رۆژنامەڤانێكی نوێ هەمان تاوانی كوشتن
زۆر گوتراوە و نووسراوە لەبارەی كوشتنی رۆژنامەڤان كاوە گەرمیانی. بەڵام لە بنەڕەتەوە دوو رەهەندی هەیە. یەكەم: كەیسێكی تاوانی ئاساییە كە پێویستی بە وەڵامی حكومەت و دەسەڵاتدارانە و دووەم: هێرشەكە بۆ سەر ئازادی میدیایە لە كوردستان.
ئەگەر ئەوەی روویدا دەسەڵات بە جددی وەریبگرێت، نابێ هەردوو رەهەندەكە تێكەڵبكرێن و لەیەك چارەسەردا لێكبدرێن، پێویستە جددیبوونیان بە كار كردن لەسەر هەردوو لایەنەكە دەرببڕن.
مەگەر پێچەوانەكەی بسەلمێندرێت، ئەگینا گومانی تێدانییە كە كاوە بەهۆی كارەكەیەوە كوژراوە. ئەگەر بەرپرسان نەچنە قوڵایی كەیسەكەوە و بە روونی و ئاشكرایی تاوانباران نەناسێنن و نەیانهێننە بەردەم دادگا یان لانیكەم هۆكارەكانی پشت ئەنجامدانی تاوانەكە رووننەكەنەوە، ئەوا یان ئاگاداری رووداوەكەن یان تێوەی گلاون.
سەرەڕای هەموو ئەوەی لەبارەی ئەم تاوانەوە گوتراوە و ئەنجامدراوە، ماوەتەوە ئەوە ببینرێ ئاخۆ بەرپرسان جددین لەبارەی مەترسییەكانی ئەوەی روویدا و جددین لە بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی.
داواكاری “دەستگیركردنی ئەنجامدەران” لەلایەن بەرپرسانی ئەمنییەوە دەبێ پاڵپشتی سیاسی راستەقینەی لێبكرێت بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەران و بهێنرێنە بەردەم دادگا جا هەر كەسێك بن، تەنانەت ئەگەر سیاسییەكانیش تێوەگلابن و ئاشكرابێت كە كەسایەتی سیاسی پلەبەرز لە تاوانەكە تێوەگلاون.
حكومەت، سەركردایەتی یەكێتیش، وەك حیزبی سیاسی حكومڕان لەو ناوچەیە پێویستە ئەم كەیسە بگەیەنێتە كۆتایی و هەوڵنەدات بیگۆڕێت بۆ شتێكی دیكە.
رەهەندی جددی دووەمی كەیسەكە هێرشە بۆ سەر هەر هەوڵێكی میدیا بۆ ئاشكراكردنی گەندەڵی. ئەمەش بەشداردەبێت لە ناوبانگی خراپی هەرێمەكە و عێراق لەبارەی گەندەڵی و رێگرییەكانی بەردەم رۆژنامەنووسان بۆ ئاشكراكردنی كەیسی لەو جۆرە و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات.
لیكۆڵینەوەكان نابێ وەك كەیسێكی كوشتنی ئاسایی ئەنجامبدرێن. پێویستە بەدواداچوونەكە بچێتە پشت رووداوەكە و هۆكارەكانی كوشتنەكە ئاشكرا بكات.
یەكێك لە بەهێزترین كاریگەرییەكانی رووداوی كوشتنێكی لەوجۆرە ساردكردنەوەی رۆژنامەنووسانە لە بەدواداچوون بۆ كەیسەكانی گەندەڵی یان خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات. داوا لە دەسەڵاتداران دەكرێ نیشانی بدەن كە ئەو جۆرە كارانە پەردەپۆشناكەن و پێویستە بەدوای ئەو سەرەداو و كەیسانەدا بچن كە كاوە سەرقاڵی بەدواداچوونیان بوو و بخرێنە بەردەم رای گشتی، جا ئەو بەرپرسانەی تێوەگلاون هەر كەسێك بن. پێویستە بەرپرسە گەندەڵەكان بترسێنرێن نەك رۆژنامەنووسان.
تاوەكو ئەمڕۆ، لە كوردستان كەس بە تۆمەتی كوشتن یان ئازاردانی رۆژنامەنووسێك نەبراوەتە بەردەم دادگا. هەر هێرشێك بۆ سەر رۆژنامەنووسان دەبێتە خاڵێكی رەش بە رووخساری حوكمڕانی كوردستانەوە. دەكرا ئەم بابەتە بۆ زەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە و ئەوانی دیكەش نووسرابا. چونكە لەگەڵ هەر رۆژێكی نوێی بێهەوڵوێستی و هەر كەیسێكی نوێی وەكو كاوە، خەڵكی زیاتر دێنە سەر ئەو باوەڕەی ئەوان بەهۆی نووسینەكانیانەوە كوژراون و لەلایەن هەمان خەڵكەوە كوژراون و دەسەڵاتدارانیش نایانەوێ هیچ شتێكی لەبارەوە بكەن.