جیهانی پۆست-کۆرۆنا
به‌شی یه‌كه‌م:
چه‌قی قه‌یرانه‌كان
ئه‌گه‌رچی كۆرۆنا و په‌تا هاوشێوه‌كانی خاڵێكی كۆتاییان هه‌یه و له‌كۆتاییدا مرۆڤایه‌تی به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئه‌م قۆناخە تێده‌پەڕێنێت به‌تایبه‌تی بۆ كورد كه ئه‌زموونێكی زۆر و مێژووییه‌كی تەژی به كاره‌سات و ململانێ له‌پێناو مانه‌وه‌دا به‌ڕێكردووه، به‌ڵام رووداوه گه‌وره‌كان وه‌ك نه‌ریتێكی هه‌میشه‌یی كۆمه‌ڵێك لێكه‌وته و قه‌یران له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌هێننه ئاراوه، به‌شێك له‌م قه‌یرانانه‌ش ده‌رهاویشته‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كۆمه‌ڵێك دۆخ و پرسی چه‌پێنراو و فه‌رامۆشكراون كه له‌گه‌ڵ هاتنی دۆخه سه‌خته‌كان زه‌قتر ده‌بنه‌وه، له هه‌ندێك باریشدا ده‌بنه خاڵی وه‌چه‌رخان.
قه‌یرانی كۆرۆناش وه‌ك قه‌یرا‌نێكی به قه‌یرانگه‌لێك ده‌وره‌دراو، كۆمه‌ڵێك پرسیار و رامان و تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا تۆخكردووەته‌وه كه ناكرێ وه‌ك پرسێكی راگوزاری به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا تێپه‌ڕ‌بێت. پرسیاری ئه‌وه‌ی كه ئایه جیهان له مه‌ترسیدایه و مه‌ترسییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤن، یان ره‌فتاری مرۆڤ و سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی جیهانی سه‌رچاوه‌ی ئه‌م مه‌ترسییه‌ن؟ چه‌قی قه‌یرانه‌كان له كوێن؟ ئه‌م پرس و پرسیارانه‌ی ئه‌مڕۆ قووتبوونه‌ته‌وه، له ترس و دڵه‌ڕاوكێ هه‌نووكه‌ییه‌كانه‌وه دروستبوون، یان پرسی له‌مێژینه‌ن و پێشینه‌ی قوڵیان هه‌یه؟
ئه‌مڕۆ، ئه‌م په‌تایه جگه له‌وه‌ی له ناواخندا قه‌یران و پرسێكی ته‌ندروستییه، به‌ڵام هه‌ڵگر و ده‌رخه‌ری كۆمه‌ڵێك ته‌نگژه و ئاریشه‌ی پێشووتر و سه‌كۆی دایالۆگی كۆمه‌ڵێك تێز و گریمانه‌ی جیاواز و خوێندنه‌وه‌ی بایۆ-سیاسی لێكدژه بۆ كۆرۆنا و جیهانی پۆست-كۆرۆنا، وه‌كو: مه‌سه‌له‌ی گۆڕانكاری له سیسته‌می ئابووریی جیهانییدا، تێپه‌ڕاندنی سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری، به‌های مرۆڤ له به‌رامبه‌ر كاڵا و به‌رژه‌وندییه ئابوورییه‌كان، رۆڵی پێشكه‌وتنه زانستییه‌كان له خۆشگوزه‌رانكردنی مرۆڤایه‌تیدا، ماهیه‌تی تاكگه‌رایی له قه‌یرانه له‌ناكاوه‌كاندا، ئاریشه‌كانی كولتووری گلۆباڵیزم، په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ململانێی زلھێزه‌كان، سرووشتیبوون و نه‌بوونی قه‌یران و په‌تاكان، ئه‌مانه چه‌ندین بابه‌تی دیكه خوێندنه‌وه و گریمانه‌ی جیاوازیان بۆ ئاڵه‌نگارییه‌كانی گۆڕانكاری له جیهانی دوای كۆرۆنا دروستكردووه. كه هه‌ندێك ئه‌م گۆڕانگارییانه وه‌ك حه‌تمییه‌تی مێژوویی سه‌یری ده‌كه‌ن.
