*وەردەگەڕێت یان وەردەچەرخێت؟*
پەرەسەندنی گرژییەكانی كەنداو لەنێوان ئەمریكا – ئێران، بەخراپی لە عێراق رەنگدەداتەوە. عێراق لە هەموو وڵاتێكی دیكە بە هەڵچوونی زیاتری نێوان واشنتن – تاران هەستیارە و بە نیگەرانییەوە چاودێری دۆخەكە دەكات. بۆیە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم دۆخە، عێراق سیاسەتی نێوبژیوانی كارای هەڵبژارد، بەڵام واشنتن بەهیچ شێوەیەك ئەم سیاسەتەی بە جیددی وەرنەگرت و، تەنانەت ڤیزەی بە سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ دیدار لە كۆشكی سپی نەدا!
پرسیاری ئەم پەڕەیە ئەمەیە: ئایا هەڵكشانی گرژییەكان لەنێوان ئەمریكا – ئێران چ كاریگەرییەكی لە عێراق دەبێت؟
گریمانە: لە ئەگەری جەنگدا عێراق بەردەكەوێ، داتەپێ و دەبێتە مەڵبەندی یەكلاییكردنەوەی حیساباتی ناوچەیی.
عێراقی نوێ: سەركردایەتی نوێ
شەوی ٢٥ی ئۆكتۆبەر بۆ عێراق شەوێكی درێژبوو. قەیرانێكی گەورە لە رووكاری تەقینەوەدا بوو كە ئەو رووداوە سەرئەنجام رەوییەوەو رووی لە دامركانەوە كرد.
ئەمە ژانی لەدایكبوونێكی تازەبوو. لەم شەوەدا كێشەیەكی گەورە بەلاداكەوت. لەئاكامی ململانێ و ناكۆكی قوڵی نێوان باڵە سیاسییە جۆربەجۆرەكانی عێراق، سەرەنجام عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆكوەزیران هەڵبژێردرا. هەموو پسپۆڕان ئەم دۆخەیان بە وەرچەرخان وەسفكرد، چونكە كۆتایی بە هەژموونی ١٦ ساڵەی حیزبی دەعوە لە عێراق هێنا.
عادل عەبدولمەهدی هەر زوو پڕۆژەی وەزاری خۆی جاڕدا. پسپۆڕان بەگومانەوە ئەم پرسیارەیان دەكرد: ئەگەر عەبدولمەهدی بتوانێ ئەم كرانەوەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بێسنووری ئیداری بقۆزێتەوە و پرۆسەی ئاوەدانسازی پاش جەنگی داعش بەسەركەوتوویی ئەنجامبدات، ئەوە دەتوانێ ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی عێراق. زۆری نەخایاند بەغدا لەدوای گۆشەگیرییەكی 30ساڵە سەرلەنوێ بووەوە بە مەكۆی ترافیكی دیپلۆماسی پەیدەرپەی. دەیان سەرۆك، سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی وڵاتان سەردانی بەغدایان كرد. عێراق بووە مەڵبەندی سەرنجی بلۆك و هاوپەیمانییە جۆربەجۆرەكان.
ترەمپ بەنیوەشەو سەردانی عێراقی كرد. لەدوای دە ساڵ شا عەبدوڵلا بەپەلە سەردانی عێراقی كرد. لەدوای چل ساڵ، فیلیپی شەشەم پادشای ئیسپانیا سەردانی بەغدای كرد. پاشان سەرۆككۆماری ئێران و دوای ئەوەیش سەرۆكوەزیرانی ئوردن، ڤاتیكان، ئیتاڵیا و وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا، توركیا، ئێران و قەتەر و سعودیە سەردانی بەغدایان كردووە. باس لەوەش دەكرێت ئیمانوێل ماكرۆنیش سەردانی بەغدا بكات. ئەم ترافیكە دیپلۆماسییە ئاماژەبوو بۆ ئەوەی لە عێراق قۆناخێكی نوێ دەستپێدەكات. واتە عێراقێكی نوێ بە سەركردایەتییەكی تازەوە پێدەنێتە گۆڕەپانی سیاسی ناوچەكە. لەبەرئەوە زۆر دەوڵەت بە حیساباتی ستراتیژی خۆیاندا دەچوونەوە كەوا عێراق وڵاتێكە كە لە قۆناخی پاش جەنگ و پاش قەیراندا بەسەردەبات.
وڵاتێكی دەوڵەمەندە و خۆی بۆ ئاوەدانكردنەوە ئامادە دەكات. بۆیە دەوڵەتان لە هەوڵدابوون پشكی خۆیان لە پیترۆدۆلاری ئاوەدانسازی عێراق وەربگرن. بەڵام: لەوەتەی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا – ئێران سەریان هەڵداوە، ئەم گریمانەیە هەتا دێ لاوازدەبێت. گەلۆ بۆچی؟
عێراق: وەرگەڕان یان وەرچەرخان؟
لاوازبوونی ڤێژین و ئیمێجی تازەی عێراق بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە كە بریتین لەوانەی خوارەوە: هۆكاری یەكەم: بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە عێراق دەوڵەتێكی بەهێز و سەربەخۆ نییە. بەڵكو دەوڵەتێكی پاشكۆی دووسەرەی ئەمریكا و ئێرانە. بۆیە ناتوانێ خۆی لە پڕیشكی گرژییەكانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە بپارێزێت.
هۆكاری دووەم: عێراق لەناوەوەش بەهێز نییە. تائێستاش عادل عەبدولمەهدی نەیتوانیوە گرێكوێرەی كابینەكەی چارەسەر بكات. تائێستا كابینەیەكی نوقسان عێراق بەرێوە دەبات. ئەمەش بەرەنجامی ململانێی تووندی سیاسی – مەزهەبی ئەم وڵاتەیە.
هۆكاری سێیەم: كێشەكان لەنێوان كوردستان – عێراق و سوننە - شیعە و تەنانەت شیعە – شیعە لە ئەگەری چارەسەرنەكردنیان، شیمانەی تەقینەوەیان لێدەكرێت.
بۆیە لە ئەگەری بەرزبوونەوەی گرژییەكان لەنێوان ئەمریكا – ئێران، سەقامگیری و ئارامی سیاسی لە عێراق بەر هەڕەشە دەكەوێت. ئەمەش زیان بەو پڕۆژە ستراتیژییە دەگەیێنێ كە عێراق ئامادەی كردووە و كاری لەسەر دەكات. پڕۆژە ستراتیژییەكەی عێراق پتر ئابوورییە. لەڕووی ئابوورییەوە مزگێنی خێر بەڕێوەیە. بەپێی ئامارەكانی ئاژانسی نێودوەڵەتی وزە، لە ئایندەیەكی نزیكدا رێژەی هەناردەكاری نەوتی خۆی دەگەیێنێتە رۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا. بەپێی لێكۆڵینەوەكانی ئەم دەزگایە، تاوەكو ساڵی 2030 عێراق رۆژانە بڕی پێنج ملیۆن و سێسەت هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. بەمەش لەدوای ئەمریكا، رووسیا و سعودیە دەبێتە چوارەم وڵاتی هەناردەكاری نەوت. ئەمە دەریدەخات كە عێراق چانسی هەڵكشانی هەیە.
ئامارەكان دەڵێن كۆمپانیای ئێكسن مۆبیل و پترۆچاین سەرمایەگوزارییەكی 53 ملیار دۆلاریان هەیە. ئێكسن مۆبیل سەرلەنوێ كارەكانی لەعێراق رێكدەخاتەوە. هەروەها باس لەوە دەكرێت كۆمپانیای لۆك ئۆیل كە دووەمین گەورە كۆمپانیای بواری وزەی رووسە، سەرمایەكەی لە عێراق لە هەشت ملیار دۆلارەوە بۆ 45 ملیار دۆلار بەرزدەكاتەوە. هەروەها كۆنسرسیۆمی پرڵ پترۆلیۆمی ئیماراتی لە هەرێم رێژەی سەرمایەكەی لە دوو ملیار دۆلارەوە بۆ زیاتر بەرزدەكاتەوە. ئەمانە هەمووی پێماندەڵێن كە عێراق رێژەی ئاسایش، سەقامگیری و لەمەشەوە سەقامگیری ئابووری و سوودی دارایی بەرزتر دەبێتەوە. بەڵام ئەم دۆخە رووبەڕووی تەحەدای گەورەكە بووەتەوە: تەحەدای جەنگی ئەمریكا – ئێرانە.
سیاسەتی هاوسەنگی هێز و لەم دواییەشدا سیاسەتی نێوبژیوانی هیچیان ئەنجامی پێویستی بەدەستەوە نەداوە. بۆیە عێراق بەهۆی كۆمەڵێك فاكتەرەوە لەئەنجامی جەنگ و دەرگیری لەنێوان ئەمریكا – ئێران دەبێتە گۆڕەپانی سەرەكی ئەم جەنگە. پەرەسەندنی ترافیكی دیپلۆماسی لەدوای جەنگی داعش و لە كابینەی تازەدا ئێستا زۆر كەمبووە. ئێستا عێراق بە نیگەرانییەوە چاودێری قەیرانی كەنداو دەكات و بەنیگەرانییەوە دەیەوێ شوێنەواری ناوخۆیی ئەم قەیرانە كەمبكاتەوە. بەڵام سەركردەكانی باش ئەو راستییە دەزانن كە عێراق دیسان تێوەدەگلێت. بۆیە مەترسی وەرگەڕان هەیە.
*بەڕێوەبەری ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو