گرنگی دیپلۆماسیی کولتووری لە گۆڕینی کارەساتی ئەنفال بۆ شوناسێکی گەردوونی
لە فەلسەفەی سیاسی و مێژووی چەوسانەوەی گەلاندا، جینۆساید تەنها وەک کردەیەکی بایۆلۆژی بۆ سڕینەوەی جەستەیی کۆمەڵە مرۆڤێک پێناسە ناکرێت، بەڵکو وەک هەوڵێکی سیستماتیک و داڕێژراو دەبینرێت بۆ کولتوورکوژی و لەناوبردنی رەهەندە مێژوویی و سیمانتیکییەکانی نەتەوەیەک. کاتێک رافایێل لێمکین لە چلەکانی سەدەی رابردوودا بۆ یەکەمجار ئەم چەمکەی داهێنا، مەبەستی تەنها کوشتارگەکان نەبوو، بەڵکو ئاماژەدان بوو بە لەناوبردنی ئەو بنەما کولتووری و کۆمەڵایەتییانەی کە گەلێک لە گەلێکی دیکە جیا دەکەنەوە. بۆ نەتەوەی کورد، کە مێژووەکەی لە سەدەی بیستەمدا لە نێوان هێڵکاریی تووندوتیژی و ئینکاریکردنی شوناسدا نووسراوەتەوە، پرۆسەی ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨ لووتکەی ئەو دڕندەییە بوو کە دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست پەیڕەوی کرد. لەو پرۆسەیەدا، ١٨٢ هەزار مرۆڤی بێتاوان، کە هەڵگری خەون و مێژوو و زمانێکی تایبەت بوون، لە بێدەنگییەکی مەرگباری نێودەوڵەتیدا بەرەو بیابانەکانی باشووری عێراق راپێچ کران و زیندەبەچاڵ کران.
ئەو جەبرە جوگرافی و سیاسییەی کورد تێیدا دەژیت، وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، وایکردووە کە لە غیابی کورسییەکی فەرمی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزخانەی فەرمی لە پایتەختی وڵاتاندا، دەنگی ئەم تراژیدیایە لە ناو سنوورە ناوخۆییەکاندا قەتیس بمێنێت. لێرەوە پێویستییەکی حەتمی بۆ پەنابردنە بەر دیپلۆماسیی کولتووری سەرهەڵدەدات. دیپلۆماسیی کولتووری تەنها چالاکییەکی هونەریی رووت نییە، بەڵکو ستراتیژیەتێکی باڵایە بۆ بەکارهێنانی هێزی نەرم بە مەبەستی راکێشانی ویژدانی گەلانی جیهان و دروستکردنی گوشارێکی ئەخلاقی لەسەر ناوەندە سیاسییەکان. ئەم وتارە دەیەوێت لە رێگەی شیکردنەوەی قووڵی ئەزموونە جیهانییەکانی وەک هۆلۆکۆستی جووەکان، جێنۆسایدی ئەرمەنەکان و رواندا، نەخشەڕێگەیەک بۆ دۆزی کورد دابڕێژێت. ئامانجمان ئەوەیە بیسەلمێنین کە چۆن دەتوانین چیرۆکە تاکەکەسی و کۆکانی ئەنفال لە شیوەنێکی ناوخۆییەوە بگۆڕین بۆ شوناسێکی گەردوونی، تاوەکو جیهان نەک وەک ژمارەیەکی ئاماری، بەڵکو وەک برینێکی مرۆیی مامەڵە لەگەڵ پرسی کورددا بکات و بوارێک بۆ دووبارەبوونەوەی نەهێڵێتەوە.
بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن کولتوور دەبێتە کەرەستەیەکی دیپلۆماسی، پێویستە لە تیۆرییەکانی هێزی نەرم بگەین، کە پڕۆفیسۆر جۆزف نەی دایڕشتووە. نەی پێمان دەڵێت کە هێزی راستەقینەی نەتەوەکان تەنها لە هێزی رەق یان سوپا و ئابووریدا نییە، بەڵکو لە توانای راکێشان و سۆزدروستکردندایە لە رێگەی بەها کولتووری و سیاسییەکانەوە. بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد، کە لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە لە ژێر گەمارۆدایە، کولتوور دەبێتە تاقە کەرەستەی مانەوە و دروستکردنی کاریگەری. لێرەوە دەگەینە تیۆریی پڕۆفیسۆر نیکۆلاس جەی کاڵ دەربارەی دیپلۆماسیی گەل، یان دیپلۆماسیی گشتی، کە جەخت لەسەر پێنج رەهەندی سەرەکی دەکاتەوە: گوێگرتن، داکۆکیکردن، دیپلۆماسیی کولتووری، ئاڵوگۆڕی نەتەوەیی و وەشانی نێودەوڵەتی. بەپێی ئەم تیۆریانە و هەروەها چەمکی دروستکردنی ناوبانگی نەتەوەیی، ناوبانگی نەتەوەیەک لەسەر بنەمای وێنەیەکی هەمەلایەنە و پەیامێکی یەکگرتوو دروست دەبێت. کورد پێویستی بەوەیە لە وێنەی نەتەوەیەکی قوربانی و مەزڵوم، بگۆڕدرێت بۆ وێنەی نەتەوەیەکی خاوەن شارستانیەت، داهێنەر و ژیاندۆست. ئەم گۆڕانکارییە لە گێڕانەوەدا تەنها کارێکی میدیایی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی ئایکۆنۆگرافییە؛ واتە دروستکردنی هێما و نیشانەی وەها کە لە هەموو شوێنێکی جیهاندا وەک سیمبوڵی دادپەروەری بناسرێنەوە.
ئەدەب و وێژە لە مێژووی شارستانیەتدا، تەنها کەرەستەی گێڕانەوەی چیرۆک نەبوون، بەڵکو وەک پاسەوانی راستەقینەی مێژوو دەرکەوتوون. نمونەی هەرە کاریگەری جیهانی، کتێبی بیرەوەری "رۆژژمێری کچێکی گەنج"ی ئان فڕانکە. ئەم کتێبە کە تەنها یاداشتێکی سادەی کچێکی جووە، دوای بڵاوبوونەوەی، جیهانی هەژاند و هۆلۆکۆستی لە راپۆرتێکی وشکەوە گۆڕی بۆ چیرۆکێکی مرۆیی، کە هەموو جیهان خۆی تێدا دەبینییەوە. لە هەمان چوارچێوەدا، نابێت رۆڵی ستراتیژیی رۆمانی "شەو"ی ئێلی ویزێل پشتگوێ بخرێت، کە وایکرد پاراستنی یادەوەری ببێتە ئەرکێکی ئەخلاقیی نێودەوڵەتی و دروشمی "جارێکی دیکە هەرگیز" ببێتە بنەمای یاساکانی مافی مرۆڤ. بۆ نەتەوەی کورد، شاکاری "گۆڕستانی چراکان"ی شێرکۆ بێکەس، گەورەترین مۆنۆمێنتی ئەدەبییە بۆ ئەنفال. بێکەس توانیویەتی ١٨٢ هەزار مرۆڤی بێناونیشان لە ناو ئامارەکان دەربهێنێت و بییانکاتەوە بە مرۆڤی خاوەن خەون و هیوا. کێشەی ئەدەبیاتی ئەنفال لەوەدایە، کە زۆربەی لە ناو زمانی کوردیدا قەتیس ماوەتەوە. بۆ ئەوەی ئەنفال ببێتە پرسێکی جیهانی، کورد پێویستی بە ستراتیژییەکی وەرگێڕانی پێچەوانە هەیە بۆ زمانە زیندووەکانی جیهان تاوەکو خوێنەری بیانی تێبگات، کە ئەنفال تەنها کوشتنی جەستەکان نەبووە، بەڵکو هەوڵێک بووە بۆ کوشتنی جوانی و کولتوور.
لە هاوکێشە نوێیەکاندا، سینەما وەک زمانێکی گەردوونی پێناسە دەکرێت، کە راستەوخۆ لە رێگەی وێنە و سۆزەوە دەگاتە ناو ویژدانی مرۆڤایەتی. فیلمی "لیستی شیندلەر"ی سپێڵبێرگ نەک تەنها دۆزی جووی بە جیهانی کرد، بەڵکو گوشارێکی ئەخلاقیی وەهای دروست کرد، کە وایکرد چەندین وڵات کۆمەڵکوژی جووەکان وەک تاوان بناسێنن. لە هەمان ئاستدا، فیلمی "ژیان جوانە" وانەیەکی گەورەی بە جیهان دا؛ ئەویش وێناکردنی ئیرادەی ژیان بوو لە ناو جەرگەی مەرگدا. ئەمە رێک ئەو لۆببی کولتوورییەیە کە کورد پێویستی پێیەتی؛ بۆ نیشاندانی ئەوەی کە کورد لەناو بیابانەکانی ئەنفالیشدا، هێشتا مرۆڤایەتیی خۆی پاراستووە. بەڵگەفیلمەکانیش توانای گۆڕینی یاسایان هەیە، وەک چۆن بەڵگەفیلمێکی پاکستانی توانی یاساکانی وڵاتەکەی دەربارەی کوشتنی ژنان بگۆڕێت. لە مێژووی کوردیدا، یەلماز گونەی بە فیلمی "رێگا" و بەهمەنی قوبادی بە "کیسەڵەکان دەفڕن"، توانییان برینی کورد و ژیانی منداڵانی ناو جەنگ بە جۆرێک بگێڕنەوە، کە دڵی ملیۆنان مرۆڤی هەژاند، بەڵام بۆ ئەوەی سینەما ببێتە ئامرازێکی ستراتیژی، دەبێت لە هەوڵە تاکیەکانەوە بگۆڕێت بۆ پیشەسازییەکی نەتەوەیی، کە باس لە ئیرادەی رزگاربووان بکات.
موزیکیش لەم کایەیەدا وەک زمانی سەروو-وشە پێناسە دەکرێت. سمفۆنیای ژمارە ١٣ی شەستاکۆڤیچ نمونەیەکی دەگمەنی ئەو هێزەیە، کە توانی کۆمەڵکوژی جووەکان لە ئۆکراینا بباتە ناو هۆڵە گەورەکانی جیهان. لە ئاستی کوردیدا، هەوڵەکانی موزیسیەنی پێشەنگ د. دڵشاد سەعید لە رێگەی "سمفۆنیای پێشمەرگە" و "سمفۆنیای کوردستان"ەوە، توانی چیرۆکی کوردان بباتە ناو فۆرمە کلاسیکە جیهانییەکان. لەلایەکی دیکەوە، رۆڵی تاکەکەسی وەک هەژار زەهاوی و فەرید ئیلهامی لە ناساندنی ئامێرەکانی دەف و تەنبوور، کە مێژووەکەیان بۆ ٧٥٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە، گەورەترین بەڵگەی دیپلۆماسییە بۆ چەسپاندنی رەسەنایەتیی کورد. ستراتیژیی داهاتووی کورد دەبێت لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی ئەم وزە پەرتەوازانە بێت تاوەکو موزیکێک دروست بکرێت کە لە گوێی مرۆڤایەتیدا بزرنگێتەوەو پێش ئەوەی بگاتە پەرلەمانەکان، دەگاتە ناو دڵی نەتەوەکان.
شانۆش بە هونەری زیندوو و ئامادە پێناسە دەکرێت. شانۆگەری "لێکۆڵینەوە"ی پیتەر ڤایس، کە بەشانۆی دۆکیۆمێنتاری ناودەبرێت، توانی ویژدانی گشتیی ئەوروپا رووبەڕووی حەقیقەت بکاتەوە. بۆ کورد، ئەمە وانەیەکی گەورەیە تا بەڵگەنامەکانی دادگاییکردنی بەعس بکاتە دەقی شانۆیی دۆکیۆمێنتاری. هەروەها بەکارهێنانی شانۆ وەک کەرەستەی چارەسەری دەروونی، وەک ئەوەی لە رواندا کرا، دەتوانێت وزەی خەمۆکیی دایکانی ئەنفال بگۆڕێت بۆ وزەیەکی داهێنەرانە و سەندنەوەی شکۆ. شانۆی کورد دەبێت لە نمایشە ناوخۆییەکانەوە بگۆڕێت بۆ شانۆی باڵیۆز و لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا نمایش بکرێت تاوەکو پشتگوێخستنی کورد ببێتە کارێکی مەحاڵ.
هونەری شێوەکاری و فۆتۆگرافیش وەک هێزی بێدەنگ توانای وەستاندنی کاتیان هەیە. تابلۆی "گێرنیکا"ی پیکاسۆ و وتە بەناوبانگەکەی کە بە ئەفسەرە نازییەکەی گوت، لەبەرامبەر ئەوەی کە پرسیار لەپیکاسۆ دەکات، بەراست تۆ ئەمەت کردووە؟ ئەویش دەڵێت: "نەخێر، ئێوە کردتان"، جەوهەری دیپلۆماسیی کولتووری نیشان دەدات. لە فۆتۆگرافیدا، وێنەی عومەری خاوەر هەموو مێژووی ستەمی بەعس لە چرکەساتێکدا کۆدەکاتەوە، بەڵام پێویستی بە ستراتیژییەکی میدیاییە تا ببێتە ئایکۆنێکی گەردوونی، وەک وێنە بەناوبانگەکانی جیهان، بۆ نموونە وەک کچە روتەکەی ڤێتنام کە جەنگی راگرت. مۆنیۆمێنتەکانیش نابێت تەنها باڵەخانەی سارد بن، بەڵکو دەبێت وەک مۆنیۆمێنتەکانی هۆلۆکۆست لە بەرلین، بە زمانی هونەری چەمکگەرا بینەری بیانی بهەژێنن. لێرەدا ئەزموونی سەنتەری "یاد ڤەشیم" لە ئیسرائیل گەورەترین وانەیە؛ کورد پێویستی بە سەنتەرێکی نەتەوەیی هاوشێوە هەیە تا نەک تەنها مێژوو بپارێزێت، بەڵکو ببێتە کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی هێزی نەرم و دروستکردنی دۆستایەتیی ئەبەدی لەگەڵ گەلانی دیکە.
لەکۆتاییدا، دیپلۆماسیی کولتووری کلیلەکەیە بۆ گۆڕینی ئازاری نەتەوەیی بۆ هێزی نێودەوڵەتی. ئەنفال تەنها برینێکی کۆن نییە، بەڵکو شوناسێکی زیندووە. ئەگەر ئێمە نەتوانین بە زمانی هونەر و کولتوور بیسەلمێنین، کە ئێمە سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵی قڕکردنە، هێشتاش بەشێکی زیندووین لە مرۆڤایەتی، ئەوا جیهان بە ئاسانی پشتگوێمان دەخات. کورد پێویستی بە دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای ناوبانگی نەتەوەیی هەیە، بۆ گۆڕینی گێڕانەوە لە مەزڵومیەتەوە بۆ داهێنان. کولتوور قەڵغانی پارێزگاری نەتەوەیە، بەتایبەتیش نەتەوەیەک کە نەهێزی سەربازی یەکگرتوی هەبێت، نە کورسیی لەناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا هەبێت، تاکو بتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات. با لەمڕۆوە دەست پێبکەین، چونکە داهاتوو هی ئەو نەتەوانەیە، کە دەزانن چۆن چیرۆکەکانی خۆیان بە جوانی بگێڕنەوە.