وێڕای ئه‌وه‌ی زانست و سیسته‌می جیهانی له 100 ساڵی رابردوودا، رۆڵی گرنگیان له ژیانی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تییدا گێڕاوه، فریادڕه‌سی كۆمه‌ڵێك ته‌نگژه و ئاریشه‌ی مرۆڤ بووه، جێگه و پێگه‌یان به زۆر بوار و لایه‌نی دیكه‌ی ژیانی مرۆڤایه‌تی له‌قكردووه، به‌ڵام هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، كۆمه‌ڵێك پرسیاری بنچینه‌یی له‌سه‌ر ماهیه‌ت و رۆڵ و لێكه‌وته‌كانی خۆی له‌سه‌ر خۆشگوه‌زه‌رانكردنی مرۆڤ، مۆراڵ و به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كان دروستكردووه، مۆدێلێكی تێگه‌یشتنی بۆ سرووشت و ژیان پاوانكردووه كه ئامانجه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی خۆی په‌رتكردووه، ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ش ده‌مێكه بوونه‌ته دیالۆگی گوتاری ره‌خنه‌یی به‌شێك له بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفانی دنیا.
بیرمه‌ندی ئه‌مریكی به‌ره‌گه‌ز سویسری ریچارد تارناس له كتێبی ناسۆره‌كانی عه‌قڵی رۆژئاوایی، 1991- The Passion of the Western Mind) دا، وێڕای نكۆڵی نه‌كردن له خه‌ون و ده‌سكه‌وته مه‌زنه‌كانی زانست، به‌ڵام ره‌خنه له ده‌سه‌ڵات و ده‌ستڕۆیشتوویی زانست ده‌گرێت و تێوه‌گلانی زانست به ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌كان به مه‌ترسی بۆ دوارۆژی مرۆڤایه‌تی هه‌ژمارده‌كات. پێواییه سیسته‌می ئێستای رۆژئاوا مرۆڤێكی ملكه‌چ بۆ كاڵا و به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كان دروستكردووه. فه‌رامۆشكردنی راده‌ی پیسبوونی ژینگه، به كاڵاكردنی به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كان، ده‌سته‌به‌رداربوونی بنه‌ما ئاكارییه‌كان له رێگه‌ی كه‌ره‌سه و ئامرازی عه‌قڵانییه‌وه، مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و ئه‌نجام و ده‌ركه‌وته‌ی ناعه‌قڵانی ده‌بات. خودی مرۆڤ و بوون و سرووشت رووه و چاره‌نووسێكی پڕناسۆر كێشده‌كات.
هه‌روه‌ها بیرمه‌ندی ئه‌مریكی فرانسیس فۆكۆیاما له كتێبی داڕووخانی مه‌زن- 1999The Great Disruption دا، ره‌خنه له میكانیزمی به‌كارهێنانی پێشكه‌وتنه زانستی و ته‌كنۆ‌لۆژییه‌كان و سرووشتی سیسته‌می كۆمه‌ڵگه‌ی هاوچه‌رخی ئه‌مریكی و وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان ده‌گرێ، پێیوایه ئه‌م كولتوور و كۆمه‌ڵگەیه‌ی له سایه‌ی ئه‌م سیستەمه‌دا بونیادنراون، گۆڕانكاری گه‌وره‌ی له به‌ها ئاكارییه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه دروستكردووه، رۆڵی تاكی زه‌قكردووەته‌وه له‌سه‌ر حیسابی روحییه‌تی كۆمه‌ڵ، رێژه‌ی تاوانكاری هه‌ڵكشاندووه. فۆكۆیاما مرۆڤایه‌تی له‌وه ئاگاداركردووەته‌وه كه سرووشت و چاره‌نووسی مرۆڤ له‌ژێر مه‌ترسیدایه، ئه‌م مه‌ترسییه‌ش زاده‌ی ئه‌و كولتووره‌یه كه سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی جیهانی و زیاده‌ڕۆییه‌كانی گلۆباڵیزم دروستیكردووه، كه ده‌شێ ئه‌م كولتووره جیهان به‌ره‌وه قه‌یرانی گه‌وره و لێكترازان ببات، كه ئه‌و ئه‌مه به درز و داڕووخانی گه‌وره ناوده‌بات. له هه‌مان سۆنگه‌يه‌وه، یۆرگن هابرماس كۆمه‌ڵناس و فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی له كتێبی، داهاتووی سرووشتی مرۆڤ، -2001- The Future of Human Nature ره‌خنه له پێشكه‌وتنی ته‌كنیك و ئامرازه‌كانی بایۆلۆژی و ته‌كنۆ‌لۆژی ده‌گرێ، به بۆچوونی ئه‌و ده‌بێ ئامرازه‌كانی پێشكه‌وتن و چۆنیەتی تێڕامان بۆ ئامانجه زانستییه‌كان له چوارچێوه و پێوه‌ری ئاكاری و هه‌ڵسه‌نگاندنی فاكته‌ره‌كانیه‌وه سنووردار بكرێن، بۆ ئامانج و مه‌به‌ستی دیكه به‌كار‌نه‌هێندرێن و رێز له كه‌رامه‌ت و سرووشتی مرۆڤ بگیرێ. مرۆڤ و سرووشت راده‌ستی چاره‌نووسی نادیار و مه‌به‌ستی زانستی ره‌ها و گه‌شه‌كردنی ده‌ستكرد نه‌كرێت.
له جه‌مسه‌رێكی دیكه‌وه، تزقیتان تۆدۆرف (1939-2017) ره‌خنه‌گر و بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسی به ره‌چه‌ڵه‌ك بولگاری، له كتێبی ( ئاژاوه‌كانی سیسته‌می نوێی جیهانی) دا، له دیدێكی فه‌له‌سه‌فییه‌وه ره‌خنه له شێواز و سیسته‌می سیاسه‌تكردنی ئه‌مریكا و جیهان ده‌گرێ و پێیوایه سیسته‌می جیهانی به مۆدێلێكی تێگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندیخواز دامه‌زراوه كه په‌نا ده‌باته به‌ر هه‌ڵگیرساندنی هه‌موو جۆره قه‌یران و ئاژاوه‌یه‌ك بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كان، ئه‌م مۆدێله به دووفاقییه‌ك ره‌نگڕێژكراوه، كه ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وهی دیموكراتی ده‌كه‌ن، خۆیان دوژمنی سه‌رسه‌ختی بنه‌ما دیموكراتییه‌كانن.
ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كۆرۆنا له ئه‌مڕۆدا به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تییدا سه‌پاندوویه‌تی و له قۆناخە‌كانی دواتریشدا ره‌نگدانه‌وه‌یان ده‌بێت، قه‌یرانی ده‌ره‌كی نین و له بۆشاییدا نه‌هاتوون، له خودی میكانیزمه كۆمه‌ڵاتییه مۆدێرنه‌كانه‌وه هه‌ڵقوڵاون، كه كاریان له‌سه‌ر په‌رتكردنی تاكه‌كان كردووه، ئازادییان له فۆڕمی لێكدابڕاندا به‌رجه‌سته‌كردووه، زه‌مینه‌سازییان بۆ به چه‌قكردنی كاڵا و مادده‌په‌رستی كردووه، هێز و هه‌ژموونیان له پره‌نسیپه ئاكارییه‌كان دابڕیوه، هه‌ربۆیه ریچارد كۆك و كریس سمیس له كـتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یان به ناوی (خۆ له‌ناوبردنی خۆرئاوا- Suicide of The West)دا، دووپاتی ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه شارستانیه‌تی خۆرئاوا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ره‌سهێناندایه، به‌هۆی كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری ناوه‌كی نه‌ك ده‌ره‌كی كه لایانداوه له‌و بنه‌ما و پێوه‌ره بنچینه‌ییانه‌ی كه شارستانیه‌تی خۆرئاوای له‌سه‌ر بوناتنراوه. جه‌خت له‌سه‌ر دووباره خۆبنیاتنانه‌وه و خۆڕێكخستنه‌وه ده‌كه‌نه‌وه.
كۆرۆنا نه یه‌كه‌م په‌تایه و نه‌دوا په‌تاش ده‌بێ كه یه‌خه‌ی مرۆڤایه‌تی بگرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی پێشكه‌شی ده‌كات به تایبه‌تی له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانی خۆرئاوا له هه‌مبه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه‌دا جێگه‌ی تێڕامانن، ئه‌و قه‌یرانانه كه كۆرۆنا زه‌قیكردنه‌وه و به ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه له قۆناخی پۆست-كۆرۆناش درێژه‌یان ده‌بێت و شایه‌نی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنن، مرۆڤ له كۆمه‌ڵگه پێشكه‌تووه‌كاندا، نموونه‌ی مرۆڤێكی ده‌سته‌مۆكراوی دەروونله‌رزۆك ده‌رده‌كه‌وێت، كه له‌گەڵ قه‌یرانه‌كاندا خۆی ده‌بێته قه‌یران، هه‌روه‌كو ئه‌ریك فرۆم ده‌یگوت "له كۆندا، كۆیله‌كردنی مرۆڤ خه‌مێكی گه‌وره بوو، له ئه‌مڕۆدا به ئامێركردنی مرۆڤ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه". كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه ساڵه‌هایه كار له‌سه‌ر په‌رتكردنی ده‌كرێ، ئاسته‌مه بتوانرێت له دۆخێكی له‌م چه‌شنه‌دا كۆبكرێته‌وه. ئاسته‌مه بلوێت ئه‌م هه‌موو ناڕێكییانه له‌م باره‌دا رێكبخرێنه‌وه.
ته‌نانه‌ت كۆكردنه‌وه و مانه‌وه‌ی خێزانێك له ماڵ وه‌ك خۆپارێزی بووەته كارێكی سه‌خت. هه‌ر بۆیه، هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م په‌تایه، به شێوه‌یه‌كی گشتی رێژه‌ی جیابوونه‌وه و تووندوتیژی خێزانی به‌رزبووه‌وه، راده‌ی تاوانكاری زیادیكرد. رۆژنامه‌ی ( ئیندپێندێنت) له راپۆرتێكیدا، ئاماژه به خێرایی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی تاوان له به‌ریتانیادا ده‌كات. هه‌روه‌ها له فه‌ره‌نسادا وێڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌ت پلانی تایبه‌تی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تووندوتیژی خێزانی داناوه، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی په‌تاكه‌وه، رێژه‌ی تووندوتیژی خێزانی و تاوانكاری به‌ڕێژه‌ی 30% زیادیكردووه، ئاژانسی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ هاریكاریكردنی جێبه‌جێكردنی یاسا كه ناسراوه به (EUROPOL) له راپۆرتێكیدا له‌میانه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆناو‌ه، ئاماژه به‌خێرایی و مه‌ترسی هه‌ڵكشانی تاوان له ئه‌وروپادا ده‌كات. ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له ئه‌مریكادا جه‌خت له‌سه‌ر زیادبوونی 50%ـی رێژه‌ی تاوانكاری له شاری سان فرانسیسكۆ ده‌كه‌نه‌وه. به گوێره‌ی ئامارێكی رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز لەگه‌ڵ هاتنی كۆرۆنادا نزیكه‌ی دوو ملیۆن پارچه چه‌ك له مانگی ئازاری ئه‌مساڵه‌وه له ئه‌مریكادا فرۆشراوه، ئه‌مه‌ش له ترسی دروستبوونی ئاژاوه و پاشاگه‌ردانی له وڵاته‌كه‌یاندا، كه به زلهێزترین وڵاتی دنیا داده‌نرێت.
ئه‌م شڵه‌ژان و ترسه قووڵه له خۆرئاوادا، ته‌نیا تاكه‌كانی نه‌گرتووەته‌وه، به‌ڵكو ده‌وڵه‌وت و سه‌رۆك وڵاتانیش لێی به‌ده‌رنین، له ده‌ستپێكی قه‌یرانه‌كه‌دا بیركردنه‌وه له بازاڕ و بازاڕگه‌رمی، خه‌مساردی له گرتنه‌به‌ری رێكاری پێویست و لێدوانی رووخێنه‌ر و ناپه‌رسانه، كشانه‌وه له به‌رپرسیار‌ێتی له به‌رامبه‌ر جیهان و تۆخكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی پاراستنی نه‌ته‌وه‌یی به روونی ده‌ركه‌وت. بۆريس جۆنسۆنی سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، له روانگه‌ی ئه‌و پلانه‌ی بۆ رووبەڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا دایانڕشتبوو، هه‌ر زوو گوتی " خۆتان بۆ له‌ده‌ستدانی ئازیزانتان ئاماده بكه‌ن". دؤناڵد ترامپیش وه‌ك شه‌ڕێكی ده‌روونی و راگه‌یاندن په‌تاكه‌ی به ڤایرۆسی چینی ناوبرد.
