ئەوانەی ئازادن، ئازادیخوازن
دکتۆر ئەرکان مەنوچەر لە وتارێکیدا، بە ناوی (زمانی دووەم لە عێراق و كەنەدا) کە رۆژی 3-5-2020 لە ماڵپەڕی رووداو بەشی بیروڕا بڵاویکردووەتەوە، باس لە زمانی دووەم لە کەنەدا و عێراق دەکات. هەڵبەتە کەنەدا نموونەیێکی سەرکەوتووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ زمانی دووەم، دەکرێت ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت سیستەمی فیدراڵی پیادەبکەن، سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتە وەربگرن.
دکتۆر مەنوچەر بابەتێکی هەستیاری وروژاندووە، دەستخۆشی لێدەکەم، بەڵام لە پەرەگرافی نۆیەم لە وتارەکەیدا دەڵێت "لە هەموو بڵاوکراوە و راگەیاندن و دامەزراوەکانی فەرەنسا کە سەردانیان دەکەیت بە هەردوو زمانەکان خزمەتگوزارییەکان بەردەستن. رەنگە ناو هێنانی فەرەنسا هەڵەیێکی تەکنیکی بێت، من ساڵانێکە لە کەنەدا دەژیم، دەزانم مەبەستی کەنەدایە، فەرەنسا لە هزرم دەکەمە کەنەدا، بەڵام رەنگە ناڕوونییەک بۆ ئەو خوێنەرانە دروستبکات کە شارەزاییان لەسەر سیستەمی حوکم لە کەنەدا نەبێت، بۆیە حەزدەکەم هەندێک وردەکاریی دیکە لەسەر گرنگیی ئەو بابەتە پیشان بدەم.
لە کەنەدا سێ دەسەڵات هەیە؛ فیدراڵ، هەرێم و شارەوانی، بۆ شارەوانی و هەرێم نا، بەڵام ئەگەر کەسێک بیەوێت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ هەر لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دەرەوە، باڵیۆزخانەکان، وەزارەتی کۆچ، رەگەزنامە، خزمەتگوزاریی کەنەدا، وەزارەتی بەرگری، پاسەپۆرت، باجی سەر مووچە (تاکس) کاربکات، دەبێ لە تەک زمانی ئینگلیزی، فەرەنسییەکەیشی رەوان بێت، جگە لەوانەش هەتا ئەو فۆڕمانەی پەیوەندییان بە ئیشوکاری ئەو شوێنانەی لە سەرەوە ناوم هێنان هەیە، بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و فەرەنسین. لە پرسگەی ئەو دائیرانە بە (هەڵۆوی ئینگلیزی و بۆنگیۆ)ـی فەرەنسی پێشوازی لە خەڵک دەکرێت. لەکەنەدا، خەڵکەکە و حکومەت رێز لە فرە کولتووری و جیاوازییەکان دەگرن، نەک هەر زمانی نەتەوەی دووەم، بگرە ئەو کۆچبەر و پەناهەندانەی کە کەنەدا دەکەنەوە ماڵی نوێیان، لەبیرنەکراون، دەتوانن قوتابخانە بکەنەوە و منداڵەکانیان زمانی دایکیان بخوێنن.
"International heritage language" سەنتەرێکی گەورەیە لە هەرێمی ئەلبێرتا، کار لەگەڵ ئەو سەنتەر و ناوەندە ئەتنیکیانە دەکات کە کار لە بواری خوێندنی زمانی دایک دەکەن.
