سەردانی نێچیرڤان بارزانی و پەیوەندی لە سێ بواردا

 
بۆ ساڵانێکی زۆر، خاڵی دەستپێک بۆ هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و کوردستان بریتیبوو لە سایکس - پیکۆ، ئەو رێککەوتنەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لە ساڵی 1916 کە لە ئەنجامدا بووە هۆی لکاندنی زۆرەملێیانەی کوردەکان بە عێراقەوە.
 
بەڵام پاش چەند دەیەیەک لە جیاکاری عێراق بەرامبەر بە کورد کە بووە هۆی جینۆساید، هەرێمی کوردستان لە عێراق ئێستا تاکە هەرێمی خۆبەڕێوەبەری دانپێدانراوی کوردەکانە، هاوکات ماف و قەوارەکەی لە دەستووری عێراق لە ساڵی 2005 جێگەی کراوەتەوە، هەرچەندە ناتەواویش بێت.
 
دوو رووداوی کاریگەر یارمەتیدەر بوون تاوەکو پێگە و شوێنی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی دەرەوە و رای گشتی بەریتانیا باش ببێت. هەردوو رووداوەکەش بوونە هۆی هەڵسەنگاندنەوەیەکی ئەرێنی پەیوەندیی بەریتانیا بە کوردستانەوە.
 
یەکەم رووداو بڕیاری سێر جۆن مەیجەر، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی بەریتانیا بوو لە ساڵی 1991 کاتێک توانیی باوەڕ بە هاوپەیمانەکانی (فەرەنسا و ئەمریکا) بێنێت کە پشتیوانی لە ناوچەی نەفڕین بکەن بۆ بەشێکی زۆری کوردستانی عێراق. ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بوو لە ترسی ئەنجامدانی جینۆسایدی دیکە، هاوکات لە وەڵامی ئەو گوشارە بوو کە پەرلەمان و رای گشتیی بەریتانیا دروستیان کرد، کاتێک نەهامەتی خەڵکمان لە چیاکان دەبینی.
 
هەڵبەت سێر جۆن مەیجەر هەوڵێکی زۆریدا تاوەکو بتوانێت ئەمریکا قاییل بکات پشتیوانیی ئەم دەستێوەردانە سەربازییە بکەن. خەڵکی ئەمریکا، لە دوای سەرکەوتنی رزگارکردنی کوێت، خوازیاربوون سەربازەکانیان بگەڕێننەوە وڵات. هەروەها ئەو بڕیارە لە رووی تەکنیکییەوە سەروەریی عێراقی پێشێلدەکرد، هەر بۆیە عێراق هەوڵیدا سستی بکات و هێرشیکردە سەر ئەو فڕۆکانەی رۆژئاوا کە ناوچەی دژەفڕینیان سەپاندبوو.
 
ناوچەی نەفڕین رێگەخۆشکەر بوو تاوەکو ملیۆنان کەس چیاکان بەجێبێڵن و بتوانن سەرەڕای دۆخی نالەباری ئەوکات، ئۆتۆنۆمییەک لە شێوەی دەوڵەتێک دروستبکەن. لە ساڵی 1992 کورد دەنگیان بە پەرلەمانێکی نوێدا و یەکەم حکومەتی هاوپەیمانی پێکهێنرا. ئیدی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدایکبوو. 
 
بەریتانی و ئەمریکییەکان بۆ ماوەی 12 ساڵ کوردەکانیان پاراست، تاوەکو ئەوکاتەی رووداوی دووەم توانی پارێزگاری و ئاوەدانی هەرێمی کوردستان بگەیێنێتە قۆناخێکی نوێ، ئەویش داگیرکردنی عێراق بوو لە ساڵی 2003.
 
نەمانی دیکتاتۆریی سەدام حوسێن دەرفەتی بە کوردەکان دا، کە ماوەیەکی زۆر لەگەڵ شیعەکان هاوپەیمان بوون لە دژی سەدام، تاوەکو جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر عێراق، بە مەرجێک عێراق ببێتە وڵاتێکی فیدڕاڵی. هاوپەیمانەکانی کورد، هەرچەندە بە نادڵیش بێت، بەر لە داگیرکاریی عێراق رازیببوون بەم داوایەی کوردستان و دواتر لە ساڵی 2005 خرایە نێو دەستووری عێراق.
 
یەکەم دەیەی پاش ساڵی 2003 زۆرجار بە سەردەمی زێڕین دادەنرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیی لە سفرەوە سێکتەرێکی نوێی نەوت و گاز دروست بکات، ژیانی خەڵکی باش بکات، زانکۆی نوێ بکاتەوە، ژێرخانی هەرێمی کوردستان باش بکات لەوانە دروستکردنی فڕۆکەخانەیەکی نوێ- فڕۆکەخانە کۆنەکە تەنیا شوێنێکی سەربازی کاتی بوو- هەروەها چەندین نوێنەرایەتی بەرچاویشیان لە دەرەوە کردەوە. من لەگەڵ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەندەن دەستم بە کار کرد، ئەوکاتە لە ساڵی 2005 لەلایەن بەیان سامی عەبدولڕەحمانەوە سەرۆکایەتی دەکرا. 
 
بەریتانیا دەنگی خۆی خستە پاڵ ئەمریکا و ئەو هێزانەی دیکە کە لەگەڵ مانەوەی دۆزی ئێستان، ئەویش کاتێک پشتیوانییان لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی نەکرد، بەڵام هەموویان کار بۆ حکومەتێکی بەهێزی هەرێمی کوردستان دەکەن لەنێو عێراق دا.
 
پرسی کورد لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو سوودی لە بڕیارە بوێرانەکەی سێر مەیجەر جۆن وەرگرت کاتێک گۆڕانکاری لە یاساکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کرد. هیچ گومانێکیش لەوەدا نییە کە بەشداریی کورد لە سەقامگیرکردنی عێراق لە دوای ساڵی 2003، گرنگیی هەرێمی کوردستانی لە سیاسەتی دەرەوەی هێزەکانی رۆژئاوا زۆرتر کردووە، جا چ رۆڵی کورد بێت لە سەرۆکایەتیکردنی عێراق کە تاوەکو ئێستا سێجار سەرۆکایەتیی کۆمار بەدەستی کوردەوە بووە، لەنێوبردنی داعش، شەڕ لەدژی پەڕگیری، پاراستنی کەمینەکان، پەیڕەوکردنی میانڕۆیی ئایینی و هەروەها پاراستنی مافەکانی ژنان. 
 
ئەوانەی خوازیاری پەیوەندییەکی زیاتری جێگەی متمانەن لەگەڵ بەغدا و، هەروەها داوا دەکەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بخەنە سەر رێگەی راست، دەبێ توانای خۆیان دروستبکەن و چاکسازی لە ئابووریدا بکەن و فرەچەشنی بکەن، ئەمەش لەپێناو ئەوەی خۆڕاگر و بەردەوامبێت. ئەم کارەش دەکرێت لەگەڵ وڵاتانی وەک بەریتانیا بکەن، بە تایبەت کە ئەم وڵاتانە لە بایەخی  گۆڕانکاری بەوشێوەیە تێدەگەن کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و سوودی هاوبەش بێت. 
 
پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەشداری رەوەندی کوردی- هەر لەو ناوچەی من سێ سەرتاشخانەی کوردی هەن- لەگەڵ پشتیوانی و دۆستایەتی وەک گرووپی پارتەکانی پەرلەمانی بەریتانیا، پێکەوە هاریکار دەبن تاوەکو پرس و بەرژەوەندییەکانی کورد لەبەرچاو بن. 
 
سەردانی نێردەکانمان بۆ هەرێمی کوردستان و دیبەیتی بەردەوام لە پەرلەمان هاریکار دەبێت تاوەکو نیگەرانیی هاوڕێکانمان لە ئەجێندادا بمێنیتەوە، بەتایبەت کاتێک ئەجێنداکە زۆر خواستی جیاواز و فرەچەشن لەخۆ دەگرێت. 
 
سەردانی فەرمیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەریتانیا دەرفەتێکی مەزنە تاوەکو چاومان لەسەر هەرچی زیاتر پێشڤەبردنی ئەو پەیوەندییە پتەو و دامەزراوەییە بێت لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی و پرسە سیاسییەکان.
 
*گاری کێنت، سکرتێری گرووپی پارتە پشتیوانەکانی پەرلەمانی بەریتانیایە لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەم نووسینەش تەنیا گوزارشتە لە بۆچوونی کەسیی خۆی.