سەرۆكایەتیی كۆمار یان سەرۆكایەتیی پەرلەمان؟
گەلی كورد بەشێكی گرنگە لە پێکهاتەی عێراق، چ لە رووی نەتەوەیی بێت یان لە رووی خاك و جوگرافیا، ئەم گەلە سەردەمانێکی زۆرە لەپێناو بەدەستهێنانی مافە رەواكانی خۆی خەبات دەکات و لەگەڵ حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق شەڕ دەکات . لەم پێناوەشدا هەم گەلەكەی هەم شۆڕشەكانی تووشی هەڵدێر و نشێوی زۆر هاتوون و ئەو ئەنجامەی كە خوازراو بووە پێی نەگەیشتووە، تا ئەم ساتەوەختەش بەهیوای ئەوە دەژی كە ئەو مافە رەوایانە بەدەستبهێنێ تا ئەو پەڕی كە بریتییە لە سەربەخۆیی.
بەڵام كە بەهۆی دۆخی ناوچەكەوە ناتوانێ هەنگاوێكی وا بنێ و هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان لە بەرژەوەندیی ئەم نییە، پێویستە لە عێراقدا ستراتیژیی بریتی بێت لە سەقامگیری و دروستكردنی كەشوهەوایەك كە بتوانێ زۆرتر ماف بەدەستبهێنێ لە ڕێگەی دەستوور و پشتبەستن بە دۆست و هاوسوزەكانی و وەستانی لە پێگەیەكدا كە بتوانێ ئامرازی بە دەستهێنانی ئەو مافانە بێت.
ئێستا لەم وڵاتەدا سەرۆكایەتیی وەزیران و حكومەت لەلای شیعەكانە و بەهۆی ئەوەی كە ئەوان گەورەترین كوتلەی پەرلەمانین ، و سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمانیش لەلای سوننە و كوردە، دەكرێت لە قۆناخی داهاتوودا و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، كورد هەڵوێستەیەك بكات ئاخۆ سەرۆكایەتیی كۆمار وەك دەزگا توانیویەتی زۆرترین ماف بۆ گەلی كورد بەپێی دەستوور دەستەبەر بكات ( لێرەدا ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ كەسەكان ناكەین ) بە قەدەر ئەوەی لە سەر دەزگاكان دەوەستین چونكە لەكۆتاییدا ئەو دەزگایە بەرپرسیاریەتی و دەسەڵات بۆ كەسەكان دیاریی دەکات، كەواتە نابێ ستەمیان لێبكەین، بەهەرحاڵ ئەوەندەی بەپێی تەجروبەی کەسیی خۆم وا بۆ ماوەی زیاتر لە 12ساڵە لە نێو دام و دەزگای دەوڵەتی عیراقیدا كار دەكەم، پێموایە كورد پێویستە هەڵوێستە بكات، ئەگەر رۆژێ سەرۆكایەتیی كۆمار خزمەتێكی كردبێت بە دۆزی كورد و مافە دەستوورییەكانی هۆكاری خودی و بابەتی لە پشتی بووە ، ئێستا هەموو لایەك چاویان كردووەتەوە و خەریكی قایمكردنی جێ پێی خۆیانن ، ئێستا كورد پێویستە هەوڵبدات لە خولی داهاتوودا سەرۆكایەتیی پەرلەمان بگرێتە دەست لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە :
1- سەرۆكایەتیی كۆمار راستە دەسەڵاتی جێبەجێكاری لایە، بەڵام زۆربەی تەشریفاتییە و ناتوانێ راستەوخۆ شتەكان بجووڵێنێت.
2- پەرلەمان دەزگایەكی یاسادانانە و یاساكانی جێبەجێكردنی دەستوور لە پەرلەمانەوە دەردەچن.
3- گرفتی هەرێمیش لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا پرسی دەستوورە و هەردوولا یەكدی بە شكاندنی دەستوور تاوانبار دەکەن.
4- لەبەر ئەوەی سیستەمی حوكم لە عێراق پەرلەمانییە لەڕووی گرنگییەوە ئەو دەزگای كە لە ئاستی حكومەتدایە تەنها بریتییە لە پەرلەمان نەك سەرۆكایەتیی كۆمار.
5- پەرلەمان چەترێكە لە ژێریدا دەتوانی زۆرترین گەمەی سیاسی بكەی بۆ ئەوەی مافەدەستوورییەكانت بەدەستبهێنی و لە بەرامبەردا داكۆكی لە مافی دەستووری هاوكارەكانت بكەیتەوە .
چۆن بتواین رێگا خۆش بكەین بۆ بەدەستهێنانی ئەم سەرۆكایەتییە؟
1- پێموایە وڵاتانی عەرەبی زیاتر پشتگیریی ئەوە دەكەن عێراق سەرۆكێكی عەرەبی سوننەی هەبێت و دەكرێت كاری بۆ بكرێت لە رێگای دیپلۆماسییەوە.
2- بەپێی خوێندنەوەی خۆم لایەنە شیعەكانیش مەیلیان هەیە بۆ ئەم بژاردەیە چونكە لە ماوەی دە ساڵ و دوانزە ساڵی رابردوودا پەیوەندیی نێوان حكومەت و پەرلەمان بە زۆری لە دۆخێكی باشدا نەبووە و هەر چۆن بێت كورد و شیعە زیاتر دەتوانن گوێ لە یەكدی بگرن تا شیعە و سوننە. لە كۆتاییشدا شیعەكان ئەوە باش دەزانن كە ئەوە حكومەتە بەرپرسیارە لە بەردەم هاووڵاتیدا بۆیە حەزیان بەوە هەیە كە حكومەتێكی سەركەوتوویان هەبێت و بەدوای ئامرازی سەركەوتنەكەشدا دەگەڕێن .
3- دەبێ كورد دوای هەڵبژاردن بە یەك كوتلە بچێتە گفتوگۆكانەوە، نەك پەرتەوازە و بەش بەش ببن.
4- لە لیستەكاندا كەسانێك هەڵبژێرن كە بتوانێ سەرۆكایەتیی پەرلەمان ببات بەڕێوە .
5- كار بكرێت سیاسەتی ( بە سفركردنی گرفتەكان ) لەگەڵ حكومەتی ناوەند پێش هەڵبژاردن تەواو بكەن و بۆ خولی ئایندە تەواو زیهنییەتیان روون بێت و بە گرفتی كۆنەوە سەرقاڵ نەبن و نەیكەنە بەشێك لە مەوادی گفتوگۆكان
6- دەبێ لە هەرێمیش هەمان سیاسەتی بە سفركردنی گرفتەكان بگیرێتەبەر ، چونكە ناكرێت لە ماڵ شەڕت بێت و لە كۆڵان پشتی یەك بگرن ئەمە ناچێتە سەر .
تێبینی : ئەم بابەتەم لەساڵی 2018 پێش سێ ساڵ نووسیوە