كەركووك... شارە كوردستانییەكە
گەلی كوردستان هەمیشە خەبات و تێكۆشان و شۆڕشی بۆ وەدەستهێنانی مافە زەوتلێكراوەكانی كردووە، وەك نەتەوەیەكی بندەستی ستەمدیدەی زوڵملێكراو.
خەبات و شۆڕشەكانی گەلی كوردستان رەوابوون و لەپێناوی ئامانجێكی دیار و رەوادا بووە، كە مافی چارەنووسی نەتەوەكەمانە، ئەوەیش بەمەبەستی یەكخستنی هێزی گەل و خاكەكەی، چونكە كوردستان لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانەوە بەزۆر و بەبێ رەزامەندیی گەلی كوردستان، خاك و گەلەكەی لكێنرا بەعێراقەوە.
ئەو دابەشكردنەش لەسەر بنەمای كۆمەڵێك بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی و لەسەر حسابی نەتەوەیەك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە (نەتەوەی كورد)ە، بۆیە خەبات و تێكۆشانی كوردان لە باشووری كوردستان بەردەوامبووە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە خەباتی پێشمەرگایەتی و تێكۆشان و قوربانیدان نەسرەوتووە و ناسرەوێت تا تەواوی مافەكانی گەلی كورد دەستەبەردەكرێن و لەو سۆنگەیەشەوە خەباتی بۆ مافی چارەی خۆنووسین و رزگاریی و ئازادی گەلی كوردستان كردووە، بەردەوامیش دەبێت لە جۆرەكانی خەبات بۆ گێڕانەوەی تەواوی شوێنە داگیركراو و دابڕێنراوەكانی كوردستان لە كەركووك و خانەقینەوە تا شەنگال و ناوچەكانی دیكە و سازش لەسەر بستێك خاكی كوردستان ناكات، وەك چۆنیش بستێك خاكی دیكەشی داگیرنەكردووە و ناكات.
ناوچە كوردستانییەكان هەمیشە چەقی ململانێ بووە و كراویشە بەكێشە لەلایەن رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقەوە، لە بەرامبەر گەلی كوردستان.
خەباتمان بۆ گێڕانەوەی كەركووك وەك شارێكی كوردستانی بۆ باوەشی دایكی دڵسۆزی، مافێكی رەوای گەلی كوردستان و كەركووك و كەركووكییەكانە، مافێكی یاسایی و سرووشتی و حاشا هەڵنەگرە، مژدە بەخشە بۆ هەموو لایەك و بۆ خانەقین و شەنگال و شوێنەكانی تریش.
ئەم هەڵوێستەو ئەم خۆڕێكخستنە لەبەرژەوەندیی ناوچەكە و وڵاتانی دراوسێشدایە، چونكە كێشە و دواكارییەكانی گەلی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، كە ئاشكرایە بەبێ چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان، هەمیشە ئەم ناوچەیە لەسەر هێڵی نائارامی و كێشەو گرفتدا دەبێت.
گەلی كوردستان ئەم مافە بە خۆی رەوا دەبینێت، لە هەمانكاتیشدا بۆ تەواوی گەلانی دونیاو كەمەنەتەوە و پێكهاتەكانی دیكەشی بەڕەوا دەبینێت.
لە بەردەم جەژنێكداین كە سەرجەم خاكی كوردان بەیەكدەنگ و یەكڕەنگ خۆمان ئامادە دەكەین، جەژن بەمانای گەڕانەوەی سەرجەم خاكی كوردستان لەسەرویانەوە كەركووكی هەمیشە شارێكی كوردستانی بووە و دەبێت، هەروەك جەژنی خۆسازدان و خۆگورجكردنەوە بۆ پارێزگاریی لەدەستكەوتەكان و ئاراستەی داهاتووی ئەم گەلە.
كەركووك بەشێكی دانەبڕاوی كوردستانە و كەركووكیش خۆی هێز و واقیعێكە كە دەبێت سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان هاوكار و پشتیوانی بێت.
ی.ن.ك هەمیشە لە دەستپێكەوە بۆ كەركووك كاروانێكی درێژی هەیە و راناوەستێ، بەڵكو ی.ن.ك 38 ساڵە لە واقیعدا دەژی و لە واقیعدا خەبات دەكات و هەرلەو واقیعەشدا بەبیر و وریاییەوە كاروانی درێژە پێدەدات.
گەلی كوردستان لە باشووری كوردستان كە خاوەنی مێژو و كولتوور و زمان و ناسنامەی خۆیەتی و لە ئێستاشدا پەرلەمان و حكومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگە هەیەو لەسەر خاكی خۆیەتی، لەئێستا و داهاتووشدا یارمەتیدەرو هاوكارێكی باش دەبێت بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی و پێكەوەژیان، چونكە ئاشتی بەردی بناغەی پێكەوەژیانی نەتەوەكانە.
*كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك
لە كوردستانی نوێ وەرگیراوە