەوە. بۆنموونە بەهۆی بێسەروبەری و فرە مەرجەعیەوە لەكاتی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا لە قۆڵی جەلەولاوە، بەهۆی حیسابنەكردنی دوو هێزی جیای پێشمەرگەی سەر بە دوو مەرجەعی جیاواز بۆ یەكتری، زیانێكی گەورە بەپێشمەرگە كەوت كە 32 شەهید و برینداری لێكەوتەوە.
بەڕێز بارزانی دوای ناردنی نامەكەی بۆ وەزیری پێشمەرگە، ئەگەر دەیەوێت سەروەرییەكی گەورە بۆ مێژووی خۆی تۆمار بكات لەمەسەلەی بەنیشتیمانیكردنی هێزی پێشمەرگەدا، ئەوا پێویستە دەستبەجێ هەنگاوی كردەیی بنێ و دەكرێ سوود لە تێڕوانین و باری سەرنجی دڵسۆزانیش وەربگرێ و لێرەشدا باری سەرنجی خۆمان لەو رووەوە دەخەینە روو:
یەكەم: پێشمەرگە و حیزبایەتی
لەناو هێزی پێشمەرگەدا پارتی مەكتەبی رێكخستنی پێشمەرگەی هەیە و یەكێتیش مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگ. بۆیە بەڕێز بارزانی دەتوانێ دەستبەجێ:
1- رێكخستن و رێكخراوە حیزبیەكان و بارەگاكانیان لەناو هەموو داوودەزگا و یەكەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و دەرەوەی وەزارەت و یەكەكانی 70 و 80 قەدەغە بكات.
2- بە هەموو جۆرێ وەرگرتنی ئابوونەی حیزبی لە مووچەی مانگانەی پێشمەرگە و كارمەندەكانی سەر بە وەزارەت و یەكەكانی 70 و 80 قەدەغە بكرێت.
3- هەركەسێك سەرپێچی لەو بڕیارە بكات سزا بدرێ بە حەپس یان بەسزایەكی قورسی دارایی.
دووەم: پێشمەرگە و تەزكیە
ئەمڕۆ لە كوردستاندا كۆمەڵێك ئەكادیمیای سەربازیی هەن، وەك كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان و ئەكادیمیای سەربازیی زاخۆ و كۆلێژەكانی، بەڵام هەموو ئەم دامەزراوە سەربازییانە بەپێی بەرژەوەندییە حیزبییەكانی پارتی و یەكێتی كاریان كردووە و یەك هاووڵاتیی كوردستان بەبێ تەزكییەی حیزبیی پارتی و یەكێتی لەم دامەزراوە سەربازییانە وەرنەگیراوە.
ئەشێ لەمڕۆوە بڕیار بدرێت:
بۆ وەرگرتنی كەسێ بە پێشمەرگە، بۆ وەرگرتنی لە كۆلێژی سەربازی، خولی سەربازی، بۆ پێدانی پلەو پایەی عەسكەری و ئیداری، تەزكیەی حیزبی، راسپاردە و واسیتە قەدەغە بكرێ.
سێیەم: پێشمەرگە و فەرمان
ئێستا ژمارەی هێزە رێكخراوە چەكدارییەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە 12 لیوای هاوبەشی پیادەیە، بەڵام ژمارەی ئەو هێزانەی لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگەدا نین بریتین لە 60 هەزار پێشمەرگە كە ئەوەی لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدایە بریتییە لە هێزەكانی 70 و هێزەكانی پشتیوانیی دوو كە بریتین لە سنووری 30 هەزار پێشمەرگە، ئەوەشی كە لەژێر دەسەڵاتی پارتیدایە بریتیە لە هێزەكانی 80 و هێزەكانی پشتیوانیی یەك كە بریتین لە سنووری 30 هەزار پێشمەرگە. بەم پێیەش ئێستا دوو لەسەر سێی پێشمەرگە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەت و حكومەتدا نییە، بۆ ئەمەش دەتوانرێت بەفەرمانێك بڕیار بدرێت لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بوونی هەر یەكەیەكی پێشمەرگەی كەسیی یا حیزبی هەبێ، بە هەر ناوێك و قەوارەیەك بێ، قەدەغە بكرێ و هەرچی ناوی پێشمەرگە بێ دەبێ سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بێ، فەرمان تەنیا لەكەسی دەسەڵاتداری وەزارەت وەربگرێ و مووچەی مانگانەشی بەهەمان شێوە لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی سەر بە وەزارەت نەك یەكەی 70 و 80 وەربگرێت.
چوارەم: پێشمەرگە و ململانێی سیاسی
بۆیە گرنگە بڕیار بدرَت بەكارهێنانی پێشمەرگە لە كاری سیاسیدا بۆ پروپاگاندە یان بۆ گوشار بۆ حیزبێكی سیاسی، لە ململانێی نێوان حیزبەكان، دژی خۆپیشاندانی پیشەیی، جەماوەری، سیاسی، لە مونافەسەی هەڵبژاردنەكاندا قەدەغە بكرێ.
بەپێچەوانەشەوە سەرپێچیكار سزا بدرێ، بەهەمان شێوەی لەسەرەوە باسمانكرد بە حەپس یان غەرامەی مالی.
وانەیەكی گرنگ كە پێویستە لەشەڕی داعش وەریبگرین، ئەوەیە كە چۆن ببینە خاوەنی سوپایەكی یەكگرتووی پیشەیی. چونكە بەبێ سوپایەكی پیشەیی و سەربەخۆ و نیشتیمانی بنەما و ژێرخانی دروستكردنی نەتەوە و دەوڵەتمان لەرزۆكە.
خوێندنەوەی من بۆ نامەكەی بەڕێز بارزانی لە روانگەی هەستكردنیەتی بە بەرپرسیارێتی دۆخەكە، هەربۆیە ئێستا لە هەموو كات زیاتر ئەركی ئەخلاقی و نیشتمانی و نەتەوەیی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە بەم ئەركە هەستێ و ئەگەر دەشیەوێت مێژوو بۆخۆی تۆماربكات، با لەسەرەتاوە لە بەدامەزراوەییكردن و بەنیشتیمانیكردنی هێزی حیزبەكەی خۆی و دوو لیوا پاسەوانەكەی خۆیەوە دەستپێبكات.