ئایا كۆرۆنامە، یان هەڵامەت و ئەنفلووەنزا؟
لەگەڵ دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كە وەكو زۆر لە ڤایرۆس و بەكتریا باوەكانی دیكە، هێرش دەباتە سیستمی هەناسەی مرۆڤ، لەبەرئەوەی نیشانەكانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە لەگەڵ ڤایرۆس یان پاتۆجینەكانی دیكە یەكسان و هاوشێوەن، خەڵكێكی زۆر، ئەوانەی كە یەك یان چەند نیشانەیەكیان لە كۆئەندامی هەناسەیان دەركەوتووە، تەنانەت ئەوانەی نەخۆشی حەساسییەتی وەرزییان هەیە، تووشی دڵەڕاوكێ و سەرلێشێوان بوونە، نەكا منیش كۆرۆنام گرتبێت!
زۆربەی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە (وەك: هەڵامەت، حەساسییەتی وەرزی، ئەنفلووەنزا و كۆرۆنا)، كۆمەڵە نیشانەیەكیان هەیە كە زۆر وێكدەچن و جیاكردنەوەیان لە یەكتر تەنانەت بۆ پزیشكانیش كەمێك سەخت و ئاڵۆزە؛ جا نەخۆشییەكە ڤایرۆسی بێت، یان بەكتریایی و یانیش تۆزوخۆڵ و گەردیلەی گیا و شیناتی؛ بۆ نموونە نیشانەكانی وەك: كۆكە (وشك یان تەڕ)، پژمین، چڵمەشۆڕە (هاتنەخوارەوەی ئاوی لووت)، قوڕگئێشە، خورانی لووت و قوڕگ، سوورهەڵگەڕانی چاو، رژانی فرمێسك، هەناسەتەنگی، سینگئێشە، بەڵغەم، خیزخیزی سینگ، تاولەرز، ئازاری جەستە، بێهێزی و بێتاقەتی، ژانەسەر، دڵتێكهەڵچوون، سكچوون، كێشەی دەنگ و بۆن و تامكردن.
كۆئەندامی هەناسە لە دوو بەشی سەروو و خواروو پێكدێت؛ بەشی سەروو پێكدێت لە: سینۆسەكان (جیووب)، لووت، قۆڕگ و حەنجەرە. بەشی خوارووش پێكدێت لە: بۆڕی و رێڕەوی هەناسە و سیپەلاك.
هەندێ ڤایرۆس و پاتۆجین، تەنیا بەشە سەرووكەی سیستمی هەناسە تووش دەكەن، هەندێكیان هەردوو بەش و هەندێكیشیان (وەكو كۆرۆنا) تەنیا بەشە خوارەوەی.
بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی تەواو و یەكلاكەرەوە ئەم نەخۆشیانە لێك جیا بكرێنەوە، پێویستی بە پشكنینی تایبەت و تاقیكردنەوەی گونجاوە، بەڵام بە وردبوونەوە لە نیشانەكانیان، تاوەكو رادەیەكی زۆر دەكرێ جیاوازی بخەینە نێوانیان. نیشانەكانی هەڵامەت و حەساسیەتی وەرزی سەرەڕای جیاوازییان، لەیەكتر نزیكن و لە ئەنفلووەنزا و كۆرۆنا جیاوازترن. كۆرۆنا و ئەنفلووەنزاش، سەرەڕای ئەوەی لە یەكتر جیان، بەڵام نیشانەكانی تاوەكو رادەیەكی زۆر لە یەكتر نزیكترن و لە هەڵامەت و هەستارییش دوورن.
هەڵامەت و حەساسیەتی وەرزی: نیشانەكانی زیاتر لە سەردا (واتە لە بەشی سەرووی كۆئەندامی هەناسەدا) دیار دەكەون، نەك سینگ (بەشە خوارووەكەی)ـدا. نیشانەكان لە هەردووكیاندا زۆر بە یەك دەچن، سەرەڕای ئەوەی هۆكاری نەخۆشییەكە لە یەكتر جیان: لە هەڵامەتدا ڤایرۆسێكی ئاسایی و زۆر باوە، لە حەساسییەتدا تۆز و گەردیلەی گیا و رووەكە.
