دكتۆر مستەفا زەڵمی؛ كانیاوێك لە زانست و رووبەرێك لە تەوازع
بەڵێ دۆستی كۆچكردوو دكتۆر مستەفا زەڵمی (كانیاوێكی روون و رەوانی و پڕ تەوژم بوو بۆ بەدەستهێنانی زانست و تێكەڵ بە تێكۆشان لە پێناو خاك و ووڵات).
دوێنی لە یەكەم رۆژی پرسەی دۆستی دێرینم د. مستەفا زەڵمی ئامادەبووم و هەموو ئەو كات و سات و رۆژ و ساڵانەم هاتەوە بەر نیگا، كە یەكەم جار ئەم "كەڵە پیاوەم" تیا ناسی و هاودەمی یەك بووین تاوادەی ئەمڕۆ كە ماڵئاوایی لە هەمووان كرد و كۆچی دوایی كرد.
بەڵێ ساڵانێكی درێژە كە مامۆستای "رەوان شاد"م لە نزیكەوە ناسی و تیا هاودەم و هاوبیر و هاوسۆز تا سەعات و كاتی كۆچی دوایی!
یادەوەریەكانی ساڵانی ژینم لەگەڵ ئەم "كەڵە پیاوە"دا یەكەم شت پەیوەستە بە تێكۆشانی فكری و هاوسۆزی حیزبایەتی ئەوسا و دواتر بەردەوامی دوستایەتی تا ئەمڕۆ.
یەكەمجار بۆ مانگی تەمووز ساڵی 1963 لە بەغدا و لەڕەشبگیری "حەرەس قومی" بۆ سەركوردانی دانیشتووی بەغدا كە شیوعییەكان و و ئەندام و كادرانی پارتی و كوردە فەیلییەكان لەڕەشبگیری بێ وێنەدا راپێچی گرتووخانە و لێكۆڵینەوەی "قصر النهایە" و "هیئەی تحقیق" و دواتر "معتقل الخیالە" كراین كە ماڵ بە ماڵ كادیران و ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان و حیزبی شیوعی گیران بەچاو بەستراوی و دەست لە دواوە زنجیركراو رەوانەی (هیئەی تحقیقی بعثی) بە سەرپەرشتی (عمار العلوش) و "نازم گزار" وە دەها شەقاوەی "أعزمیە و جعیفر وشواكە و فەللوجە" و كەسانی خوانەناسی موسڵاوی كراین.
ئا لەوڕۆژە سەختانەدا ئەم كەڵە پیاوە مامۆستا مستەفا زەڵمیم لە نزیكەوە ناسی، كە ئەو كات وەزیفەی "ئیمام تابووری" سوپا بوو لە فەوج یا لیواكەی "عبدالسلام عارف" كە بووبووە سەرككۆمار. ماڵی مامۆستا لە بەغدا لە گەڕەكی ئیسكان غربی و ئێمە لە حورییە بوو.
لە بەیانییەكی زووی پڕ دەردەسەری و ئازاردا، بە لەقە و لێدان و جووینی بازاڕی و زبان پیسی ئەوان ئیمە كۆمەڵی گیراوی پارتی و شیوعی كە ئیمەیان لە هیئەی تحقیقەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ گوازراینەوە بۆ گرتوخانەی (الفچل) لە شەقامی كفاح و دواتر بۆ شورتەی فاروق لە الاعزمیە بۆ گرتوخانەی الخیالە _تاولە سواری – لە رێگای الاعزمیە وە هنی براین بۆ قصر النهایە.
ئەوەی مەبەستمە لێرەدا چۆن ئەم پیاوە مەردەم ناسی كە لە بەیانییەكی زووی پڕ ئازارا هەنێ لە ئێمەیان گواستەوە بۆ گرتوخانەی پۆلیسی(الفچل) لە – بابە الشیخ- كە چەند شوقەیەك دەم یەك درابوو و بەكۆمەڵ گیراوی تازەیان ئەهێنا هەرا و هوسیەك قەد لە یاد ناچێ.
لەم ساتەدا یەكێك لە گیراوە فەیلییەكان هاتە هاوار ووتی "سەیركەن سەیركەن" "جایبین امام گابور وهو بلباسە وگربوشە" ئەمە نیگای راكێشاین بۆ قاتی سەرەوەی گرتوخانەكە- یەكسەر ئیمام مستفەفا زەڵمی بە جلێكی امام تابورەوە ... !!
یەكسەر من و هەردوو برای بەڕێزم د. فواد بابان و ئەكرەم فەقێ مەحموود- تووشی لەرزەو شۆك هاتین "ئیمام زەلمیان گرتووە" لامان سەیرە بە جلی رەسمییەوە امام مستفی گیراوە".
تا دواتر یەكمان بینی و بۆی باس كردین كە چۆن گیراوە پاش چەند رۆژێ سەركۆمار – عبدالسلام عارف - هاتە سەیری قەسابخانەی دەزگای تحقیق؟! بەناویا گەڕاو و "رەوان شاد ئیمام مستەفا ی دی و پرسیاری كرد "ها امام انت هنا شتسوی لویش جایبك" ؟!
و یەكسەر داوای كرد بەری بدەن و ئەمە بۆ ئێمە تەسكین بوو كە بەربوو ودواتر هەواڵ ئەداتە كەسوكارمان كە ئێمە ماوین و دیسان شانسمان بو كە وەك زۆری تر بزر نەكراین وزانرا لە كوێین!!
بەڵی لەو زەرفە ناهەموارە پڕ ئازارەدا ئەم "كەڵە پیاوەم" ناسی و بووینە دۆستی گیانی و دواتر خێزانی تا ئەمڕۆ كە قەدەر وای هێنا لە فاتیحەكەدا دانیشتم و رەحمەتی بۆ بنیرم.
دكتۆر مستەفا راستە پیاوی حیزبایەتی وئەم سەرو ئەوسەری سیاسەت نەبوو ، بەڵام بە مانا كورد پەروەر بوو وە بۆ كوردایەتی و لە پێناو شۆڕشی ئەوسا هێنا یەنا و كورەی گرتن و لێكۆڵینەوەو دەستبەسەری.
لەو رۆژەوە ئەم كەڵە پیاوە بۆ خۆم و خێزانی ئێمە دۆستێكی دەم و زمان و روح شیرین ولەباری علمەوە بووە مامۆستامان و كەسانێكی زۆر لە كوردستان و لە دەرەوەش.
ئەم كەڵە پیاوە ژیانی خۆیشی و هاوسەرەكەشی بریتی بوو لە هەوڵ و تێكۆشان و لەخۆ بوردەیی یەكەم منداڵ و نەوەی باشی پێگەیاند و لە رێگەی حیزبەوە خزمەتی شۆڕش و پێشمەرگەی كرد كە دەها كەسی بەڕێگای جیا جیا لە گرتن و دەردی سەری رزگار كرد. و دواتر لە رێگای خوێندن و زانستەوە نەك هەر خۆی و بەڵكو نەوەی باش و هەڵكەوتووی پێگەیاند ..... بۆخۆی ورد ورد رەوتی ژیانی بڕی لە خوێندنی حوجرە و مزگەوت و دواتر كۆلیژ و دكتۆرا و پاشان نووسینی و تالیف وچاوخشانەوە بە نوسراوەكان و بەند و باوی رابوردوو وراست كردنەوەی هەڵەی فقهی و مێژوویی و گەرانەوە بۆ سەرچاوەی دروستی علم وعرفان وفقهی شرعی وشریعەت كە ئەمەیان جێگای باسیكی تەواو و دوور ودرێژە هەر لە پیاوێكی "نەفەس درێژ و بەسەبری" وەك دكتۆر مستفی بێت.
بۆ خۆم لە یادەوەریەكانما زۆر ووردە كاری وورد و شیرین و بەجێم لایە دەربارەی ئەم كەڵە پیاوە گەر خواوەند فرسەت بدا بە ووردی باسیان ئەكەم كە لە ژیانی فكری بیرەوەریما –دووان كەسی -نزیك لێم كاریان كردووەتە سەر نیگا وفكر ویادەوەریم یەكەمیان رەوان شاد دكتور مستەفا و دكتۆر كامل بصیر كە هەردووكیانم لە بەندیخانە ناسی و هەردووكیان بوونە دۆستی بەردەوام و هەریەكەو بە جدی سوود مەند بووم لێ یان كە هەردووك بۆم بەخشندە بوون ولەیادمان و لەیادەوەری و نووسینەكانما هەردووك جێگا و رێگای تایبەتیان هەیە وە لێرەوە سۆزی پر تاسیرم بۆ هاوسەری بەرگە گرتووی دكتۆر مستەفا و نەوەكانی و خزم و دۆست و برادەرانی كە ئەلیم پیویستە دكتۆر مستەفا زەلمی پەیكەری بۆ بكرێت و بە زێر لە سەری بنووسرێ "نمونەی كەڵەمێردی و مەردی زانست"
لەگەڵ رێزدا
رەئوف رەشید
هەولێر
14/جۆزەردان 2716
4/حوزیران 2016