گەڕانەوە بۆ کوردستان
لەنێوان ساڵانی 1973 و 2010دا، بەگشتی 12 جار گەشتم بۆ کوردستانی عێراق کرد کە بووە هۆی نووسینی دوو کتێب و دەیان وتار. گەشتەکانم خۆش و دڵڕفێن بوون، بەڵام لە دوای گەشتی دووازدەیەم، بڕیارم دا سەرنج بخەمە سەر چەند شتێکی دیکە. بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، مانگی ئایاری ساڵی رابردوو گەڕامەوە بۆ کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کردنەوەی (یادگەی نیشتمانیی بارزانی) لە بارزان. زۆر بەخێرایی، دوای 48 کاژێر لە بەجێهێشتنی ماڵەکەم لە شاری لاهای لە هۆڵەندا، گەیشتمە کوردستان. گەشتەکەم بایی ئەوەندە خۆش و درێژ بوو کە بتوانم پشکۆی خۆشەویستیم بۆ کوردستان و کوردەکان بگەشێنمەوە. زۆر دڵم خۆشبوو کاتێک لە 11ـی تشرینی دووەمی پار ئیمەیڵێکم لەلایەن سیروان رەحیم، دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکانی رووداو پێگەیشت.
ئەوان بەنیاز بوون بەرنامەیەک لەبارەی کارەکانم لە هەرێمی کوردستان دروست بکەن، بەتایبەت سەبارەت کتێبە وێنەییەکەم (کوردەکانی عێراق 2009) کە پڕی وێنە و چیرۆکی گەشتەکانمە لە ساڵی 1973ـەوە. بەنیازبووین بچینەوە بەشێک لەو شوێنانەی کە هەندێک لە وێنەکانم لێ چرکاندبوون بۆ ئەوەی باسی ئێستا و ئەوکات بکەم.
بە کورتی و پووختی؛ لە 1ـی ئادار گەیشتمە فڕۆکەخانەی هەولێر کە سیروان لەوێ چاوەڕوانم بوو، رۆژی دواتر بۆ ماوەی هەفتەیەک دەستمان بە وێنەگرتن کرد. لە منارەی کۆنی هەولێر دەستمان پێکرد و لە 3ـی ئادار چووینە گەلی عەلی بەگ و دواتر زیاتر بۆ لای رۆژهەڵات و رێگەی هامڵتۆن.
لە چۆمان، رێگە قیرتاوەکانمان بڕی و بەسەر رێگەیەکی لێژ و بەرز لێمانخوڕی تاوەکو گەیشتینە دەریاچەیەکی نیمچە بەستوو کە دیمەنی ناوازەی هەبوو.
کۆمەڵە گەشتیارێکی عەرەب بە هەڵکردنی ئاگر شەڕی سەرما و سۆڵەی ئەوێیان دەکرد. ئێمەش، بەتایبەت دڵشاد جۆڵای وێنەگر، بەدوای باشترین گۆشەی وێنەگرتندا دەگەڕاین. بەردەوام بووین بەرەو حاجی ئۆمەران، ئەو شوێنەی کە لەوێ لە 02-08-1973 دا هەڤپەیڤینم لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی کرد و وێنەیم گرت.
بەداخەوە، دەبوو واز لە هەموو پلانێکی دۆزینەوەی شوێنی هەڤپەیڤینەکە بێنین و وێنەی دەرەوەش نەگرین، چونکە لە هەموو لایەکەوە بەفر دەباری.
بەڵام بەیانیی رۆژی داهاتوو لە رواندز، تیمەکەمان چەندین شوێنیان دۆزییەوە. لەسەر داوای سیروان ئەو جلە کوردییەم پۆشی کە ئەوکات مەلا مستەفا بارزانی بە من و شەش هاوگەشتەکەمی دابوو.
سەرەتا دەبوو بچینە لای ئەم بەرگدرووە لە دیانا چونکە چیدیکە ئەو پشتێنەم نەبوو و بۆ ئەوەی شتێک لەسەر جلەکەم چاک بکەمەوە.
رووبارێکی زۆر جوان لە پشتم بوو و باسی ئەو ئەزموونە لەبیرنەکراوەم دەکرد. مەحاڵە بتوانم بە وشە وەسفی بکەم، هەرچەندە هەوڵمدا، دەبوو باسی بوونی ئەو [مەلا مستەفا بارزانی] بکەم لە نزیک خۆم، تیشکی وزە و هێزی لێدەردەچوو، لەو نیگا دۆستانەیەی لە چاوەکانیدا هەبوو.
لە رواندز چاومان بە کوڕی سەید جەبار سەید عەزیز کەوت کە خاوەنی چایخانەیەکی سەدەی 19 بوو لە 1954ـەوە، سەید جەبار چەند ساڵێک لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد. لەو شوێنە پڕ بیرەوەرییە کە دەکەوێتە کەناری رووبارەکە، من و شەش هاوڕێیە هۆڵەندییەکەم چامان خواردەوە، رێک پێش ئەوەی بچینە ئەو ناوچەیەی کە لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە 1973.
لە ماوەی زۆربەی گەشتەکانم دەچوومە چایخانەکە بۆ بینینی سەید جەبار، تاوەکو 2008 چایخانەکەیان رووخاند بۆ ئەوەی رێگەیەک فراوان بکەن. کوڕەکەی سەید جەبار ئێستا خاوەنی چایخانەیەکی نوێیە و زۆر نزیکە لە چایخانە رەسەنەکە؛ کە دیوارەکەی بە وێنەی چەندین خاوەن چایخانەی پێشوو رازێندراوەتەوە و ئێستا رێک وەک 1973 چەندین پیاو یاری تاوڵەی تێدا دەکەن.
خۆشترین بەشی گەشتەکەمان 1204 کیلۆمەتر بوو بەرەو گەرمیان. لەوەتەی حوزەیرانی 1992ـەوە نەچوومەتەوە ئەوێ. عارف عومەر گوڵ، رێبەر و شوفێرەکەم لە ماوەی گەشتەکە، کە ئێستا خاوەنکارێکی زۆر سەرکەوتووە، منی برد بۆ گوندەکەی خۆیان، هاشیزێنی، کە ئێستا رووخاوە. گوندەکە چەندین بیرەوەری لەنێو خۆیدا هەڵگرتبوو.
هەست بزوێنترین رووداو ئەوەبوو کە چووینە ئەشکەوتێکی نزیک لە گوندەکە کە حەمەڕەش و چەند پێشمەرگەیەکی دیکە لەکاتی ئەنفال دا بەرەنگاری و شەڕیان تێدا دەکرد.
هونەر یەکێکی دیکە بوو لەو پیاوە باشانەی کە رێبەری کردم. چووینەوە ئەشکەوتەکە، هەستێکم هەبوو کە ئێستا و کەمێکی دیکە پێشمەرگەکان دەگەڕێنەوە. خواردن، جێخەوەکان، جلوبەرگەکان و هەموو ئەوانە، ئەو هەڵمەتە قارەمانانەی ئەوکاتیان بیرخستمەوە.
ئێستا و لە دوای 32 ساڵ، هاتوومەتەوە؛ عارف و هونەریشم لەگەڵە. جگە لەوانە، سێ منداڵەکەی حەمەڕەشیش لەوێ بوون( رۆژان، کارۆخ و کەژوەست).
کەشوهەواکە و دیمەنە سرووشتییەکە نایاب بوو. ماوەی سێ کاژێر و نیو چێژمان لە وێنەگرتن بۆ رووداو بینی، چاوپێکەوتنمان لەگەڵ منداڵەکانی حەمەڕەش و هونەردا کرد و بەیەکەوە قسەمان کرد. ئاگریان کردەوە و چایان لێنا، کچەکانی حەمەڕەش کێکی بەتامیان دروستکردبوو، باڵندە لە دەوروبەرمان دەفڕین. گوڵەکانی سەرەتای بەهار خاکە سادە و سەوزەکەیان جوانتر کردبوو. کانییەکی بچووک کە هونەر لە شەوانی پێشمەرگایەتیدا لە ئەشکەوتەکە ئاوی لێ دەخواردەوە، بەنێو گاشەبەردەکاندا درێژ دەبووەوە.
من و عارف بە نیاز نەبووین بە گردە لێژ و بەرزەکەدا هەڵگەڕێین و بچینە ئەشکەوتەکە، ئێمە تەنیا سەیری ئەو شوێنەمان دەکرد کە لە 1992 سەرکێشیمان تێدا کردبوو.
هەفتەیەک دوای ئەوەی هۆڵەندام جێهێشت، دووبارە گەڕامەوە. پڕبووم لە یادەوەریی تازەی وڵاتێک کە لە مێژبوو بۆی نەچووبووم. ئێستا چاوەڕێی بەڵگەفیلمەکەی رووداو دەکەم کە خەریکن کاری لەسەر دەکەن، چاوەڕێی پەخشکردنیم.