کورد، ئەو قوربانییەی رەتیدەکاتەوە ببێتە جەلاد

 
لە چەند رۆژی رابردوودا، دیمەنە ئازاربەخشەکانی هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی وەک (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) لە حەلەب، دڵی هەموو کوردێکی لە هەر چوارپارچەی کوردستان و لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە هەژاند. ئەم هاوسۆزییە نیشانەی زیندوویی هەستی نەتەوایەتی و خەمخۆرییە بۆ هاونیشتمانی و هاوزمانەکانمان کە رووبەڕووی مەترسی قڕکردن و دەربەدەری بوونەتەوە. بەڵام لە پەراوێزی ئەم خەمە نەتەوایەتییەدا، دەنگگەلێکی مەترسیدار بیستران، کە داوای "تۆڵەسەندنەوە" لە عەرەبە سوورییەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە یان لەبەر زوڵمی دەسەڵاتدارانیان روویان لێرە کردووە، یان بەهۆی دۆخی خراپی ژیانیان هاتوون لێرە کار بکەن، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە نەک هەر خزمەت بە دۆزی کورد ناکات، بەڵکو گەورەترین گورزە لە رەوشت و مێژوو و ناسنامەی مرۆڤدۆستانەی گەلی کورد. باش بوو سەرۆک بارزانی، وەک بەرگریکار و پارێزەری ئەو بەها و ناسنامەیەی کورد لێیان هاتەدەنگ.
 
سزای بەکۆمەڵ، یەکێکە لە قێزەونترین و نادادپەروەرترین رەفتارەکانی مرۆڤ لە مێژوودا. کاتێک دەوڵەتێک، یان گرووپێکی چەکدار یان لایەنێکی سیاسی لە شوێنێک تاوانێک ئەنجام دەدەن، گواستنەوەی ئەو تاوانە بۆ سەر هەموو ئەو کەسانەی کە تەنیا لە رەچەڵەک یان زماندا لەگەڵ ئەوان هاوبەشن، پێشێلکردنی رەهای پرەنسیپە مرۆیی و ئەخلاقییەکانە. ئەو پەنابەرە عەرەبانەی لە کوردستانن، زۆربەیان لە دەستی هەمان ئەو ستەم و جەنگانە هەڵاتوون، کە ئێستا بەرۆکی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەبی گرتووە. ئەوان بێدەسەڵاتن و پەنایان هێناوەتە بەر "کۆمەڵگەی کوردی" وەک پەناگەیەکی ئارام. دەرکردن یان ئازاردانیان، نەک هەر دادپەروەری نییە، بەڵکو دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو ستەمەیە، کە کورد خۆی بەدرێژایی مێژوو پێوەی دەناڵێنێت. ئێمە قوربانییەکین، هەرگیز نابێت ببینە جەلاد.
 
مێژووی کورد پڕە لە ئازاری ئاوارەیی و راگواستنی زۆرەملێ. ئێمە گەلێکین کە ئازارمان بە دەست تەعریب و ئەنفال و جینۆساید چەشتووە. کاتێک ئێمە دژی ئەو سیاسەتانە بووین کە دەیویست ناسنامەمان بسڕێتەوە و لەسەر خاکەکەمان دەرمان بکات، چۆن دەکرێت ئەمڕۆ هەمان ئەو رەفتارانە بەرامبەر خەڵکێکی بێدەسەڵات دووبارە بکەینەوە؟ گەورەیی گەلی کورد لەوەدایە کە لە لووتکەی مەینەتیدا، باوەشی بۆ لێقەوماوان کردووەتەوە. ئەم خەسڵەتەی خەڵکی کوردستان بووەتە جێی پێزانینی هەموو جیهان، کە لەزاری سەرۆک و سەرکردە و سیاسەتوان و رێکخراوە خێرخوازی و کولتوورییەکان ئاماژەی پێکراوە.
 
مێژووی جیهان پڕە لەو پەڵە رەشانەی کە بەهۆی رق و تۆڵەوە دروست بوون. لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا، ئەمریکا هەزاران هاووڵاتیی ئەمریکی کە رەچەڵەکیان ژاپۆنی بوو دەستبەسەر کرد، تەنیا لەبەر ئەوەی ژاپۆن هێرشی کردبووە سەر پیرڵ هاربەر. ساڵانێکی زۆر دواتر، ئەمریکا بە فەرمی داوای لێبووردنی کرد و ئەو بڕیارەی وەک شەرمەزارییەک وەسف کرد، چونکە ئەو خەڵکە بێتاوان بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە سیاسەتی سەربازی ژاپۆنەوە نەبوو.
 
