مەلاش غەڵەت دەكات، غەڵەتی گەورەش
بەگوێرەی هەموو عورفەكان، نابێت خەڵكی لە خۆیانەوە قسە بكەن. لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەوپایەی ئەكادیمی و كۆمەڵایەتیشدا، ئەم چاوەڕوانییە لە كەسی خاوەن پایە زیاتر دەبێت. بۆ نموونە مەلاكان نابێت بێ بنەما قسە بكەن، لەوەش زیاتر كەسێك كە پێشگری ‘‘د بخاتە پێش ناوەكەی بەهیچ جۆرێك ناكرێت قسەی بێ سەروبەر بكات.
ئەم نووسینە تایبەتە بە شیكردنەوەی وەڵامی یەكێك لەو پرسیارانەی كە (رووداو) لە چاوپێكەوتنێكدا لە مەلا ئەحمەد عەبدولوەهاب پێنجوێنی كردووە ‘‘تۆ ئەوە چۆن لێكدەدەیتەوە كە جیهانی ئیسلامی پڕە لە شەڕ و كاولكاری، كەچی رۆژئاوا و ئەو جیهانەی زۆرینەیان مەسیحین، ئارام و ئاسوودەو پێشكەوتوون؟
ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت ‘‘ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆكار، یەكەمیان ئەوەیە ئێمە لامانداوە لە شەریعەتی ئیسلام و ئاینی ئیسلام فەرمانڕەوا نییە لەبواری تاكەكەس و ئابووری و فەرمانڕەوایی دەروونی و كۆمەڵایەتیدا. ئەوەی ئێستا هەیە تەنیا رواڵەت و توێكڵ و رەسمەكەیەتی و خەڵكێكی نا ئەهل و ناحەز دەیبەن بەڕێوەو نان و پیازی پێوەدەخۆن. ئەوەی كە رۆژئاواش پێشكەوتوون هی ئەوەیە كە لە مەسیحیەت و خواستی پاپا و كەنیسە لایانداوە. واتە دواكەوتوویی ئێمە پەیوەندی بە دوورییەوە لە دین و هۆكاری پێشكەوتنی رۆژئاواش دووركەوتنەوەیە لە مەسیحییەت كە دینی خەڵكە نەك دینی خودا و وەلاوەنانی پڕوپووچیی كەنیسە و پیاوانی ئاینی و رۆیشتنە لەسەر رێبازێكی زانستی كە ناویان ناوە عەلمانیەت.
هەڵە مێژووییە چەواشەكارەكانی ئەم وەڵامە
‘‘ئێمە لامانداوە لە شەریعەتی ئیسلام: ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی كەمتر لە سەدەیەك لەمەوبەر كۆتایی هات. ئەگەر دواكەوتوویی جیهانی ئیسلام بگەڕێتەوە بۆ لادان لە شەریعەت، كەواتە دەبوو مێژووی ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی بەر لە كۆتاییەكەی پڕیبووایە لە پێشكەوتن و گەشە. بەڵام هەموو سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە ئیمپراتۆریەتە نەخۆشەكە ناسرابوو. هیچ گەشەیەكی زانستی و ئابووری و مەعریفی لەسایەی ئەو ئیمپراتۆریەتەدا نەبینراوە.
ئەم مەلایە پێشگری ‘‘د بەكاردەهێنێت. كەسێك كە بەخۆی گوت دكتۆر نەك پێویستە لە مێژووی بابەتەكەی تەواو شارەزابێت و هەڵەی بەرچاو نەكات، بەڵكو ناشبێت لەخۆیەوە قسە فڕێبدات. هیچ بەڵگەیەكی مێژوویی لە ئارادا نییە بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو چەوتباوەڕییە.