له ئه‌ڵمانیادا، به گوێره‌ی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی (DW) تۆماس شیفه‌ری وه‌زیری ئابووریی شاری هیسین، له سه‌روبه‌ندی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه كۆتایی به ژیانی خۆی هێنا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، وڵاتانی ئه‌وروپی و یه‌كێتیی ئه‌وروپا زۆر به په‌رته‌وازه ده‌ركه‌وتن، ئه‌و یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌ی كه ئه‌ندامه‌كانی شانازییان پێوه‌ده‌كرد بوون به دۆستی دوێنێ و فۆبیای ئه‌مڕۆ، ئه‌و ڤیزه‌ی شینگنه‌ی مایه‌ی شانازی ئه‌ورپییه‌كان بوو، بوو به دێوه‌زمه. هه‌ر وڵاتێك سنووری خۆی تووندكرد و هاوكاریكردن و یارمه‌تیدانی یه‌كدی بوو به وه‌هم و له‌بارچوو. ئیتاڵیا داوای به هاناوه‌چوونی كرد، به‌ڵام بێوه‌ڵابوون، ئه‌مه‌ش وایكرد، جێگری سه‌رۆك په‌رله‌مانی ئیتاڵیا فابيۆ رامبيلی ئاڵای یه‌كێتیی ئه‌ورپای داگرت و ئاڵای ئیتاڵیای له شوێنی دانا، وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ نەبوونی رۆڵی یه‌كێتییه‌كه، هاووڵاتیانی ئیتاڵیاش له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئاڵای یه‌كێتیی ئه‌وروپایان وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك سووتاند. ئیسپانیاش هیچ وڵاتێكی ئه‌وروپی به هانایه‌وه نه‌چوو، هه‌ربۆیه سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسپانیا پیدرۆ سانشێژ هۆشداریدا لە له‌ناوچوونی یه‌كێتیی ئه‌وروپا كه ئه‌گه‌ر خۆی رێك نه‌خاته‌وه. شانۆی زلهێزه‌كانی دونیا له بڕی به‌رپرسارییه‌تی و هاوكاریكردنی جیهان، خه‌ریكی شه‌ڕی ماسك و كه‌مامه بوون، فه‌ره‌نسا به بڕیارێك هه‌موو ئه‌و ماسكانه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر‌داگرت كه كۆمپانیای مۆلنلیكی سوێدی بۆ خۆیانی له چینه‌وه هاورده‌كردبوو، ده‌سه‌ڵاتدارانی شاری به‌رلینی ئه‌ڵمانیا ئه‌مریكایان به گلدانه‌وه‌ی 100 هه‌زار ماسكی جۆری FFP-2 تۆمه‌تباركرد كه له تایله‌نده‌وه كڕابوون.
هه‌موو ئه‌و ره‌فتار و كرده تاكه‌كه‌سی و ده‌وڵه‌تییانه‌ی كه قه‌یرانی كۆرۆنا به‌رچاوی خستن، گه‌واهیده‌ری ئه‌و راستییه‌ن كه جیهان له ئاریشه‌یه‌كی بنچینه‌یی و جه‌وهه‌ریدایه، به‌ره‌و پاشه‌ڕۆژێكی لێڵ هه‌نگاو ده‌نێت. مرۆڤایه‌تی له نادادییه‌كی قووڵدا ده‌ژی، ئه‌م كێشانه‌ش ئێستایی نیین، پاشخانێكی مێژوویان هه‌یه، گرێدراوی ره‌هه‌ندی دیكه‌ن. ئه‌م باجه‌ی ئه‌مڕۆ مرۆڤ ده‌یدات، ئه‌م خوێنبه‌ربوونه‌ی ئێستای مرۆڤایه‌تی زاده‌ی ئه‌م سیسته‌مه جیهانییه‌یه كه مرۆڤ و سرووشتی خستووەته مه‌ترسییه‌وه، به ژیانێكی رووكه‌شی مادده‌ویست بارگاوییه، مۆدێلیكه هێنده‌ی بۆ ئاره‌زوو و به‌رژه‌وه‌ندییه، هێنده بۆ پێداویستی و به‌ها نییه. خه‌می سه‌رمایه و هێز و هه‌ژموون زۆر گرنگتره له خه‌می مرۆڤبوون و ژینگه و گه‌ردوون.
