لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران چ دەگوزەرێت؟
ئۆکتۆبەری 2019یە، کاژێر 9ی بەیانییە، بە ئومێدەوە بەرەو شوێنی کارەکەم دەڕۆم، جانتایەکی تایبەتم بەم بۆنەیەوە کڕیوە و شەوەکەی باش نەخەوتووم و لە دڵەراوکێدام. دایکم بە سۆزەوە لێم دەڕوانێ و ماڵەوە هیوایەکی زۆریان پێمە. من بێ ئاگام لەوەی چی روودەدات، لە ئاستی بەرپرسیارێتی شوێنەکە تێناگەم.
ناونیشانی سەرەوە ئەزموونی کەسی خۆمە و بڕوام وایە مرۆڤ تاوەکو دەست بە ئەنجامدانی کارێک نەکات بەجوانی لە وێنە گەورەکە تێناگات.
لە یەکەم رۆژی کارکردنم لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران بۆ یەکەم جار لە دوورەوە جەنابی سەرۆکوەزیرانم بینی لەگەڵ وەزیرەکان گفتوگۆی دەکرد و نیگەران بوو کە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیبوو، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەروبەندی دروستکردنی هاوسەنگییەک بوو بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە.
بڕوایەکی تەواو هەبوو کە تاکە رێگە چاکسازییە و هەستانەوەیە دژی گەندەڵی. حەماسەتێکی زۆر بەدیدەکرا، فەرمانبەران بە گڕوتینەوە دەهاتن بۆ دەوام و کەشوهەوایەکی زۆر ئەرێنی باڵی کێشابوو بەسەر باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران-دا، بەڵام بەداخەوە دوای نزیکەی شەش مانگ لەکارکردن وەک هەر شوێنێکی دیکەی جیهان، هەرێمی کوردستان کەوتە بەر شاڵاوی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، بیرمە ئەوکات تەواوی سەرپەڕەی حکومەت گۆڕدرا و بودجەیەکی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوە ڤایرۆسەکە دابین کرا.
سنوورەکان داخران و داهاتی دەروازە سنوورییەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی بۆ زیاتر لە 50%، دەبووایە خێرا کاردانەوەمان هەبێت، بۆ ئەو مەبەستە تیمێکی تایبەت لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران دەستبەجێ پێداچوونەوەیان کرد بۆ ئەو گرێبەستانەی کە لە دەروازە سنوورییەکان لەلایەن کەرتی تایبەت ئەنجام دەدران، بە تێکڕا بڕی پشکی داهات لە 17%ەوە بۆ زیاتر لە 45% بەرزکرایەوە. ئەمەش زیاتر لە 35 ملیۆن دۆلاری دیکەی لە ساڵێکدا گەڕاندەوە بۆ گەنجینەی حکومەت کە ئەمە بە کردار یەکێک بوو لە خاڵەکانی پڕۆژەی چاکسازی کە لە سەرەتای کابینەی 9دا ئەنجام درا.
ئەمە بە تەنیا نەیدەتوانی ئەو خوێنبەربوونە داراییە بوەستێنێت کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتبوو. لە رێگەی هەڵسەنگاندنی باری دارایی زانیمان کە حکومەت پارەیەکی زۆر لە بودجەی بەکاربردن - Operational Expenditure خەرج دەکات، بەبێ هەبوونی هیچ داتابەیسێک و پاساوێکی گونجاو بۆ ئەم خەرجیانە کە باری حکومەتی زۆر قورس کردبوو، بۆیە تیمێکی شارەزامان پێکهێنا لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران و بیرۆکەی کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان - Spend Controlمان خستە بەرنامەی کارەوە و لە رێگەی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، سیستمەکە دروستکرا و بۆ یەکەم جار شەفافیەت و بەرچاو روونی تەواو لەسەر خەرجییەکانی حکومەت هەبوو، ئەم سیستمە بووە کرۆکی پرۆسەی بەڕێوەبردنی دارایی لە کوردستان.
لەوێ نەوەستاین و زانیمان شێوازی تەندەرکردن - Procurement لە حکومەت پێویستی بە دووبارە داڕشتنەوەیە، بە تایبەت بۆ بابەتی (دەرمان، زبڵ و خاشاک، سووتەمەنی) ئامانج لەم چاکسازییە فراوانە رێکخستنەوەی پرۆسەی تەندەرکردنە بەشێوەیەک کە لەگەڵ باری ئێستای ئابووری کوردستان خۆی بگونجێنێت، بەتایبەت لە بابەتی دەرمان کە ئامانج لێی پاشەکەوتکردنە بەبڕی 40% لە بواری زبڵ و خاشاک و پاشەکەوتکردنی خەرجی بەبڕی 15% و هەروەها بۆ بابەتی سووتەمەنی ئامانجمان بەلانیکەم %10 پاشەکەوتکردنە بۆ حکومەت.
لە رێگەی ئەم چاکسازییەوە شێوازی پارەدان بەشێوەیەکی کاریگەرتر دەبێت و تەندەرکردن لەسەر ئاستی حکومەت بەشێوەیەکی باشتر بەڕێوەدەچێت. ئەم چاکسازییانە کاریگەریی ئەرێنی هەبوو لە رووی سایکۆلۆژییەوە لەسەر وەزارەتەکان کە زیاتر بەرپرسیاربن و خۆیان دووربگرن لە زێدەڕۆیی لەکاتی پێشکێشکردنی خەرجی.
فەرمانبەر بۆ یەکەمین جار دوور لە بەکارهێنانی کاخەز و دوورکەوتنەوە لە بیرۆکراسی و بە بەکارهێنانی پرۆگرامی هاوچەرخ وەک یەکەم هەنگاو لە بەشێک لە دامودەزگاکانی حکومەت بەشێوەیەکی سەردەمیانە کارەکانی جێبەجێ دەکرد کە بەدڵنیاییەوە وێنەیەکی جوانی حکومداری بەخشییە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
زۆرجار ئاستەنگی چاوەڕوان نەکراومان بۆ دروست دەبوو، قەدەری پەروەردگار وابوو شارەکانی هەرێمی کوردستان نقومی لافاو دەبوون و دووبارە هاوکێشەی کارەکانی پێچەوانە دەکردەوە، ئەمە جگە لە بەردەوامبوونی بەغدا لە نەناردنی بودجە، بەڵام هەرگیز سارد نەدەبووینەوە و حکومەت خۆبژێوی دەکرد و لە بەرنامە چاکسازییەکانی بەردەوام بوو. تاوەکو نزیکەی دوو ساڵ کاری لەپێشینەی جەنابی سەرۆکوەزیران بەرپەرچدانەوەی قەیرانەکان و شەونخونی بوو بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت بەبێ پاشەکەوت دابین بکات، بەڵام ئەمە هێشتا لە ئاست هیوا و ئاواتەکانی کابینەی 9 نەبوو و دیدگەی سەرۆکوەزیران زۆر لەمە فراوانتر بوو.
دەبووایە دوو چاکسازی دیکەی گرنگ ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی لەگەڵ دونیای گڵۆباڵیزم و تەکنەلۆژیا خۆمان بگونجێنین، یەکەمیان، چاکسازی لە کەرتی تایبەت و بابەتی - Privatisation کە ئامانج و بەرنامەی حکومەت بە ئەنجام گەیاندنی پڕۆژەکانە بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت ئەمە جگە لە رەخساندنی کەشوهەوایەکی گونجاو بۆ گەشەسەندنی بزاڤی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان لە ژێر رۆشنایی ئەم چاکسازییانە یەکێک لە کارە هەرە لەپێشینەیەکانی جەنابی سەرۆکوەزیران راسپاردەکردنی ئێمە بوو بۆ ئەوەی کارئاسانی بکرێت بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و جموجۆڵی بازرگانی کە لە جیاتی ئەوەی پارەیەکی زۆر بدەیت و بە 40 رۆژ کۆمپانیا تۆمار بکەیت، ئەم پڕۆژەیە لە ئێستادا بە کەمتر لە 24 کاژێر و بەبڕە پارەیەکی زۆر کەم کۆمپانیا تۆمار دەکرێت.
لە ماوەیەکی کورتدا پۆرتاڵی تۆماری کۆمپانیاکان لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی بەردەست دەبێت لە خزمەت هاووڵاتییان، ئەم چاکسازییە رەنگدانەوەی ئەجێندای هاوبەشی نووسینگەی سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیرانە کە بووە دەستکەوتێکی گەورە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دووەمیان، پێداگری لەسەر چاکسازی لە پرۆسەی کارگێڕی و هێنانە پێشەوەی گەنج بوو لە سیستمی حکومڕانیدا کە بە خۆشحاڵییەوە لە مێژووی حکومڕانی کوردیدا نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئێستا زۆرترین رێژەی گەنجی تێدا بەشدارە و لە ئایندەیەکی زۆر نزیک کۆمەڵێک پڕۆژەی چاکسازی ئێستا پۆلێنکراون وەک کاری لەپێشینە دەستنیشانکراون لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، بانک، دارایی، دیجیتاڵی و باج کە پێموایە ژێرخانی ئابووری و کارگێڕی حکومەت دەگۆڕێت و هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناخێکی دیکەی گەشەسەندن دەبات.
پێش کارکردنم لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران هەرگیز باوەڕم نەبوو کە حکومەت ئەوەندە باری قورس بێت و کە دەمخوێند لە ئاست ئاڵنگارییەکان تێنەدەگەیشتم، بەڵام دوای وەرگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە پیرۆزە بۆم روونبووەوە کە رێگەکانی بەردەم دەوڵەتداری و خۆشگوزەرانی ئاسان نییە و کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە گەنجانی وڵاتە.
من هەرگیز لەهزری ئەوە نەبووم دەتوانم بەشداربم و ببمە بەشێک لە بەرنامەی چاکسازی، بەڵام من توانیم بەشداربم و هەرکەسە و لە ئاست بەرپرسیارێتی خۆی، بەڵێ تۆش دەتوانی بەشداربیت.
* شڤان سەربەست عیسا، سەرپەرشتیاری پرۆژەکان لە یەکەی پرۆژەکان و پەیوەندییەکان - نووسینگەی سەرۆکوەزیران
9ی ئۆکتۆبەری 2022