جوگرافیای ئاگر و رێڕەوەکانی رزگاری
لە کاتێکدا جیهان بەرەو قۆناخی کۆتاییهاتنی جوگرافیای چەقبەستوو هەنگاو دەنێت، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خۆی لە ناوجەرگەی گۆڕانکارییەکی مەزندا دەبینێتەوە، کە من پێی دەڵێم "شکستی دەوڵەتی رێگر،" ئەو دەوڵەتانەی مۆنۆپۆلیی دەریچە ستراتیژییەکانی ئابووریی جیهانیان کردبوو. ئێمە چیدی لە سەردەمی دەوڵەتە داخراوەکاندا ناژین، بەڵکو چووینەتە ناو قۆناخی جیۆپۆلەتیکی پەیوەستبوونەوە. لەم جیهانە نوێیەدا، هێزی دەوڵەت و مانەوەی شوناسەکان بەندە بەوەی تاوەکو چەند لە ناو تۆڕی بازرگانی و وزەدا دەبنە ئەڵقەی پەیوەستی جیهانی. ئەوەی ئێستا لە هەولێرەوە تاوەکو حەیفا و لە بابولمەندەبەوە تاوەکو ئۆکراینا دەگوزەرێت، ململانێی دابڕاو نین، بەڵکو هەموویان لە چوارچێوەی یەک نەبەردی گەورەدان کە زاراوە زانستییەکەی بریتییە لە جەنگی رێڕەوەکان.
بنیامین نەتەنیاهوو کاتێک باس لە گۆڕینی ئیسرائیل بۆ هێزێکی جیهانی دەکات، مەبەستی کۆتاییهاتنی مۆدێلی "قەڵای سەربازی" و سەرهەڵدانی مۆدێلی "ناوەندی لۆجستی"یە. پڕۆژەی هیند - رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەورووپا، تەنها رێگەیەکی گواستنەوە نییە، بەڵکو دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نوێیە لەڕێگەی خاوەندارێتی و هابەشیی داراییەوە. فرۆشتنی مافی بەڕێوەبردنی بەندەری حەیفا بە کۆمپانیای ئادانیی هیندی بە بڕی 1.2 ملیار دۆلار، ستراتیژیی "قەڵخانی ئابووری"یە؛ چونکە کاتێک هیندستان دەبێتە شەریک لە ژێرخانی ئیسرائیل دا، ئیدی لێدان لە حەیفا تەنها کێشەی ئیسرائیل نییە، بەڵکو لێدانە لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی یەکێک لە گەورەترین هێزەکانی ئاسیا. ئەم مۆدێلە وەک قەتبڕێک رۆڵی هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو مەترسییانەی کە لە هورمزەوە تاوەکو دەریای سوور لەلایەن گرووپە وەکیلەکانی ئێرانەوە دروست دەکرێن. لێرەدا قوبرس وەکو وێستگەی گۆڕین دەردەکەوێت، کە چیدی نەک رێگر نییە، بەڵکو لەڕێگەی پڕۆژەی هاوبەشی گەورەی دەریاییەوە دەبێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی کارەبا، گاز و داتای ئاسیا بۆ ناو قووڵایی یەکێتیی ئەورووپا.
لە بەرامبەر ئەم نەخشە نوێیەدا، تاران لە ناو قەیرانێکی قووڵی پرسی جێگیرکردنی جێنشین و دابڕانی جوگرافیایی سیاسیدایە. دەرکەوتنی موجتەبا خامنەیی و جووڵە ئەمنییەکانی، ئاماژەیە بۆ قۆناخی گواستنەوەی دەسەڵات؛ ئەو پێویستی بەوەیە لەڕێگەی گرووپەکانی "موقاوەمە"وە بیسەلمێنێت کە ئاسایشی رێڕەوەکان تەنها لەژێر دەستی ئێراندایە. ستراتیژیی ئێران لەم کاتەدا بریتییە لە چوون بەرەو پێشەوە و دروستکردنی ئیفلیجیی بازرگانی لەڕێگەی خنکاندنی دووانە لە هورمز و بابولمەندەب، بەڵام کاتێک جیهان رێگەی وشکانیی جێگرەوە دەدۆزێتەوە، تاران پەنا دەباتە بەر جەنگ و سیاسەتی زەویی سووتاو بەرامبەر ئەو ناوچانەی دەبنە بەشێک لەم نەخشە نوێیە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان روودەدات، لەژێر ئەم تێڕوانینەدا مانای راستەقینەی خۆی وەردەگرێت. ئاراستەکردنی 17 درۆن بۆ سەر هەولێر لە 24 کاژێردا و کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 5 سەربازی دیکەی فەرەنسا لە ناوچەی مەخموور، مەغزایەک روون دەکاتەوە کە "تۆڵەی جوگرافی"یە. فەرەنسا وەکو چەتری نێودەوڵەتی لە کوردستان مانا دەبەخشێت؛ لێدان لێیان پەیامێکی راستەوخۆیە بۆ پاریس و ئەورووپا کە "کوردستان ناوچەی جەنگە، نەک شوێنی وەبەرهێنان." ئێران دەیەوێت بیسەلمێنێت کە ئەگەر رێڕەوی هیندستان ئارام بێت، ئەوا رێڕەوی باکوور کە کوردستان و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێت، هەرگیز ئارام نابێت. لێدان لە حەشدی شەعبی لە کەرکووک و مووسڵیش هەوڵێکە بۆ بڕینی دەمارە دارایی و لۆجستییەکانی سوپای پاسداران لە ناو خاکی عێراق، کە حەشد لێرەدا لەنێوان دوو بەرداشدا دەهاڕدرێت.
بۆئەوەی قووڵ سەیری داهاتوو بکەین، نابێت تەنها لە ئاستی بازرگانیی کلاسیکدا بوەستین. ئەم جەنگە سێ رەهەندی نوێی هەیە کە رۆژەڤ دەگۆڕن، لەمانەیش سیاسەتی ئاوە، کە تێیدا ئیسرائیل دەیەوێت ببێتە "سەرچاوەی ئاوی شیرینکراو" بۆ ناوچەکە و کارتی تینوێتیی سەدەی داهاتوو بگرێتە دەست. دووەمیان رێگەی ئاوریشمی دیجیتاڵییە؛ کێبڵە فایبەرە ئۆپتیکەکانی ناو ئەم رێڕەوانە داهاتووی سەروەریی داتا دیاری دەکەن. هەر وڵاتێک تێیدا بەشدار بێت، دەبێتە خاوەنی سێرڤەری زانیارییەکانی جیهان. سێیەمیان کۆتاییهاتنی چەمکی "ناوچەی قۆرخکراو" و سەرهەڵدانی مۆدێلی دەوڵەتی هابەشە؛ وڵاتێک کە نەبێتە ئەڵقە و تەونێک لە ناو تۆڕەکەدا، لە مێژوودا لاتەریک دەبێت.
لە ئەنجامدا، ئەوەی لە هەولێر دەگوزەرێت هەوڵێکە بۆ "کوشتنی ئومێد." ئێران دەیەوێت بیسەلمێنێت کە هیچ مۆدێلێکی سەرکەوتووی کراوە (وەک هەولێر) لە دەرەوەی بازنەی ئەو ئارام نابێت. بەڵام راستییە جوگرافییەکە ئەوەیە کە کوردستان چیدی "بۆشایی" نییە، بەڵکو جومگەیەکی جیۆپۆلەتیکییە کە جیهانی نوێ ناتوانێت دەستبەرداری ببێت. جەنگی رێڕەوەکان، جەنگێکە تێیدا "پەیوەندی" بەسەر "مووشەک"دا سەردەکەوێت، و کوردستان لەم نەخشەیەدا یان دەبێت ببێتە پارێزەری پردەکان، یان رووبەڕووی ئەو ئاگرە ببێتەوە کە دەیەوێت شوناسەکەی بکوژێت. ئەمە ئەو فکرە نوێیەیە کە دەبێت لەسەر شاشەکان بوێرانە بگوترێت: "ئێمە لە سەردەمی جەنگی شوناسەکانداین لەڕێگەی جوگرافیاوە."