لە بەشی دووەمی ئەو رستەیەدا ئەم قسە پڕ مەترسییە دەكات ‘‘ئەوەی كە ئێستا هەیە تەنیا رواڵەت و توێكڵ و رەسمەكەیەتی و خەڵكێكی نا ئەهل و ناحەز دەیبەن بەڕێوەو نان و پیازی پێوەدەخۆن. ‹ئەوەی كە ئێستا هەیە› دەگەڕێتەوە بۆ شەریعەتی ئیسلام و ئاینی ئیسلام. ئەم پیاوە پێماندەڵێت ئەو شەریعەت و ئاینی ئیسلامەی هەیە ‘‘تەنیا رواڵەت و توێكڵ و رەسمەكەیەتی واتە شتێك نییە بەناوی شەریعەتی ئیسلام و ئاینی ئیسلام. ئەم نەهیكردنە رەهایە لە كوێوە هاتووە؟ ئەم پیاوە لەسەر چ بنەمایەك هەموو ئیسلام لەم سەردەمەدا كە نزیكەی 1.6 ملیار خەڵك لە دنیادا پێڕەوی دەكەن بە رواڵەت و توێكڵ و رەسم دەزانێت؟
لەوەش سەیرتر ئەم پیاوە دەڵێت ‘‘خەڵكێكی نا ئەهل و ناحەز دەیبەن بەڕێوە و نان و پیازی پێوەدەخۆن. ئەگەر هەموو ئەوانەی ئێستا ئیسلام بەڕێوەدەبەن نائەهل و ناحەزن و نان و پیازی پێوەدەخۆن، خۆشی یەكێكە لەوانە، كەواتە خۆشی نان و پیاز بە ئاینی ئیسلامەوە دەخوات. ئەم قسەیە یان دانپێدانانێكی شێلگیرانەیە یاخود سەرلێشێواویی لۆژیكییە. ئەوێكیش كە گوایە دكتۆرای هەیە، پێویستە هەر هیچ نەبێت لۆژیكی خوێندبێت. لە هەردوو بارەكەدا پێویستە ئەم مەلایە لە وتارخوێندن و بەكارهێنانی ناسنامەی ئاینی بوەستێت.
لە بەشی دووەمی وەڵامەكەیدا مەلا باسی پێشكەوتنی ئەوروپا دەكات و هۆكارەكەی دەگەڕێنێتەوە بۆ دووركەوتنەوە لە كەنیسە و پاپا.
لەهەمان كاتدا هەستدەكات كە ئەمە ناكۆكییەكی لۆژیكییە. ناكرێت هەمان كردە دوو ئەنجامی دژیەكی هەبێت (دواكەوتن و پێشكەوتن). لەبەر ئەوە هەوڵدەدات ئەم ناكۆكییە پینەبكات، بەڵام بە جۆرێك لە نیفاق و تەنانەت نزیكبوونەوە لە لادان لە ئاینی ئیسلام. ئەو مەلایە دەڵێت ‘‘مەسیحییەت دینی خەڵكە نەك خودا.
یەكەم: مەسیحییەكانی دنیا 2.2 ملیار كەسن. لەوانە تەنیا 1.2 ملیاریان كاسۆلیكی رۆمانن (واتە شوێنكەوتووی پاپای ڤاتیكانن). لەو ژمارەیەش نزیكەی 41.3% یان لە ئەمەریكای لاتین دەژین. تەنها 23.7%ی كاسۆلیكە رۆمانەكان لە ئەوروپا دەژین. ئەوانی دیكە 15.2% لە ئەفریقا، 11.7% لە ئاسیا، 7.3% لە ئەمەریكای باكوور، 0.8% لە دوورگەكانی زەریای هێمن دەژین. مەسیحییەت یەكسان نییە بە ئاینی كاسۆلیكی رۆمانی، واتە هەموو مەسیحییەكان شوێنكەوتووی پاپا نین.
دووەم: مەسیحییەكان ئەهلی كیتابن. نابێت كەسی ئاینی چەواشەكاری لەو جۆرە بكات و بە ئەهلی كیتاب بڵێت ‘‘دینی خەڵك. بەگوێرەی كەلتوری ئیسلام قسەی لەم جۆرە ناحەزە و لادانە لە ئایین. لە قورئاندا مەسیحیەت ئاینی خودایە و مەسیحییەكان ئەهلی كیتابن، كەواتە مەلا ئەحمەد لەگەڵ قورئان ناكۆكە.
سێیەم: كاسۆلیكە رۆمانەكان كە شوێنكەوتووی پاپان هەموویان لە ئەوروپا نین و هەموو ئەو ناوچانەی دیكەی كە ئاینی كاسۆلیكییان هەیە دواكەوتوون (بە بەراورد بە جیهانی گەشەكردوو). ئایا هۆكاری دواكەوتوویی ئەوان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
ئەم مەلایە دكتۆرای لە زانكۆی سەینت كلیمنیتس وەرگرتووە كە یەكێكە لە بەدناوترین دامەزراوەكانی دنیا و بە ‘‘ئاشی بڕوانامە بەدناوە. هەرچەندە دكتۆراكەی مەلا دانپێدانراو نییە لە عێراق و زۆر شوێنی دیكە (واتە لەڕووی ئەمانەتەوە نابێت بەخۆی بڵێت دكتۆر)، بەڵام خۆ هەر دەبوو سوودێكی لە كۆرسەكانی خوێندنی مێژوو و لۆژیك وەربگرتایە.