لە ساڵی 2001 ئەو کات سێ ساڵ بوو لە کەنەدا بووین، کە زانیم دەرفەتی ئەوە هەیە زمانی دایک بخوێندرێ (کۆمەڵەی دۆستایەتی کوردی - کەنەدیم دامەزراند و رەزامەندی کردنەوەی قوتابخانەی زمانی کوردیم لە شارەکەمان بۆ منداڵەکانی رەوەندی کوردی کە زمانیان لەژێر هەڕەشەی لەبیرچوونەوەیە کردەوە. کار و چالاکییە کولتوورییەکانی سەنتەرەکەمان لە هەرێمەکەمان لە 2001 خەڵاتی (رایز ئەوار)ـی بردەوە. سەرەتا کوردەکان بە گەرموگوڕییەکی بەرچاو منداڵەکانیان دەهێنا، بەڵام بەداخەوە دوای وردە وردە بە بیانوی نەبوونی کات، بۆ هێنان و بردنی منداڵەکانان، ساردبوونەوە. رۆژی واهەبوو دایک و باوکەکانیان منداڵەکانیان درەنگ دەهێنا، یان دەبووایە یەک دوو کاژێر دوای تەواوبوونی دەوام، چاوەڕان بم تا دێن منداڵەکانیان دەبەنەوە، من بەوە رازی بووم، بەڵام بەداخەوە وای لێهات بەتەواوی پاشەکشەیان کرد، ئەوەش بووەهۆی داخستنی قوتابخانەکە.
لەباڵەخانەێیک بووین، منداڵانی رەوەندی رۆمانی و سربیش لەوێندەر دەوامیان دەکرد، دایک و باوکەکان رۆژانە پێش دەوام منداڵەکانیان دەهێنان، پێش تەواوبوونی دەوام بەدوایاندا دەهاتن، ئێستا هەردوو زمان ئەندامن لە "International heritage language"
ساڵی 2011 زانکۆی ئەلبێرتا لە کەنەدا لێکۆڵینەوەکی مەیدانی لەسەر ئەو منداڵانە کرد کە دوو زمان دەزانن، ئێمەش لەو لێکۆڵینەوەیە بەشداربووین، لە ئەنجام دەرکەوت ئەو منداڵانەی دوو زمان دەزانن، توانای فێربوون و رستە دروستکردنیان زیاترە لەوانەی تەنیا یەک زمان دەزانن.
بەراوردەکە لەسەر کوردی عێراق و فەرەنسیەکانی کەنەدایە، لە دوو سیستەمی فیدراڵی، بۆیە دەبێت بزانین بۆ ئەو ئەزموونە لە کەنەدا سەرکەوتووە و لە عێراق نیوەچڵە؟ لەسەرەوە ئاماژەمان بەوەدا کەنەدا رێز لە فرە کولتووری دەگرێ، بەڵام خاڵێکی دیکە کە بە لای من زۆر گرنگە، ئەویش؛ شانازی کردنی کیوباکیەکانە بە زمانی دایکیان کە فەرەنسیە، لەو هەرێمە، ئەگەر بە ئینگلیزی قسە لەگەڵ کەسێک بکەیت، زمانی یەکەمی فەرەنسی بێت، یەکسەر بە فەرنسی وەڵامت دەداتەوە. بەڕای من ئەو هەڵوێستە ناچێتە خانەی رەگەزپەرستی، بەڵکو پەیامەکە تیایدا دەڵێن "فەرەنسی زمانی دووەمی فەرمی کەنەدایە، هەق وایە بیزانیت بەڕەی خۆتی پێ لە ئاوێ بپەڕێنیتەوە" بە هێزی کیوباکیەکان لە لایەک و دیموکراسیەتی کەنەدا، لەلایەکی دیکە وایکردووە ئەو ئەزموونە سەرکەوتوو بێت تائێستا زۆر لە سەرۆکوەزیرەکانی کەنەدا خەڵکی کیوباک بن.
بەڵام کورد وانییە، ئێستا دەیان هەزار ماڵی عەرەب لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانن، هەموومان دەزانین کورد بەوە ناسراوە کە رێزی بێگانە دەگرێت، بەڵام لە لایەکی دیکەوە وەک بڵێی زمانی عەرەبی وەک زمانی دەسەڵاتێکی داگیرکەر کاریگەریی دەروونی لەسەر مرۆڤی کورد بەجێهێشتبێت، کورد هەوڵدەدات خۆی فێری عەرەبی بکات. ئەگەر لە کۆڵانێک یەک ماڵی عەرەب هەبێت، هاوسێ کوردەکانی بە زمانی عەرەبی قسەی لەگەڵ دەکەن، هەندێک بەنگلادیشی و نیپاڵی دوای ئەوەی سێ چوار ساڵ لە کوردستان دەمێنەوە فێری زمانی کوردی دەبن، بەڵام عەرەبی وا هەیە 20 ساڵ لە کوردستانە لە وشەی "کاکە" کە لە زمانی ئارییەکان وشەکی زۆر پیرۆزە، مانای (زانای سەر عاردی) دێت، بەڵام ئەوان زۆرجار بۆ سوکایەتی پێکردن بەکاری دەهێنن.
بە بێوەرگرتنی رای کورد، لە پەیمانی سایکس-پیکۆ کوردستان و عێراق لکێندراوە، لەکاتی دامەزرانی دەوڵەتی عێراق، دەستوورەکەی لەسەر بنەمای فرەکولتووری یان فیدراڵی دانەنراوە، رژێمە یەک لەدوای یەکەکان لە وێرانکردن و داگیرکردنی کوردسان بەردەوام بوون. زۆرینەی عەرەب زمان و کولتووری کوردیان پێ هەرس ناکرێت، بڕوایان بە فرە کولتووری نییە، هەوڵ دەدەن کولتووری کوردی لەناو کولتووری خۆیاندا بتوێنەوە. ئەو سیاسەتەیشیان دەچێتە خانەی سڕینەوەی کولتوور. بە درێژای ساڵەکان ئەو سیاسەتە دووبارە بووەتەوە و وایکردووە تۆوی رق و سیاسەتی رەگەزپەرستی لەناو دەروونی زۆرینەی نەتەوەی داگیرکەر بچێنرێت. بەداخەوە، ئەو عەقڵیەتە دوای سەدامیش لای زۆربەیان ماوە، وەک دکتۆر ئەرکانیش ئاماژەی پێی داوە، زمانی کوردی هەر بۆ ناو لەسەر پاسەپۆرت و تابلۆی سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق نووسراوە، بەڵام لەراستیدا لە کەرکووک تێناپەڕێت، بۆ وەستان دژی ئەو سیاسەتە شۆڤێنییانەی بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لێپسراو و پەرلەمانتارە کوردەکان لە پەرلەمانی عێراق کەمتەرخەمن.
دروستبوونی دەوڵەتی کەنەدا جیاوازە لە 1-7-1867 کە پێی دەڵێن "رۆژی کەنەدا"، چەند هەرێمێک بە ئارەزوومەندانە، لەسەر بنەمای فیدراڵیزم یەکیان گرت و کەنەدایان پێکهێنا.
جگە لەو خاڵانەی لە سەرەوە باسم کردن، هەرچەندە عەرەبی عێراق باڵادەستن و بەهۆی عەرەب بوونیان ناچەوسێنرێنەوە، بەڵام بەداخەوە هێشتا تاک ناتوانێت راهێنان لەسەر ئازادییەکانی خۆی بکات. زۆرینەیان بەندی دەستی مەزهەب، رەگەزپەرستی، چەندەها کۆت و کۆمەڵایەتی، کولتوور و عەشائیرین. ئازادی ئافرەت، ئازادی رادەربڕن و مافی مرۆڤ لە عێراق نەدۆزراوەتەوە. ئەوەی بۆخۆی ئازاد نەبێت، ئازادی رەوای ئەوانی دیکە نابینێت. لەو دەمە قسەکی نێڵسۆن ماندێلام بیرکەوتەوە، دوای 29 ساڵ زیندانیی ژێر حوکمی ئەپارتایت، پێی دەڵێن؛ "تۆمان ئازاد کرد، دەتوانی بڕۆیت".
"ئێوە ئەو توانایەتان نییە، ئازادی بدەنە من"، ئەوە وەڵامی ماندێلا بوو.