کوردستان لە ناوەندی ستراتیژی شەڕی دژی تیرۆردا
کۆبوونەوەى وڵاتانى ئەندام لە رێکخراوى (ناتۆ) کە لە ویلایەتى وێڵز لە بەریتانیا ئەنجامدرا و رۆژى هەینى رابردوو تەواو بوو، دوو کێشەى سەرەکى تاوتوێ کرد کە کێشەى ئۆکرانیا و داعش بوون. دواى کۆبوونەوەکە، سەرۆک ئۆباما رایگەیاند کە بەرەنگاربوونەوەى دەوڵەتى تێرۆریستى ئیسلامى لەو کۆبوونەوەیەدا بە توندى پێداگیرى لەسەر کراوە. سەرۆک و سەرکردەکانى تریش بەتایبەتى دەیڤد کامیرۆن هەمان پێداگرییان لەسەر بەرەنگاربوونەوەى ئەو دەوڵەتە تیرۆریستە کردەوە. سەرۆک ئۆباما رایگەیاند کە لەناو ئەندامانى ناتۆدا هاوپەیمانییەکى 10 لایەنە پێکهێنراوە: ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئوسترالیا، ئیتالیا، پۆڵەندا، دانیمارک و تورکیا. بۆ ئەو مەبەستە هەوڵى فراوانکردنى ئەو هاوپەیمانییە بەردەوامە. جۆن کیری ئەم هەفتەیە سەردانى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکات بۆ ئەوەى ئەو هاوپەیمانییە فراوانتر بکات و زۆربەى وڵاتانى ناوچەکەش لەخۆبگرێت.
لە میانەى ئەم هەوڵانەدا کۆمارى ئیسلامى ئێرانیش رۆڵى گرنگ دەگێڕێ و تەنانەت رێبەرى کۆمارى ئیسلامیش رەزامەندى لەسەر ئەو رۆڵە و هەماهەنگی سەربازیى نێوان ئەمەریکا و وڵاتەکەى دەربڕیوە بۆ بەرەنگاربوونەوەى دوژمنە هاوبەشەکەیان. هەرچەندە کۆشکى سپى هەموو جۆرە هاوکارییەکى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیدا رەتکردەوە، بەڵام چاودێرانى سیاسى لایان وایە بەبێ بەشداریى راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆى ئێران لەو جەنگەدا هەوڵەکان بۆ لەناوبردنى داعش زەحمەت دەبێت. هەرچەندە رەنگە سعودیە و ئیسرائیل نیگەرانى بەرامبەر بەم رۆڵەى ئێران دەربڕن و رازیکردنى تورکیاش بۆ بەشداریکردن لەم هاوپەیمانییەدا ئاسان نەبێت، بەڵام دەکرێ ئیدارەى ئەمەریکا بە رێگەى دیکە ئەم نیگەرانییانە خاوبکاتەوە.
هەرچەندە سەرۆک ئۆباما لەمەوبەر رایگەیاندبوو کە ئیدارەکەى ستراتیژییەکى روون و تۆکمەى نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش، بەڵام پێدەچێ بە جددى کار لەسەر گەڵاڵەکردنى ئەو ستراتیژییە بکەن و پێکهێنانى ئەم هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەش بەردى بناخەى ستراتیژییە نوێیەکەى ویلایەتە یەکگرتووەکان بێ. ئەو ستراتیژییە وەک نەخشەڕێگایەکى بەرەنگاربوونەوەکە و بەرچاوڕوونیەکیش بۆ لایەنەکانى هاوپەیمانییە نێودەوڵەتیەکە پێویستە و لە هەمان کاتدا ئەو ستراتیژییە پێویست و گرنگە بۆ ئەوەى گەلى ئەمەریکى بەگشتى و کۆنگرێس بەتایبەتى پشتگیرى پلانەکانى ئۆباما بکەن. هەرچەندە بەپێى دەستوورى ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرۆک بۆى هەیە لە پێناوى پاراستنى هاووڵاتیانى ئەمەریکیدا چالاکى سەربازیى خێرا و سنووردار لەڕووى قەبارە و کاتەوە ئەنجامبدات، بەڵام بۆ بەردەوامى و فراوانترکردنى ئەو کار و چالاکیانە پێویستى بە رەزامەندى کۆنگرێس هەیە.
هەربۆیە پێویستە ئەو ستراتیژییە بەشێوەیەک بێ کە کۆدەنگیەکى بەرچاو لەناو هەردوو بەشەکەى کۆنگرێسدا دروست بکات و لەسەر ئاستى جەماوەریش کەمترین بەرهەڵستى بکرێ، بەتایبەتى کە هەڵبژاردنی کۆنگرێس نزیک بووەتەوە. بۆ بەدیهێنانى ئەم ئامانجەش دوو مەسەلەى جەوهەرى گرنگن کە بریتین لە نەناردنى هێزى سەربازى بۆ سەر خاکى عێراق و کەمکردنەوەى خەرجیە داراییەکانى جەنگەکە. کەواتە چەندین خاڵى بنەڕەتی هەیە کە دەبێ ستراتیژییە نوێیەکەى ئەمەریکا لەخۆیان بگرێ: یەکەمیان بریتییە لە دروستکردنى هاوپەیمانییەکى تا دەکرێ فراوانى نێودەوڵەتى بۆ بەشدارى لە هێرشە ئاسمانییەکاندا و پێدانى ڕەواییەکى نێودەوڵەتى بە چالاکییە سەربازییەکان و سووککردنى بارى قورسى دارایى جەنگەکە لەسەر ئەمەریکاو دووەمیش بریتییە لە پێکهێنانى حکومەتێکى بنکەفراوانى خاوەن بەرنامەیەکى ئەوتۆ کە جگە لە شیعە، سوننە و کوردیش پێى رازی بن و سێیەم خاڵى گرنگیش هەوڵدانە بۆ وشککردنى سەرچاوە داراییەکانى داعش بە تایبەتى فرۆشتنى نەوت و کۆمەکەکانى دەوڵەمەندە داعشیەکانى وڵاتانى کەنداوى عەرەبى .خاڵێکى دیکەى گرنگ بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش بریتییە لە هێرشى ئاسمانى بۆ سەر بنکە و بارەگا و هێزە سەربازییەکانى داعش لەناو خاکى سووریا و هێرشى ئاسمانى و زەمینی بۆ سەر هێزەکانى داعش لە عێراق.
لەبەر ئەوەى هیچ یەکێک لە لایەنەکانى ئەو هاوپەیمانییە نایانەوێ سەربازەکانیان بەشدارى هێرشە زەمینیەکان بکەن و سوپاى عێراقیش ئەو توانایەى نییە بە تەنیا بەرەنگارى داعش ببێتەوە، بۆیە ئەرکە قورسەکە دەکەوێتە سەرشانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان. کەواتە خاڵێکى دیکەى گرنگى ستراتیژى بەرەنگاربوونەوەى داعش هاوکاریى حکومەتى هەرێمى کوردستان و پڕچەککردنى هێزى پێشمەرگە و مەشقپێکردنیەتى تا بتوانێ زەبرى کوشندە لە هێزەکانى داعش بدات. بەرپرسانى باڵاى ولایەتە یەکگرتووەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە رێگرتن لە جیهادییە نێودەوڵەتیەکان بۆ پەیوەندیکردن بە دەوڵەتى ئیسلامى و ریسواکردنى ئایدیۆلۆجیە دڕندانەکەیان و لاوازکردنى تۆڕەکانى پەیوەندى و گەیاندنى رێکخراوەکە تێهەڵکێشى ئەو پلانە ستراتیژییە فرەلایەنە دەکرێ. ئەگەر توانرا ئەم خاڵانە لە چوارچێوەى ستراتیژییەکەدا یەکبخرێن، ئەوا رەنگە بەدەستهێنانى ڕەزامەندى کۆنگرێس کارێکى زەحمەت نەبێ. ئەوەى گرنگە ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بەگشتى سوورن لەسەر لەناوبردنى ئەو هەڕەشە گەورەیەى داعش دروستیکردووە و ناشیشارنەوە کە رەنگە ئەم جەنگە جەنگێکى کورت نەبێ. پێدەچێ جگە لە پشتگیریى ناتۆ، ولایەتە یەکگرتووەکان (کە ئەم مانگە سەرۆکى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکانە) هەوڵى دەرکردنى بڕیارێکى دیکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بدات و رەوایى زیاترى نێودەوڵەتى بداتە جەنگە نێودەوڵەتیەکە دژى داعش.
بە پێچەوانەى هەوڵەکانى پێشووترى ئیدارەى ئەمەریکى بۆ دروستکردنى هاوپەیمانییەکى فراوان لە جەنگى دژە تیرۆردا، ئەمجارە نەک هیچ هەڵوێستێکى ناڕازى بەرامبەر بە هەوڵەکانى ئەمەریکا بەدیناکرێ، بەڵکو هیچ دەنگێکى ناڕازى جددیش نابیسترێ. ئەمجارە هەرێمى کوردستان بەشێکى گرنگى ئەو هاوپەیمانییەیە و بگرە لە چەقى هاوپەیمانییەکەدایە و تەنیا هێزى سەربازیى کاریگەرە کە لەسەر زەوی شەڕى داعش بکات. بە پێچەوانەى هێرشى هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق لە ساڵى 1990 و هێرشى ساڵى 2003، لەم جەنگەیاندا هەرێمى کوردستان رۆڵى ناوەندى و گەورەى هەیە. لەساڵى 1990 دا، بەرەى کوردستانى تەنانەت پرسە گورگانەیەکیشى پێنەکرا و لە ساڵى 2003 شدا لەبەرئەوەى حکومەتى تورکیا بەشدارى هاوپەیمانییە نێودەوڵەتیەکەى نەکرد، ئیدارەى سەرۆک بوش ناچار بوو مامەڵە لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان بکات. بەرژەوەندى گەورەى کوردستانە کە رۆڵى چاوەڕێکراوى خۆى لەو جەنگە جیهانییەدا بە باشترین شێوە بگێڕێ، چونکە ئەگەر داعش و دەوڵەتەکەى هەڕەشە بن بۆ سەر ئاسایشى وڵاتانى بەشدار لەو هاوپەیمانییەدا، ئەوا داعش هەڕەشەیەکى جددییە بۆ سەر بوون و مانەوەى هەرێمى کوردستان.