"رزگارکردن"ی راستەقینە و ناڕاستەقینە - رووبەڕووبوونەوەی تارماییەکانی داگیرکاریی نوێ
رێوڕەسمەکانی ئەمساڵی سەرکەوتن لە جەنگی دووەمی جیهانیدا لە کاتێکدا بەڕێوەچوون کە خوێنێکی زۆر لەنێو ئۆکراینا دەڕێژرێت، شارەکان وێران دەکرێن و مەینەتیی خەڵکیش دەبیندرێت. تارماییەکانی ئەم شەڕە داگیرکارییە پڕ لە تووندوتیژییە تینووی خاکی زیاترن؛ ئەوە لە کاتێکدایە ئەم رۆژانە تایبەتن بە دەربڕینی خۆشحاڵی و ئەنجامدانی رێوڕەسم بەهۆی دەستەبەرکردنی ئاشتییەوە. دوژمنکاریی نایاسایی و بێ دنەدانی رووسیا بۆسەر دراوسێ دیموکراسییە بچووکەکەی، دەبێت وامان لێبکات بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن ئێستا یاداوەرییەکان لەبەر خاتری سیاسەتی داگیرکاریی نوێ پێشێل دەکرێن. ئەو بۆنە نەریتییەی پێشتر لە چوارڕیانی سوور لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچوو، قۆناخ بە قۆناخ مەبەستە سەرەکییەکەی خۆی لەدەستداوە. ئامانج لەو بۆنە نەریتییە ئەوە بوو کە بە شێوەیەکی خاکی و سادە، سوپاسگوزاری دەرببڕدرێت و یادی پاڵەوانەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بکرێتەوە کە لە چەندین گەل بوون، لەوانەش رووسەکان و ئۆکراینییەکان، بەڵام ئەو نەریتە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بووەتە پیشاندانێکی پڕوپاگەندەیی رێکخراو لەلایەن دەوڵەتێکەوە و هەروەها بووەتە شوێنی پیشاندانی هێزیش. لە ساڵانی رابردوودا، زۆرجار لەگەڵ گوتەکاندا هەڕەشەش هەبوون، بەڵام ئەمساڵ هەڕەشەکان بوونە شتی پراکتیکی و شەڕیان لەگەڵ هات. پاڵەوانێتیی قوربانییانی جەنگی دووەمی جیهانی بەکارهێندراوە بۆئەوەی رژێمێکی تاکڕەوی بێبەزەیی بڵێت، دەبێت هەندێک کار بکرێن و خەونی زیندووکردنەوەی داگیرکاری هەبێت.
ئەزموونی جەنگی دووەمی جیهانیی چیکۆسلۆڤاکیا لەگەڵ دراوسێیەکی بەهێزی (ئەڵمانیای نازیی تاکڕەو) کە دراوسێیەکی بچووکتری بە بیانووی "رزگارکردن"ی دانیشتووانە ئەڵمانی زمانەکە داگیرکرد، پێشەکییەک بوو بۆ شەڕێکی گەورەتر، چونکە ئەو "رزگارکردنە" نەوەستا و زیاتریش بوو. ئەو وانەیەی لەوێوە فێربووین، هیچکات نابێت لەبیربکرێت.
چیکۆسلۆڤاکیا لە ساڵی 1968دا "رزگارکردنێک"ی دیکەی هەڵەی بینی، ئەوەش کاتێک سوپایەکی داگیرکاری نزیکەی نیو ملیۆن سەربازی فەرمانێکی مۆسکۆیان جێبەجێکرد و ئومێد و بەڵێنەکانی ئازادیی بەهاری پراگیان کوشت. داگیرکارییەکەی یەکێتیی سۆڤیەت بووە هۆی ئەوەی وڵاتێکی پڕ لە شانازی و سەربەخۆ ببێتە داگیرکراوێکی یەکێتیی سۆڤیەت - وەکو چۆن میلان کوندیرا باسی دەکات و بیری جیهانی هێنایەوە.
لە ناوچەکانی دیکەی هەسارەکە، ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو بەختی باشیان لەگەڵ بوو و بزووتنەوەی دژە داگیرکاری زۆر تێیاندا سەریهەڵدا. ئیمپراتۆریەتەکان لەرینەوە و ژمارەیەکی زۆر گەل لە کیشوەرە جیاوازەکان رێگەیان پێدرا تامی ئازادی بکەن. ئەو وڵاتانەی گرێدراوی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران بوون، وەکو چیکۆسلۆڤاکیا و وڵاتانی دیکە، وەکو بەشێک لە رووسیا و دواتریش ئیمپراتۆریەتی سۆڤیەت مانەوە و ناچاربوون بۆ ماوەی 30 ساڵی دیکە چاوەڕێ بکەن بۆئەوەی بە هەمان خۆشحاڵی بگەن، بەڵام لە کۆتایی جەنگی سارددا ئەوانیش رێوڕەسمی خۆشیان گیڕا. ئازادیی راستەقینە بەو جۆرە بوو.
سەرکەوتن لە جەنگی دووەمی جیهانی، پرۆسەی نەهێشتنی داگیرکاری و کۆتاییهاتنی جەنگی سارد بریتی بوون لە گەورەترین هەنگاوی مرۆڤایەتی بە ئاراستەی گەیشتن بە ئازادی لە سەدەی 21دا. سەرەتاکەی بریتیبوو لە هێنانی ئومێد کە "چرکەساتەکانی میونشن"؛ کاتێک وڵاتێکی بچووک بووە قوربانیی دراوسێیەکی گەورەتر و "بنەمای برێژنیڤی سەروەریی سنووردار" دووبارە نابێتەوە.
شەڕە بژاردەکانی پووتین دەبنە هۆی دزینی ئاشتی و ژیانی ملیۆنان ئۆکراینی و کاریگەریی لەسەر هەمووشمان دەبێت. کۆمەڵگەی رووسیش زیانی زۆری بەردەکەوێت. تەرمی سەربازان کە بە جانتا دەگەڕێندرێنەوە بۆ دایک و هاوژینەکانیان، چاپتەرێکی دیکە لە مێژووی ئاڵۆزیی رووسیادا دەنووسێتەوە. ئابووریی رووسیا بۆ ئاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو دادەبەزێت و هەموو ئەو پێشکەوتنە ئابوورییە و خۆشگوزەرانییەی لە 30 ساڵی رابردوودا بەدەستهاتبوو، دەسڕدرێتەوە. رووسیا دەبێتە وڵاتێكی هەژار و دابڕاو. شەڕەکەی پووتین لە بەرژەوەندیی رووسیادا نابێت.
بەکارهێنانی گاز و نەوت وەکو چەک زیان بە ئابووریی زۆر وڵاتی ئەوروپا و شوێنەکانی دیکەی جیهانیش دەگەیێنێت. سوپای رووسیا ژێرخانی کشتوکاڵ و دانەوێڵە دەکاتە ئامانج؛ هەروەها رووسیا پەنای بردووەتە بەر گەمارۆدانی بەندەرەکان و رێگەکانی دیکەی هەناردەکردن و دەکرێت ئەوەش ببێتە هۆی هەژارخستنی ملیۆنان هاووڵاتی لە چەندین وڵاتی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئابووریی کۆمەکبەخشە نەریتییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لاواز دەبێت و کەمتر توانای ئەوەیان دەبێت یارمەتییەکی کۆنکرێتی پێشکێشی وڵاتانی هەژار و تازە گەشەسەندوو بدەن. ئەوان دەبێت دەست بە هەڵمەتێكی گەورەی بووژاندنەوە لە ئۆکراینادا بکەن. ئەو هەوڵانەش لە شوێنەکانی دیکە کەم دەبنەوە و ئەوەش کاریگەریی خۆی دەبێت.
هیچ کەس و لایەنێک لە جیهاندا پێویستی بەم شەڕە نەبوو، بەڵام نابێت رێگەبدرێت خراپە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. دەبێت هەموومان تارماییەکانی سەدەکانی داگیرکاری و ئیمپریالیزمی نوێ رەتبکەینەوە. ناتوانین رێگەبدەین هاوسەنگیی نێودەوڵەتی کە پشت بە یاساکان دەبەستێت تێکبدرێت و دابەشبوونی نەخشەی سیاسی و زۆنی کاریگەرییەکان شوێنی بگرێتەوە. ناکرێت دووژمنکاریی نایاسایی قبووڵ بکرێت و پێویستە هەموو ئەو کەسانەی کە ئاشتییان خۆشدەوێت، یەکبگرن و ئاماژەی دژەشەڕ بۆ هەموو لایەک بنێرن. با ئەو بەراوردکارییە ئۆروێڵیانە رەتبکەینەوە کە تێیدا راستی وەکو درۆ دەناسرێت و شەڕیش بە "رزگارکردن" ناودەهێندرێت. با پاڵپشتی لە ئۆکراینا بکەین و ئومێدەواربین رێوڕەسمەکانی ساڵی داهاتووی تایبەت بە ساڵیادی کۆتاییهاتن بە جەنگی دووەمی جیهانی بەو جۆرە بوون کە هەبوون - بیرهێنانەوەی قوربانییەکان و پاڵەوانە گیانلەدەستدراوەکان و ئومێدی ئاشتی.
* یان لیپاڤسکی، وەزیری دەرەوەی چیک
تێبینی/ ئەم بابەتە لەلایەن کۆنسوڵخانەی کۆماری چیکەوە بۆ رووداو نێردراوە