چاكسازییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا زانستین یان میزاجی؟
چاكسازیكردن لە هەر بوارێك بێت، لەسەر دەستی هەركەسێك بكرێت جێگای دەستخۆشییە، بەمەرجێك بە پێودانگە زانستی و ئەكادیمی و بابەتییەكان بە چاكسازی هەژماربكرێت، هەروەها ئەو پێوەرانەی كە كراونەتە بناخەی چاكسازییەكە پێوەری تەندروست بن، راستگۆیانە مامەڵە بەو پێوەرانە بكرێت و میزاج و ویستی كەس و هەوەس و بەرژەوەندی كەسی كاریگەری لەسەر پرۆسەكەدا نەنێت.
بۆ وەرزی نوێی خوێندن، وەزارەتی خوێندنی باڵا لیستێكی بۆ زانكۆ باوەڕپێكراوەكان خستووەتەڕوو، كە ناوی 1548 زانكۆی لەسەر ئاستی جیهان تێدا هاتووە، كاربەدەستانی وەزارەت بانگەشەی ئەوە دەكەن كە پاڵپشت بە پێوەرە ئەكادیمی و زانستییەكان، پاڵفتە بۆ لیستە كۆنە باوەڕپێكراوەكەی وەزارەت كراوە، لە دیارترین ئەو پێوەرە زانستیانە لە دیدی رەوتی چاكساز خوازی وەزارەت، بریتی بووە لە پێوەری ریزبەندی زانكۆكانی جیهان لە پێگەی www.4icu.org ، ئەگەرچی هەمان پێگەی خۆی دەڵێت: The 4icu.org University Web Ranking is not an academic ranking and should not be adopted as the main criteria for selecting a higher education organization where to study.
واتە: "ئەو پێگەیە بریتی نییە لە ریزبەندییەكی ئەكادیمی، هەروەها پێویستیشە پشتی پێنەبەسترێت وەك پێودانگێكی سەرەكی بۆ هەڵبژاردنی ناوەندەكانی خوێندنی باڵا بەمەبەستی خوێندن".
ئاشكرایە دەیان پێگەی ئەلیكترۆنی ساڵانە بە پێوەر و پێودانگی جیا جیا ریزبەندی زانكۆكانی جیهان بڵاودەكەنەوە. پێویستە بپرسین لەنێوان ئەو دەیان پێگە ئەكادیمی و ئەلیكترۆنیانە بە چ پێوەرێك پێگەی www.4icu.org بۆ یەكلاكردنەوەی لیستی زانكۆ باوەڕپێكراوەكان هەڵبژێردراوە؟ لەكاتێك ریزبەندی زانكۆكان لەو پێگەیەدا زۆر جیایە لەگەڵ پێگە ئەلیكترۆنییە ئەكادیمییەكانی دیكە، خۆشی دەڵێت پێگەكە لەسەر پێوەری ئەكادیمی بوون رانكی زانكۆكانی بڵاونەكردووەتەوە.
لەلایەكی دی، ئەو ریزبەندییەی راگەیێندراوە بەپێی پێوەرەكەی وەزارەت دەبووایە لە ژمارە 1 ریزبەندی پێگەی www.4icu.org هەتا ژمارە 2000 ی تێدا با، چونكە سەرەتا وا بڵاوكرایەوە كە 2000 زانكۆیە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە بەمشێوەیە نییە، بەڵكو تەنها 1548 زانكۆیە و زانكۆی وای تێدایە كە ریزبەندییەكەی لەسەرووی 8 هەزارەوەیە، زانكۆشی تێدا دەركراوە و بە باوەڕپێكراو هەژمار نەكراوە، كە لە ریزبەندی هەمان پێگە لەخوارووی دوو هەزارەوەیە، بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەران چەند نموونەیەك دەخەینەڕوو.
ئەمە سەرەڕای ناهاوسەنگی لەنێوان زانكۆی وڵاتان و كیشوەرەكان. بەشێوەیەك لە هەندێ وڵات تەنها یەك زانكۆی تێدا بە پەسەند هەژماركراوە و هەندێ ولاتی دیكەش بە سەدان، بۆنموونە: لە هەریەك لە وڵاتانی ئۆرۆگوای، بولگاریا، كرواتیا، ئایسلاند، ئیمارات، ئۆگەندا، ئۆكراینیا، سربیا، سلۆڤاكیا، تەنها یەك تاكە زانكۆ بە باوەرپێكراو هەژماركراوە، كەچی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە پشكی شێری بەركەوتووە، 575 زانكۆی بە باوەڕپێكراو هەژماركراون، چین 107، ژاپۆن 84، بەریتانیا 83، ئەڵمانیا 68، فەرەنسا 50، ئیتاڵیا 47، ئوسترالیا 37، كەنەدا 36، توركیا 35، ئێران 17، میسر 6، مالیزیا 5، وڵاتی واشی تێدایە تەنها دوو یان سێ زانكۆی تێدا هەڵبژێردراون، زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەراوێزخراون، یان تەنها دوان سییانێكیان لێ بە باوەڕپێكراو هەژماركراوە.
سەبارەت بە پێوەری هەڵبژاردنی ئەو 1548 زانكۆیە، بەقسەی وەزارەت پشت بەستراوە بەو پێگەیەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، كەوابێت لە ژمارە 1ی ریزبەندی ئەم پێگەیە تا دەگاتە دواهەمیان 1548 هەلبژێردراون، بەڵام لەڕووی كردەییەوە ئایا ئەو پێوەرە پشتی پێبەستراوە؟ بەدڵنیایەوە نەخێر، بۆ سەلماندنی قسەكەمان كە لیژنەكەی وەزارەت بە دروستی پابەندی ئەو پێوەرە نەبووە كە خۆی كردوویەتیە بناخە.
چەند نموونەیەك دەخەیەنەڕوو، لەنێوان زانكۆكانی وڵاتی توركیا ئەم زانكۆیانە هەن، Bingöl Üniversitesi رانكەكەی 8072، Siirt University رانكەكەی 5433، Harran University رانكەكەی 2551، Dicle University رانكەكەی 2245.
هەروەها لەنێوان زانكۆكانی ئێران، هەریەكە لە Ilam University كە رانكەكەی 8094، Islamic Azad University, Sanandaj Branch كە رانكەكەی 6830، University of Kurdistan – Sanandaj كە رانكەكەی بریتیە لە 5021، Urmia University رانكەكەی 3818، Kermanshah University of Medical Sciences كە رانكەكەی 3835، سەبارەت بە سەرووی 1548 و خوار 2000 یش ئەوە هەر باس ناكرێت.
كەواتە پێوەرەكەی وەزارەت نەوەك هەر زانستی نییە، بگرە سنووری هەواو هەوەس و میزاجیشی تێپەڕاندووە، چونكە رەچاووی ریزبەندی پێگە ئەلیكترۆنییە باوەڕپێكراوەكەی خۆشیانی نەكردووە.
كەواتە پرسیارەكە ئەمەیە، لیژنەكەی وەزارەت لەكاتی هەڵبژاردنی ئەو ژمارە كەمەی زانكۆیانە/ لەنێو ئەو هەزاران زانكۆ جیهانییە چییە؟ پشتیان بە چ پێوەرێكی دیكە بەستووە؟ ئەوە دەبێت لیژنەكەی وەزارەت خۆی وەڵام بداتەوە، ئەگەر وەڵامێكی ئەكادیمی و زانستیان پێبێت!!!.
لەلایەكی دی، ئەوەی گەنگەشە هەڵناگرێت ئەمەیە كە لە بنەڕەتدا دەبێت ئەو وڵاتەی پێوەر بۆ كوالێتی زانكۆی وڵاتانی دی دادەنێن، بەلایەنی كەم ئاستی زانكۆكانی خۆی باشتر بێت لەوان، ئینجا دەكرێت بە وڵاتانی دی بڵێت ئاستی زانكۆكانتان نزمە و بە باوەڕپێكراوتان هەژمارناكەین، بە پێچەوانەوە وەك پەندە كوردییەكەی بەسەردێت، كە دەڵێت: "قەلەڕەش بە قەلەڕەش دەڵێ رووت رەشە"، بەڵكو خراپتریش لەمە ئەوەیە "ئەگەر قەلەڕەش بە كەو بلێت خەتی شاپەڕەكانت رەشە"، ئاخر رێك وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان وای بەسەر هاتووە، ئاستی زانكۆكانی ئەوەندە نزمە هی باسكردن نییە، چ جای ئەوەی بە وڵاتانی دی بڵێت ئاستی زانستی زانكۆكانتان لای ئێمە شیاوی قبوڵكردن نییە. بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە، ئاوڕێك لە ئاستی زانكۆكانی كوردستان دەدەینەوە، بەهەمان ئەو پێوەرانەی وەزارەت كە بۆ پاڵفتەكردنی لیستی زانكۆ باوەڕپێكراوەكان پشتی پێ بەستووە، كە بریتییە لە پێگەی ئەلیكترۆنی www.4icu.org .
لەسەر ئاستی هەر پێنج پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، زانكۆی كەركووك یەكەمە كە لەسەر ئاستی عێراقیش 8 ریزبەندییەكەی لەسەر ئاستی جیهان 4409، ، دوای ئەو زانكۆی دەهۆك دێت، كە لەریزبەندی 13 دایە لەسەر ئاستی عێراق، رانكەكەی بریتییە لە 6823 لەسەر ئاستی جیهان، ئینجا زانكۆی سۆران كە 18 می سەر عێراق و 8016 سەر ئاستی جیهانە، دوای ئەو هەولێری پزیشكی كە 19 ی سەر عێراق و 8080 سەر ئاستی جیهانە، ژمارە 20 ی سەر ئاستی عێراق و 8201ی سەر ئاستی جیهانیش بریتیە لە زانكۆی سەلاحەددین، زانكۆی سلێمانیش 25 ی سەر عێراق و 9467 ی سەر جیهانە.
زانكۆی پۆلۆتەكنیكی سلێمانی 30 ی سەر ئاستی عێراق و 10444ی سەر ئاستی جیهانە، ئەمە ئاستی زانكۆكانی ژێر ركێفی وەزارەتی خوێندنی باڵایە، كەچی خۆی تانەی لە ئاستی هەزاران زانكۆی باوەڕپێكراوی جیهانی داوە.
ئەمە حاڵی ئەو چاكسازیانەیە كە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەنیازە لەڕێگەیەوە چارەسەری ئاستی زانستی وڵاتی پێبكات، راستتر بڵێین دەیەوێت رێ لە زیادبوونی رێژەی هەڵگرانی ماستەر و دكتۆرا و خوێندكارانی خوێندنی باڵا بگرێت، كە حكومەت پەكی كەوتووە لە بەگەڕخستنیان. ئەمەش ئەگەر هیچ ئاماژەیەك بدا بەدەستەوە بریتییە لە بێ پلانی حكومەت بە گشتی و وەزارەتی خوێندنی باڵا بەتایبەتی، لە پرسی بەگەڕخستن و چارەسەركردنی ئەو رێژە زۆرەی دەرچووانی خوێندنی باڵا كە رۆژ دوای رۆژ لەبەرزبونەوەدایە، لەبری ئەمە پێویست بوو وەزارەت زانستیانە دی هەنگاوی بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە بنایە نەوەك بەو شێوەیە عەشوائییە نا لۆژیكییە بكەوێتە گیانی زانكۆكانی جیهان، كە ئاستی زانستی و مەعریفی و ئەكادیمی و توێژینەوەی زانستی و باوەڕپێكراویان لەسەر ئاستی جیهان زۆر لە زانكۆكانی كوردستان بەرزترە و بەراورد ناكرێن.
هەروەها بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم رێگەیەوە زیاتر قۆرخكاری بەشداربوون و خوێندن لە زانكۆكانی جیهان بۆ جگەرگۆشە و نەوەكانی خۆیان دەكەن، چونكە ئاشكرایە لە زۆرترین ئەو زانكۆیانەی بە باوەڕپێكراو هەژماركراون لە لیستەكەی وەزارەت تێچووی خوێندنیان زۆر زۆرە، كە زۆربەری فێرخوازانی كورد لە توانایاندا نییە دەستیان پێیان بگات، بەڵام جگەرگۆشە چاوگەشەكانی ئەوان لە سایەی سێبەری پڕ رەحمەتی باوكیان و سامانی دزراوی میللەت بە ئاسانی لە زانكۆ زەخمەكانی جیهان دەخوێنن با هەرچەندە تێچووی ساڵانەشی بگاتە سەدان دەفتەر دۆلار.
هەموو ئەمانە پێمان دەڵین لیستی زانكۆ باوەڕپێكراوەكانی وەزارەت بەپێوەری زانستی و ئەكادیمی ئامادە نەكراوە، لەوەڵامی پرسیاری: ئەو پێوەرە زانستیانەی وەزارەت چین كە لیستی زانكۆكانی پێ هەڵبژێردراوە؟ فەرمانبەرێكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: " تەنها بەمیزاجی لیژنەكەی وەزارەت هەڵبژێردراون"، كە ئەمە كورت و پوخت، راستی و دروستی بابەتەكەیە.