كۆرۆنا زه‌قكه‌ره‌وه‌یه، نه‌ك چه‌قی هه‌موو قه‌یرانه‌كان بێت، ده‌نا مرۆڤایه‌تی زۆر ده‌رد و نادادی و نه‌هامه‌تی قووڵی هه‌یه، كه ره‌نگه قوربانییه‌كانی زۆر له قوربانییه‌كانی كۆرۆنا زیاتر بێت، له‌م گۆی زه‌وییه ئێمه تییدا ده‌ژین، به گوێره‌ی ئامارێكی رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی (FAO) سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، رێژه‌ی برسيبوون له جیهاندا، ساڵی (2015) نزیكه‌ی یه‌ك ملیار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه، واته له هه‌ر شه‌ش مرۆڤێك، یه‌ك مرۆڤ به ده‌ست نه‌بوونی خۆراكی رۆژانه‌وه ده‌ناڵێنێت، له چینی لانكه‌ی كۆرۆنا له ساڵی(1959-1961) دا، له‌نێوان 20-30 ملیۆن كه‌س و له نه‌یجیریا له 1967 و 1970 دا، نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كه‌س و هه‌روه‌ها له سۆماڵ‌دا، ساڵی (2011) نزیكه‌ی 260 هەزار كه‌س له برسان مردوون. به گوێره‌ی هه‌ندێك ئامار، به شێوه‌یه‌كی گشتی به نزیكه‌یی له هه‌ر 5 چركه‌یه‌كدا منداڵێك به هۆكاری راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆی برسیبوونه‌وه ده‌مرێت، كه ده‌كاته نزیكه‌ی 700 له كاژێرێک و نزیكه‌ی 16 هەزار و 800 منداڵ له رۆژێكدا. ئه‌م مردنانه به هۆی په‌تای درمییه‌وه نین، به‌ڵكو به‌هۆی نه‌بوونی لوقمه‌ی نان و پێداویستییه هه‌ره سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیان گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه هه‌ر له جه‌نگی ئه‌فغانستان و عێراق و سووریا و لێكه‌وته‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی نزیكه‌ی سێ ملیۆن مرۆڤ بوونه‌ته قوربانی.
له لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه به گوێره‌ی ئامارێكی (رۆژنامه‌ی ئابووریناسی)، ساڵانه زیاتر له 170 ملیار دۆلار له خه‌رجكردنی كه‌ره‌سته‌كانی جوانكاری خه‌رج ده‌كرێت. له راپۆرتێكی حكومی له ئه‌مریکا كه رۆژنامه‌ی ( گاردیان) ئاماژه‌ی پێكردووه، ساڵانه نزیكه‌ی 60 ملیۆن تۆن خۆراك له ئه‌مریكادا به‌فیڕۆده‌چێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه له ئه‌مریكا و هه‌ندێك وڵاتانی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێن ساڵانه چه‌ندین ملیۆن تۆن خۆراك له‌ناوده‌برێن یان ده‌خرێنه ده‌ریاوه، له‌پێناو یاریكردن به نرخ له بازاڕه جیهانییه‌كاندا. هه‌موو ئه‌م نادادی و برسێتییه دروستكراو و یاریكردن به ژیان و مرۆڤ و ژینگه له‌پێناو ده‌ستكه‌وتی زیاتری ماددی و به‌رژوه‌ندی ئابووريی خۆویست، مرۆڤ و عه‌قڵ و زانست و سرووشتی به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان كردووەته كاڵا و ئامرازی به‌رهه‌مهێنان و به‌كاربردن. قه‌یرانی كۆرۆنا جگه له‌وه‌ی په‌تایه، په‌یامیشه، كه ده‌بێ سیسته‌می ئابووریی جیهانی و گلۆباڵیزم و سه‌رمایه‌داری، په‌یوه‌ندی مرۆڤ و ژیان و ژینگه جارێكی دیكه له‌پێناو ژیانێكی نیمچه باشتر و سه‌قامگیر بونیات بنرێته‌وه، مرۆڤ و ژینگه، تاك و كۆمه‌ڵ، ئابووری و ئاكار، زانست و خۆشگوزه‌رانی له‌گه‌ڵ یه‌كدی ئاشتبكرێنه‌وه.