باشترکردنی حوکمڕانیی جیهانی بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی سەختی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
لەم دواییانەدا لووتکەی رێکخراوی هەماهەنگی شەنگەهای 2025 لە شاری تیانجینی چین بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەی "رێکخراوی هەماهەنگی شەنگەهای پڵەس" سەرۆکی چین شی جینپینگ دەستپێشخەریی حوکمڕانیی جیهانی خستەڕوو. ئەم دەستپێشخەرییە بریتییە لە سودێکی گشتی گەورەی دیکە کە چین پێشکەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، لە دوای دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی، دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی و دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی، ئاراستەیەکی دروست دادەنێت و رێگایەکی کرداری بۆ چاکسازی و باشترکردنی سیستمی حوکمڕانی جیهانی دەخاتەڕوو، ئەمەش پاڵنەرێکی بەهێز دەخاتە نێو هەوڵەکانی پەروەردەکردنی سیستمێکی حوکمڕانی جیهانی یەکسانتر و دادپەروەرانەتر و پێشکەوتنی هاوبەش بەرەو کۆمەڵگەیەک خاوەن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی.
ئەم ساڵ 80 ساڵ بەسەر یادی سەرکەوتنی جەنگی بەرگریی گەلی چین لە دژی دەستدرێژیی ژاپۆن و جەنگی جیهانی دژەفاشیزم و هەروەها 80 ساڵ بەسەر دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان تێدەپەڕێت. 80 ساڵ لەمەوبەر کارەساتی دوو جەنگی جیهانی وایکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە تێڕامانێکی قووڵەوە فێربێت، ئەمەش بووە هۆی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی نوێ لە حوکمڕانی جیهانیدا.
دوای 80 ساڵ، لە کاتێکدا رەوتی سەردەم بەرەو ئاشتی و گەشەپێدان و هەماهەنگی سوودی هاوبەش وەک خۆی ماوەتەوە، سێبەری عەقڵیەتی جەنگی سارد و هەژموون و پارێزگاریخوازی هێشتا ماونەتەوە. هەڕەشە و بەرەنگاریی نوێ بەردەوامە لە زیادبوون و جیهان چووەتە قۆناخێکی نوێی گێژاو و گۆڕانکاری. چاکسازی لە سیستمی حوکمڕانیی جیهانیدا بووەتە خواستێکی هاوبەشی هەموو گەلان. لەم کاتە هەستیارەدا، بە لەبەرچاوگرتنی داهاتووی مرۆڤایەتی و وەڵامدانەوەی رەوتی سەردەم، سەرۆک شی جینپینگ دەستپێشخەریی حوکمڕانی جیهانی خستەڕوو.
ئەم دەستپێشخەرییە کە بریتییە لە “پێنج چەمکی سەرەکی” لە کاتێکی گونجاودا دێت و وەڵامێکی قووڵ بۆ بابەتی ئەم سەردەمە دەداتەوە: "چ جۆرە سیستمێکی حوکمڕانیی جیهانی پێویستە بنیات بنرێت و چۆن چاکسازی و باشترکردنی حوکمڕانی جیهانی بکرێت". دەستپێشخەری حوکمڕانیی جیهانی بە شێوەیەکی سەرەکی لەم پێکهاتانەی خوارەوە پێکدێت:
1- پابەندبوون بە یەکسانیی سەروەری. پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە، کە هەموو وڵاتان بەبێ گوێدانە قەبارە و دەسەڵات و سامانی، بە یەکسانی بەشداری لە حوکمڕانیی جیهانیدا دەکەن و بڕیار دەدەن و سوودی لێوەردەگرن. پێویستە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دیموکراسی بەرەوپێش ببەین و نوێنەرایەتی و دەنگی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو زیاد بکەین.
2- پابەندبوون بە سەروەری یاسای نێودەوڵەتی. پێویستە ئامانج و بنەماکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و نۆرمە بنەڕەتییە گشتگیرەکانی دیکەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی گشتگیر و بە تەواوی رەچاو بکرێن. یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان بە یەکسانی جێبەجێ بکرێن. نابێت دوو ستاندارد هەبێت و یاسای نێوەخۆیی چەند وڵاتێک نابێت بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێندرێت.
3- پابەندبوون بە فرەلایەنی. پێویستە پابەند بین بە دیدگای حوکمڕانیی جیهانی، کە بریتییە لە راوێژکاری بەرفراوان و بەشداری هاوبەش بۆ بەرژەوەندی هاوبەش و پێشخستنی یەکگرتوویی و هەماهەنگی و دژایەتیکردنی تاکلایەنە. پێویستە بە تووندی پێگە و دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان بپارێزین و رۆڵی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە حوکمڕانیی جیهانیدا کە جێگرەوەی نییە مسۆگەر بکەین.
4- پابەندبوون بە رێبازێک کە جەخت دەکاتە سەر گەل. پێویستە چاکسازی و باشترکردنی سیستمی حوکمڕانی جیهانی بکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی گەلانی هەموو وڵاتان خۆیان نوێنەر و سوودمەندن لە حوکمڕانی جیهانیدا، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باشتر رووبەڕووی ئاستەنگە هاوبەشەکان ببینەوە، کە رووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە، بەشێوەیەکی باشتر بۆشایی لە نێوان باکوور و باشوور کەم بکەینەوە و بەشێوەیەکی باشتر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەموو وڵاتان بپارێزین.
5- پابەندبوون بە ئەنجامە راستەقینەکان. پێویستە رێبازێکی سیستماتیکی و گشتگیر بگرینەبەر، هەماهەنگی لە نێوان کردەوە جیهانییەکان بکەین، سەرچاوە جۆراوجۆرەکان بە تەواوی کۆبکەینەوە و هەوڵبدەین ئەنجامی روونتر بەدەستبهێنین. پێویستە هەماهەنگی کرداری بەهێزتر بکەین بۆ ئەوەی سیستەمی حوکمڕانی دوا نەکەوێت یاخود پارچە پارچە نەبێت.
ئێستا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دۆخێکی گێژاوی بەردەوامدایە. پرسی فەلەستین و ئیسرائیل لە مێژە چارەسەر نەکراوە و قەیرانی مرۆیی لە غەززە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت؛ گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و هەروەها ئیسرائیل و سووریا بەردەوامە لە پەرەسەندن و پاشماوەی تووندڕەوی و تیرۆر بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێن بۆ سەرهەڵدانەوە و بڵاوبوونەوە. لە بەرامبەر ئەم پاشخانەدا، پێشنیازی دەستپێشخەری حوکمڕانیی جیهانی شێوازێکی نوێ پێشکێش دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام لەم خاکە دێرینەدا.
لە بەرەی ئەمنیدا، دەستپێشخەرییەکە دەبێتە هۆی دامەزراندنی میکانیزمێکی گشتگیر و فرەلایەنی دیالۆگی ناوچەیی. لە بەرەی گەشەپێدان، دەستپێشخەرییەکە هەماهەنگی لەگەڵ دەستپێشخەری پشتێن و رێگادا بەرز دەکاتەوە. سەبارەت بە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، دەستپێشخەرییەکە پابەندە بە رێبازێک کە جەخت دەکاتە سەر گەل، رێز لە هەمەجۆریی شارستانی دەگرێت لە سەرانسەری ناوچەکاندا، دڵنیایی دەدات لەوەی پاداشتەکانی گەشەپێدان تاڕادەیەکی زۆر سوود بە خەڵکی ئاسایی بگەیەنێت.
ئەوەی لەوەش بەنرخترە ئەوەیە کە دەستپێشخەرییەکە رێبازێکی نوێ بۆ حوکمڕانیی جیهانی پێشکێش بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، کە جیاوازە لە رکابەرییە تەقلیدییەکانی زلهێزەکان. ئەم رێبازە جەخت لەسەر یەکسانی سەروەری و سەروەریی یاسای نێودەوڵەتی دەکاتەوە، دابەشکردنی بوارەکانی کاریگەری رەتدەکاتەوەو خۆی لە سەپاندنی ئایدۆلۆژیاکان دەپارێزێت و لەبری ئەوە مێزێکی بازنەیی بۆ گفتوگۆی یەکسان پەروەردە دەکات. ئێمە ئامادەین بۆ کارکردن لەگەڵ هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە گرنگیدان بە بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرجەستە لە رێگەی حوکمڕانیی جیهانییەوە. دەتوانین پێکەوە کاربکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە منداڵانی یەمەن لەبری ئەوەی خۆیان لە هێرشە ئاسمانییەکان بشارنەوە، بتوانن بچنە قوتابخانە؛ شوێنە مێژووییەکانی سووریا لەبری ئەوەی بخرێنە ناو ململانێکانەوە، پێشوازی لە گەشتیاران بکەن و سامانی نەوتی ناوچەکە ببێتە بەردی بناغەی خۆشگوزەرانی بەردەوام؛ ئاشتی و سەقامگیری خەونێکی دوور نییە، بەڵکو واقیعێکی بەرجەستەیە کە دەتوانین بەدەستیبهێنین.
جێبەجێکردنی چوار دەستپێشخەرییە گەورە جیهانییەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنها پەیوەندی بە خۆشگوزەرانی وڵاتانی ناوچەکە و گەلەکەیانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دیمەنی فراوانتری ئاسایش و گەشەسەندنی جیهانییەوە هەیە. چین ئامادەیە بەردەوام بێت لە پاڵپشتی پتەوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گەڕانی سەربەخۆیی رێگاکانی گەشەپێدان، کە گونجاوە لەگەڵ بارودۆخی نیشتمانی خۆیان، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە رێگەی گفتوگۆ و راوێژکاری و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی باشترکردنی حوکمڕانی جیهانییەوە. ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کاردەکەین بۆ پێشکەشکردنی بەشداری نوێ و گەورەتر بۆ پێشخستنی چارەسەری سیاسیی کێشە و پرسە گەرمەکان، بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک خاوەن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی.