هەولێر هەموو هێلكەكانی دەخاتە سەبەتەی ئەنقەرە؟


پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا پەیوەندییەكە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بنیاتنراوە و ئێستا لە بەهێزترین قۆناغیدایە. ئەمە دەكرێت بەسەركەوتنێكی گەورە بۆ سیاسەتی دەرەكی هەرێمی كوردستان ئەژمار بكرێت، بەڵام پشتبەستنی زۆری هەرێمی كوردستان بە توركیا رەنگە دوو دەرئەنجامی نەخوازراو لە داهاتوویەكی نزیكدا لەگەڵ خۆی بهێنێت. 

یەكەم، پشتبەستنی تەواوی هەرێمی كوردستان بە توركیا وەكو تەنیا دەروازەی هەناردەكردنی وزە و بۆ كاری بازرگانی، پەیوەندییەكی ناهاوسەنگ دەخوڵقێنێ لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستان و لەم بارەشدا دەسەڵاتی برا گەورە بە توركیا دەدرێت. 

بە كردنی توركیا بە تاكە رێگەی هەناردەكردن، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەلی مانۆڕی سیاسی و ئابووریی خۆی لەدەست دەدات. ئەمەش دەبێتە هێزێكی نەخوازراو بۆ هەرێمی كوردستان لە ئەگەری خراپبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولادا، یان لە ئەگەری ئەوەدا كە هەرێمی كوردستان سیاسەتێك هەڵبژێرێت بە دڵی ئەنقەرە نەبێت.

لەبەرئەوە روونە ئەم پەیوەندییە پەیوەندییەكی ناهاوسەنگە و لە بەرژەوەندی توركیادایە. 

دووەم، بەرژەوەندی نەتەوەیی و ستراتیژی سیاسەتی دەرەكی وڵاتان رەنگە گۆڕانكاری ریشەیی بەسەردا بێت و پەیوەستە بەوەی كێ لە دەسەڵاتدایە. توركیا بەدەر نییە لەم هاوكێشەیە. 

ئێستا توركیا یەك هەڵبژاردن لە ئەگەرێكی وەهاوە دوورە. ئەگەر پارتی دەسەڵاتدار، پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنەكاندا سەرنەكەوێت، ئەوە هیچ گەرەنتییەك نییە كە براوەی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو هەمان سیاسەتی ئێستای توركیا پەیڕەو دەكات. 

دەبێت ئەوە لەبیر نەكرێت كە تەنها چەند ساڵێك لەمەوبەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا زۆر خراپ بوون و پەرلەمانی توركیا گەنگەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر كوردستان دەكرد. 

لەبەر ئەوە، كۆمەڵێك پرسیار بێ وەڵام ماونەتەوە. وەڵامی هەرێمی كوردستان چی دەبێت ئەگەر توركیا پشتبەستنی كوردستانی خراپ قۆستەوە؟ هەرێمی كوردستان چ بژارەیەكی لەبەردەستە ئەگەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە توركیا حكومەتێكی هێنایە كایەوە كە ئەو پەیوەندییەی ئێستا لەگەڵ هەرێم رەتبكاتەوە؟ وەڵام و پلانی بەدیلی حكومەتی هەرێمی كوردستان چی دەبێت ئەگەر توركیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا لەسەر حسابی هەرێمی كوردستان باش بكاتەوە؟

ئەگەر هەر یەكێك لەو ئەگەرانە روو بدات هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە فریز دەبێت. سەركردایەتی هەرێمی كوردستان هێندە دڵخۆشە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا تا ئەو رادەیەی كە هیچ هۆكارێك نابینێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی رەخنەگرانە پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا هەڵسەنگێنێت. 

پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا كێشەكە نییە، پەیوەندییەكان سوودبەخشن بۆ هەردوولا و پێویستە بەردەوامییان پێ بدرێت. بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە هەولێر بە تەواوەتی پشت بەم دراوسێیەی باكووری دەبەستێت بۆ هەناردەكردنی نەوت و غاز. 

ئەمەش وا لە كوردستان دەكات كە هیچ هەلێكی لەبەردەستدا نەبێت بۆ ئەوەی مانۆڕی سیاسی یان ئابووری بكات لەكاتی گفتوگۆ و رێككەوتنی سیاسیدا. 

حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە تەركیز بكاتە سەر رێگەی دیكە بۆ هەناردەكردنی وزە و خۆی لە پشتبەستنی بە توركیا وەكو تاكە سەرچاوە بپارێزێت. چەندین گۆڕانكاری سیاسی لە ناوچەكەدا هاتوونەتە كایەوە كە دەكرێت بەدیل و چانسی نوێ بدەنە حكومەتی هەرێمی كوردستان. 

پێش هەموو شتێك، حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا چاك بكاتەوە بە هەر نرخێك بێت. هەروەها سووریا ئەگەرێكی دیكەیە. بارودۆخی ئێستای سووریا ئەو ئەگەرەی هەرێمی كوردستانی پەكخستووە، بەڵام لە داهاتوودا مۆركردنی رێككەوتنی وزە لەگەڵ سووریا دەكرێت هەنگاوێكی زۆر گرنگ بێت بۆ هەرێمی كوردستان. 

بژارەیەكی دیكەی بەرچاو ئێرانە. دەكرێت هەرێمی كوردستان ئێران وەكو بەندەرێكی هەناردە و هاوردە ببینێت، بە تایبەت ئەگەر گۆڕانكارییە نوێیەكانی نێوان تاران و رۆژئاوا بگەنە ئاستێك كە گەمارۆی ئابووری لەسەر ئێران كەم ببێتەوە یان كۆتایی بێت. 

دۆزینەوەی رێگەی دیكە بۆ هەناردەكردنی وزە بە مانای ئەوە نایەت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە توركیا وەلا بخات لەو پرۆژەیەدا. 

هەولێر پێویستە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنكەرە بەردەوامی پێ بدات. بەڵام لەهەمان كاتدا پێویستە رێگەی بەدیل بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی توركیا سەردەستە نەبێت لە گفتوگۆكاندا. 

هەرێمی كوردستان رێگەی سەر دەریای نییە، لەبەرئەوە پێویستی بە دراوسێكانیەتی بۆ زیندوو مانەوەی ئابووری و گەشەسەندنی سیاسی. 

لە جیهاندا 31 وڵات هەن كە رێگەی دەریاییان نییە. هەموو ئەو وڵاتانە پشت بە دراوسێكانیان دەبەستن بۆ ئەوەی دەستیان بە بازاڕەكانی جیهان بگات. نەبوونی دەرچەی دەریایی رێگرێكی گەورەی بەردەم گەشەسەندنی ئەو وڵاتانەیە، ئەوەش لەبەر تێچووی ترانزێت و گواستنەوەی بازرگانی. 

هاوكاریی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا گەیشتووەتە ئاستێك كە تەنیا چەند ساڵێك لەمەوبەر شتی لەو جۆرە جێگەی بڕوا نەبوو. توركیا بووە بە سەرەكیترین هاوبەشی گەشەسەندنی ئابووری هەرێمی كوردستان. 

كۆمپانیا توركیەكان زیاتر لە نیوەی سەرجەم كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن. 80%ی وەبەرهێنانی توركیا لە عێراق، كەوتووەتە هەرێمی كوردستانەوە و یەكەم بۆری نەوتی نێوان هەردوو وڵات ئێستا لە دوا قۆناغی بنیاتنانیدایە. 

بەم دواییانە هەردوولا رێككەوتنێكی هەمەلایەنەیان بۆ دروستكردنی هێڵێكی نوێی نەوت و غاز مۆركرد، بڕی تێچووی ئەم پرۆژەیە دەگاتە چەندین ملیار دۆلار. 

چەندین بەرپرسی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆك وەزیران، نێچیرڤان بارزانی و وەزیری سامانە سروشتییەكانەوە چەند جارێك بە روونی گوتوویانە كە تەنها دەرگای هیوا بۆ هەرێمی كوردستان توركیایە و هیچ ئەڵتەرناتیڤێك نییە بۆ هەناردەكردنی وزەی هەرێمی كوردستان. 

ئەمەش ئەوە دەردەخات كە هەولێر هەموو هێلكەكانی لە سەبەتەیەكدا داناوە و ئەوەش هەرگیز كارێكی باش نەبووە و نابێت.