كەی كابینەی نوێ پێكدەهێنرێت؟
یەكێتی بۆ بەشداری لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت و دوو وەزارەتی سیادی و كۆمەڵێك وەزارەتی دیكەش دەكات، زۆر كەس دەڵێن دیارە یەكێتی لەبیری چووە كە ئێستا هێزی سێیەمە و تەنیا 18 كورسی پەرلەمانی هێناوە! بەڵام بە بڕوای من یەكێتی لەبیری نەچووە، بەڵكو لە گۆشەیەكی دیكەوە لەو بابەتە دەڕوانێت، لەبەرئەوەی:
یەكەم: یەكێتی ئەگەرچی تەنها 18 كورسی هێناوە، بەڵام دەیان هەزار پێشمەرگە و ئاسایش و دژە تیرۆری هەیە و ئەوەش بۆخۆی زۆر لە هاوكێشەكە دەگۆڕێت.
دووەم: ئێستا یەكێتی بە هەموو هێزێكی خۆیەوە لە هەوڵی ئەوەدایە كە پێكهێنانی حكومەت دوابخات و هەوڵدەدات بیخاتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، واتا دوای چوار مانگی دیكە، لەبەرئەوەی قەناعەتێكیان لا دروستبووە كە دەنگی ناوچەكانی كەركووك و دووز و خانەقین لە بەرژەوەندی یەكێتی یەكلا دەبێتەوە و بەوجۆرەش یەكێتی دووبارە دەبێتەوە بە هێزی دووەم، هەروەك هەڵبژاردنی ساڵی 2010 كە یەكێتی لە هەرسێ پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆك تەنها 397 هەزار دەنگی هێنا و گۆڕانیش نزیكەی 425 هەزار دەنگ، ئەوكاتیش لەسەر ئاستی ئەو سێ شارە یەكێتی هێزی سێیەم بوو، بەڵام بە دەنگی ناوچە دابڕێندراوەكان ئەو رێژەیە زۆر بەرزبووەوە و گەیشتە 645 هەزار دەنگ، واتە نزیكەی 60% بەرزبووەوە. كەچی لەو ناوچانەدا گۆڕان تەنها 50 هەزار دەنگی زیاد كرد و دەنگەكانی گەیشتە 485 هەزار، بێگومان ئەوەش هۆكاری خۆی هەبوو، بەڵام بە بڕوای من لە كاتی ئێستاشدا ئەو هۆكارانە هەروەك خۆیان ماون. لەو بارەشدا یەكێتی دەبێتەوە بە هێزی دووەم و دەتوانێت گەمەكە لەو فۆرمەی ئێستایدا بگۆڕێتەوە بۆ فۆرمی پێش هەڵبژاردنی ئەیلولی 2013.
لەو هاوكێشەیەشدا دۆڕاوی یەكەم بزووتنەوەی گۆڕانە، لەبەرئەوەی پارتی لە باری ئێستادا هیچ كێشەیەكی نییە و ئەو بارەش چەندە درێژە بكێشی هیچ بارگرانییەكی ناخاتە سەر و بگرە رەنگە لە بەرژەوەندیشی بێت، چونكە دەیەوێ ململانێی بەشداریكردن لە حكومەت لە نێوان گۆڕان و یەكێتی قووڵتر بكاتەوە، ئەوەش رێك لە لێدوانەكەی چەند رۆژی رابردووی پارتی رەنگیدایەوە كە تۆپەكەی خستە گۆڕەپانی یەكێتی و گۆڕان و گوتی دەبێت یەكێتی و گۆڕان پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت لە نێوان خۆیان یەكلایی بكەنەوە. ئا لێرەدا توانای سیاسی پارتی دەردەكەوێت كاتێك لەسەروبەندی دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا، پارتی لە مەوقیفێكی زۆر دژواردا بوو و هەستی دەكرد بە تەنیا ماوەتەوە، بە تایبەتی دوای لێدوانەكەی مەلا بەختیار بۆ رۆژنامەی (الشرق الأوسط) كە گوتی گۆڕان داوای لە یەكێتی كردووە بەیەكەوە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن حكومەت دروست بكەن و پارتی بخەنە دەرەوەی حكومەت. بەوپێیەش پارتی نەیدەزانی چۆن بە كەمترین تەنازول و بەو رێژە كورسیەی خۆی بتوانێ حكومەت تەشكیل بكات، بەڵام توانی بە چەشنێكی وا هاوكێشەكە لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت كە ئێستا دیارە.
رەنگە بۆچوونێكیش هەبێت پێیوابێت ناكرێت پێكهێنانی حكومەت تا ئەو بەروارە دوابخرێ، بەڵام ئێستا ئەوە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە، كەچی وتووێژەكان هێشتا لەسەرەتادان و تا ئێستا حیزبەكان و بەتایبەتیش ئیسلامییەكان لەناوخۆیان یەكلانەبوونەتەوە كە ئایا بەشداریی دەكەن لە حكومەت یان نا. دواتر بەگوێرەی چ پرەنسپێك پۆستەكان دابەش دەكرێن، ئایا خاڵبەندی دەكرێتە پێوەر یان پێوەری دی. بە مەرجێكیش ئەگەر كەس مەبەستی دواخستنی پڕۆسەكەی نەبێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر مەرامێك بۆ دواخستنی هەبێت ئەوە دەكرێ كەشوهەوایەكی سیاسی وا بخولقێنرێ كە نەك چوار مانگی دی، بگرە زۆر لەوە زیاتریش درێژە بكێشێ. بە كورتییەكەی بەرواری پێكهاتنەكە رۆشن نییە و بەوجۆرەش هەموو ئەگەرەكان كراوە دەبن.