لە بەرامبەردا، نموونەی گەورەی وەک نێڵسۆن ماندێلامان هەیە. کاتێک ماندێلا لە زیندان هاتە دەرەوە و رژێمی ئەپارتاید کۆتایی هات، داوای دەرکردنی سپیپێستەکانی نەکرد، وێڕای ئەوەی ئەوان ساڵانێکی زۆر ستەمیان لێکردبوون. ماندێلا گوتی: ئازادبوون تەنیا شکاندنی کۆت و زنجیرەکان نییە، بەڵکو دەبێت بە شێوازێک بژیت رێز لە ئازادی ئەوانی دیکەش بگریت. ئەو دەیزانی تۆڵەسەندنەوە وڵات وێران دەکات، بەڵام لێبووردەیی نیشتمان دەسازێنێت. لەوەدا سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان هەمان رەفتاری کرد، لە راپەڕینی ساڵی 1991 کاتێک لێخۆشبوونی بۆ سەرۆک جاش و موستەشارەکانی بەعس دەرکرد و سەربازەکانی سوپای عێراقی بە سەلامەتی نێردرانەوە ناو شار و کەسوکاری خۆیان، کە سەرۆک بارزانی زۆر جار وەک رەفتاری مرۆڤدۆستانە و لێبووردەییانەی کورد بە شانازییەوە باسی کردوون و بەم بەیاننامەیەش دووپاتی لەم بیرکردنەوە و رەفتارە مەردانەییەی کورد کردەوە.
 
مارتن لۆسەر کینگ، رێبەری مافە مەدەنییەکان دەڵێت: "تاریکی ناتوانێت تاریکی دەربکات، تەنیا رووناکی دەتوانێت ئەوە بکات. رق ناتوانێت رق دەربکات، تەنیا خۆشەویستی دەتوانێت ئەوە بکات." ئەم گوتەیە دەبێت ببێتە سەرمەشقی ئێمە. ئەگەر گرووپە تووندڕەوەکان لە سووریا، یان دەسەڵاتدارانی سووریا بە رق و کینە مامەڵە دەکەن، وەڵامی ئێمە بە هەمان رق بەرامبەر هاووڵاتیانی ئەو دەوڵەتە، تەنیا بازنەی تووندوتیژییەکە گەورەتر دەکات.
 
مەولانا جەلالەدینی رۆمی دەڵێت : "لە میهرەبانی و بەخشندەییدا وەک خۆر بە."  خۆر کاتێک دەدرەوشێتەوە، ناپرسێت ئەم دارە چ جۆرە دارێکە، بەڵکو بە یەکسانی تیشکی خۆی پێ دەبەخشێت. مرۆڤایەتی کوردیش دەبێت بەم شێوەیە بێت؛ ناسنامەی ئێمە بە پاراستنی لێقەوماوانەوە جوانە، نەک بە ناردنیان بۆ ناو دەمی مەرگ.
 
ئێمە وەک کۆمەڵگەی کوردستان، دەبێت جیاکاری بکەین لە نێوان (تاوانبار) و (هاووڵاتی مەدەنی). ئەگەر کەسێک لە ناو هەرێمی کوردستان یاسای پێشێل کرد، یان بووە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش، دەبێت یاسا سزای بدات، بێ گوێدانە رەگەز و رەچەڵەک و ناسنامەی. بەڵام دەرکردنی خێزانێک، منداڵێک یان کرێکارێکی بێدەسەڵات تەنیا لەبەر ئەوەی عەرەبە، کارێکی نامرۆییە و خزمەت بەو ئەجێندایانە دەکات، کە دەیانەوێت کورد وەک نەتەوەیەکی تووندڕەو نیشانی جیهان بدەن.
 
گەورەیی گەلی کورد لەوەدایە کە لە ناو جەرگەی ئاگردا، هەمیشە بووەتە سێبەری فێنک بۆ ئەوانەی پەنایان بۆ هێناوە. با رێگە نەدەین سۆزی کاتی و دەنگی تووندڕەوەکان، ئەو مێژووە پڕ لە شکۆیەمان لێ تێکبدەن. با سۆزمان بۆ ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود بکەینە پاڵنەرێک بۆ گوشارخستنە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پشتگیریکردنی خوشک و براکانمان، نەک بیکەینە چەکێک بۆ ئازاردانی ئەو بێپەنایانەی کە لە شارەکانماندا دەژین. کەرامەتی کورد لە پاراستنی میوان و پەنابەردایە، نەک لە دەرکردنیان.