نیشانەكان لەهەردووكیاندا بە هێواشی و لەسەرخۆ دەستپێدەكەن؛ سەرەتا لووت و قوڕگ و چاو و گوێ دەست بە خوران دەكەن، ئینجا پژمین، رژانی فرمێسك و ئاوهاتنەخوارەوەی لووت (لیكاوێكی روون و بێڕەنگ)، قەپاتبوونی لووت و گوێ، هەورەها كۆكەیەكی وشك و هەندێكجاریش تەڕ (بەڵغەمەكەی بێڕەنگ و زەڵاڵە) دەردەكەون. هەردووكیان بەمەرجێك نەخۆشەكە ئاسم (رەبو)ی نەبێت، تووشی هەناسەتەنگیی ناكەن. ئەوەی ئەم دوو نەخۆشییەش لە یەكتر جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە لە هەڵامەتدا نەخۆش كەمێك پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە، لەچاو هەستیاریی وەرزی، زیاتر هەست بە بێتاقەتی و بێهێزی دەكات و ئازاری جەستە لە حەساسییەتدا نییە، لە هەڵامەتیشدا یان نییە ئەگەر هەشبێت زۆر تووند نییە كە نەخۆش لە ناو جێگەدا بخەوێنێت، هەندێجار لە هەڵامەتدا، ژانەسەریش باوە. لە هەڵامەتدا، نەخۆش لەوانەیە ئیشتیهای خواردنی كەم ببێتەوە و وەك جاران دڵی خواردن نەبات، بەڵام لە هەستاریدا ئەم نیشانەیەی نییە. جیاوازییەكی دیكە، لە حەساسییەتی وەرزیدا، ساڵانە لە هەندێ وەرزی وەك سەرەتای بەهار و پاییزدا كە گەرد و تۆزی گیا و رووەك لە هەوادا بڵاودەبنەوە، نەخۆش پێشینەی تووشبوونی هەیە و ئەو نیشانانە لەوكاتە دیاریكراوانەدا زیاتر دەردەكەون و دووبارە دەبنەوە، بەڵام لە هەڵامەتدا، تەنیا لەكاتی بەركەوتن بە كەسێكی هەڵگری ڤایرۆس یان رێگەی ناڕاستەوخۆی دیكە تووش دەبێت، ئەویش زیاتر لە وەرزی سەرمادا. بەگشتی لە هەردووكیاندا، نەخۆش دەتوانێ كار و ئەركەكانی رۆژانەی خۆی جێبەجێبكات و ئەوەندە كاریان تێناكات كە نەتوانێ بجوڵێتەوە. لە حەساسییەتدا، وەڵامدانەوەی زۆر خێرا و باشتری هەیە بە دەرمانی ئەنتی هیستامین (دژەهەستیار)ـەكان. نیشانەكانی هەڵامەت یەك هەفتە تاوەكو دە رۆژ ئەوپەڕی دووهەفتە نامێنن، بەڵام لە هەستیاریدا لەوانەیە یەك مانگی تەواو لە وەرزێكدا نەخۆش ئازار بدەن، بەتایبەتی ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت و لەناو شوێن یان كەشوهەوایەكدا بژیت كە زۆر گوڵ و گیا و درەختی لێ بێت.
ئەنفلووەنزا و كۆرۆنا: ئەو نیشانانەی كە لە هەردووكیاندا هاوبەش و یەكسانە بریتین لە: تای بەرز، كۆكەی وشك، ئازاری جەستە، ژانەسەر، وشكبوونی دەم و قوڕگ، گۆڕانی دەنگ و هەستی بۆن و تامكردن، نەمانی ئیشتیها و حەزی خواردن، بێهێزی و سستی و بێتاقەتی.
ئەوەی ئەم دووانە لەیەكتر جیا دەكاتەوە، ئەم نیشانانەن: نیشانەكانی ئەنفلووەنزا زۆر خێرا و لەناكاو دەردەكەون و كەمێكیش لەچاو كۆرۆنا، تووندتر و تۆخترن؛ بۆ نموونە رێژەی "تا" لە ئەنفلووەنزادا بەرزترە، هەستی لەرز و سەرما باوترە، ژانەسەر و ئازاری جەستە و بێتاقەتی و نەمانی حەزی خواردن لە ئەنفلووەنزا زیاتر و تووندترە لەچاو كۆرۆنا. بەڵام لە كۆرۆنادا، هەناسەتەنگی و هەوكردنی سیپەلاك باوترە لەچاو ئەنفلووەنزا. لە ئەنفلووەنزادا ئەگەر هەوكردنی دووەمینی دروست ببێت (بۆ نموونە بەكتریایەك دەرفەتی بقۆزێتەوە)، ئینجا نەخۆش تووشی هەوكردنی سییەكان دەبێت. بۆ جیاكردنەوەی هەردووكیان لە یەكتر، پێویستی بە پشكنینی PCR هەیە.
خشتەی خوارەوە، كورتكراوەی بەراوردی نێوان هەرچوار نەخۆشییەكەیە: