یەکدەنگی چۆن دروست دەبێت؟
لەم رۆژانەدا کە گفتوگۆ لەبارەی پۆستەکان لە عێراق دەکرێت، بەتایبەت ئەوانەی پشکی کوردن، باسی کۆدەنگی و یەکدەنگیی کورد دەبەسترێتەوە بە یەکلاییکردنەوەی ئەم پۆستانە؛ دەگوترێت یەکدەنگی ئەوەیە یەکێتی و پارتی بە یەک بەربژێری سەرۆککۆمار بچنە بەغدا، یان دەبوو یەک بەربژێریان بۆ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەبێت. بە کورتی، یەکدەنگی دەبەستنەوە بەم پۆستانە.
سەرەتا با ئەوە روون بکەمەوە کە یەکدەنگی جیاوازە لە کۆدەنگی؛ یەکدەنگی ستراتیژیتر و بنچینەییترە، ئەوەیە کە کورد دەبێت پێکەوە لەسەر یەک بنکە و بە یەک دەنگ کۆببنەوە، بەڵام کۆدەنگی بۆ مژارێکی کاتیی وەکو ئەم پۆست و پلانانەیە کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەن؛ واتە کورد ئەگەر یەکدەنگ بێت، ئەوا دەتوانێت تەنانەت لەسەر پلەیەک کۆدەنگیش نەبێت. کورد بۆ ئەوەی یەکدەنگ بێت، دەبێت بنچینەکانی یەکدەنگی دابمەزرێنێت، ئەویش پەیوەندیی بە هێز، دەسەڵات و دارایییەوە هەیە.
کورد یەکدەنگ دەبێت ئەگەر یەک پێشمەرگەی بێلایەن، یەک پۆلیس، یەک ئاسایش و یەک دەزگای هەواڵگریی بێلایەنی هەبێت کە سەرسپاردنیان بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ کورد هەبێت، نەک بۆ پارت و حیزبەکان. کورد کاتێک یەکدەنگ دەبێت کە یەک کیسەی هەڵگرتنی پارەی هەبێت؛ یەک هەژمار بۆ کۆکردنەوەی سامانی هەرێمی کوردستان هەبێت، هەموو داهات بگەڕێنێتەوە یەک شوێن و لەژێر دەسەڵاتی یاسایی و هەڵبژێردراودا بێت. دەستەی دەستپاکی بتوانێت لێی بپێچێتەوە، چاودێریی دارایی توانای بەسەر هەموو دامەزراوەکاندا هەبێت، پەرلەمان بتوانێت لە دەستکەوتن و خەرجکردندا چاودێر بێت و بپرسێتەوە.
کورد کاتێک دەتوانێت یەکدەنگ بێت کە یەک حکومەتی هەبێت؛ هەموو وەزارەتەکان لەژێر دەسەڵاتی یەک سەرۆکوەزیردا بن، وەزیری سێبەر تەنیا ئۆپۆزسیۆن هەیبێت، دەروازەکان لەژێر دەسەڵاتی یەک حکومەتدا بن. سەرۆکوەزیر لە زاخۆوە تاوەکو کەلار یەک فەرمان بدات و هەموو ناوچەکان بە یەک چاو سەیر بکات. کورد بەوە یەکدەنگ دەبێت کە حکومەتێکی تۆکمە، کارامە و بەدەسەڵاتی هەبێت؛ پەرلەمانێکی ئازاد و کارای هەبێت، دادگاکان بۆ مەبەستی سیاسی، کەسی و حیزبی بەکار نەهێندرێن. دادگە و دادوەری خاوەن دەسەڵات و سەروەری بێت؛ یاسا تەنیا بۆ بێدەسەڵاتەکان نەبێت، بەڵکو دەسەڵاتدارەکانیش یاسا بیانگرێتەوە.
کورد ئەگەر ئەمانەی هەبێت، یەکدەنگ، تۆکمە و پتەو دەبێت؛ ئیتر با بە دوو یان سێ بەربژێری سەرۆککۆماریش بچێتە بەغدا، با ململانێکان هەر لە ئەنجوومەنی نوێنەران یەکلایی بکرێنەوە. خۆ ئەگەر لەسەر ئەوە کۆدەنگ بێت خراپ نییە، بەڵام دوو بەربژێر یان زیاتر یەکدەنگی تێکنادات ئەگەر هەبێت، بەڵام کێشەی ئێستا ئەوەیە نە یەکدەنگی و نە کۆدەنگی نییە. یەکدەنگی واتە دامەزراوە و سیستماتیکردنی بەڕێوەبردن، کورد لە باشووری کاوردستان دەبێت بەروپێش بڕوات ئەویش بە بەرەوپێشبردنی دامەزراوەکان، پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنیان.