ترەمپ و خامنەیی؛ چارەنووسێکی تاڵ و سەرەتایەکی نوێ
سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار (Maximum Pressure) کە ترەمپ لە خولی پێشوویدا لە بەرامبەر ئێران گرتیەبەر و ئێستا بەکاری خستووەتەوە، راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە سیاسەتی (Peace Through Strength) ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە.
ترمپ لە خولی یەکەمیدا هەوڵیدا لەڕێگەی ئەم سیاسەتەوە ئێران ناچار بکات بە کۆتاییهێنان بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی، بەڵام نەیتوانی سەرکەوتووبێت و ئێران توانی خۆی رابگرێت لە بەرامبەر سزا ئابووری و جۆراوجۆرەکانی ئەمریکا.
ئەوەی شایەنی باسە، لەم خولە نوێیەیدا ترەمپ سیاسەتی ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە هێنایەکایەوە و دەیەوێت هاوتا لەگەڵ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار ئەو دۆسیەی ئێران کۆتایی پێ بهێنێت.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ترەمپ هەردوو سیاسەتەکە پەیڕەودەکات دژی ئێران؟ دراوەکانی گۆڕەپانەکە پێمان دەڵێن کە ئێران و ئەمریکا گەیشتوونەتە قۆناخێک یان تەسلیمبوونێکی بێ چەند و چۆنی خامنەیی یان جەنگێکی کاولکار. چەندین سیناریۆ هەن بۆ ئەم دۆسیەیە بەڵام دوو سیناریۆییان سەرەکین:
سیناریۆی یەکەم: ئەمریکا دەیەوێت ئێران بەفەرمی کۆتایی بە بەرنامە ناوەکییەکانی بهێنێت و هەموو چالاکییەکانی ئەو بوارە بۆ هەمیشەیی سەربنێتەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە نابێت کاریگەرییەکانی سیاسەتی ئێران لە سنووری جوگرافیای خۆی تێپەڕ بکات و هەژموون و پێگەی تەنیا لە چوارچێوەی جیۆپۆلەتیکی ئێران دابێت، بەدەر لەمانە دەبێت مووشەکە بالیستییەکانی رابگرێت و نەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە. ئەگەر ئێران بەم سیناریۆیە رازی بێت ئەوا ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت و ترەمپ خەونی پێوە دەبینێ دێتەدی و پێویست بە هەنگاوی دیکە ناکات و ئێرانیش دەبێتە هاوپەیمانی ئەمریکا و خامنەییش سەردانی کۆشکی سپی دەکات.
سیناریۆی دووەم: بێ ئەنجامی گفتوگۆکان و بەکارخستنی هەردوو سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار و ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە. ئەمەش بە واتای جەنگێک کە نە ئامانجی دیارە و نە سنووری لێکەوتەکانی پشبینی کراوە. لە جەنگی 12 رۆژیدا بەڵێ ئەمریکا هاوکار بوو و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بە (B2) بۆردوومان کرد، بەڵام شێوازی ئەم جارە لە ئەگەری جەنگدا تەواو جیاواز دەبێت، چونکە ئەمریکا جەنگەکە هەڵدەگیرسێنێت و هاوپەیمانەکانی هاوکاری دەبن.
ئەوەی ئەم سیناریۆیە دێنێتە پێش ئەوەیە، ئەمریکا کەشتیگەلی گەورە و پێداویستی زۆری جەنگ و ئامادەکارییەکانی جێگەی مەترسی گەورەن، هێنان وگەیاندنی ئەو شتانە بۆ ناوچەکە هەروا بۆ خۆشی نییە، بەڵکو دەیەوێت بەر لەکۆتاییهاتنی خولی ترەمپ ئەم دۆسیەی ئێران دابخات.
لێرەوە دەتوانین بڵێین ئێران لەبەردەم دوو سیناریۆی نەخوازراوی تاڵ دایە و، ترەمپ دەیەوێت لەم هەنگاوەیدا بە شەڕبێت یان بە ئاشتی ئەوەی لە خولی پێشوویدا پێی تەواونەکرا لەم خولەدا بەدەست بەتاڵی لێی دەرنەچێت.
ئەوەی ماوە ئەوەیە ئایا ئێران تاچەند دەتوانێت هەنگاوەکانی ترەمپ خاو بکاتەوە و چۆن دەتوانێت لەم تەنگژە قووڵە بەبێ تەسلیمبوون لێی دەرچێت و بمێنێتەوە؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری دیکە لە داهاتوویەکی نزیکدا وەڵامەکەی وەردەگرینەوە. بەڵام وا پێدەچێت بۆ خامنەیی چارەنووسێکی تاڵ بێت و بۆ ترەمپیش سەرەتایەکی نوێ!