بوومەلەرزە و پێوەرەكانی بیناسازی لە كوردستان
رۆژی 12ی نۆڤێمبەری 2017، كوردستان رووبەڕووی یەكێك لە ترسناكترین و زیانبارترین دیاردە سروشتییەكان بووەوە كە ئەویش بومەلەرزەیەكی بەهێز بوو. بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی جیۆلۆجی ئەمریكا، سەنتەری بومەلەرزەكە بە قووڵایی 19 كیلۆمەتر لە 30 كیلۆمەتریی باشووری هەڵەبجە بووە.
بەپێی قسەكانی دكتۆر نزار نەعمان كە پرۆفیسۆرێكی دیاری جیۆلۆجیا و راگری گشتیی زانینگەی ئەمریكیی كوردستانە لە دهۆك، دوایین جار كە بومەلەرزەیەكی لەو شێوەیە كوردستانی گرتبێتەوە 100 ساڵ پێش ئێستا بووە. هەرچەندە بومەلەرزەكە لە هەرێمی كوردستان بە پلەی رێختەری 3.7 بوو، كەچی لە تەواوی كوردستان كەمتر هەستی پێكرا بە بەراورد بەوەی لە پارێزگای كرماشان روویدا، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە پارێزگای كرماشان لەسەر پشتینەی سووری بومەلەرزەیە و زیانێكی زۆری بە ناوەندی ناوچەی بومەلەرزەكە گەیاند.
هەرچەندە حكومەتی ئێران یاسای توندی هەیە لەبواری بیناسازی، كەچی زۆربەی خانووەكانی ناوچەی بومەلەرزەكە نەیانتوانی خۆیان رابگرن و بەشێكی زۆری ئەو بینایانە ڕووخان و زیانێكی زۆری گیانی و ماددی لێكەوتەوە. بەڵام زیانێكی كەمتری بە هەرێمی كوردستان گەیاند. لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە، ئاخۆ بینا و باڵەخانەكانی كوردستان هەروا بەهێز و خۆڕاگر و بێ زیان دەمانەوە ئەگەر بهاتبا رووبەڕووی بومەلەرزەیەكی هاوشێوەی كرماشان ببانەوە؟
ئەگەر خوێندنەوەیەكی سەرپێیی بۆ بینا و باڵەخانەكانی هەرێمی كوردستان بكەین، دەبینین كە بەشێكی زۆری بیناكان ناتوانن خۆیان لەبەردەم بوومەلەرزەیەكی وەها بەهێز رابگرن. خانووە بچووكەكان و ڤێلاكانی هەرێمی كوردستان خاڵێكی بەهێزی بەستنەوەیان لە نێوان هەیكەلی سەرەكی و بناغەكەیدا نییە. هەربۆیە هەموو فشارەكان دەكەونە سەر دیوارە راگرەكان كە تەنیا دەتوانن لەئاست هێزی كێشكردنی زەوی خۆیان رابگرن. لەلایەكی ترەوە، سەقفی بیناكان بەتەواوی لەسەر ئەم دیوارانە راگیركراون و رووبەرێكی بچووكی بەریەككەوتنی هەیە تا بەرگەی لێدانە ئاسۆییەكان بگرێت. بۆیە دەشێ ڕوودانی هەر لێدانێكی ئاسۆیی وەك بومەلەرزە یاخود ڕەشەبایەكی بەهێز و توند ببێتە هۆی بەركەوتنی زیانێكی زۆر بەو بینایانە، تەنانەت تا ئەوەی ببێتە هۆی داڕووخانی بیناكان. بەپشتبەستن بە ئەزموونی كەسیی خۆم، هەندێك لە خاوەن خانوو و ڤێلاكانی كەرتی تایبەت پشتیان بە بیناكردنی باڵەخانە بەستووە كە پێكهاتەیەكی دژە زەمین لەرزەی هەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێك لە باڵەخانە بەرزەكانی كوردستان بەشێوەیەك بیناكراون كە نەك تەنیا بەرگەی بومەلەرزە دەگرن، بەڵكو بەرگەی ڕەشەبایەكی توند و بەهێزیش دەگرن.
وڵاتە رۆژئاواییە پێشكەوتووەكان لەڕێگای ڕێساكانی بیناكردنەوە كارێكیان كردووە كە ئەندازیارەكان خوێندنەوەی تەواو بكەن و سەرجەم پێداویستییەكانی بیناكردن دابین بكەن كە بتوانێت بەرگەی بومەلەرزە بگرێت. بەپێی هەڵكەوتەی جوگرافیی باڵەخانەكان لە ناوچەكانی بومەلەرزە، ڕێساكانی بیناكردن توندتر دەبن. ئەم جۆرە دیزاینە دواجار وا دەخوازێت كە پشت بە بەكارهێنانی چوارچێوەی هەیكەلی ببەستێت كە بریتیە لە بنمیچی ئاسۆیی بەهێز و دیوار، هاوشان لەگەڵ دینگەی ستوونی و راگری توند بۆ بیناكە.
رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵانی هەشتاكاندا یاساكانی بیانكردنی داڕشتووە كە تێیاندا ئەندازیاری بیناكانی ناچار كردووە 1%ی كێشی بیناكە بەكاربهێنرێت تاكو تەمسیلی هێزی ئاسۆیی بۆ بیناكان بكەن. هەروەها، حكومەت هەستا بە درووستكردنی پێوەرەكانی بەرگریی دژی بومەلەرزە. سەرەڕای رێكارەكانی بیناكردن لەسەرتاپای جیهان كە بەردەوام لەرێگای توێژینەوە و لێكۆلینەوەی زانستیەوە نوێكاریی تێدا دەكرێت، كەچی لە عێراق چەند رێكارێكی باوی دوور لە گۆڕانكاری هەن كە لەلایەن ئەندازیارانی بیناكردنەوە پێڕەو دەكرێن. كوردستان وەكو هەرێمێك تا ئێستا هیچ پێوەر و بنەمایەكی بیناكردنی دانەڕشتووە تاوەكو ئەندازیارەكانی بیانكردن پشتی پێ ببەستن.
بومەلەرزەكەی ئەمجارە بووە هۆی بەئاگاهاتنەوە لەوەی كە پێویستە چاوێك بە دیزاین و ڕێگاكانی بیناكردن و پێوەرەكانیدا بخشێندرێتەوە. بەهۆی كەموكووڕییەكانی بیناكردن و لاوازیی بیناكان، دەشێ زۆرێك لە بیناكانی هەرێمی كوردستان تووشی داڕمان بێن گەر بومەلەرزەیەكی بەهێز رووبدات. هیچ رێسایەكی بیناكردن نییە كە وا بخوازێت دیزاینكردن و بیناكردنی باڵەخانە و بناغەكان بەگوێرەی بنەما و پێوەرەكانی بیناكردن بێت. زۆرێك لە دیزاینكاران لەئەنجامی نەبوونی بنەما و ڕێساكانی بیناكردن لە كوردستان، ناچار پشت بە بەكارهێنانی بنەما و ڕێسای نێودەوڵەتی دەبەستن. جا ئەم بنەما و ڕێسا نێودەوڵەتیانە ڕەچاوی بارودۆخی ژینگەی هەرێمی كوردستان ناكەن. هەربۆیە حكومەت، بە پەرلەمانیشەوە دەبێت دەستبكەن بە داڕشتن و پەسەندكردنی كۆمەڵە بنەما و رێسایەكی بیناكردن لە هەرێمی كوردستان كە نەك تەنیا باڵەخانە و بیناكردن لە بومەلەرزە بپارێزێت، بەڵكو لەسەرجەم كارەساتە سروشتیەكانی تریش كە رەنگە كوردستان رووبەڕووی ببێتەوە.
حكومەت دەبێت پشتگیری لە دامەزراندانی سەنتەرێك بكات تایبەت بێت بە كۆكردنەوەی داتا و زانیاری و توێژینەوە لەسەر چالاكیەكانی بومەلەرزە لە هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ. بەهاوكاری لەگەڵ دەزگای گشتی و تایبەتییەكان، وەزارەتی پلاندانان دەبێت ژمارەیەكی بەرچاو لێژنە و كۆمیتە دابمەزرێنی كە پێكهاتبێت لە پسپۆڕ و شارەزا و پیشەگەر كە توانای ئاگاداركردنەوە و گەشەپێدانی ژمارەیەك كۆدی پراكتیكی جیاوازیان هەبێت بۆ هەرێمی كوردستان. ئەم لێژنە و كۆمیتانەش دەبێت بە بەردەوام گرنگی بدەن بە توێژینەوە و چالاكییەكان لەسەر بەشە جیاكانی ئەندازیاریی پەیوەست بە بیناكردن بۆ ئەوەی كۆدە پراكتیكیەكان بە بەردەوامی نوێ بكرێنەوە لەگەڵ زانستی سەردەمدا. ئەمانەش لە ڕێگای دەرئەنجامەكانی شیكاری داتا تۆماركراوەكاندا دەبێت لە سەنتەری پەیوەندیدار بە بومەلەرزە.
كاتێك ئەم كۆدە پراكتیكیانە گەشەیان پێدرا، پێویستە حكومەت پێداگری لەسەر ئەم كۆدانە بكات لە بەكارهێنانیان لە بنیاتنان و دروستكردنی خانووبەرە و باڵەخانەكان لە هەرێمی كوردسستان. هەروەها كارمەندی شارەزا و مەشقپێكراو پێویستە بۆئەوەی بە وردی چاودێریی ئەم خانووبەرە و باڵەخانانە بكەن لە كاتی دروستكردنیاندا، ئەمانە خانووبەرەی تایبەت و ڤێلاكانیش دەگرێتەوە. خانووبەرە و باڵاخانەكانیش پێویستیان بە ڕەزامەندی هەیە لەلایەن لێژنە و كۆمیتەی شارەزای تایبەت بە بواری دروستكردنی خانووبەرە و باڵاخانەكان كە تێیاندا ڕەچاوی هەموو كۆدەكانی تایبەت بە پاراستنی خانووبەرە و باڵاخانەكان دەكەن لە ئەگەری هەر بومەلەرزەیەكدا.
زۆر ئەستەمە بتوانرێ چاودێریی وردی خانووبەرە و باڵاخانەكان بكرێت بەبێ یاسای تایبەت بە بیناكردن.
ئەم بوومەلەرزەیە دەبێت ببێتە هۆی پێداچوونەوە بە شێوازی دیزاین و بیناكردنی خانووبەرە و باڵاخانەكان، هەرچەندە ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە كەمێك قورسە، بەڵام ئەمە دەرفەتێكی زێڕینە بۆ حكومەت و دەبێت هەوڵ بدات خۆی نزیك بكاتەوە و پەیوەندی بكات بە دەزگا ئەكادیمییەكان بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە گرنگە. ناوەندە ئەكادیمیەكانیش هەموو كات بە سینگی فراوانەوە بەپیر داواكاریی حكومەتەوە هاتوون و ئەگەر پشتگیری هەبێت، پسپۆڕەكان دەتوانن خزمەتی گرنگ پێشكەش بكەن.
*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و سكرتێری دەستەی ئەمینداران لە زانینگەی ئەمریكی لە كوردستان- دهۆك